01:16 - 03/10/2020
توشبوونی ترەمپ بە كۆرۆنا چ كاریگەریەك دروست دەكات؟
ڤایرۆسی كۆرۆنا ملیۆنان كەسی لەسەرتاسەری جیهان توشی نەخۆشی كردووە و
سەركردە و رابەرانی وڵاتانیش بەدەرنین لەو نەخۆشیە دواین كەس دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی
ئەمریكا و میلانای هاوسەریەتی، بەڵام دۆخی ترەمپ كەمێك جیاوازە ئەو لەبەردەم هەڵبژاردنێكی
چارەنوسازدایە.
سەركردەكانی جیهان سەرباری پێداویستی خۆپارێزی توشی كۆرۆنا دەبن
لەدوای ئەوەی لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو ڤایرۆسی كۆرۆنا لە
وڵاتی چین دەركەوت بەهۆیەوە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس گیانیان لەدەستداوە و 34 ملیۆن
كەسیش تائێستا بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە نەخۆش كەوتوون، سەركردە و رابەرانی جیهانیش ئەگەرچی
هەموو پێداویستیەكانی خۆپارێزیان بۆ دابین كراوە و رۆژانەش چاودێری تەندروستیان دەكرێت
و پشكنینیان بۆ ئەنجام دەدرێت بەڵام بەدوور نەبوون لە توش بوون بەو ڤایرۆسە.
لە گرنگترین ئەو سەركردانەش كە توشی كۆرۆنا بوون بۆریس جونسون سەرۆك
وەزیرانی بەریتانیا كە بەهۆی توش بوونی كۆرۆناوە چەند رۆژێك لە ژووری چاودێری چر هێڵدرایەوە،
و لەدوای چاك بوونەوەی دەركەوت ئەو پزیشكانەی سەرپەرشتی چارەسەركردنیان دەكرد بێ
ئومێد ببوون لەوەی بگەرێتەوە بۆ ژیان.
پێش ئەویش ئەمیری بەریتانی چارلز توشی كۆرۆنا بوو، ئەوەش نیگەرانی لە
بەریتانیا لەسەر تەندروستی دایكی دروستكرد شاژنە ئەلیزابێس كە تەمەنی 92 ساڵە.
هەروەها ئەمیری موناكو ئەلبیرت توشی كۆرۆنا بوو، شازادە ماریا تریزا
لەتەمەنی 86 ساڵیدا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەهۆی كۆرۆناوە كۆچی دوای كرد، بەوەش
بووە یەكەم قوربانی بنەماڵەی پادشایەتی كە بەكۆرۆنا كۆچی دوای كردبێت.
هەروەها جاییر بولسونارو سەرۆكی بەرازیل كە زۆر دژایەتی رێكارەكانی خۆپارێزی
لەكۆرۆنای دەكرد لەمانگی تەموزی رابردوو توشبوونی بە كۆرۆنا راگەیاند.
هەروەها جانین ئەنییز سەرۆكی پۆلیڤیا لەمانگی ئەیلولی رابردوو
توشبوونی بە كۆرۆنا راگەیاند، لەمانگی ئایاری رابردوو سلڤاكیر میاردیت سەرۆكی
باشوری سودان توش بوونی خۆی و هاوسەرەكەی بە كۆرۆنا راگەیاند، دواجاریش ئەمرۆ دۆناڵد
ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و میلانای هاوسەری توشبوونی خۆیان بە كۆرۆنا راگەیاند.
توش بوونی ترەمپ بە كۆرۆنا و كاریگەری لەسەر بۆرسە
دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی توش بوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە ڤایرۆسی
كۆرۆنا دراوی ئوسترالیا و نیوزلەندا پاشەكشەیان كرد لەبەرامبەر
دۆلاری ئەمریكی.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز و ئاژانسی هەواڵی بلۆمبێرگ چەند ئامارێكی دابەزینی
بەهای پشكی ژمارەیەك كۆمپانیایان بڵاوكردەوە كە بەهۆی توشبوونی ترەمپ بەكۆرۆنا ئاڵوگۆڕ
بەسەر بەهای پشكەكانیاندا هاتووە، و هۆكارەكەشیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە وەبەرهێنەران
ئامادەكاریان كردبوو بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ئەمریكا و چاودێری دۆخەكەیان
دەكرد.
ترەمپ لەو چینەیە كە لەكاتی توش بوونیان بەكۆرۆنا ژیانیان دەكەوێتە مەترسیەوە
كەناڵی سی ئێن ئێن ی ئەمریكی بڵاویكردەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا
لەو چینەیە كە ئەگەر توشی كۆرۆنا ببن مەترسی زۆر دەكەوێتە سەر ژیانیان، لەو بارەیەوە
ئەنی رینیون ی پزیشك بە كەناڵەكەی راگەیاندووە " سەرۆك ترەمپ لەو چینەیە كە زۆر
مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت ئەگەر توشی كۆرۆنا ببن، بەهۆی زۆری تەمەنی و زیادەی
كێشی جەستەیەوە، ناشزانین كێشەی تری تەندروستی هەبووە یان نا، بۆیە توش بوونەكەی جێگەی
نیگەرانیە" ئەوەش لەكاتێكدایە شون كونلی پزیشكی سەرپەرشتیاری تەندروستی سەرۆكی
ئەمریكا رایگەیاند تەندروستی ترەمپ و هاوسەرەكەی باشە و پێشبینیشی كرد بەردەوام بێت
لەسەر كارەكەی بەبێ دابڕان.
كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی
بەهۆی توش بوونی بەكۆرۆناوە دۆناڵد ترەمپ كەرنەڤاڵێكی هەڵبژاردنی لەویلایەتی
فلۆریدا هەڵوەشاندەوە، كە بڕیاربوو ئێوارەی هەینی لە فرۆكەخانەی سانفورد لە ویلایەتی
فلۆریدا بەرێوەبچێت.
لەسەر كاریگەری توشبوونی ترەمپ بە كۆرۆنا ئەیهان عەباس نوسەر و لێكۆڵەر
بە كەناڵی سكای نیوزی راگەیاند ترەمپ ڕووبەڕووی ژمارەیەك رەخنە دەبێتەوە لەلایەن دیموكراتەكانەوە،
بەهۆی چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ كۆرۆنا و بەشداریكردنی لە كۆوبونەوەكان بەبێ بەكارهێنانی
دەمامك، رەنگە ئەمە گۆشەیەكی هێرشی دیموكراتەكان بێت لەمەودوا.
لەبەرامبەردا رەنگە سۆز و خۆشەویستی دەنگدەران بۆ ترەمپ زیاد بكات پێش
ڕووبەڕووبونەوەی دووەمی لەگەڵ جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی
ئەمریكا.
ئەگەر ترەمپ بمرێت
ئەگەر دۆناڵد ترەمپ بەهۆی توش بوونی بەكۆرۆنا بمرێت و چاك نەبێتەوە ئەوە
مایك پێنس جێگری سەرۆك جێگەی دەگرێتەوە، و دەبێتە كاندیدی كۆماریەكان بۆ هەڵبژاردنی
سەرۆكایەتی خۆ ئەگەر جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان بمرێت ئەوە سیناتۆر كاملا هاریس
كە لەلایەن بایدنەوە بۆ جێگری سەرۆك دیاریكراوە، جێگەی دەگرێتەوە.
بڕیارە رۆژی 3/11 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بەرێوەبچێت و دۆناڵد
ترەمپی تەمەن 73 ساڵ كاندیدی پارتی كۆماری یان جۆ بایدنی تەمەن 78 ساڵ و كاندیدی
پارتی دیموكرات یەكێكیان ببنە سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكان بۆ ماوەی چوار ساڵی
داهاتوو.