ڕاپۆرتی جیهانی

11:18 - 30/09/2020

تای هەڵبژاردن لە یەكەم دیبەیتی بێسەروبەرەی سەرۆكەكانی ئەمەریكادا‌

پەیسەر

تادێت نزیكتر دەبینەوە لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریکا، نەك هەر گەلانی ئەمەریكا، بەڵكو زۆرینەی خەڵكی دونیا چاوەڕوانی ئەو هەڵبژاردنەن، لەبەر ئەوەی كاریگەریی ڕاستەوخۆو ناڕاستەخۆش دەكاتە سەریان.

كاتژمێر 04:15 خولەکی بەرەبەیان بەکاتی هەولێر، یەکەم دیبەیتی خولی 46 ەمینی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەنێوان جۆ بایدن، كاندیدی دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ، كاندیدی کۆمارییەکان دەستیپێکردو جەماوەرێكی زۆریش ئامادەی دیبەیتەكە بوون.

هەرچەندە چەند پرانسیپێك دانرابوو بۆ دیبەیتەكە بەڵام پابەند نەبوون پێوەی و هەر لە سەرەتاوە یەکدیان بە "درۆزن، هیچ نەزان و شکستخواردوو" تۆمەتبارکرد.
بەشێک لە میدیای ئەمریکی لەبارەی ئەو دیبەیتە نووسیویانە: "بێسەروبەر" بوو.


گەرچی بە بیانووی  هەبوونی پەتای كۆرۆنا  تەوقەیان نەكرد بەڵام یەكەم ئاماژەی ئەو ناكۆكییانە بوو كە لە نێوانیاندا هەیە. بەڵام پێدەچێتی ئەوانیش وەك سەرۆكەكانی تر دوای سەركەوتنی یەكێكیان ئەوی دیكە پیرۆزیایی لێدەكات و كاریگەرییەكانیشی نەك بۆ چوار ساڵی سەرۆكایەتی، بەڵكو بۆ ماوەیەكی زۆریش درێژەی دەبێت.

پرسیارەكانی بەڕێوەبەری دیبیەت- کریس واڵەس- ئەوەندە لێزانانە بوو كە هەردوكیانی دەهێنایە قسە، تەنانەت ترەمپ لە قسەیەكیدا گوتی: ئەڵێی من لەگەڵ تۆ دیبەیت دەكەم نەك بایدن.
ماوەی دیبەیتەكە 90 خولەكی خایاند و لەنێو بەرنامەكەشدا رۆژنامەنووسەكەی فۆكس نیوز هیچ ریكلامێكی بازرگانی و ناوبڕێكی تێدا دانەنا. ئەو بەیەكێك لە رۆژنامەنووسە بەناوبانگ و دێرینەكانی ئەمەریكا دێتە ئەژمارو كاتی خۆیشی لە 2016 یەكێك لە دیبەیتە گرنگەكانی نێوان ترەمپ و هیلاری كلینتۆنی بەڕێوەبردووە.هەرچەندە چەند جارێكیش ترەمپی ئاگادار دەكردەوە لە پێشێلكردنی یاساكانی دیبەیتەكە بەڵام لەپڕ هەلیدەدایەو بەبێ گوێدانە یاساكان قسەی خۆی دەكرد.

بەرزونزمی زۆر لە نێوان ئەو دوو بەربژێرەدا هەبوو، بەجۆرێك شتێك نەبوو هەردوكیان لەسەری كۆكبن ، سەرەتای دیبەیتەكە بە دانانی بەرپرسی باڵای دادگا -  ئێمی بایرێتی- دەستی پێكردو بۆچوونی جیاوازیان لەو بارەیەوە هەبوو،  لەبەشێكی دیبیەتەكەدا بەچڕیی باس لە پەتای كۆرۆناكرا، بایدن گوتی لابردنی سیستەمی ئۆباماکەیر کێشە دروستدەکات وەکو ئەوەی ئێستا 200 هەزار کەس بە کۆرۆنا مردوون.

ترەمپ قسەکەی پێ بڕی گوتی "تۆ سەرۆک بوویتایە 2 ملیۆن کەس دەمردن، تۆ هەر نازانی ئەو بابەتە چۆنە، ئیتر بۆچی دەتەوێت وا پیشانی خەڵک بدەی مەترسی هەیە، بۆچی لە خۆتەوە قسە دەکەی".

لە درێژەی وەڵامەكەیدا ترەمپ گوتی "ئەوەی من کردوومە بۆ خەڵکی ئەمریکا هیچ کەسێک نەیکردووە، ئەوەتا بایدن 70 بۆ 80 ساڵە لە سیاسەتدایە نەیتوانیوە کارێکی وەکو ئەوەی من بکات". ترەمپ لەکاتێکدا وای گوت، کە تەمەنی بایدن خۆی 77 ساڵە، دواتر راستیکردەوە کە بایدن 47 ساڵە سیاسەت دەکات.

دووبارە بایدن گوتی ترەمپ هیچ پلانێکی بۆ تەندروستی نییە، ترەمپ لەولاوە بێ ئەوەی هیچ بخاتەڕوو گوتی "هەمانە".

بەڕێوەبەری دیبەیتەکە لە بایدنی پرسی: تۆ هیچ پشتگیریی لە بڕیارێکی ترەمپ ناکەی بۆ بابەتی دادوەری باڵا؟ بایدن گوتی "من دەمەوێ خەڵک دەنگ بدات". ترەمپ دیسان خۆی لە وەڵامی ئەو پرسیارەش هەڵقورتاند و گوتی "جا دیموکرات کێیان هەیە بۆ ئەو پۆستە؟". ئەو وەڵامە هەستی بایدنی جوڵاند بۆیە خێرا گوتی "ئەم قسانەی تۆ هیچ لە قسەی سەرۆک ناچێت".

لەبارەی كۆرۆناوە: 
جۆ بایدن، رکابەرەکەی خۆی تۆمەتبار کرد بە گیانلەدستدانی  200 هەزار کەس لە ئەمریکا بەهۆی پەتای کۆرۆنا و رایگەیاند "ترەمپ هیچی نەکردووە، لە مانگی شوباتەوە دەیزانی نەخۆشییەکی کوشندەیە، بەڵام چی کرد؟، شاردییەوە بۆئەوەی خەڵک نەترسێت".

ترەمپ لەبەخۆیەوە گوتی "ئەو قسەیەت هەڵەیە".
بایدن هەر بەردەوام بوو "من مانگی تەممووزی ڕابوردوو گوتم هەموو پارەیەک کە لەبەردەستە دەبێت خەرج بکرێت و ترەمپ لە یاریگەی گۆڵفەکەی بێتە دەرەوە و لەگەڵ دیموکراتەکان گفتوگۆ بکات، بەڵام نایکات".

دۆناڵد ترەمپ دیسان بە بایدنی گوتەوە "تۆ سەرۆک بوویتایە 2 ملیۆن کەس دەمردن، تۆ نازانی چی روودەدات، تۆ سەرۆک بوویتایە دەرگات دەکردەوە و خەڵکێکی زۆرتر تووش دەبوون".

بایدن گوتی "ئێمە پشتگیریی ڤاکسین دەکەین، بەڵام باوەڕ بە درۆکانی ترەمپ ناکەین". ترەمیش گوتی "نا نا قسەم لەگەڵ زاناکان کردووە بەمزووانە بەردەست دەبێت".

 بایدن گوتی " ترەمپ هەر خەریکی یاری گۆڵفە و نایەوێت لەبارەی کۆرۆنا لەگەڵ دیموکراتەکان کۆبێتەوە".
ترەمپیش گوتی: "ئێوە دەتانەوێ وڵات دابخەم، ئێستا ئێمە دەزانین کێ کێشەی هەیە و کێ کێشەی نابێت.

هەر لە چوارچێوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و سودەکانی بەستنی دەمامک، ترەمپ گوتی "من ماسک بەکاردەهێنم لەشوێنێک کە پێویست بێت، بەڵام لێرە پێویست ناکات مادام لەیەکدی دوورین، بەڵام بایدن 200 پێ (60 مەتر)یش دوور بێت دەترسێت و ماسکەکەی لانادات".

ترەمپ دیسانەوە پەتای كۆرۆنای بە –پەتا چینیەكە- ناوبرد، و هێرشی كردە سەریان، 
بەڵام بایدن گوتی: "جیاوازی ئێمە لەگەڵ کۆمارییەکان ئەوەیە کە ملیۆنێرەکان قازانج دەکەن، ملیۆنێرەکانی وەک ترەمپ باجیان نەداوە و دەوڵەمەندتر بوون". 
ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی باجەوە وتی، کەی تۆمارەکەی ئامادە بوو باجەکانی دەدات، جۆ بایدنیش وتی کەی؟ ئیشەڵا؟

بایدن پرسیاری کرد "دەزانن خەڵک ژیانی چۆنە ئێستا"؟
ترەمپ لەلاوە گوتی "زۆر باشن".

واڵەس، ئەو پرسیارەی لە ترەمپ کرد، کە چەند رۆژێکە میدیای ئەمریکای تەنیوە و دەڵێن، لەوەتەی ترەمپ بووەتە سەرۆک تەنیا 750 دۆلاری وەک باج داوە و داوایکرد سەرۆک ترەمپ راستیی بابەتەکە باس بکات. ترەمپ گوتی: "من ملیۆنان دۆلارم وەک باج داوە لەسەر داهات و دەرامەت. من 38 ملیۆن دۆلارم داوە و دەتوانم لیستەکەشتان بۆ ئامادەبکەم، راپۆرت هەیە 250 لاپەڕەیە کە باسی باجەکانی من دەکات".

بەڵام بایدن گوتی "مامۆستای قوتابخانە لە ترەمپ زیاتر باجی داوە". بایدن گوتی "تۆ خراپترین سەرۆکی ئەمریکا بوویت". ترەمپیش گوتی "لە 47 مانگدا بەقەت هەموو تەمەنی سیاسیی تۆ کارم کردووە".

 گەرچی زۆر بابەتی دیكەش باسكرا لەنێو دیبەیتەكەدا، لەسەر زۆر بابەتی نێو كۆمەلگەی ئەمەریكا ڕەنگدانەوەی هەیە، لە نموونەی ژینگەو ئاگركەوتنەوە، تا سەری كێشا بۆ باسكردنی كوڕەكانی یەكتریی.

لە کۆتایی دیبەیتەکەدا بایدن داوای لە ئەمریکییەکان کرد دەنگبدەن و رایگەیاند هەموو شتێک لە کۆنترۆڵی دەنگدەرانە. "ئێمە ئەنجامەکان قبووڵ دەکەین، کەچی ترەمپ دەڵێت دەسەڵات رادەست ناکەم، بەڵام ئەو هیچی بەدەست نییە، دەنگ بدەن و ئەم نەخوازراوانە دووربخەنەوە".

ترەمپیش لەدوایین ماوەی خۆیدا داوایکرد هەڵبژێڕدرێتەوەو گوتی "ئەمانە کارەسات بوون بۆ وڵاتەکەمان من هاتم و لامبردن".

 گومانی زۆری خۆیشی بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان نەشاردەوە و روو لە بایدن گوتی " باسی رادەستکردنی دەسەڵات بەشێوەی ئاشتییانە مەکە، لە ئێستاوە ساختەکاری لە هەڵبژاردندا کراوە، بەڵام ئێمە هەر براوە دەبین و ئەوەش دەبینن. هەرچەندە هەڵبژاردنەکە دیارە ساختەکاری تێدا دەکرێت، چونکە 80 ملیۆن کارتی دەنگدان هەبێ هەر ساختەکاری تێدا دەکرێت".

بەشێک لە میدیای ئەمریکی لەبارەی ئەو دیبەیتە نووسیویانە: "بێسەروبەر" بوو.
دیبەیتی دووەم ئەمەش لەنێوان کامالا هاریس، جێگری جۆ بایدن و مایک پێنس، جێگری دۆناڵد ترەمپ لە 7ـی تشرینی یەکەم لە ویلایەتی ئوتا دەبێت. 
یەكێك لە نووسەر بەنابانگەكانی واشننتۆن پۆست لە لاپەڕەی خۆیلە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك نوسیویەتی: كوڕە نۆساڵەكەم سەیری ئەو دیبەیتەی دەكرد، گوتی بابە ئەڵێی شەری نێوان من و خوشكە بچووكەكەمە كە بە منداڵی دەمانكرد.