02:36 - 24/09/2020
گواستنەوەی پایتەخت لە تارانەوە بۆ شوێنێكی تر، چارەسەرە یان كێشە؟
دەیان ساڵە لەناوخۆی ئێراندا قسە لەسەر گواستنەوەی
پایتەختی ئەو وڵاتە دەكرێت لە تارانەوە بۆشوێنێكی دیكە، ئەو پێشنیارەش لایەنگرو
نەیاری زۆری هەیەو تا ئێستاش چەند جارێك لەنێو پەرلەمان و حكومەت و میدیاشدا
ڕەنگدانەوەی هەبووە، گواستنەوەی پایتەختیش لە ئێران مێژووی تایبەتی هەیەو هەر
جارەی بە بیانوویەك پایتەختی ئەو وڵاتە گوازراوەتەوەو زۆرینەی گواستنەوەكانیش
پەیوەندییان بە دیدگای دەوڵەتەكان و شوێنی هەژموون و ترسی نەیارەكانیانەوە بووە،
بەو پێیەی لە مێژووی دوور ونزیكی ئەو وڵاتەدا كە پێشتر وەك ئیمبراتۆریەتێك بووە
نەیاری زۆری هەبووەو ڕووبەڕووی شەڕوشۆڕی زۆربووەتەوە، ئیتر یان پەلاماری دەرەوەی
خۆی داوەو پێگەو هەژموونی خۆی فراوانكردووە یان پەلامار دراوەو سنوورەكانی خۆی
قایمكردووەو پارێزگاریی لە پایتەختەكەی كردووە.
دەكرێت ئەو مێژووە بكەین بە دوو بەشەوە
بەشی یەكەم:
پێش ئیسلام، واتە پایتەختەكانی ئێران لە پێش هاتنی
ئیسلام و بەپێی دەسەڵاتەكانی بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
ئیلامیەكان وەك یەكەم دەوڵەتی سەرزەمینی ئێران
پایتەختەكەیان لە دوو شوێن دیاریكردووە،
یەكەمیان لە شوش و
دووەمیشیان لە ئەنشان،
شووش دەكەوێتە بەشی
رۆژئاوای ئێران و بە یەكیك لەكۆنترین شارەكانی جیهان دێتە ئەژمارو دەكەوێتە نزیك
شاری ئەهوازی عەرەب نشین.
مادەكان : هەگمتانە، كە هەمەدانی ئەمرۆ دەگرێتەوە.
هاخامنشیان: پایتەختەكانیان بریتی بوون لە هگمتانه –كە دەكاتە هەمەدانی ئەمڕۆ- ، شووش، تەختی جمشید كە بەیەكێك لە شارە دێرینەكانی
ئێران و جیهانیش دێتە ئەژمارو ئێستاش دەكەویتە سنووری پارێزگای شیرازی باشووری
رۆژئاوی ئێران، و پاسارگاد.
سلوکیەكانیش دوو
پایتەختیان هەبووە كە یەكێكیان : سلوکیه بووە،
دامەزرێنەری ئەو شارە ناوی سلۆكۆس بووەو كەوتووەتە بەسی رۆژهەڵاتی رووباری دیجلە و سەردەمێكیش شارێكی دیكە بووە بەناوی ئەنتاکیه، كە
دەكەوێتە وڵاتی توركیا.
ئەشکانیەكان، ئەمانیش
چەند شارێكیكان كردووەتە پایتەخت لەوانەش : دامغان (صددروازه)، تیسپون، هگمتانه-هەمەدان - ، شوش، نسا، كە
دەكەوێتە ناوچەی خۆراسانو یە یەكێك لە شارە گرنگەكانی ئەشكانیەكانیش دێتە ئەژمار،
هەر وەها یەكێكی دیكە لە پایتەختەكانیان بریتی بوو لە ئەرشاک.
ساسانیەكان چەند
پایتەختێكیان هەبووە لەوانەش :شهر گور، بیشاپور، تیسفون، همدان، شوشتر، کرمانشاه،جارێكی تریش بیشاپور كراوەتەوە بە پایتەخت، پاشان نەهاوند كراوەتە
پایتەخت.
طاهریان دوو
پایتەختیان هەبووە ئەوانیش: مرو كە شوێنەوارەكەی دەكەوێتە ناوچەی
بیابانەكانی قرم و پایتەختی دووەمیشیان نیشابور بوو، كە دەكەوێتە بەشی باكووری رۆژهەڵاتی ئێستای ئێران و بە دووەمین شاری قەرەباڵغی پارێزگای
خۆراسان دێتە ئەژمار.
صەفارییەكان: زرنج یان
كردووەتە پایتەختی خۆیان كە ئەمرۆ ناوەندی
ویلایەتی نیمروزی بەشی رۆژئاوای ئەو وڵاتە و لە نزیك سنوورەكانی ئێرانی ئەمڕۆیە..
عەلەوییەكان سێ
پایتەختیان هەبووە،.ئامل شارێكی گەورەی پارێزگای مازندەرانەو
بەیەكێك لە شارە كۆن و دێرینەكانی ئەو وڵاتە و جیهانیش دێتە ئەژمار، بە دوای
ئەویشدا ، ساری دێت و
ئێستا ناوەندی پارێزگای مازندەرانە، و پاشان پایتەختەكەیان گواستووەتەوە بۆ ئەسترئاباد.
سامانیەكان: پایتەختیان گواستوەتەوە بۆ بوخارا.
زیاریەكان پایتەختی
یەكەمیان لە شاری ئەصفهانیان
كردووتە پایتەخت، ئەسفەهان جگە لەوەی شارێكی دێرن و گەشتیارییە بە سێیەمین شاری پڕ
لەدانیشتوانە لە دوای تاران و مەشهەد. بە 160 هەمین شاری قەرەباڵغی جیهان دێتە
ئەژمار و پاشان ، گورگانیان
كردووەتە پایتەخت ، پاشان گورگان كراوەتە پایتەخت و ئێستاش ناوەندی پارێزگای گولستانە لە بەشی
باشووری رۆژهەڵاتی ئێران و دوای ئەوەیش شاری رەی، دەبێتە
پایتەختی ئێرانییەكان، شاری ڕەی بەیەكێك لە شارە دێرینەكانی جیهان دێتە ئەژمارەو
دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاریاییەكان.
بویهیەكان: بۆیەكەمجارشاری شیرازیان كردە
پایتەخت و دواتریش گواستیانەوە بۆ هەمەدان لە
رۆژهەڵاتی كوردستان .
ئال حەسنەوییه: ئەمانە شاری بیستون یان
كردووەتە پایتەخت كە دەكەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی شاری كرماشان و لە سنووری رۆژهەڵاتی
كوردستاندایە.
غەزنەوییەكان: یەكەم پایتەختیان شاری غەزنین بوو. ئەو
شارە ئێستا كەوتووەتە ناوولاتی ئەفغانستان و ناوەندی پارێزگای غەزنەیە، بەدوای
ئەویشدا شاری لاهور كراوەتە
پایتەختی غەزنەوەییەكان ئێستا دەكەوێتە ناو وڵاتی پاكستان و ناوەندی ویلایەتی
پنجابەو بە دووەم شاری ئەو وڵاتە دێتە ئەژمار.
بەنی عیاران : هەرچەندە
تەمەنی ئەم حكوومەتە زۆرنەبووە بەڵام پایتەختەكەیانی رۆژهەڵاتی كوردستان بووە.
سەلجوقییەكان : ئەمنیش
شارەكانی نیشابور، مرو، ئەصفهان، کرمان و هەمەدانیان
كردووەتەن پایتەخت.
ئەتابەكیەكانی ئازەربایجان : تەورێزیان
كردووەتە پایتەخت.
ئەتابەكیەكانی فارس: شیرازیان
كردووەتە پایتەخت؟
ئەتابەكی لوڕ: ئەمانیش ئیذه و خرمآبادیان كردووەتە پایتەخت.
قراختاییان: کرمانیان
كرووەتە پایتەخت.
بەشی دووەم :
لە كاتی پەیدابوونی ئیسلامەوە لە نیوەدوورگەی
عەرەبییەوە و پەلهاویشتنی بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەلاتی ئێران و كاریگەرییەكانی ئەو
ئایینە لە سەر گۆڕێنی پایتەختی وەڵاتەكەیان بەم شێوەیەی خوارەوە:
خوارزمشاهیان: گرگانج پایتەختیان بووە.
ئێلخانییەكان: یەكەمجار مەراغە بووە و پاشان سولطانیه ودواتریش تەوریز.
کرتیەكان: هیرات پایتەختیان بووە، هیرات لە ئێستادا یەكێكە لە ویلایەتە سەرەكییەكانی وڵاتی
ئەفغانستان و بەیەكێك لە شارە مێژویی و هونەرییەكانی جیهان دادەنرێت.
موزەفەریان : شارەكانی کرمان، شیرازو یەزد پایتەختیان بووە.
سەربداران: سەبزەوار.
چوپانیان: تەورێز.
جەلایرییەكان: تەورێز و پاشان بەغدادیان
كردووتە پایتەخت كە ئێستا پایتەختی كۆماری عێراقە.
تیمورییەكان: سەمەرقەند و هیرات پایتەختیان بووە .
ئیسماعیلیەكان: قەزوێن و ئاڵموت یان
كردووەتە پایتەخت.
قەرەقۆینەڵوو ئاق قۆینەڵووەكان: تەورێز پایتەختیان بووە.
سەفەوییەكان: تەورێز، قەزوێن و ئەسفەهانیان كردبووە
پایتەخت
ئەفشارییەكان: مەشهەد پایتەختیان بوو.
زەندییەكانیش: شیراز، مەلایەر ،کرمان و بەم یان كردوەتە
پایتەخت.
قاجارییەكان: ساری و تاران.
پەهلەوییەكانیش: تاران پایتەختیان بووە تا ئێستاش كە سەردەمی كۆماری ئیسلامی ئێرانە تاران هەر بە پایتەخت
ماوەتەوە.
بۆچی دەیانەوێت بیگۆڕن؟
ئەبوفەزڵی ئەبوتورابی ئەندامی
پەرلەمانی ئێران باسی لەوە كردووە كە دامەزراوەی –خاتم الانبیاء-ی سەر بە سوپای
پاسداران هەموو كارئاسانییەكانی تەواو كردووەو بۆئەو مەبەستەش نامەیەكیان ئاڕاستەی
سەرۆكی وڵاتەكەیان –حەسەن رۆحانی-كردووەو تیایدا ڕوونیان كردووەتەوە كە هەموو
ئامادەكارییەكانیان تەواو كردووە بۆ ئەوەی پایتەختەكەیان بگوازنەوە بۆشوێنێكی
دیكە.
ئەو پەرلەمنتارەی ئێران بە سایتی –خانە
ملت-ی گوتووە، سەرۆك كۆماری ئێران دۆسیەكەی رەوانەی سكرتێر و بەرپرسی گواستنەوەی
پایتەخت كردووە كە بەوتەی ئەو پەرلەمنتارە وەزیری گواستنەوەو گەیاندن و
ئاوەدانكردنەوەی ئێرانە، ئەوەی ماوەتەوە تەنها چاوەڕوانی كردنی تێپەڕاندنی دۆخی
كۆرۆنایە لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتە بە یەكێك لە وڵاتە زیانمەندەكانی جیهان دادەنرێت.
ئەبو تورابی باسی لەوەش كردووە كە لە قۆناغی یەكەمی گواستنەوەی
پایتەخت دا سەرجەم (سەربازگە، زانكۆكان، كارگەی دروستكردنی ئۆتۆمبێل)ەكان
دەگرێتەوە و دەبرێنە ئەو شوینەی كە وابڕیارە بكرێتە جێگرەوەی تاران و بە پایتەختە
نوێیەكە ناودەبرێت.
ئامانج لە گواستنەوەی پایتەخت.
هەرچەندە ساڵانێكی زۆرە تاران پایتەختی ئێرانە و لە دوای ئەوەی
لە نەورۆزی ساڵی 1768 دا خانەدانەكانی قاجار توانییان بنەماڵەی زەندییەكان
تێكبشكێنن پایتەختەكەیانلە تاران دروستكرد و لەو ساڵەوە تا ئێستا تاران وەك
پایتەخت كارەكانی ئەو ولاتە بەڕێوە دەبات ، تاران هەردوو كاری سیاسی و بازرگانی
تێدا دەكرێت و سەرجەم نوسینگە فەرمییەكانی وڵاتی تێدا دەستەبەرەو تادێت ئەو شارە
گەورەتر دەبێت و ئێستا زیاتر لە نۆ ملیۆن كەسی تێدا نیشتەجێیە و لە ڕیزبەندی شارە
وڵاتەكانی جیهاندا 24 هەمین شاری دونیایە و لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش
سێیەمین شاری قەرەباڵغە . تاران لە 22 شارەوانی و 122 ناوچەی گەورە پێكهاتووەو بۆ هەر ناوچەیەكیش ئەنجوومەنێكی تایبەت
بەڕێوەی دەبەن، دوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی گەورەی تێدایە – ئیمام خومەینی و
میهرئاباد- كە گەشتی ئاسمانی نێوخۆو
نێودەوڵەتی بەڕێوەدەبات. یەكێكی دیكە لە ژێرخانە گرنگەكانی تاران بوونی مۆزەخانەی
گرنگ و یاریگای بەناوبانگی ئازداییە كە لە ساڵی 1975 دروستكراوەو زیاتر لە 90
هەزار كەس دەگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەم پەیوەندییە سیاسیەكان لەڕێگەی تارانەوە
گرێدەدرێن.
سەرەڕای ئەو هەموو لایەنە باشانەی تاران كەچی بیر لەوە دەكەنەوە
ئەو پایتەختە بۆشوێنێكی دیكە دەگوزارێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تاران بێ كێشەو گرفت
نیە.
كێشەكان چیین؟
گەرچی بیرۆكەی گواستنەوەی پایتەخت لە تارانەوە بۆشارێكی دیكە.
دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەكانی جەنگی جیهانی یەكەم و ناو بەناو ئەو باسە هاتووەتە ئاراوە،
وەك شارەزایان باسی دەكەن، بەسەنتەرگرتنی تاران و فەرمۆشكردنی شارەكانی دیكەلەهەموو
هۆكارەكانی دیكە بەهێزترە، بەجۆرێك 11% ی دانیشتوانی شار لەتاران نیشتەجێن بەڵام
21% ی سامانی ئەو وڵاتە لەو شارەدایە، یەكێكی دیكە لە هۆكارەكان ئەوەیە تاران لە
سەر هێڵی بوومەلەرزەیەو ئەگەری هەیە لە هەر كات و ساتێكدا كارەساتی گەورەی مرۆیی
دروست ببێت، لە هەمان كاتدا تێكەڵبوونی لەگەڵ پار|ێزگای كەرەج.
تاران لەڕووی ڕەفتاری كۆمەلایەتیشیەوە پابەندی ڕێنماییەكانی
سیاسەتی ئێستای كۆماری ئیسلامی ئێران نابێت و ئەوەش بۆ ئەو وڵاتەو بەتایبەتی بۆ
ئەوانەی كە خۆیان بە پەیڕەوانی خەتی ئیمام دەزانن ، ئەوەش بووەتە یەكێك لەو كارانەی
كە دەیانەوێت خۆیانی لێبدزنەوە.
یەكێكی دیكە لە كێشەكان ئەوەیە كە تاران لەڕووی ژینگەییەوە
كێشەی زۆری ئۆتۆمبێل و كەمی سەزرایی و خراپی ئاوەڕی ئەو شارە كێشە بنەڕەتییەكانی
تارانن. سەرەڕای ئەوەی كە نەیارانی ئەو وڵاتە پێیان وایە تاران كۆنترۆڵ ناكرێت و
نابێتە داردەستی بەرپرسانی ئێرانی و ئێستاش بۆیە بیر لەوە دەكەنەوە كە بیگوازنەوە
هۆكارەكەی ئەوەیە ئەوان بەداوی پایتەختێكی گۆێڕایەڵدا دەگەڕێن و خەمی ئەوەیانە ئەو یارییەی خۆیان لە دژی
رژێمی شا گرتیانە بەر بەرۆكی خۆشیان بگرێتەوە ئەویش خۆپیشاندانی ملیۆنییەو دواتر
لەدەستیان دەربچێت، بە پێی قسەی ئەوان خۆدزینەوەیە لە خۆپیشاندان و حەشاردانی
هەندێك كارگەی مەترسیدارە لە چاوی میدیاكان و بەناوی گواستنەوەی پایتەختەوە ئەنجام
دەدرێت، وەك لایەنگرانی گواستنەوەكە باسی دەكەن حەفتا بەڵگەی بەهێزیان
لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی پایتەختێكی نوێ دروستبكەن....
شوێنگرەوەی تاران.
هەرچەندە ئەو بابەتە هێشتا لە بڕیاری سەر كاغەزو گفتوگۆی
لایەنەپەیوەندیدارەكانەوە نەگوازراوەتەوە بۆ سەر ئەرزی واقیع، بەڵام چەند شوێنێك
پێشنیاركراوەو تا ئێستاش یەكلایی نەبوونەتەوە ، هەر یەكێك لەوانەش لە لایەنی
پێشنیاكارەوە بەڵگەی خۆی هەیەو پشتیوانی مێژوویی و یاسایی و ئەمنی و مرۆییان بۆ
هێناوەتەوە لەوانەش:
شارەكانی خومەین، سمنان ، ئەسفەهان، هەمەدان ، پەردیس، یەزد،
بروجرد، قەزوین، ئاراك ، هەشتگورد و چەند شوێنی دیكە. بەڵام بە پێی ڕاپرسییەكی سایتی
ئێران كاپیتاڵ نیوز، ئەگەری سمنان لە هەموویان بەهێزترە لەبەر ئەوەی بەپێی
ڕاپرسییەك 37% ی خەڵك لەگەڵ ئەوە بوون پایتەخت لەو پارێزگایە بێت و توانای
هەڵگرتنی ئەو ئەركەی هەیەو بەداوی ئەویش دا بروجرد 27% .
هەرچۆنێك بێت ئەو بابەتە هێشتا بڕیارییەكلاكەرەوەی لەبارەوە
نەدراوەو پێدەچێت ئەركێكی قورس و گران بێت و بەو ئاسانییە لێی دەرناچن و تا دێت
ئەو بابەتەش گەرم و گوڕتر دەبێت.