ڕاپۆرتی جیهانی

04:22 - 23/09/2020

بەهۆی كۆرۆناوە ترەمپ داوای لێپرسینەوە لە چین دەكات‌

پەیسەر

بەهۆی كۆرۆناوە ترەمپ داوای سزادانی چین دەكات و سەرۆكی چینیش داوا دەكات پرسی كۆرۆنا بەسیاسی نەكرێت، سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكانیش هۆشداری دەدات و دەڵێت دابەش بوون هەیە لەنێوان دوو ئابوریە گەورەكەی جیهاندا..

 
ترەمپ هێرش دەكاتە سەر چین
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەوتارێكی تۆماركراودا كە لە هۆڵی كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەبەردەم سەركردەكانی جیهان  رۆژی سێ شەممە 22/9/ پەخشكرا، هێرشی كردە سەر چین بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كۆبونەوەكە بەشێوەی ئۆنلایەن لە دوورەوە بەرێوەچوو بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
ترەمپ گوتی" پێویستە لێپرسینەوە لەو گەلە بكرێت كە ئەم ڤایرۆسەی بەسەر جیهاندا بڵاوكردەوە كە چینە، لە رۆژەكانی سەرەتای ڤایرۆسەكەدا چین گەشتە ناوخۆیەكانی راگرت، لەكاتێكدا رێگەی بەگەشتی نێودەوڵەتی دەدا بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ،چین جێبهێڵن و جیهان توشی كۆرۆنا بكەن"

ترەمپ پەكین و رێكخراوی تەندروستی جیهانی بەوە تۆمەتباركرد كە زانیاری ناراستیان دەربارەی چۆنیەتی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا بڵاوكردۆتەوە.

سەرۆكی ئەمریكا كۆڤید 19ی بە ڤایرۆسە چینیەكە وەسف كرد و رەخنەی ئەوەشی لە پەكین گرت كە زیادەرەوی دەكات لە ڕاوكردندا و مادە پلاستیكیەكانیش دەخاتە ئاوەكانەوە.

ترەمپ گوتی" ئەوانەی هێرش دەكەنە سەر تۆماری ژینگەی ئەمریكا، لەهەمان كاتدا پیس بوونی ژینگەی چین پشتگوێ دەخەن، و تەنها دەیانەوێت ئەمریكا سزا بدەن، من ئەمە قبوڵ ناكەم"

چین: داوادەكەین كۆرۆنا بە سیاسی نەكرێت
لای خۆیەوە شی جین بینگ سەرۆكی چین لەوتارێكی ڤیدیۆی تۆماركراودا بۆ كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند" وڵاتەكەی هیچ نیازێكی نیە بۆ ئەوەی شەڕی سارد یان گەرم لەگەڵ هیچ وڵاتێك بكات، و بەردەوام دەبین لە كەمكردنەوەی ئاستی ناكۆكیەكان و چارەسەری كێشەكان لەگەڵ وڵاتانی تر، لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان، هەوڵیش نادەین تەنها خۆمان بەرەوپێش بەرین، یان لە یاریەك تێوەبگلێین كە ئەنجامەكەی سفرە"

سەرۆكی چین داوایكرد پەرە بە هەمەهەنگی جیهانی بدرێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا " و رێنمایە زانستیەكان جێبەجێ بكرێن و دەرفەتی تەواو بۆ رێكخراوی تەندروستی جیهانی بخولقێندرێت بۆ ئەوەی رۆڵی سەركردایەتی خۆی ببینێت، و پێویستە هەموو هەوڵێك رەتبكرێتەوە بۆ بەسیاسیكردنی پرسی كۆرۆنا"
وا دەردەكەوێت وتەكانی سەرۆكی چین وەڵامی تۆمەتە دووبارەكانی ترەمپ بێت، بەهۆی ئەوەی وتارەكانی ئەم ساڵ لەكۆبونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان تۆماركراون، دەرفەتی راستەوخۆ نەبوو بۆ ئەوەی سەرۆكی چین وەڵامی هاوتا ئەمریكیەكەی بداتەوە، بەڵام چانگ جون باڵیۆزی چین لەنەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند" وڵاتەكەی ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە و پێی وایە هیچ بنەمایەكیان نیە" باڵیۆزی چین ترەمپیشی بەوە تۆمەتباركرد كە ڤایرۆسی سیاسی بڵاودەكاتەوە.

ناكۆكی مێژووی
ماوەیەكی دووروودرێژە ئاڵۆزی لەنێوان ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و چین هەیە بەڵام بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە كۆتایی ساڵی رابردوو لە چین بڵاوبۆوە و ئەمەش ئاستی ئاڵۆزیەكان زیادیكرد، بەجۆرێك واشنتۆن پەكین بەوە تۆمەتبار دەكات كە شەفافیەتی لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە پەیرەو نەكردووە و بەهۆیەوە كێشەكە ئاڵۆزتر بووە، لەبەرامبەردا چین ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە.

ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا رێكخراوی تەندروستی جیهانیشی بەوە تۆمەتباركرد كە پشتیوانی چین دەكات و بێلایەن نیە و بەهۆیەوە واشنتۆن لە رێكخراوەكە كشایەوە، لەبەرامبەردا رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەو بانگەشانە رەتدەكاتەوە. 

نەتەوەیەكگرتووەكان: دەبێت لەجەنگی سارد دووربكەوینەوە
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان رۆژی سێ شەممە لە وتارێكدا لەبەردەم 193 ئەندامی كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان پێشكەشیكرد رایگەیاند: پێویستە هەموو كارێك بكرێت بۆ دوركەوتنەوە لە جەنگی ساردی نوێ، هۆشداریشیدا و رایگەیاند " ئێمە بە ئاراستەی مەترسیدار دا دەرۆین، هەروەها باسی ئەوەشیكرد كە دابەش بوونی گەورە لەنێوان دوو گەورە ئابوریەكەی جیهاندا هەیە".