ڕاپۆرتی جیهانی

04:13 - 21/09/2020

گیراوه‌یه‌كى گیایى هیواى بۆ له‌ناوبردنى كۆرۆنا دروستكردووه‌‌

پەیسەر

گیراوه‌یه‌كى گیایى له‌ مه‌ده‌غەشقه‌ر، هیوایه‌كى نوێى دروستكردووه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا له‌رێگه‌ى چاره‌سه‌رى كلاسیكییه‌وه‌، خواردنه‌وه‌كه‌ له‌ چه‌ند رووه‌كێك پێكدێت دیارترینیان ته‌رخونه‌، سێ قۆناغى تاقیكردنه‌وه‌ى بڕیوه‌و له‌سه‌ر زۆر كه‌س تاقیكراوه‌ته‌وه‌و سه‌لامه‌ت بووه‌. 

رێکخراوی تەندروستی جیهانیی بڕیاریدا بە تاقیکردنەوەی چارەسەرێکی گیایی ئەفریقی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێکخراوەکە جەخت لە سەلامەتی و چالاکی چارەسەرەکە دەکاتەوە. 

رێكخراوه‌كه‌ له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ر چاره‌سه‌رێكى كلاسیكى سه‌لامه‌تیى و چالاكییه‌كه‌ى بسه‌لمێندرێت له‌ چاره‌سه‌رى نه‌خۆشیى، ده‌كرێت په‌له‌ بكرێت له‌ دروستكردنیدا.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، ته‌نها پێوه‌ر بۆ سه‌لامه‌تى چاره‌سه‌رى كلاسیكى و راده‌ى چالاكییه‌كه‌ى، تاقیكردنه‌وه‌ى زانستیى ورده‌.

ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا له‌ مه‌ده‌غه‌شقه‌ر، چاره‌سه‌رێكى ده‌رمانیى گیایى به‌كارهێندرا به‌رپرسانى وڵات گوتیان، ئه‌مه‌ چاره‌سه‌رى ڤایرۆسى كۆرۆنایه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى تاقیكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر نه‌كرابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى هۆشدارى دابوو له‌هه‌ر چاره‌سه‌رێك كه‌ پابه‌ند نه‌بێت بۆ تاقیكردنه‌وه‌.

رێكخراوه‌كه‌ ده‌ڵێت، ئه‌وان جه‌خت له‌ تاقیكردنه‌وه‌ى زانستى له‌سه‌ر هه‌ر چاره‌سه‌رێك ده‌كه‌نه‌وه‌، تا زانایان له‌ ئه‌فریقا بتوانن تاقیكردنه‌وه‌ى پزیشكى و شیكاریى گونجاو له‌سه‌ر چاره‌سه‌رەکە ئه‌نجام بده‌ن. 

ئه‌م هه‌نگاوه‌ نوێیه‌ له‌ ئه‌فریقاوه‌ دواى ئه‌وه‌ دێت، ژماره‌ى توشبووانى كۆرۆنا له‌سه‌ر ئاستى جیهان، ٣٠ملیۆن كه‌سى تێپه‌ڕاندا، تا ئێستا ٩٥٧هه‌زار توشبووى ڤایرۆسه‌كه‌ مردوون. 

له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهان ١٤٠ ڤاكسینى جیاواز دژى ڤایرۆسى كۆرۆناى نوێ، له‌ژێر تاقیكردنه‌وه‌دان، ده‌یان ڤاكسینیان گه‌یشتووه‌‌ به‌ قۆناغى تاقیكردنه‌وه‌ى پزیشكیى له‌سه‌ر مرۆڤ.

هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كان به‌ دروستكردنى ڤاكسین، ره‌زامه‌ندى درا كه‌ تاقیكردنه‌وه‌ى قۆناغى سێیه‌مى چاره‌سه‌ره‌ كلاسیكییه‌ ئه‌فریقییه‌كه‌ ده‌ستپێبكات. 

لیژنه‌یه‌ك له‌ زاناكان، كه‌ رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانیى دروستیكردووه‌، له‌گه‌ڵ ناوه‌ندى ئه‌فریقى بۆ كۆنتڕۆڵكردنى نه‌خۆشییه‌كان و خۆپاراستن، لەگەڵ لیژنه‌ى یه‌كێتى ئه‌وروپا بۆ كارووبارى كۆمه‌ڵایه‌تى، بڕیاریان له‌ باره‌ى تاقیكردنه‌وه‌و ورده‌كارییه‌كانى چاره‌سه‌ره‌كه‌وه‌ داوه‌. 

له‌ماوه‌ى قۆناغى سێیه‌مى تاقیكردنه‌وه‌كه‌دا راده‌ى چالاكبوونى چاره‌سه‌ره‌كه‌ تاقیكرایه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ خه‌ڵك تاقییان كرده‌وه‌و چاره‌سه‌ره‌كه‌ سه‌لامه‌ت بووه‌. 

سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ موتلا لیبولا غیلبرت كه‌ مامۆستاى زانكۆیه‌ ده‌ڵێت، هه‌ندێك به‌ڵگه‌یان له‌ خۆگرتووه‌، كه‌ به‌ڵگه‌ى پزیشكى په‌سه‌ندكراوى جیهانین له‌سه‌ر چالاكیى چاره‌سه‌ره‌ گیاییه‌كه‌ بۆ چاره‌سه‌رى ڤایرۆسى كۆرۆنا، بێ ئه‌وه‌ى سه‌لامه‌تى نه‌خۆشه‌كه‌ رووبه‌ڕووى هیچ مه‌ترسییه‌ك ببێته‌وه‌. 

لاى خۆیه‌وه‌، برۆسبه‌ر توموسیمى له‌ رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانیى جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر به‌هێزكردنى سیسته‌مى ته‌ندروستیى و خێراكردنى لێكۆڵینه‌وه‌كان و به‌رنامه‌ى گه‌شه‌پێدان، بۆ هه‌رچى زووه‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر كلاسیكییه‌كان. 

له‌ مانگى نیسانى رابردوو، سه‌رۆكى مه‌ده‌غه‌شقه‌ر ئه‌ندریه‌ راجولینا پێشنیارى خواردنه‌وه‌یه‌كى كرد به‌ناوى"كوفید-تورغانكس"، رایگه‌یاند، ئه‌و خورادنه‌وه‌یه‌ هێز ده‌به‌خشێت به‌ نه‌خۆشه‌كان و به‌كارهێنه‌ره‌كه‌ى ده‌پارێزێت له‌ نه‌خۆشى هاوكات نه‌خۆشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات. 

راجولینیا سووره‌ له‌سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كانى بۆ چاره‌سه‌ره‌كە و به‌رده‌وامبوونى رێوشوێنه‌كانى تاقیكردنه‌وه‌، ئه‌گه‌رچى له‌ وڵاته‌كه‌ى تا ئێستا ١٥ هه‌زار و ٩٢٥ حاڵه‌تى ڤایرۆسى كۆرۆنا تۆماركراوه‌و ٢١٦ كه‌س مردوون به‌ ڤایرۆسه‌كه‌. 

ئه‌م خواردنه‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ ره‌وانه‌ى ده‌یان‌ وڵاتى ئه‌فریقى بكرێت، پێك دێت له‌ چه‌ند رووه‌كێكى تایبه‌ت له‌ مه‌ده‌غه‌شقه‌ر، دیارترینیان رووه‌كى ته‌رخونه‌، كه‌ چالاكییه‌كه‌ى دژى مه‌لاریا سه‌لماوه‌، په‌یمانگاى توێژینه‌وه‌ى جێبه‌جێكاریى له‌ مەدە‌غه‌شقه‌ر ئاماده‌كردنیى ئه‌م گیراوه‌یه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت. 

توموسیمى ده‌ڵێت، ئه‌وان له‌رێگه‌ى مونته‌داى ئه‌فریقى بۆ رێكخستنى پێكوته‌، پاشكۆى رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانیى، هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ره‌كه‌و بڕیارى كۆتایى له‌باره‌وه‌ ده‌ده‌ن له‌ ماوه‌یه‌ك كه‌متر نه‌بێت له‌ ٦٠ رۆژ.