01:37 - 15/09/2020
ژمارەی ئەوانەی تەمەنیان لەسەرووی 100 ساڵەوەیە لە ژاپۆن 80 هەزاری تێپەڕاند
ژمارەی ئەو كەسانەی لە ژاپۆن تەمەنیان لەسەرووی 100 ساڵیەوەیە 80 هەزار
كەسی تێپەراند و بەهۆی كەم بوونەوەی رێژەی لەدایك بوون پێشبینی دەكرێت ژمارەی دانیشتوانی
ئەو وڵاتە كەم بكات..
ژمارەی بەساڵاچووان زیاد دەكات
وەزارەتی تەندروستی و كار و خۆشگوزەرانی ژاپۆن ئەمرۆ لە بەیاننامەیەكدا
رایگەیاند ژمارەی ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەرووی 100 ساڵیەوەیە و لەسەر خاكی ژاپۆن
نیشتەجێن 80 هەزار كەسی تێپەراندووە، و لەئێستادا 80450 كەسن ، بەوەش ژمارەكە بەراورد
بەساڵی رابردوو بە 9176 كەس زیادیكردووە.
زۆرینەی بەتەمەنەكان ئافرەتن
بەیاننامەكە دەڵێت 88%ی بەتەمەنەكانی ژاپۆن ئافرەتن و ژمارەیان 70975
بەتەمەنە، و بەتەمەنترین ئافرەتیش تەمەنی 117 ساڵە و لە پارێزگای فوكوكا دەژیەت، و
لەبەرامبەردا تەنها 12%ی بەتەمەنەكان لەرەگەزی نێرن و بەتەمەنترین پیاویش تەمەنی
110 ساڵە و لەپارێزگای نارا دەژیەت،ساڵی رابردوو و بۆیەكەمجار ئەوانەی تەمەنیان لەسەرووی
100 ساڵەوە بوو گەیشتە 70 هەزار كەس.
ژمارەی دانیشتوانی ژاپۆن كەم دەكات
بەپێی پێشبینی شارەزایانیش ئەگەر كێشەی گەشەی دانیشتوان بەم جۆرە بەردەوام
بێت ئەوە بە هاتنی ساڵی 2053 ژمارەی دانیشتوانی ژاپۆن بۆ 100 ملیۆن كەس دادەبەزێت،
ئەوەش لەكاتێكدایە لەئێستادا ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە 127 ملیۆن كەسە، و بەهاتنی
ساڵی 2065 ژمارەی دانیشتوانی ژاپۆن بۆ 88 ملیۆن كەس كەم دەكات و 38%ی دانیشتوانیش
تەمەنیان لەسەرووی 60 ساڵیەوە دەبێت.
ژاپۆن بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت
بەهۆی كەمی پرۆسەی هاوسەرگیری و كەمی رێژەی لەدایك بوونەوە ژاپۆن
دووچاری كێشەی گەشەی دانیشتوان بۆتەوە و بەهۆیەوە لەلایەك چەند هاندانێكی بۆ لەدایك
بوون و پرۆسەی هاوسەرگیری راگەیاندووە و لەلایەكی
تریشەوە لەرێگەی كۆچەوە دەیەوێت ئەو كێشەیە چارەسەر بكات.