ڕاپۆرتی جیهانی

12:51 - 08/09/2020

سودان دین له‌ ده‌وڵه‌ت جیاده‌كاته‌وه‌‌

پەیسەر

سودان وڵاتێكی عەرەبی ئەفریقیە لەڕووی ڕووبەرەوە بە سێیەم گەورەترین وڵاتی عەرەبی دادەنرێت لەدوای جەزائیر و سعودیە، ئەو وڵاتە رۆژانێك بە لانكەی گروپە تیرۆرستیەكان دەدەنرا و لەئێستاشدا بەرەو  عەلمانیەت هەنگاو دەنێت..

 ئیسلامیەكان لە دەسەڵاتی سوداندا
لە 19ی كانونی یەكەمی ساڵی 1955 سودان سەربەخۆی خۆی راگەیاند، و لەمێژووی دوای سەربەخۆیدا چەندین كودەتای سەربازی بەخۆیەوە بینیوە، تا لە 30ی حوزەیرانی ساڵی 1989 دا كودەتایەك بەرابەرایەتی حسن تورابی كرا و تێیدا دەسەڵات كەوتە دەست ئیخوان موسلمین و لەئەنجامی كودەتاكەدا عومەر حەسەن بەشیر بووە سەرۆكی سودان و ماوەی 30 ساڵ لە 1989 تا 2919 وەك سەرۆك كۆمار مایەوە، كودەتاكەی ساڵی 1989 لەژێر ناوی شۆرشی رزگاری نیشتمانیدا بوو، لەسەرەتادا ئاراستەی سیاسەتمەدارە كودەتاچیەكان نەدەزاندرا، دواتر بەرەیەكی ئیسلامیان بەرابەرایەتی حسن عەبدوڵا ترابی پێكهێنا، دوای ئەوە پەیوەندیەكانی سودان لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی، تا لە ساڵی 1993 سودان خرایە لیستی ئەو وڵاتانەی كە هاوكاری تیرۆر دەكەن، بەهۆی ئەوەی رێگەی دا ئوسامە بن لادن سەركردەی پێشووی رێكخراوی قاعیدە لە وڵاتەكەی نیشتەجێ بێت، و ساڵی 1997 گەمارۆی بازرگانی بەسەر سوداندا سەپێندرا و ساڵی 1998 ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا لەرێگەی موشەكی كروزەوە هێرشی كردە سەر سودان، دوای تەقاندنەوەی باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا لە وڵاتانی كینیا و تانزانیا لەساڵی 1998، كە رێكخراوی قاعیدە بە ئەنجامدانی ئەو تەقینەوانە تۆمەتبار كرا.

سودانی عەلمانی
ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە 3/9/2020 عەبدوڵا حەمدۆك سەرۆك وەزیرانی سودان و عەبدولعەزیز حلو سەرۆكی بزوتنەوەی شەعبی رزگاری سودان رێككەوتنێكیان لەشاری ئەدیس ئەبابای پایتەختی ئەسیوبیا واژۆكرد، بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت دەستورێكی نوێ بۆ سودان بنوسرێتەوە لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی دین لە دەوڵەت، و ئەگەریش ئەوە جێبەجێ نەبوو دەبێت رێز لەمافی چارەی خۆنوسین بگیردرێت لە باشوری ناوچەی كردفان، لە رێككەوتنەكەدا هاتووە " دان بەفرەیی رۆشنبیری و نەتەوەیی وئاینی دادەنرێت و یەكسانی سیاسی لەنێوان گەلانی سودان پەیرەو دەكرێت و بە یاسا دەپارێزرێت، هەروەها دەوڵەتێكی دیموكراتی لە سودان لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی ئاین لە دەوڵەت دروست دەكرێت"

هەروەها هاتووە " بۆ ئەوەی سودان ببێت بە دەوڵەتێكی دیموكراتی دەبێت مافی هەموو هاوڵاتیەكانی بپارێزێت و دەستور لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی دین لە دەوڵەت بنوسرێتەوە، ئەگەر ئەوە جێبەجێ نەكرا دەبێت رێز لە مافی چارەی خۆنوسین بگیردرێت، ئازادی بیرورا و پەرستن و ئاینی بۆ هەموو هاوڵاتیانی سودان گرەنتی بكرێت، نابێت دەوڵەت ئاینی فەرمی دیاری بكات، و ناشبێت لەسەر بنەمای ئاینی دەوڵەت جیاكاری لەنێوان هاوڵاتیاندا بكات"

رێككەوتنەكەی رۆژی پێنج شەممە دەبێت لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی هەردوولا پەسەند بكرێت ئەو كاتە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و لیژنەی هاوبەش پێكدەهێندرێت بۆ جێبەجێكردنی.

رێككەوتنەكە لەبەردەم ئاڵنگاریدایە
هێشتا دیار نیە دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی سودان رێككەوتنەكە پەسەند دەكەن یان رەتیدەكەنەوە، لەسەر ئاستی پارتە سیاسیەكانی سودانیش دابەش بوون هەیە بەسەر دووبەرەی پشتیوانی و نەیاریەتیدا.

پارتی كۆنگرەی سودانی خۆشحاڵی خۆی بە رێككەوتنەكە پیشاندا و بەهەنگاوێكی گرنگ بۆ تەواوكردنی پرۆسەی ئاشتی لە سودان وەسفی كرد، لە بەرامبەردا شێخ محەمەد عەبدولكەریم سەرۆكی رەوتی نسرە كە ( گەورەترین گروپی سەلفی ئۆپۆزسیۆنی حكومەتی ئینتقالیە) لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی " رێككەوتنەكەی حلو و حمدۆك بە راگەیاندنی بنەمای جیاكردنەوەی دین لە دەوڵەت خواستی سودانیەكان پیشان نادات، هەردووكیان دووڕووی یەك دراون و بە ئاراستەی شیوعیەت و عەلمانیەت لەبری پێناسی ئیسلامی سودانی كار دەكەن، ئێستا كاتی ئەوەیە هەموو رۆڵە بەشەرەفەكانی سودان ئەو حكومەتە ناپاكە بە كرێگیراوە بڕوخێنن"

پێدەچێت ئیسلامیەكان ئاستەنگ بۆ ئەو رێككەوتنە دروست بكەن، بەوپێیەی ڕگ و ریشەیەكی بەهێزیان هەیە، و بۆماوەی چەندین ساڵیش دەسەڵاتیان بەدەست بووە، و سودان بەیەكێك لەو وڵاتانە دادەنرێت كە هاوكاری گروپە ئیسلامیەكانیان كردووە. هەروەها گروپەكانی سودان چەندین رێككەوتنیان لەگەڵ حكومەت كردووە بەڵام دواتر ئەو رێككەوتنانە شكستیان هێنا و سەركەوتوو نەبوون، لەدیارترین ئەو رێككەوتنانەش رێككەوتنی ساڵی 2006 و 2010 بوون.

هەنگاوێك بێ پێشینە
لەماوەی 30 ساڵی دەسەڵاتی ئیسلامیەكاندا بەهیچ شێوەیەك ئامادەنەبوون گفتوگۆ لەسەر عەلمانیەت و ئیسلامیەتی دەوڵەت بكەن، بەڵام لەدوای ئەوەی لە مانگی نیسانی ساڵی 2019 دا كۆتایی بەدەسەڵاتەكەی عومەر حەسەن بەشیر هێندرا، حكومەتێكی نوێ پێكهێندرا كە رێككەوتنی لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی كردە یەكێك لە ئەركە لەپێشینەكانی.