04:28 - 04/09/2020
پێشبڕکێی چەکە ئەتۆمییەکان جیھان بەرەو کوێ دەبەن؟
ماوەی چەند
ساڵێکە مرۆڤایەتی لەژێر ھەڕەشەی چەکە ئەتۆمییەکاندایە، ئەو چەکانەی خودی مرۆڤ
دروستیان دەکات و خۆی پێدەخاتەوە مەترسییەوە، چەند ساڵێکە لەبری زیادکردنی ئەم
چەکانە، گرنگی بە چۆنییەتی و بەرەوپێشبردنیان دەدرێت، واتە چۆن بتوانرێت
مەترسیدارتر و بکوژتر بکرێن.
پێشبڕکێ لەسەر
چۆنیەتی و چەندێتی
تۆڕی ھەواڵی
فۆکس نیوز لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات، ئەو وڵاتانەی خاوەن چەکی ئەتۆمین، لەبری
زیادکردنی چەکەکانیان، ھەوڵی بەرەوپێشبردنیان دەدەن، تاکو کوشندە و بەھێزتری بکەن.
ئەمە
لەکاتێکدایە ھەندێک وڵاتی دیکە کار لەسەر زیادکردنی ژمارەی چەکە قورسەکان دەدەن و
لەو پێناوەشدا پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن، لەوانەش سعودیە، تورکیا و ئێران.
جیھانی
کڵاوەکان
بەپێی
راپۆرتێکی پەیمانگای ستۆکھۆڵم بۆ لێكۆڵینەوەی ئاشتی سەرەڕای پێشبڕکێکان لەسەر
بەدەستھێنانی چەکی ئەتۆمی، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکان
کەمیان کردووە، لەبری ئەوە گرنگیی بە نوێکردنەوە و بەرەوپێشبردنیان دەدرێت.
بەپێی
راپۆرتەکە، ژمارەی ئەو کڵاوە ئەتۆمییانە کەمیان کردووە، کە نۆ وڵاتەکە ھەیانە
(ئەمریکا، بەریتانیا، روسیا، فەڕەنسا، چین، پاکستان، ھندستان، ئیسرائیل و کۆریای
باکور).
وەک لە
راپۆرتەکەدا ھاتووە، ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ (١٣٨٦٥) دانە
بووە، بەڵام ئێستا بۆ (١٣٤٠٠) کڵاوە دابەزیوە.
لەنێوان
کەمکردنەوە و زیادکردن
سەبارەت بە
کەمبوونەوەی ئەم ژمارەیە لە یەک ساڵدا، راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، ئەمریکا و روسیا
دەستیان بە پڕۆسەی کەمکردنەوە کردووە لە گەنجینەکانیاندا، ئەمەش لە ئەنجامی پڕۆسەی
وێرانکردن و لەناوبردنی چەکە ناچالاک و لەکاکەوتووەکان، ئەوەش بەپێی پەیماننامەی
٢٠١٠ لەبارەی کەمکردنەوە و سنور دانان بۆ زیادبوونی چەکە ستراتیژییە ھێرشبەرەکان.
راپۆرتی
پەیمانگا ھۆڵەندییەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، ھەریەک لە بەریتانیا، چین، پاکستان،
کۆریای باکور و ئیسرائیل ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانیان بەرزکردووەتەوە، بەڵام
ھندستان و فەڕەنسا ھیچ گۆڕانکارییەکیان لە ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانیاندا
نەکردووە.
راپۆرتەکە
ئەوەشی خستووەتەڕوو، نزیکەی (٣٧٢٠) چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ھێزەکاندان کە لە چالاکیدان
و بڵاوبوونەتەوە لە جیھاندا، (١٨٠٠) چەکیشیان لە ئاستی ئامادەکاریی باڵادا دانراون
و پارێزگارییان لێدەکرێت.
ئەمریکا
ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاکە وڵاتە کە ژمارەیەکی زۆر لە کڵاوە ئەتۆمییەکانی لە
دەرەوەی وڵاتەکەی داناوە کە دەگاتە (١٨٠) کڵاوە، بەڵێنیشی داوە کە چەکەکانی
لەپێناو ھاوکاری وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ و ھەریەک لە کۆریای باشور، ژاپۆن
و ئوسترالیا بەکاربھێنێت.
شارەزایانی
بواری پیشەسازی چەک ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمریکا رووی لە نوێکردنەوە و پێشخستنی
تەکنۆلۆجیای نەخشەڕێژیی کورە پێوانەییاکان، چەکی ھێزی مامناوەند، موشەکی بالستی
ھاوێژراو لە کەشتی و کورەی زۆر ورد و ئاڵۆز کردووە.
چین
بۆ یەکەم جارە
چین گرنگی بە نوێکردنەوە و پێشخستنی چەکە ئەتۆمییەکانی دەدات لە رێگەی پێشخستنی
«سیانە»ی چەکی ئەتۆمی، کە پێکھاتووە لە موشەکی زەمینی و دەریایی نوێ و فڕۆکەی
خاوەن توانای ئەتۆمی، کە ئەمەش پێشکەوتنێکە تەنھا ئەمریکا خاوەنی بووە.
ئەم ھەفتەیە
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە راپۆرتێکیدا بۆ کۆنگرێس، باس لەوە دەکات، بەپێی
زانیارییەکانیان چین خاوەن (٢٠٠) چەکی ئەتۆمییە و لە بەرنامەی پەکینیشدایە لە
ماوەی ١٠ ساڵی داھاتوودا ئەم ژمارەیە بۆ دوو ھێندە بەرز بکاتەوە.
پێشتریش جای
رۆبەرتس یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ پڕۆگرامی بەرگریی ئەتۆمی،
کیمیاوی و بایۆلۆجی ئاماژەی بەوە کردبوو، زۆر نیگەرانە لەبارەی چینەوە، لەبەرئەوەی
چین دەیەوێت تاکو ٢٠٤٩ ببێت بە ھێزی ھەژموونداری جیھان. مەترسییەکانیش لەبارەی
رووبەڕووبوونەوە ئەتۆمییەکان لە زیادبووندان.
روسیا،
ئیسرائیل، پاکستان و ھندستان
روسیا لە
ئێستادا لە گەنجینەکانیدا پارێزگاری لە ھەزاران چەکی ئەتۆمی خۆی دەکات. بەپێی
زانیارییەکانی یەکێتی زانایانی ئەمریکی، روسیا (١٥٠٠) کڵاوەی ئەتۆمی لەسەر ئەو
موشەک و چەکانە داناوە کە توانایان ھەیە بە خاکی ئەمریکا بگەن.
ھندستان و
پاکستانیش پێشبڕکێیانە لەبارەی گەیشتن بە سیستمی دەریایی نوێ و پێشکەوتوو، لەگەڵ
ئەوەی زانیاری ورد نییە لەبارەی ژمارەی چەکە ئەتۆمییەکانیانەوە، پەیمانگای
ستۆکھۆڵم ئاماژە بەوە دەکات ھندستان (١٤٠) کڵاوە و پاکستانیش (١٦٠) کڵاوەی
ئەتۆمییان ھەیە، چەکەکانی پاکستانیش بەردەوام لە زیادبووندان.
ئیسرائیل تاکو
ئێستا باس لە بوونی چەکە ئۆتۆمییەکانی ناکات، بەڵام راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن
تەلئەبیب خاوەن (٩٠) کڵاوەی ئەتۆمییە، بە لەبەرچاوگرتنی ھەڕەشەکانی ئێرانیش ھەوڵی
پێشخستنی تەکنۆلۆجیای خۆی لەم بارەیەوە داوە.
ئێران ھێزێکی
گۆشەگیرکراو
ئێران لەلایەن
وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیلەوە وەک سەرچاوەی ھەڕەشە سەیر دەکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی
توانا ئەتۆمییەکانی بەرەوپێشەوە برد، ئەمەش وایکرد بخرێتە ژێر فشار و سزای زۆرەوە.
دواین
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، دەزگای ھەواڵگریی ئەڵمانی زانیویەتی، تاران لە
ھەوڵدایە بۆ بەدەستھێنانی تەکنۆلۆجیای چەکی کۆکوژ و سیستمی موشەک ھەڵگر، لەگەڵ
ئەوەی تاکو ئێستا موشەکی ئەتۆمی نییە، بەڵام ھۆشداری دەدرێت لەبارەی ئەوەی کە
تاران ئەزموونی پێویستی ھەیە بۆ بەدەستھێنانی ئەم چەکە.
پێشتریش
سەرۆکی ئاژانسی ھەواڵگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردبوو، سەرەڕای ھەوڵەکانیان
ناتوانن رێ لە تاران بگرن ببێت بە خاوەن موشەکی ئەتۆمی، بەڵام دەتوانن رێگەی
پێنەدەن ئەم چەکانە بەکاربھێنێت.
کۆریای باکور
سەرەڕای ئەوەی
فشارێکی زۆر لەسەر کۆریای باکور ھەیە، بەڵام زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن،
کۆریا خاوەن ٣٠ تا ٤٠ کڵاوەی ئەتۆمییە و لەم بوارەشدا بەردەوامە لە پێشکەوتنەکانی.
وێنەی مانگە
دەستکردەکانیش کە لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵدا خراونەتەڕوو ئەوە دەردەخەن، لە
کۆریا بنکەیەکی گەشەپێدان ھەیە و زانیارییە رۆشتووەکانیش بۆ ئەنجومەبی ئاسایش باس
لەوە دەکەن، پیۆنگ یانگ چەند ئامێرێکی پێشخستووە کە دەتوانرێت ببەسترێن لە موشەکە
بالستییەکان.
عێراق
لە ھەشتاکانی
سەدەی رابردوودا عێراق لە بواری چەک، دەرمان و ماددە کیمیاییەکاندا پێشکەوتنی
بەرچاوی بەدەستھێنابوو، ئەمەش وەک ھەڕەشەیەک سەیر دەکرا لەلایەن بەشێک لە وڵاتانی
دراوسێ و نزیک لە عێراقەوە، بەتایبەت ئێران و ئیسرائیل.
عێراق لە
کۆتایی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، بە هاوکاری کۆمپانیا فەڕەنسییەکان پڕۆژەی ئەتۆمی
خۆی راگەیاند، بەڵام لەساڵی ١٩٨١ فڕۆکەکانی ئیسرائیل لەهێرشێکی ئاسمانیدا بۆ
سەر بەغدا بەتەواوی وێستگەی ئەتۆمی تەمموزیان خاپورکرد و ئەو پڕۆژەیان لەگۆڕنا.
بەشێکی
بەرنامەی سەردانەکەی ئەم ھەفتەیەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنساش بۆ
بەغدا، باس کردن بووە لەم بابەتە و کارکردنەوەیە لەم وێستگەیەدا کە سودی ھەردوو
وڵاتی تێدایە.