06:33 - 25/08/2020
بیلاروسییه‌كان دوایین دیكتاتۆرى ئه‌وروپایان گه‌مارۆداوه
٢٦ساڵه له‌سه‌ر كورسى روسیاى سپى دانیشتووه‌و بۆ خولێكى نوێى سه‌رۆكایه‌تى سەدا ٨٠ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، ده‌ستبه‌رداربوون له كورسییه‌كەى ره‌تده‌كاته‌وه‌و به چه‌كه‌وه ده‌چێته كۆشك، سه‌رۆكى ئۆپۆزسیۆنى شار به‌ده‌ركردووه‌و حەوت هه‌زار كه‌سى ده‌ستگیر كردووه، ئه‌مه چیرۆكى ئه‌لیكسانده‌ر لوكاشینكۆى سه‌رۆكى بیلاروسیایه، خۆپیشاندان دژى خۆپیشانده‌ران رێكده‌خات و به‌هه‌موو توانایه‌وە دژى ناڕازییەکان وه‌ستاوه‌ته‌وه.
بیلا روسیا له ئه‌وروپاى رۆژهه‌ڵات، له ساڵى ١٩٩١ ه‌وه سه‌ربه‌خۆیى له روسیا راگه‌یه‌ندراوه، به‌ڵام له ساڵى ١٩٩٤ وه تا ئێستا لوكاشینكۆ له‌سه‌ر ته‌ختى ده‌سه‌ڵاته، به‌پێى ئه‌نجامى دوایین هه‌ڵبژاردن كه له ٩ی ئه‌م مانگه‌دا ئه‌نجامدرا، به زۆرینه‌یه‌كى خه‌یاڵى بۆ شه‌شەم خول له‌سه‌ر یه‌ك بردییه‌وه، ئه‌وه‌ش گومانى زۆرى دروستكرد و ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت هەندێک لە وڵاتانیش ئه‌نجامه‌كانیان ره‌تكرده‌وه.
خۆپیشانده‌ران هه‌موو شاره‌كانى وڵاتیان ته‌نیوه "بڕۆ" سه‌ره‌كیترین داواكارى خۆپیشانده‌رانه له لوكاشینكۆ، به‌ڵام ئه‌و ره‌تیده‌كاته‌وه، ته‌نانه‌ت خۆپیشاندانى بۆ پشتیوانى خۆى رێكخست و له به‌رده‌میان گوتى، ده‌ستبه‌ردارى ده‌نگى خه‌ڵك نابێت و شه‌رعییه‌تى له سندوقى ده‌نگدان وه‌رگرتووه.
خۆپیشاندانه‌كان دژى ئه‌و سه‌رۆكه‌ى ته‌مه‌نى ده‌سه‌ڵاتى چاره‌كه سه‌ده‌یه‌كى تێپه‌ڕاندووه، گه‌وره‌ترین خۆپیشاندانن له مێژووى وڵاته‌كه‌دا، به جۆرێك هه‌فته‌ى رابردوو ١٠٠ هه‌زار كه‌س له مینسكى پایته‌خت، به‌شداربوون و به یه‌ك ده‌نگ گوتیان"بڕۆ" خۆپیشاندانه‌كان ئاڵنگارییه‌كى گه‌و‌رەن بۆ لوكاشینكۆ كه به دوایین دیكتاتۆرى ئه‌وروپا ناسراوه‌و دواى ٢٦ ساڵ هێشتا نایه‌وێت بڕوات.
دوو رۆژ پێش ئێستا بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤیدیۆیه‌كى سه‌رۆك كاتێك ده‌چێته كۆشكى سه‌رۆكایه‌تى (كۆشكى سه‌ربه‌خۆیى) هه‌راى زۆرى لێكه‌وته‌وه، كاتێك ده‌ركه‌وت به چه‌ك و جلى سه‌ربازییه‌وه له‌گه‌ڵ تیمه‌كه‌ى رێده‌كات، كۆشكه‌كه نزیكى مه‌یدانى خۆپیشانده‌رانه، چه‌كى به ده‌سته‌وه‌یه و جلى سه‌ربازى له‌به‌ره، ئه‌وه‌ش له گه‌رمه‌ى خۆپیشاندانه‌كاندا، توڕه‌ییه‌كانى له سه‌رۆك زیاتر كرد.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ناڕه‌زاییه‌كاندا، سه‌رۆكى بیلا روسیا به توڕییه‌وه قسه‌یكرد و داوایكرد كه لایه‌نگرانى به‌رگرى له وڵاته‌كه بكه‌ن، ئۆپۆزسیۆنیشى به "مشك" وه‌سفكرد. ئۆپۆزسیۆنیش فشاره‌كانیان زیاتر كرد‌و رۆژى ١٧ى ئه‌م مانگه‌یان وه‌ك ده‌ستپێكردنى مانگرتنى سه‌رتاسه‌رى راگه‌یاند، بۆیه‌ش ناڕه‌زاییه‌كان به‌تینتر بوون.
تا ئێستا دوو كه‌س له خۆپیشاندانه‌كانى بیلاروسیا گیانیان له ده‌ستداوه، شه‌ش هه‌زار كه‌س له زیندانه‌كانن و گیراون، هێشتاش شه‌قامه‌كان جمه‌یان دێت.
ئۆپۆزسیۆن راونراوه
ركابه‌ره‌كه‌ى لوكاشینكۆ په‌ناى بردووه‌ته وڵاتى لیتوانیا، ده‌ڵێت هه‌ڕه‌شه‌ى جددى له‌سه‌ر ژیانى هه‌یه، سفیتالا تیخانوفسكاى ته‌مه‌ن ٣٧ ساڵ، ركابه‌ره به‌هێزه‌كه‌ى لۆكاشینكۆ ته‌نها سه‌دا ١٠ى ده‌نگه‌كانى به ده‌ستهێناوه، ئه‌وه‌ش گومانه‌كانى زیاتر كردووه، ئێستا له ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌وه به وردى چاودێرى رووداوه‌كان ده‌كات و هاوسه‌ره‌كه‌ى له بیلا روسیا جێگه‌ى گرتووه‌ته‌وه‌و له‌نێو خۆپیشانده‌رانه‌وه دروشم ده‌ڵێته‌وه.
تیخانوفسكاى داواى له لێپرسینه‌وه ده‌سه‌ڵاتى وڵاته‌كه‌ى ده‌كات به‌هۆى ده‌ستگیركردنى شه‌ش هه‌زار و ٧٠٠ كه‌سه‌وه، وه به‌كارهێنانى گوله‌ى پلاستیكى و بۆمبى ده‌نگیى له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه. رێكخراوى لێبووردنى نێوده‌وڵه‌تى ده‌سه‌ڵاتى بیلاروسیاى به‌وه تۆمه‌تبار كرد كه هه‌ڵمه‌تێكى فراوانیان بۆ ئه‌شكه‌نجه‌دانى خۆپیشانده‌ران ده‌ستپێكردووه.
چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا هه‌زاران خۆپیشانده‌ر، ئاڕاسته‌یان به‌ره‌و ته‌له‌فیزیۆنى حوكمیى گۆڕی، له‌وێ ناڕه‌زاییان له‌وه ده‌ربڕى كه ته‌له‌فیزیۆنه‌كه ته‌نها گوتاره‌كانى لۆكاشینكۆ په‌خش ده‌كات، وێنه‌یه‌كى شێواوى خۆپیشاندانه‌كان ده‌گوازێته‌وه، له‌و خۆپیشاندانه نزیكه‌ى ١٠٠ كارمه‌ندى ته‌له‌فیزیۆنه‌كه هاتنه ریزى خۆپیشانده‌ران و گوتیان له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌رانن و پشتیوانى مانگرتنه سه‌رتاسه‌رییه‌كه‌یان كرد.
ده‌ستوه‌ردانى روسیا
هه‌ندێك له خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێن، ئه‌وان له ده‌ستوه‌ردانى روسیا ده‌ترسن بۆ رزگاركردنى لۆكاشینكۆ. ئه‌لیكس لینیتشى خۆپیشانده‌ر ده‌ڵێت، ئه‌وه روونه كه سه‌رۆكمان ناتوانێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گەل بكات له ئێستاوه، ئه‌و هه‌وڵ ئه‌دات له رۆژهه‌ڵات هاوكارى به ده‌ستبهێنێت. ئولگا نیسترۆك خۆپیشاندەر ده‌ڵێت،"ئه‌گه‌ر روسیا ده‌ستوه‌ردان بكات، ئه‌وه بژارده خراپه‌كه‌یه، به راستى من له‌مه ده‌ترسم".
وڵاتانى ئه‌وروپا كه‌وتوونه‌ته خۆیان، یه‌كێتى ئه‌وروپا هه‌ینى رابردوو رایگه‌یاند، ئاماده‌كارى ده‌كه‌ن بۆ سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ر بیلاروسیادا، هاوكات پشتیوانى دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنن. هه‌ر سێ وڵاتى، ئه‌ستونیا، لیتوانیا و لاتیڤیا داواى دووباره‌كردنه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌كانیان كرد.
به‌ڵام لۆكاشینكۆ ده‌ڵێت:"سازش بۆ هیچ وڵاتێك ناكه‌ین و پێویستمان به هیچ حكومه‌تێك نییه نێوه‌ندگیریمان بكات".
روسیا هه‌رزوو وه‌ڵامى په‌یامێكى ئیمانیۆل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نساى دایه‌وه، كاتێك ماكرۆن داواى پشتیوانى خۆپیشانده‌رانى بیلاروسیاى كرد. ماكرۆن له تویتێكدا نوسیبووى ده‌بێت یه‌كێتى ئه‌وروپا جوڵه بكات، بۆ پشتیوانى هه‌زاران خۆپیشانده‌رى ئاشتیخوازى بیلاروسا. كه له‌پێناو رێزگرتن له مافه‌كانیان و ئازادى و سه‌روه‌رى وڵات له‌سه‌ر شه‌قامن.
له به‌رامبه‌ردا ماریا زاخارۆفا گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى روسا گوتى، په‌یامه‌كه‌ى ماكرۆن دوڕووییه، گوتى، ماكرۆن پشتیوانى خۆپیشانده‌رانى بیلاروسیا ده‌كات، به‌ڵام ئه‌ى بۆ ماكرۆن دژایه‌تى خۆپیشاندانى هێله‌ك زه‌رده‌كانى فه‌ره‌نسا ده‌كات؟ ئه‌وانه‌ى خۆپیشاندانى ئاشتییان ده‌كه‌ن تا رێز له ماف و ئازادییه‌كانیان بگیرێت.
لۆكاشینكۆ روو به‌لاى روسیا وەرگێڕاوە
ئه‌گه‌رچى پێش هه‌ڵبژاردنه‌كه لۆكاشینكۆ روسیاى به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرد كه كه‌سانى به‌كرێگیراو ده‌نێرێت له‌پێناو دروستكردنى پشێوى، وه ئاماده‌كارى بۆ خۆپیشاندان دژى ئه‌و، به‌ڵام دواى چه‌ند رۆژێك ئاڕاسته‌ى گوتاره‌كانى به‌ره‌و ده‌ستوه‌ردانى ئه‌وروپى گۆڕى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دووجار له‌گه‌ڵ فلادیمێر بوتینى سه‌رۆكى روسیا په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى ئه‌نجامداوه.
به‌پێى به‌یاننامه‌ى كرملن (كۆشكى سه‌رۆكایه‌تى روسیا) پۆتین و لۆكاشینكۆ پێكه‌وه گه‌یشتوون به‌وه‌ى كه مۆسكۆ هاوكارى پێشكه‌ش بكات، وه‌ك جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنى سه‌ربازیى، به‌یانه‌كه‌ى روسیا ده‌ڵێت، بیلاروسیا رووبه‌ڕووى فشارى ده‌ره‌كى بووه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌رچى به‌پێى رێككه‌وتنى ئه‌منیى هاوبه‌ش، رێگه به هێزی روسیا ده‌دات هاوكارى سه‌ربازى بیلاروسیا بكات، له‌كاتى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هێرشى ده‌ره‌كى، به‌ڵام چاودێران ده‌ڵێن، ئه‌و بژارده بۆ مۆسكۆ زۆر قورسه و ئاسته‌نگى زۆره.
خۆپیشاندانه‌كان له نزیك كۆشكى سه‌رۆكایه‌تى تادێت فراوانتر ده‌بن، كرێكارانى كارگه‌كانیان ده‌ستیان له كار هه‌ڵگرتووه‌و هاتوونه‌ته ریزه‌وه، دوایین سه‌رۆكى دیكتاتۆرى ئه‌وروپى گه‌مارۆدراوه به ده‌نگه ناڕازییه‌كان، له هه‌مان كات ده‌رگاى ده‌ستوه‌ردانى ده‌ره‌كى له‌سه‌رپشته، دیارنییه ئیراده‌ى خه‌ڵك ده‌یباته‌وه، یاخود ده‌ستوه‌ردانى وڵاتان دۆخه‌كه له بیلاروسییه‌كان سه‌ختتر ده‌كات.