ڕاپۆرتی جیهانی

07:31 - 17/08/2020

ئه‌و میره‌ى رۆژانه‌ "كرێكاریى" ده‌كات‌

پەیسەر


له‌ نه‌یجیریا، میرو میرنشینه‌كان رۆڵ و هه‌ژموونێكى تایبه‌تیان هه‌یه‌، ده‌سه‌ڵاتى داراییان هه‌یه‌ و پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تییان به‌هێزه‌، تا ئه‌وه‌ى حكومه‌ت و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان داواى هاوكارییان لێده‌كه‌ن، میرێكى نه‌یجیرى عه‌شقێكى تایبه‌تى بۆ كشتوكاڵ هه‌یه‌، میر یاموسى بۆ هاندانى خه‌ڵك تاڕوو له‌ كشتوكاڵ بكه‌ن خۆى بووه‌ته‌ جوتیار، خواردنى رۆژانه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ئاماده‌ ده‌كات كه‌ له‌ كێڵگه‌كانن، خۆشى وه‌ك كرێكارێك كار ده‌كات، دیارى به‌وانه‌یان ده‌دات به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌فرۆشن.

 
میر خۆى رۆژانه‌ وه‌ك كرێكار له‌ كێڵگه‌ فراوانه‌كانیدا كار ده‌كات، ئه‌گه‌رچى له‌ ده‌ره‌وه‌ى كار به‌ كاروانێكى حه‌وت ئۆتۆمبێلى هاتوچۆ ده‌كات، به‌ڵام ده‌ڵێت، له‌ كێڵگه‌كه‌دا ده‌مه‌وێت "خۆشم كرێكار بم" و به‌سه‌ر پشتى ئه‌سپه‌وه‌یه‌، به‌رهه‌مى نایابى گه‌نمه‌شامى، برنج، ته‌ماته، خه‌یار و بیبه‌رى ده‌گمه‌نى هه‌یه‌، هه‌موو كاره‌كانیش به‌ ده‌ست ده‌كات و ئامێر به‌كارناهێنێت. 

میر شیهو عوسمان یاموسى سێیه‌م، میرى كیفى له‌ ولایه‌تى ناسراوا له‌ باكورى ناوه‌ڕاستى نه‌یجیریا، رۆژانه‌ پێلاوى كار له‌پێ ده‌كات و جلوبه‌رگى مه‌لیكى فڕێده‌دات و به‌رگى كرێكارى ده‌پۆشێت و خاكه‌ناز ده‌گرێت به‌ ده‌ستیه‌وه‌.

كاتێك ‌میرى كیفى له‌ ساڵى ٢٠١٥ مرد، كوڕه‌‌ گه‌وره‌ ته‌مه‌ن ٥٢ ساڵه‌كه‌ى شوێنى باوكى گرته‌وه‌. به‌ڵام ته‌نها یاموسى سێیه‌م، نه‌بووه‌ میراتگرى ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌كه‌ى باوكى كه‌ ٣٧ ساڵ ده‌سه‌ڵاتدار بوو، به‌ڵكو گروپێكى گه‌وره‌ له‌ كرێكاران ئه‌وانه‌ى كه‌ پشت به‌ ژیانى نێو كۆشك ده‌به‌ستن، بوونه‌ته‌ میراتگرى ئه‌میر.

ئەسپ و مانگا

ئەسپ بە هێمای هەژموون دادەنرێت و رۆژانێك بۆ فراوانخوازی بەكارهێندراوە و ئەمڕۆش هۆكارێكی گواستنەوەی ئەمیر كەیفیە لە میهرەجانە ئیسلامیەكان، یان  كاتێك بەناو لایەنگرەكانیدا دەڕوات و گوێ لە بۆچوونەكانیان دەگرێت.

هەر وەك خولی ئەسپسواری، ساڵانە دووجار لە مانگەكانی تەموز و كانونی یەكەمی هەموو ساڵێك بەرێوەدەچێت و سەردانكه‌ران لە باشوری ئەفریقیا و ئەرجەنتین و بەریتانیاوە دێن. جگە لە ئەسپ میر مانگاشی هەیە.

نزیكەی 60%ی دەستی كار لە كۆشكه‌كه‌یه‌وه‌ لە كاتژمێر 08:00ی بەیانییەوە دێنه‌ نێو كێڵگه‌، تا كاتژمێر شەشی ئێوارە، ئەوانی تریش هەر لەكۆشك دەژین، میر دەڵێت" ئەوانەی لەكۆشك دەژین ژمارەیان دەگاتە نزیكەی 100 كەس".

خواردنى به‌ كۆمه‌ڵ

میرى كیفی سفرەی خواردن بۆ كەسە نزیكەكانی و ئەوانەی بەدرێژایی رۆژ لەگەڵیدان ئامادەدەكات، لەگەڵیان بەیەكەوە نان دەخوات، جگە لەوەی دەیان كەس كە دراوسێنی و لە باڵەخانەكانی نزیك كۆشكەكەی دەژین دەچن بۆلای ئەو بۆ نان خواردن.

ئەمیر كیفی دەڵێت:"هەست بە خۆشحاڵی دەكەم كاتێك خواردن پێشكەشی خەڵك دەكرێت".

هه‌موو ئه‌میرێكى له‌ نه‌یجیریا ده‌رماڵه‌یه‌كى تایبه‌تى به‌ میرنشینه‌كه‌ى پێده‌درێت، له‌لایه‌ن حكومه‌تى وڵاته‌كه‌وه‌، ‌میرى پێشوو به‌و ده‌رماڵه‌یه‌ خواردنى ده‌دا به‌وانه‌ى ده‌ورووبه‌رى خۆى و كرێكاران، به‌ڵام ‌میرى ئێستا بیرۆكه‌یه‌كى باشترى هه‌یه‌.

یاموسا ده‌ڵێت:"دواى ئه‌وه‌ى من بووم به‌ میر، بڕیارمدا خواردن بده‌م به‌ كرێكارانى نێو كێڵگه‌ كشتوكاڵییه‌كان".

پێش وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌كه‌ى وه‌ك میرنشینى ژماره‌ ١٥ى كیفى، یاموساى سێیه‌م، بڕوانامه‌ى له‌ یاسا به‌ ده‌ستهێناوه‌ له‌ زانكۆى ویلایه‌تى ناساراوا. هه‌روه‌ها له‌ به‌ریتانیا خوێندوویه‌تى و بڕوانامه‌ى له‌ یاساى وزه‌دا به‌ ده‌ستهێناوه‌، دوو هاوسه‌ر و پێنج منداڵى هه‌یه‌.

شیهو بۆ زیاتر پێشكه‌وتن له‌ خوێندن و توێژینه‌وه‌، ساڵى ٢٠١٥ سه‌فه‌رى كرد بۆ خوێندنه‌وه‌ى توێژینه‌وه‌كه‌ى له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌، له‌و كاته‌دا باوكى به‌هۆى تێكچوونى دۆخى ته‌ندروستییه‌وه‌ مرد. كیفى به‌ یه‌كێك له‌ میرنشینه‌كانى له‌ نه‌یجیریا ده‌ژمێردرێت، كه‌ ساڵى ١٧٩٨ دامه‌زراوه‌. 

گرنگیدان به‌ كشتوكاڵ

گرنگپێدانى ئه‌و به‌ كشتوكاڵ، هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ كه‌ ئه‌و خوێندكارێكى بچووك بووه‌، كاتێك چووه‌ بۆ كێڵگه‌ى باوكى له‌ ماوه‌ى پشووه‌كاندا. باوكى ٧٠ هێكتارى زه‌وى كشتوكاڵیى پێ به‌خشیوه پێش مردنى به‌ پێنج ساڵ.

پێشتر وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، سه‌فه‌رى كردووه‌و به‌شدارى كۆڕبه‌نده‌ جیهانییه‌كانى كردووه‌، تایبه‌ت به‌ فرۆشتنى به‌رهه‌مه‌كانى دانه‌وێڵه‌. 

كاتێك بووه‌ ‌میر هه‌ستا به‌ كڕینى زه‌وى كشتوكاڵى زیاتر، رووبه‌رى كێڵگه‌كانى بۆ ١٠٠ هێكتار زیادكرد، به‌ تایبه‌ت ٤٠ هێكتاریان بۆ برنج به‌كارده‌هێنێت و ئه‌وانى دیكه‌ بۆ گه‌نمه‌شامى.

هه‌روه‌ك گرنگیشى به‌ چاندنى سه‌وزه‌ داوه‌، وه‌ك كاهو، كوله‌كه‌ى شیرین، وه‌ ١٠ خانووى شوشه‌یى تایبه‌تى هه‌یه،‌ كه‌ تێیدا ته‌ماته‌ و خه‌یارو بیبه‌رى زه‌ردو سه‌وز ده‌چێنێت. 

ساڵى رابردوو ٣٠٠ گوێنى به‌رهه‌مى گه‌نمه‌ شامى و ٢٠٠ گوێنى به‌رهه‌مى برنجى هه‌بووه‌، هه‌موو مانگێك مانگایه‌ك سه‌رده‌بڕێت بۆ ئه‌وه‌ى گۆشت نه‌كڕێت.

كۆشكه‌كه‌ى یاموسا ساڵانه‌ ٦٠ فه‌رده‌ برنجى تێدا ده‌خورێت، میر دیارى تایبه‌ت ده‌به‌خشێت به‌وانه‌ى برنج به‌رهه‌مده‌هێنێت و ده‌یفرۆشن له‌ ئه‌بوجاى پایته‌خت. 

میر ده‌ڵێت:"به‌رهه‌مى بیبه‌رى سه‌وزى من، باشترین بیبه‌ره‌ له‌ ناوچه‌ى باكورى ناوه‌ڕاست و بێوێنه‌یه‌، چونكه‌ مادده‌ى كیمیایى له‌ به‌رهه‌مهێنانى به‌كارناهێنم، به‌ڵكو په‌ینى ئه‌ندامى به‌كارده‌هێنم".

هه‌رچه‌نده‌ به‌رهه‌مى زۆرى هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت هه‌موو پرۆسه‌ كشتوكاڵییه‌كه‌ى به‌ ده‌ستییه‌و به‌ ده‌ست دروێنه‌ ده‌كات و ئامێر به‌كار ناهێنێت. 

ئێستا نزیكه‌ى ١٠٠ كه‌س له‌ كێڵگه‌كه‌یدا كار ده‌كه‌ن، به‌ نیازه‌ له‌ داهاتوودا تراكتۆر بكڕێت و بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كێڵگه‌ كشتوكاڵییه‌كه‌ى بۆ ٢٠٠ هێكتار زیاد بكات. 

هه‌ژموون

میره‌كان له‌ باكورى نه‌یجیریا خاوه‌نى هه‌ژموون و پێگه‌ى گه‌وره‌ن، رێزێكى تایبه‌تییان لێ ده‌گرێت له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌، خه‌ڵك وه‌ك نوێنه‌رى خۆیان مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، میر به‌رپرسیارێتییان هه‌ڵده‌گرێت وه‌ك چاره‌سه‌رى كێشه‌كانیان و گره‌نتى ئاسایش و سه‌رپه‌رشتى چاودێرى ته‌ندروستى و ته‌واوكردنى سیاسه‌تى حكومه‌ت. 

زۆربه‌ى كات حكومه‌ت و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، داواى هاوكارییان لێده‌كات له‌ هه‌ندێك بابه‌ت، وه‌ك هه‌ڵمه‌تى كوتان، تانه‌ت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریش.

میرى كیفى، هانى خه‌ڵك ده‌دات كه‌ زیاتر به‌رهه‌مى كشتوكاڵى به‌رهه‌م بهێنن، كاتێك میره‌كانى دیكه‌ سه‌ردانى ده‌كه‌ن، هاوڕێیه‌تییان ده‌كات بۆ بینینى كشتوكاڵه‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌زموونى لێ وه‌ربگرن. 

ده‌ڵێت:"زۆربه‌ى خه‌ڵكه‌كه‌م و هاوڕێكانم به‌ره‌و كشتوكاڵ رۆشتوون به‌هۆى منه‌وه‌"میرى كیفى به‌ كاروانێك ئۆتۆمبێل هاتوچۆ ده‌كات كه‌ لانى كه‌م له‌ حه‌وت ئۆتۆمبێل كه‌متر نییه‌، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ له‌ كێڵگه‌ جیاوازه‌و به‌سه‌رپشتى ئه‌سپه‌وه‌یه‌.

ده‌ڵێت:"له‌كێڵگه‌ حه‌ز ده‌كه‌م خۆم كار بكه‌م كاتێك ده‌بینیت، گه‌وره‌ پیاوان و ئه‌وانه‌ى ناچارن كار بكه‌ن، به‌ ده‌سته‌كانى خۆیان كار ده‌كه‌ن".