ڕاپۆرتی جیهانی

01:11 - 15/08/2020

دوای 75 ساڵ له‌ ڕاده‌ستكردنی ژاپۆن. بۆچی ئیمبراتۆر په‌شیمانی خۆی ده‌ر‌بڕیی؟‌

پەیسەر

دوێنێ هەینی و لە 75 مین ساڵیادی خۆرادەستكردنی ژاپۆن لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی دووەمداو له‌ دوای به‌ركه‌وتنی چه‌كی ئه‌تۆمی ئه‌مه‌ریكی بۆ هه‌ردوو شاری هێرۆشیماو ناكازاكی، ئیمپراتۆری ژاپۆن پەشیمانی خۆی دەربڕی و نوێژی لەپێناوی ئاشتیدا كرد، سەرۆك وەزیرانیش سوێندی خوارد كە جارێكی تر وڵاتەكەی بەشداری جەنگ ناكاتەوە...

ئیمپراتۆر پەشیمانە
ناروهیتو ئیمپراتۆری ژاپۆن پەشیمانی گەورەی پیشاندا لە بەشداریكردنی وڵاتەكەی لەجەنگی جیهانی دووەم و لە 75 مین ساڵیادی خۆ رادەستكردنی ژاپۆندا رۆژی شەممە نوێژی بۆ ئاشتی كرد.

ناروهیتوی تەمەن 60 ساڵ لە مەراسمی بەرز راگرتنی قوربانیانی جەنگ رایگەیاند" لەگەڵ هەستێكی قوڵی پەشیمانی بە راستی هیوادارم جارێكی تر نارەحەتیەكانی جەنگ دووبارە نەبنەوە" ناروهیتو یەكەم ئیمپراتۆری ژاپۆنە كە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لەدایك بووە.

ژاپۆن لە جەنگی جیهانی دووەم دوای ئەوەی دوو هێرشی ئەتۆمی لە 6 و 9ی ئابی ساڵی 1945 كرایە سەر شارەكانی هیرۆشیما و ناكازاكی خۆی رادەستكرد، دوای ئەو هێرشانە هیروهیتۆ باپیری ئیمپراتۆری ئێستای ژاپۆن لە پەیامێكی رادیۆیدا خۆ رادەستكردنی تەواوەتی هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەی بە هاوپەیمانان راگەیاند.

سەرۆك وەزیران سوێند دەخوات
لە ساڵیادی خۆ رادەستكردنی وڵاتەكەیدا شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن سوێندی خوارد كە جارێكی تر ژاپۆن بەشداری جەنگ ناكاتەوە گوتیشی بەردەوام دەبن و پابەندن بەو بەڵێنەی داویانە كە جارێكی تر بەشداری جەنگ نەكەنەوە.

ئابی لە ساڵیادی رادەست بوونی وڵاتەكەی و لە مەراسیمێكدا رایگەیاند تۆكیۆ سورە لەسەر ئەوەی بەهاوكاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كار بكات بەمەبەستی چارەسەری كێشە جیاجیاكان.

ژاپۆن بەهۆی دوو بۆمبەوە خۆی رادەستكرد
لەمیانی جەنگی جیهانی یەكەم و لەرۆژی شەشی ئابی ساڵی 1945 فرۆكەیەكی ئەمریكی بۆمبێكی بەسەر شاری هیرۆشیمادا بەردایەوە كە بەهۆیەوە 140 هەزار گیانیان لەدەستدا و لەدوای سێ رۆژ و لە 9ی ئاب ئەمریكا بۆمبی دووەمی بەسەر شاری ناكازاكی بەردایەوە كە بەهۆیەوە 74 هەزار كەس گیانیان لەدەستادا و دوو هەفتە دواتر و لە رۆژی 14ی ئاب ئیمپراتۆری ژاپۆن رادەست بوونی وڵاتەكەی راگەیاند.

ئەو دوو بۆمبەی جیهانیان گۆڕی
بۆمبەكە ناونرا كوڕە بچوكەكە و باس لەوە دەكرا كە توانای تەقینەوەكەی گەیشتۆتە ئاستی 20 هەزار تۆن لە مادەی تێنتی، ویەك كاتژمێر پێش تەقاندنیان ئامانجەكەیان دیاریكرا، و لەكاتی تەقینەوەیاندا پلەی گەرمی خاڵی تەقینەوەكە چەندین ملیۆن پلە بووە و بەهێزی بۆمبەكان بووە هۆی وێران بوونی ژمارەیەكی زۆری باڵەخانە، و دەست بەجێ هەزاران كەس لەسەر زەوی مردن.