ڕاپۆرتی جیهانی

05:24 - 14/08/2020

وڵاتانى عه‌ره‌بى هه‌وڵى به‌ ده‌ستهێنانى بۆمبى ئه‌تۆم ده‌ده‌ن‌

پەیسەر


لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ناوه‌ندی" الرای"چه‌ند سیناریۆیه‌ك ئاشكرا ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی كه‌نداو چه‌كی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ و هاوسه‌نگی ئێران و ئیسرائیل به‌ده‌ستبهێنن.

وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌توانن تاقیگه‌و وێستگه‌ی ئه‌تۆمی دروست بكه‌ن، به ‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی تواناكانیان و كڕینی پێویستییه‌كانی پیتاندنی یۆرانیۆم، له‌و وڵات و رێكخراوانه‌ی به ‌نهێنی زانیاری و پێویستی ئه‌تۆمی ده‌فرۆشن.

به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی بژارده‌ قورسه‌كه‌یه‌، كه‌ پێویسته‌ عه‌ره‌ب په‌نای بۆ به‌رن، ئه‌وه‌ش له‌پێناوی دروستكردنی هاوسه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تری وه‌ك ئێران و ئیسرائیل كه‌ هه‌ردووكیان كێبركێ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر سه‌پاندنی هه‌ژمونی خۆیان له ‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ بواره‌كانی سه‌ربازی و سیاسی و ته‌نانه‌ت ئه‌تۆمیش.

بژارده‌ی جیاجیا له‌ به‌رده‌م عه‌ره‌ب هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمی، بۆ ئه‌وه‌ی گره‌نتی ژیانی دانیشتوانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌ن له‌ عه‌ره‌ب و موسڵمانان و ژیان له‌ژێر چه‌تری ئه‌تۆمی، كه‌ له‌هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌تۆمییه‌كان بیانپارێزێت، بۆ ئه‌مه‌ش سێ بژارده‌یان له‌به‌رده‌مه‌: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی په‌نا بۆ توانا ئه‌تۆمییه‌كانی پاكستان به‌رن، كه‌ هاوپه‌یمانێكی موسڵمانه‌ و ده‌توانێت ته‌كنه‌لۆژیای ئه‌تۆمی بدات به‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌شێوه‌ی پارچه‌ پارچه‌ كه‌ ده‌تواندرێت له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی كۆبكرێته‌وه‌، له‌سه‌ر ده‌ستی شاره‌زایانی موسڵمان، ئه‌مه‌ بژارده‌یه‌كه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ پێشبینیكراوه‌ و له‌چه‌ند راپۆرتێكدا، ئاماژه‌ی پێكردووه‌ كه‌ دواهه‌مینیان راپۆرتێكی نیویۆرك تایمزه‌، كه‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌كات.

بژارده‌ی دووه‌م دروستكردنی وێستگه‌ی ئه‌تۆمی و هێنانی زانایانی عه‌ره‌ب و موسڵمانان بۆ په‌ره‌پێدانی توانا ئه‌تۆمییه‌كانی عه‌ره‌ب، به ‌مه‌به‌ستی پیتاندنی پلاتینۆم و یۆرانیۆم له‌رێگه‌ی ئه‌و رێكخراو و وڵاتانه‌ی به ‌نهێنی زانیاری و كه‌ره‌سته‌ی ئه‌تۆمی ده‌یفرۆشن.

بژارده‌ی سێیه‌م، كڕینی چه‌ك و بۆمبی ئه‌تۆمی ئاماده‌یه‌ له‌ بازاڕی ره‌ش به‌ته‌واوی ئامێر و كه‌ره‌سته‌ی پێویست و شاره‌زای ته‌كنه‌لۆجی، بەجۆرێك مافیای روسی و سۆڤیه‌تی پێشوو به‌نهێنی كه‌ره‌سته‌ی ئه‌تۆمی و شاره‌زایی و ته‌نانه‌ت كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی ده‌فرۆشن، و ئیسرائیل نمونه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی هه‌یه‌.

به‌پێی راپۆرتی رۆژنامه‌ی"گاردیانی به‌ریتانی"، له‌ ساڵی 2010 عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ پاره‌ی 60%ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی پاكستانی دابین كردووه‌، گریمانه‌ی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فراوان پاكستان ته‌كنه‌لۆژیای ئه‌تۆمی بدات به‌ سعودیه‌، ئه‌گه‌ریش چه‌كی ئه‌تۆمیشی پێ نه‌دات، به‌ڵام به‌ڕای ژماره‌یه‌ك شاره‌زا، فرۆشتنی بۆمبی ئه‌تۆمی ته‌واوه‌تی له‌لایه‌ن پاكستانه‌وه‌ به‌ سعودیه‌ ئه‌گه‌رێكی دووره‌ له‌ واقیعه‌وه‌.

به‌پێی راپۆرتی دیپلۆماتكارێكی پاكستانی به‌ناوی زكاری كیك كه‌ له‌ ماڵپه‌ری"ناشیۆنال ئنتیریست"، بڵاویكردووەته‌وه‌ پاكستان به‌ ئاسانی وه‌ڵامی داواكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی ناداته‌وه‌ ده‌رباره‌ی بۆمبی ئه‌تۆمی، به‌جۆرێك ماوه‌ی سێ ده‌یه‌یه‌ باسی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی نێوان پاكستان و سعودیه‌ ده‌كرێت و تا ئێستاش هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌و باره‌یه‌وه‌ نییه‌".

ئه‌و دیبلۆماتكاره‌ له‌ وتاره‌كه‌یدا كه‌ له‌كۆتایی ساڵی 2013 بڵاویكردۆته‌وه‌ ده‌ڵێت:"به‌ راشكاوی نا مه‌عقوله‌ پاكستان هه‌نگاوێك بنێت، بۆ فرۆشتنی چه‌كی ئه‌تۆمی به‌ سعودیه‌ چونكه‌ له به‌رامبه‌ردا هیچی ده‌ست ناكه‌وێت".

هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی واژۆیان له‌سه‌ر په‌یماننامه‌ی سنورداركردنی بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی كردووه‌، كه‌ تێیدا قه‌ده‌غه‌ی كردووه‌ ببنه‌ خاوه‌نی چه‌ك یان ته‌كنه‌لۆژیای ئه‌تۆمی كه‌ مه‌ترسی بێت بۆسه‌ر مرۆڤایه‌تی، هه‌موو وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جگه‌ له‌ ئیسرائیل واژۆیان له‌سه‌ر په‌یاماننامه‌كه‌ كردووه‌.

ئیسرائیل هه‌نگاوی ناوه‌ بۆ به‌هێزكردنی كوره‌ی ئه‌تۆمی خۆی، به‌ مه‌به‌ستی هاوسه‌نگی هێز له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌مه‌ وایكرد ئێرانیش هه‌وڵ بدات ته‌كنه‌لۆژیای ئه‌تۆمی به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ بیانووی به‌هێزكردنی وزه‌ی ئه‌تۆمی پاك، به‌ڵام ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ته‌كنه‌لۆجیا و ئه‌و مادانه‌ی ئێران به‌كاریان ده‌هێنێت، به‌كاربهێندرێن بۆ په‌ره‌پێدانی چه‌كی ئه‌تۆمی به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی، ئه‌وه‌ش واده‌كات تاران به‌سه‌ر وڵاتانی كه‌نداودا زاڵ بێت و هاوسه‌نگی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل رابگرێت.

كێبركێی ئه‌تۆمی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پاڵ به‌ عه‌ره‌به‌وه‌ ده‌نێت بۆئه‌وه‌ی بیر له‌ به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نوێی نوسینگه‌ی:" جیوش فیرتیال لیبرارا"ی یه‌هودی خراوه‌ته‌ڕوو به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ ترسی ئێران، ره‌نگه‌ په‌نابه‌رنه‌ به‌ر به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بپارێزن، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی پێشبركێی ئه‌تۆمی نێوان تاران و ته‌لئه‌بیب.

سه‌رچاوه‌كان ئه‌وه‌یان بۆ"الرای" دووپاتكردووه‌ته‌وه،‌ ره‌نگه‌ ئێران سیناریۆی كۆریای باكوور دووباره‌ بكاته‌وه‌، به‌جۆرێك پیۆنگیانگ 20 بۆمبی ئه‌تۆمی له‌كاتی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دروستكرد له‌سه‌رده‌می كابینه‌كه‌ی بیل كلینتۆن، ره‌نگه‌ مێژوو خۆی دووباره‌ بكاته‌وه‌، به‌جۆرێك ئێران ده‌توانێت بۆمبی ئه‌تۆمی دروست بكات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ وڵاتانی رۆژئاواش واژۆ بكات، ئه‌وه‌ش له‌رێگه‌ی دابینكردنی پێداویستیه‌كانی پرۆسه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم له‌ بازاڕی ره‌شدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رپرسێكی پێشووی سه‌ربازی ئه‌مریكی جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌.

ئیسرائیل په‌نای بۆ بازاڕی ره‌شی ئه‌تۆمی برد، به‌پێی راپۆرتێكی ئه‌ڵمانی ته‌لئه‌بیب بۆ ده‌ستخستنی كه‌ره‌سته‌ و پێداویستی ئه‌تۆمی له‌ سه‌رده‌می كابینه‌كه‌ی بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ په‌نای بۆ قاچاخچیه‌تی ته‌كنه‌لۆجیای ئه‌تۆمی بردووه‌ له‌ ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌پێی راپۆرته‌ ماڵپه‌ڕی "سوبیرم لو" ئێستا ئیسرائیل خاوه‌نی زیاتر له‌ 200 كڵاوه‌ی ئه‌تۆمیه‌.

به‌پێی راپۆرتێكی پێشووتر كه‌ له‌ ماڵپه‌ری "رانس"بڵاوبۆته‌وه،‌ زانایانی په‌یمانگای ئه‌وروپی بۆ یۆرانیۆم له‌ ئه‌ڵمانیا كه‌ چاودێری كه‌ره‌سته‌ ئه‌تۆمییه‌كانی كوره‌ ئه‌تۆمیه‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوویان كردووه‌، چه‌ند هه‌ڵسوكه‌وتێكی گوماناوی موسادی ئیسرائیلییان به‌دیكردووه‌ كه‌ هه‌ندێك یۆرانیۆمی كڕیوه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی رێگریكردووه‌ له‌وه‌ی نه‌كه‌وێته‌ ده‌ست گروپه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان و گروپه‌ تیرۆرستییه‌كانی تر.

راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت:"ئه‌گه‌رێكی تریش هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئیسرائیل په‌نای بۆ بازاری ره‌شی ئه‌تۆمی بردووه‌، بۆ كڕینی كه‌ره‌سته‌ی پێویست به‌مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی وێستگه‌ ئه‌تۆمیه‌كانی".

ئیسرائیل په‌نای بۆ قاچاخچێتی برد له‌بواری ده‌ستخستنی پێداویستییه‌ ئه‌تۆمییه‌كان به‌جۆرێك ماڵپه‌ڕی "فیترانز توده‌ی" ئه‌مریكی راپۆرتێكی له‌ژێر ناوی:"ده‌كرێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌نیاهۆ بكرێت به‌هۆی به‌قاچاخ بردنی ته‌كنه‌لۆژیا و زانیاری په‌ره‌پێدانی ئه‌تۆمی له‌ئه‌مریكاوه‌" بڵاوكردۆته‌وه‌، په‌ره‌پێدانی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ وایكرد ئێرانیش هه‌وڵی به‌دیهێنانی هاوسه‌نگی بدات له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی عیبری، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی په‌ره‌پێدانی كۆگای جه‌نگیی، به ‌تایبه‌تیش موشه‌كی مام ناوه‌ند و دوورهاوێژ، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمیی، كه‌ بیپارێزێت له‌ پلانه‌ دووژمنكارانه‌كانی ئیسرائیل. 

رۆژنامه‌ی" تایمز ئۆف ئیسرائیل" له‌ مانگی ئازاری ساڵی رابردوو بڵاویكرده‌وه‌ " ڤان دیبن به‌رپرسی به‌شی رێگری له‌بڵاوبونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، هۆشداریداوه‌ له‌وه‌ی ئێران كه‌ره‌سته‌ی ئه‌تۆمی له‌ بازاڕی ره‌ش ده‌كڕێت بۆ ته‌واوكردنی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی".

توركیاش به‌دوور نییه‌ له‌ كێبڕكێی ئه‌تۆمی نهێنی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست، به‌پێی راپۆرته‌كان، ئه‌نكه‌ره‌ هه‌وڵ ده‌دات به‌خێرایی پرۆژه‌ی ئه‌تۆمی په‌ره‌پێ بدات، به‌بیانووی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی ئه‌تۆمی پاك، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ رۆژنامه‌ی"تایمز ئۆف ئیسرائیل" یان راگه‌یاندووه‌، هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ خاوه‌ندارێتی وێستگه‌ی ئه‌تۆمی پرسیاری زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا، ده‌رباره‌ی جوڵه‌ رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌كان بۆ چالاكی ئه‌تۆمی كه‌ له‌ بازاڕی ره‌ش ئاڵوگۆڕ ده‌كرێت له ‌رێگه‌ی رێكخراوه‌ تاوانباره‌كانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستی ئه‌تۆمی و پێداویستی كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی بۆ توركیا بگوازنه‌وه،‌ له‌پێناوی گرێبه‌ستی فرۆشتنی ته‌كنه‌لۆجیای بۆمبی ئه‌تۆمی.

له‌كۆتایدا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا وڵاتانی عه‌ره‌بی ئه‌گه‌ر ناچاربن په‌نا بۆ به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ده‌به‌ن، له‌ داهاتوودا له‌دۆخێكدا ئێران ببێته‌ خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمی؟، یان په‌نا بۆ وڵاتانی رۆژئاوا ده‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌هه‌ر هێرشێكی دوژمنكارانه‌ بیانپارێزێت؟