ڕاپۆرتی جیهانی

03:17 - 13/08/2020

پاكستان چۆن بووە یەكەم وڵاتی ئیسلامی خاوەنی ئەتۆم؟‌

پەیسەر

تا پێش ساڵی 1947 پاكستان بەشێك بوو لە هندستان، پاكستان واتا خاكی پاكەكان، دوی جیابونەوەی لە هندستان بووە وڵاتێكی ئیسلامی لە نیمچە دوورگەی هندی، لەپێناوی پاراستنی دەوڵەتەكەیان هەنگاوێكی جیاوازیان نا ئەویش هەوڵدان بوو بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، لەماوەی كەمتر لە سێ دەیە لەدوای دامەزراندنی بووە یەكەم دەوڵەتی خاوەن ئەتۆم لە جیهانی ئیسلامیدا.

چیرۆكی بەرنامە ئەتۆمیەكەی پاكستان لە هۆڵنداوە دەستی پێكرد لەسەر دەستی زانایەك بەناوی عەبدولقەدیرخان، كە لە تۆمارەكانی ئەمریكادا بە " شەیتانی موسڵمانان و بازرگانی تیرۆر " ناوی هاتووە، لەم راپۆرتەدا باسی ئەوە دەكەین كە چۆن پاكستان سەركەوتوو بوو لە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی، هەنگاوێك كە وڵاتانی تری ئیسلامی و عەرەبی شكستیان تێدا هێنا.

دزی نهێنیە ئەتۆمیەكان... عەبدولقەدیر خان چۆن كاری دەكرد؟
دوای 12 ساڵ لە ئەزمونی حوكمرانی ئیسلامی لە پاكستان، یەكەم كودەتای سەربازی لەلایەن جەنەراڵ ئەیوب خانەوە ئەنجامدرا، كە لەلایەن ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرا، بەمەش گۆڕانكاری ڕیشەیی دەستی پێكرد، بە گواستنەوەی پایتەخت لە شاری كراچیەوە بۆ ئیسلام ئاباد، و بە پەیرەوكردنی سیستمێكی عەلمانی لەبری دەوڵەتی ئیسلامی كۆتایی هات، لەو سەردەمەدا گەنجێك بەناوی عەبدولقەدیرخان لە كۆلێژی زانست لە زانكۆی كراچی ساڵی 1960 بڕوانامەی بەدەستهێنا، دواتر دەستی بەكاركردن كرد لەكەرتی گشتی بەڵام دوای ماوەیەك روویكردە دەرەوە بۆ ئەوەی بڕوانامەی بەرزتر بەدەست بهێنێت و بگەڕێتەوە پاكستان، بۆ ئەمەش عەبدولقەدیر پەیوەندی بە زانكۆی تەكنەلۆجی بەرلینەوە كرد و دەستی كرد بە خوێندن لە زانستی كانزاكان، هەروەها ساڵی 1967 بڕوانامەی ماستەری لە زانكۆی " دلفت بۆ تەكنەلۆجیا" بەدەستهێنا لە وڵاتی هۆڵندا، و ساڵی 1972 لە زانكۆی لوفین ی بەلجیكا بڕوانامەی دكتۆرای بەدەستهێنا، كاتێك هەوڵیدا بگەڕێتەوە پاكستان هەموو ئەو شوێنانەی داوایكرد رەتیان دەكردەوە بەبیانوی ئەوەی ئەزمون و شارەزای كەمە  لەگەڵ ئەوەی بڕوانامەی باڵای هەیە.

لەلایەكی ترەوە كۆمپانیایەك لە هۆڵندا پێشنیاری ئەوەی بۆ كرد كە پۆستێكی باڵا لە بواری شارەزای كانزاكان وەربگرێت، ئەو كاتە كۆمپانیاكە پەیوەندی بە رێكخراوی لێكۆڵینەوەی ئەتۆمی ئەوروپیەوە بوو " یورینكو" ئەو كۆمپانیا بەنهێنی لەنێوان بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵندا دروستكرا بەمەبەستی پەرەپێدانی ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆم بەشێوەی هاوبەش، بۆ ئەوەی پیشەسازی وزەی ئەتۆمی سەرچاوەیەكی سەربەخۆی هەبێت لەدەرەوەی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا.

عەبدولقەدیر ناوبانگی پەیداكرد بەهۆی ئەوەی زانایەكی دیاری ئەو وێستگەیە بوو كە كاری تێدا دەكرد،مافی ئەوەی هەبوو بگاتە شوێنە تایبەت و ئاڵۆزەكانی دامەزراوەی " یورینكو" و هەروەها دەسەڵاتی ئەوەی هەبوو بەڵگەنامە نهێنیەكانی تایبەت بە تەكنەلۆجیای ئەتۆمی و ئامێرەكانی پیتاندن بخوێنێتەوە، ئەوەش دەرفەتی ئەوەی پێدا لەبواری نەخشەسازی ئەتۆمی بچێتە پێشەوە، لەگەڵ ئەوەی لە پاكستانەوە هاتبوو كە زۆر ڕوون بوو وڵاتەكەی هەوڵی بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی دەدا.

ساڵی 1971 پاكستان وەك دەوڵەتێكی لاواز بەرامبەر هندستان جەنگی دۆڕاند و بەنگلادش لە پاكستان جیابۆوە، خێزان و بنەماڵەی عەبدولقەدیرخان بوونە پەنابەر، هێزی سەربازی هندستان بووە سەرچاوەی هەرەشە لەسەر وڵاتە نوێیەكە، لەدوای سێ ساڵ لەتاقیكردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی لەلایەن هندستانەوە، مەترسیەكانی پاكستان زیادیكرد، بەوەش پاكستان بڕیاریدا دەست بكات بەدروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی و بۆ ئەمەش كەنەدا و فەرەنسا پشتیوانیان كرد.

لەو كاتەدا سەرۆك وەزیران بانگی منیر ئەحمەد خان ی كرد كە زانایەكی فیزیایی بوو لە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا كاری دەكرد و سەرۆكی تیمی ئەندازیاری بوو لە ئاژانسی نێودەوڵەتی، بەڵام هەموو هەوڵەكان شكستیان هێنا و وڵاتانی پشتیوانی پاكستان بڕیاریاندا هاوكاری نەكەن لە بواری دەستخستنی چەكی ئەتۆمیدا.

بەڵام نامەیەك لە باڵیۆزخانەی پاكستان لە هۆڵنداوە گەیشت بۆ ئەوەی زولفەقار عەلی بۆتۆ سەرۆك وەزیرانی پاكستان چاوی بە عەبدولقەدیرخان بكەوێت، تێیدا ئەوە خرایە ڕوو كە هەموو نهێنیەكانی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی بەخێرایی و بەنهێنی بگوازرێتەوە بۆ پاكستان، بەوەش قۆناغێكی نوێ لەمێژووی پاكستاندا دەستی پێكرد، وڵاتانی جیهان زانیاریان نەبوو دەربارەی بەرنامە ئەتۆمیەكەی پاكستان تا ئەو كاتەی كار لەكار ترازاو ئیسلام ئاباد قۆناغەكانی دروستكردنی چەكەكەی تێپەراند.

بۆچی واشنتۆن پرۆژەكەی پاكستانی پشتگوێ خست؟
عەبدولقەدیر خان ناچار بوو دووساڵ بەتەواوەتی لە هۆڵندا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی تەواوی بەڵگەنامە نهێنیەكانی تایبەت بە دروستكردنی ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆم كۆپی بكات، ئەركێكی تریشی لەسەر شان بوو ئەویش دیاریكردنی ئەو ئەو كۆمپانیا و كەسانەی كە دەكرێت پاكستان داوای هاوكاریان لێ بكات لەبواری تەكنەلۆجیای پیتاندنی یۆرانیۆم، هۆڵندا هیچ زانیاریەكی لەو بارەیەوە نەبوو تا چەند ساڵێك دوای ئەوەی عەبدولقەدیرخان هۆڵندای جێهێشت.

پێش كۆتایی حەفتاكانی سەدەی رابردوو عەبدولقەدیرخان بووە كەسێكی ناسراو لەلای دەزگا هەواڵگریەكانی وڵاتانی رۆژئاوا و لەسەرووی هەموویانەوە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەگەڵ ئەوەی بە فەرمی سەرۆكی دامەزراوەی ئەتۆمی پاكستانی نەبوو.

لەو كاتەی ئەمریكا هەوڵیدا ئاستەنگ بۆ پرۆسەكەی پاكستان بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی دروست بكات، عەبدولقەدیرخان زۆر زیرەكانە هەوڵیدا لەرێگەی بازاری رەشەوە ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆم و بۆمبی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.

سەرئەنجام ساڵی 1983 پاكستان بووە ئەندامی یانەی ئەتۆمی جیهانی، عەبدولقەدیرخان لە چاوپێكەوتنێكدا ساڵی 2009 دەڵێت ئەگەڕ پرۆسەی داگیركردنی ئەفغانستان نەبوایە لەلایەن یەكێتی سۆڤیەتەوە ئەوە بە ئاسانی نەدەبوونە خاوەنی چەكی ئەتۆمی بەو زوویە.

لەدوای ئەوەی پاكستان بووە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و هەروەها تۆڕێكی گەورەی لەبازاری رەش هەبوو، بۆیە لەبەرژەوەندی بوو تەكنەلۆجیای ئەتۆمی بۆ وڵاتانی تری وەك ئێران و لیبیا و كۆریای باكور بنێرێت.

توانای ئەتۆمی پاكستان لەئێستادا لەچ ئاستێكدایە؟
بەپێی راپۆرتی پەیمانگای ستۆكهۆڵمی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە و ئاشتی كە لەمانگی حوزەیرانی رابردوو دەرچووە تواناكانی پاكستان لەبواری ئەتۆمی بەرەبەرە زیادیكردووە و لەئێستا خاوەنی 160 كڵاوەی جەنگیە هەروەها ئیسلام ئاباد رەتیدەكاتەوە واژۆ لەسەر رێككەوتنی " قەدەغەی بڵاوكردنەوەی چەكی ئەتۆمی " بكات، بەپێی ماڵپەڕی " گلوبال فیربور" سوپای پاكستان لە پلەی 15 یەمدایە لەڕووی بەهێزترین سوپاكانی جیهان، و بودجەی بەرگری پاكستان ساڵانە دەگاتە 7 ملیار دۆلار.

پاكستان ئاژانسێكی تایبەتی دروستكردووە بەمەبەستی پاراستنی چەكە ئەتۆمیەكانی كە بەهێزی پلانی ستراتیژی ناسراوە و لەلایەن كەسێكەوە كە پلەكەی فەریقە سەرۆكایەتی دەكرێت و لایەنی كەم 25 هەزار سەربازی راهێندراوی كاری تێدا دەكەن.

دەزگای هەواڵگری ئەمریكا لەناوەراستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو زانیاری لەسەر 13 سەردانی عەبدولقەدیرخان بۆ كۆریای باكور هەبووە كە هەمووجارێك بەفرۆكەی سەربازی چووە، دواتر دەركەوت زانیاری دەربارەی تەكنەلۆجیای ئەتۆمی بردووە بۆ پیۆنگیانگ، لەبەرامبەردا پاكستان لەكۆریای باكورەوە هاوكاری بۆ پەرەپێدانی موشەك دەست كەوت كە توانای هەڵگرتنی كڵاوی ئەتۆمی هەیە.

عەبدولقەدیرخان بەوە تۆمەتباردەكرێت كە زانیاری و موادی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی بە وڵاتانی تری وەك ئێران و عێراق و سوریا فرۆشتووە.

تائێستا وڵاتانی ئەوروپا نەگەیشتوونەتە بڕیاری كۆتایی دەربارەی ئەوەی تۆڕی عەبدولقەدیرخان لەلایەن حكومەتی پاكستانەوە راستەوخۆ هاوكاری دەكرێت یان تەنها تۆڕێكی خۆیەتی لەپێناوی دەوڵەمەندبوونی خێرایی خۆی دروستیكردووە.