ڕاپۆرتی جیهانی

03:29 - 08/08/2020

هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریكا له‌ژێر هەڕه‌شه‌ی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كیدا‌

پەیسەر

ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هۆشداری ده‌داته‌ سێ وڵات له‌ ئه‌گه‌ری ده‌ستوه‌ردان له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌ی كه‌ بڕیاره‌ مانگی تشرینی دووه‌می داهاتوو به‌رێوه‌بچێت.

هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی له‌ژێر ره‌حمه‌تی نه‌یاره‌كاندا

رۆژی هه‌ینی ولیام ئیڤانیا به‌رێوه‌به‌ری ناوه‌ندی نیشتمانی ئه‌مریكی بۆ ئاسایش و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی سیخوڕی له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا هۆشداریدا، له‌وه‌ی وڵاتانی روسیا و چین و ئێران، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌ستوه‌ردان بكه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، ده‌شڵێت روسیا ده‌یه‌وێت له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا جۆ بایدن كاندیدی دیموكراته‌كان شكست بهێنێت.
به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ له‌رێگه‌ی له‌خشته‌بردنی ئه‌لیكترۆنی و به‌كارهێنانی ئامراز و هۆكاری تره‌وه‌ ده‌یانه‌وێت و هه‌وڵ ده‌ده‌ن كاریگه‌ری له‌سه‌ر متمانه‌ی ده‌نگده‌رانی ئه‌مریكی به‌ هه‌ڵبژاردن و دیموكراتیه‌تی وڵاته‌كه‌یان دروست بكه‌ن، و پشێوی و ئاڵۆزی بخولقێنن.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌مریكیه‌ ده‌ڵێت نه‌یاره‌كانی ئه‌مریكا له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌ستوه‌ردان له‌ سیستمی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریكی بكه‌ن له‌رێًگه‌ی هه‌وڵدان بۆ تێكدانی پرۆسه‌ی ده‌نگدان و دزینی زانیاری و داتاكانی هه‌ڵبژاردن، یان دروستكردنی گومان له‌سه‌ر شه‌رعیه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌.

ئیڤانیا له‌سه‌ر ئاستی باڵا سه‌رپه‌رشتی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی ده‌كات له‌ ژیانی سیاسی ئه‌مریكا، و به‌یاننامه‌كه‌شی ده‌رخستنی هه‌ره‌شه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و سێ وڵاته‌وه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ده‌نگدانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا.
به‌یاننامه‌كه‌ ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ی ڕوونه‌ ئه‌وه‌یه‌ قورسه‌ نه‌یاره‌كانمان بتوانن ده‌ستوه‌ردانی فراوان یان یاری به‌ ئه‌نجامی ده‌نگه‌كانه‌وه‌ بكه‌ن" به‌ڵام ترس هه‌یه‌ پرۆسه‌ی دروستكردنی كاریگه‌ری به‌پێی پلانی چین و روسیا وئێران به‌رێوه‌بچێت.

به‌رپرسه‌كه‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت " پێمان وایه‌ چین پێی باشه‌ تره‌مپ جارێكی تر نه‌بێته‌وه‌ به‌سه‌رۆك و خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی وه‌رنه‌گرێت، و بۆئه‌مه‌ش په‌كین هه‌وڵه‌كانی چڕكردۆته‌وه‌ بۆ دروستكردنی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژینگه‌ی سیاسی ئه‌مریكا پێش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌".

سه‌باره‌ت به‌ئێرانیش ئیڤانیا ده‌ڵێت:" پێمان وایه‌ تاران هه‌وڵ ده‌دات دامه‌زراوه‌ دیموكراتیه‌كانی ئه‌مریكا لاواز بكات، به‌تایبه‌تیش له‌رێگه‌ی كه‌مپین له‌سه‌ر ئینته‌رنێت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی درۆ و دژه‌ ئه‌مریكی".

سه‌باره‌ت به‌ڕوسیا:" پێمان وایه‌ مۆسكۆ چه‌ند كارێك ده‌كات بۆ شێواندنی ناوبانگی جۆبایدن جێگری پێشووی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، كه‌ پێشتر به‌رگری له‌ ئۆپۆزسیۆنی روسیا ده‌كرد له‌سه‌رده‌می ئیداره‌كه‌ی باراك ئۆبامادا".

به‌رێوه‌به‌ری ناوه‌ندی نیشتمانی بۆ ئاسایش و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی سیخوڕی ده‌ڵێت " ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ به‌كۆشكی كرملینه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌رێگه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ته‌له‌فزیۆنه‌ روسیه‌كانه‌وه‌ پشتیوانی تره‌مپ بكه‌ن".

ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریكی پێی وایه‌ روسیا له‌هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ساڵی 2016 دا پشتیوانی تره‌مپی كردووه‌ دژی هیلاری كلنتۆن.

بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاریه‌كان باشترین رێگای ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌تی

دوو ئه‌ندامی سه‌رپه‌رشتیاری لیژنه‌ی هه‌واڵگری له‌ ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا پێیان وایه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ بۆ رایگشتی باشترین رێگای ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كیه‌.

به‌ڵام دوو سیناتۆری ئه‌مریكی كه‌ بریتین له‌ ماركو روبیو ی كۆماری و مارك وارنر ى دیموكراتی ده‌ڵێن"هانی به‌رپرسانی سیاسی هه‌ردوو حزب ده‌ده‌ین كه‌ ئه‌و زانیاریه‌ هه‌واڵگریانه‌ وه‌ك چه‌كی سیاسی له‌دژی یه‌كتر به‌كارنه‌هێنن چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌یاره‌كانماندایه‌".

ئه‌مریكا نامه‌ بۆ مۆبایلی هاوڵاتیانی ئێرانی و روسی ده‌نێرێت

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه‌ هه‌زاران هاوڵاتی روسیا و ئێران نامه‌یان له‌چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌مریكیه‌وه‌ بۆ هاتووه‌ و تێیدا داواكراوه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك زانیاری هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی هه‌وڵێك بۆ ده‌ستوه‌ردان له‌هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، ئه‌وه‌ زانیاریه‌كه‌ به‌و لایه‌نه‌ ئه‌مریكیانه‌ بدات له‌به‌رامبه‌ردا پاداشتێكی دارایی پێ ده‌ده‌ن كه‌ ده‌گاته‌ 10 ملیۆن دۆلار.

به‌پێی زانیاری میدیاكان ناردنی ئه‌و نامانه‌ له‌چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكادایه‌ بۆ رێگری له‌ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌ی كه‌ بڕیاره‌ مانگی تشرینی دووه‌می داهاتوو به‌رێوه‌بچێت.