ڕاپۆرتی جیهانی

03:06 - 08/08/2020

كازمى چى بۆ واشنتن ده‌بات و چى ده‌هێنێته‌وه‌؟‌

پەیسەر

واشنتن به‌ فه‌رمى واده‌ى سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى راگه‌یاند(٢٠ی ئاب)، ئه‌و سه‌ردانه‌ى كازمى له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربوونیه‌وه‌ رێگاكه‌ى بۆ ده‌شێلێت و هه‌وڵ ده‌دات پێش سه‌ردانه‌كه‌ سه‌رنجى ئه‌مریكییه‌كان به‌لاى خۆیدا رابكێشێت، بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ندین جوڵه‌ى کرد به‌ ئاڕاسته‌ى لێدان له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئێران.

سه‌ردانه‌كه‌ له‌ دۆخێكدایه‌، كه‌ عێراق به‌ قه‌یرانێكى قوڵى داراییدا تێده‌په‌ڕێت، مه‌له‌فى رێككه‌وتنى به‌غدا و هه‌ولێر ماون و ناكۆكییه‌كان وه‌ك خۆیانن، هه‌روه‌ها ده‌ستوره‌دانه‌كانى ئێران له‌ عێراق نه‌گۆڕاون، كۆرۆنا ته‌نگى به‌ عێراق هه‌ڵچنیوه‌ و میلیشیا چه‌كداره‌كانیش وه‌ك پێشوو هه‌ڕه‌شه‌ن، ئه‌گه‌رچى وا ده‌رده‌كه‌وێت ئاستێكیان بۆ دانرابێت.

رۆژنامه‌ى"العرب"ى له‌نده‌نى راپۆرتێكى له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، كازمى چوار مه‌له‌فى سه‌ره‌كى له‌نێو جانتاكه‌یدا ده‌باته‌ كۆشكى سپى، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك بڕگه‌ و بابه‌تى لاوه‌كیى.

بڕیاره‌ مسته‌فا كازمى له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا سه‌رۆكى ئه‌مریكا و ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانى ئیداره‌ى واشنتن ببینێت، له‌نێو ئه‌وانه‌دا كه‌ بڕیاره‌ دیداریان له‌گه‌ڵ بكات، هه‌ردوو وه‌زیرى به‌رگرى و خه‌زێنه‌ى ئه‌مریكا هه‌ن.

مسته‌فا كازمى خوازیارى ئه‌وه‌یه‌ دۆسیه‌ى ئابوورى و هاوكاریكردنى عێراق بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و ئه‌زمه‌ خنكێنه‌ره‌ى تێیكه‌وتووه‌، ده‌ستپێكى گفتوگۆكان و یه‌كه‌م مه‌له‌ف بێت بۆ قسه‌ له‌سه‌ركردن، دواتریش دۆسیه‌ى ئه‌منیى و سیاسى هه‌ردوو وڵات شه‌ن و كه‌و بكه‌ن، به‌پێى رۆژنامه‌كه‌، تیمى عێراقى ده‌یانه‌وێت هاوكارییه‌كى دارایى له‌ ئه‌مریكا بچڕن، بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و كورتێهنانه‌ داراییه‌ گه‌ورانه‌ى به‌هۆى كۆرۆنا و دابه‌زینى نرخى نه‌وت رووبه‌ڕووى عێراق بووه‌ته‌وه‌.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌ تواناى كه‌سایه‌تى مسته‌فا كازمى كردووه‌، بۆ گفتوگۆ و دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان له‌سه‌ر مه‌له‌فى ئه‌منى و سیاسى و ئابوورى، ئه‌وه‌ى كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئیداره‌ى ئه‌مریكا هه‌ڵبسێت به‌ هاوكاریكردنى دارایى عێراق، بۆ ئه‌وه‌ى به‌غدا له‌ تاران دوور بكه‌وێته‌وه‌، ئه‌و هاوكارییه‌ش وه‌ك جێگره‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانى عێراق و ئێران هه‌ژمار ده‌كرێت.

هه‌ردوو وڵات گفتوگۆ ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر توندوتۆڵكردنى هه‌ماهه‌نگى دوولایه‌نه‌ له‌ بوارى سه‌ربازیى، ئه‌وه‌ش له‌پێناوى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌مریكا به‌رده‌وام بێت له‌ پلانى راهێنان به‌ ئه‌فسه‌رە هێزه‌ عێراقییه‌كان، هه‌روه‌ها دابینکردنى هاوكارى لۆجستى له‌ بوارى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر له‌ عێراق.

دۆسیه‌یه‌كى دیكه‌ى سه‌رمێزى كازمى و ئه‌مرییكییه‌كان، تایبه‌ت ده‌بێت به‌ تواناى عێراق بۆ په‌نابردن بۆ قه‌رزى ده‌ره‌كى، پێده‌چێت ئه‌مریكا له‌مه‌دا ڕۆڵ بگێڕێت ئه‌وه‌ش وه‌ك نێوه‌ندگیر له‌نێوان عێراق و ئه‌وانه‌ى به‌نیازه‌ قه‌رزیان لێوه‌ربگرێت، وه‌ك وڵاته‌ دۆسته‌كانى ئه‌مریكا و سندوقى نه‌ختى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ ئه‌مریكا هه‌ژموونى به‌سه‌ریه‌وه‌ هه‌یه‌.

یه‌كێك لە گرنگترین بابه‌ت لاى ئه‌مریكییه‌كان كه‌ گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ئایندەی‌ هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ عێراق و هێرشه‌ موشه‌كییه‌ به‌رده‌وامه‌كانه‌ بۆسه‌ر ئه‌و هێزانه‌، كه‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانى نزیك له‌ ئێرانه‌وه‌ هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ریان، ئه‌مه‌ به‌ندى یه‌كه‌مى به‌رنامه‌ى كاریى سه‌ردانه‌كه‌یه‌، پێده‌چێت هه‌ردوولا نه‌خشه‌یه‌ك دابنێن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى نوێنه‌رانى وڵاتانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش له‌ عێراق، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ سه‌ركردایه‌تى ده‌كرێت.

به‌ڵام كه‌مكردنه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تى هاوپه‌یمانییه‌كه‌، كاریگه‌رى نابێت له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگى سه‌ربازیى دوولایه‌نه‌ى به‌غدا و واشنتن، كه‌ به‌ندى دووه‌می به‌رنامه‌ى كارى سه‌ردانه‌كه‌ى كازمییه‌ بۆ ئه‌مریكا. ئه‌مه‌ش هه‌مانگى سه‌ربازیى بۆ لێدانى تیرۆر و مه‌شق و راهێنان به‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان و پێشكه‌شكردنى هاوكارى لۆجستى ده‌گرێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ رۆژنامه‌ له‌نده‌نییه‌كه‌ ده‌ڵێت، به‌ندى سێیه‌م كه‌ بڕیاره‌ گفتوگۆى له‌سه‌ر بكرێت، له‌نێوان كازمى و واشنتن، په‌یوه‌ندیداره‌ به‌  هاوكارى ئه‌مریكا بۆ كه‌رتى ئابوورى و كاره‌با له‌ عێراق، له‌كاتێكدا عێراق له‌ كه‌رتى گه‌شه‌پێدانى ئابوورى و كاره‌باى نیشتمانیدا له‌ قه‌یرانى قوڵدایه‌. عێراق ده‌یه‌وێت ئه‌مریكا به‌شدار و پاڵپشت بێت له‌ گه‌شه‌پێدانى كه‌رتى تایبه‌ت له‌ عێراق.

به‌ندى چواره‌مى خشته‌ى به‌رنامه‌ى كارى سه‌ردانه‌كه‌ى مسته‌فا كازمى، په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ ناكۆكى و ئاڵۆزى سیاسى نێوان ئه‌مریكا و ئێران، له‌وانه‌یه‌ مسته‌فا كازمى خواستى ئه‌وه‌ى هه‌بێت رۆڵێك ببینێت له‌ شلكردنه‌وه‌ى دۆخى توندى هه‌ردوو وڵات.

چاودێران وایده‌بینن له‌و ماوه‌ى كه‌ ماوه‌ بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى، زۆرانبازیى دیكه‌ له‌نێوان ئێران و ئه‌مریكا له‌سه‌ر خاكى عێراق رووبدات، كازمى هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ ده‌دات ئه‌و ململانێیه‌ له‌نێو ماڵى ئه‌ودا نه‌ته‌قێته‌وه‌.

به‌غدا ده‌ترسێت دۆخه‌كه‌ له‌ هه‌فته‌كانى داهاتوو بترازێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازیى له‌نێوان ئه‌مریكى و ئێرانییه‌كان له‌ عێراق، به‌ تایبه‌ت كه‌ ئێستا ئێران به‌ قوڵى گیرۆده‌ى سزا ئابورییه‌كانه‌.

سه‌ردانه‌كه‌ى كازمى پێچه‌وانه‌ى خواستى ئێرانییه‌كان و ئه‌و چاوه‌ڕوانییانه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تى تاران له‌ به‌غداى هه‌یه‌، ئه‌وان ناخوازن نزیكبوونه‌وه‌ى زیاترى واشنتن و به‌غدا به‌ جۆرێك بێت كه‌ كاریگه‌رى بكاته‌ سه‌ر پێگه‌ى و هه‌ژموونى ئه‌وان له‌ عێراق. به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ زۆر لێى ده‌ترسن ئه‌وه‌یه‌، مستەفا كازمى ببێته‌ به‌شێك له‌ پرۆسه‌ى فشار دروستكردن له‌سه‌ر ئێران له‌رێگه‌ى سزا ئابورییه‌كانى ئه‌مریكاوه‌، ترس له‌وه‌یه‌ كه‌ كازمى سزاكان له‌ خۆبگرێت.

ئێرانییه‌كان دوودڵن له‌وه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ى عێراق خۆى رزگار بكات له‌ كڕینى غاز و كاره‌باى ئێران‌، ئه‌وه‌ى كه‌ كه‌مێك سزاكانى له‌سه‌ر تاران سوككردو‌وه‌، هه‌روه‌ها خۆى رزگار بكات له‌ میلیشیاكان و له‌رێگه‌ى كۆنتڕۆڵكردنى چه‌ك و به‌هێزكردنى هێزه‌ ئه‌منییه‌ فه‌رمییه‌كان له‌رێگه‌ى وه‌رگرتنى شاره‌زا و هاوكاریى ئه‌مریكى.

چاودێران پێیان وایه‌، پێش سه‌ردانه‌كه‌ كازمى رووبه‌ڕووى فشاری توند بێتەوە له‌رێگه‌ى شوێنكه‌وتووه‌كانى ئێرانه‌وه‌ له‌ عێراق، بۆ بڕینى رێگه‌ى هه‌ر لێكتێگه‌یشتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا.

میلیشیاكان ده‌ترسن له‌وه‌ى كازمى رێككه‌وتن بكات له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ یاخود دانانى ئاستێك بۆ تواناكانیان، رێگه‌دانى عێراق به‌ ئه‌مریكا بۆ دامه‌زراندنى سیسته‌مى دژه‌مووشه‌ك له‌ناو سه‌فاره‌تى ئه‌مریكا له‌ به‌غدا، له‌ چوارچێوه‌ى ئاماده‌یى عێراقه‌ بۆ ئاسانكاریكردن بۆ هه‌ر پرۆسه‌یه‌ك كه‌ رووبه‌ڕووى پلانه‌كانى ئێران ببێته‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌.

تا ئێستا سیسته‌مه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ له‌ به‌غدا، به‌شداریكردووه‌ له‌ به‌رەنگاربوونه‌وه‌ى دوو هێرشى مووشه‌كى له‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا، كه‌ میلیشا ئێرانییه‌كان ئه‌نجامیاندا، رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب ده‌ڵێت، هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان ئاماده‌كارى ده‌كه‌ن بۆ دانانی پێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان به‌ سیسته‌مى گه‌وره‌تر له‌ رووبه‌ڕوونه‌وه‌ى هێرشى میلیشیاكان.