ڕاپۆرتی جیهانی

11:33 - 02/08/2020

لە كۆی 20 شار كە لەژێر چاودێری كامێرادان 18 شاریان لە یەك وڵاتن‌

پەیسەر

شارە گەورەكان لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان لەژێر كامێرای چاودێریدان، بەڵام بەشێك لە وڵاتان ئەو تەكنەلۆجیایە بە چڕی بەكاردەهێنن،یەكێك لەو ولاتانەش چینە كە لەپێشەنگی وڵاتانی جیهاندایە لەو بوارەدا.

 
18 شاری جیهان كە زۆرترین كامێرای چاودێریان تێدا دانراوە لە وڵاتی چینن، هەروەها شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا و شاری حەیدەر ئابادی هندستانیش لەگەڵ ئەو 18 شارە چینیەدا ئەو 20 شارە پێكدەهێنن كە زۆرترین كامێرای چاودێریان تێدا جێگیركراوە، كەناڵی سكای نیوز بڵاویكردەوە بەپێی ئاماری نوێ شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا كە ژمارەی دانیشتوانەكەی 9ملێۆن و 300 هەزار كەسە 627 هەزار و 727 كامێرای چاودێری هەیە ئەوەش واتا بۆ هەر هەزاركەسێك 67،5 كامێرا دەكات.بەوەش لەندەن بەسێیەم شار دادەنرێت لەڕووی زۆری ژمارەی كامێرای چاودێریەوە.

سكای نیوز بڵاویكردۆتەوە كە لە شاری تایوانی باكوری رۆژهەڵاتی چین زۆرترین ژمارەی كامێرای چاودێری هەیە لەجیهاندا بەجۆرێك 119،6 كامێرا بۆ هەر هەزار كەسێك.
هەروەها شاری شەنگەهای رۆژهەڵاتی چین بەپلەی دووەم دێت و 92،1 كامێرا بۆ هەر هەزار كەسێك، هەروەها شاری حەیدەرئابادی باشوری هندستان لەپلەی شانزەیەم دێت لەسەر ئاستی جیهان بەجۆرێك بۆ هەر هەزاركەسێك 30 كامێرای بەردەكەوێت، لیستەكە ناوی شارەكانی تری چینی تێدایە كەلەڕووی ژمارەی كامێرای چاودێریەوە بەچڕی چاودێری دەكرێن لەوانەش پەكینی پایتەخت و شەنگەهای و وشنچن و هانگچو و هاربین و چنگدو.

لەسەر ئاستی جیهان 770 ملیۆن كامێرای چاودێری بەكاردەهێندرێت لەو ژمارەیەش 54%ی لەچینە.