02:55 - 26/07/2020
قەڵغانی ئاڵتون بۆ هاتنەدەرەوە لەژێر عەبای دۆلار و گلۆركردنەوەی بەهاكەی
تادێت فشارەكانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسەر چین زیاتر دەبێت، ئێستا لە دیدی ترەمپەوە چین دەوڵەتێكی نەك نەیار بەڵكو دوژمنی ئەمریكایە، دوژمن بە هۆكاری ئایدۆلۆجیەت نا، لەبەرئەوەش نا كە چین دەوڵەتێكی شیوعییە و رقەكەش درێژكراوەی رۆژانی جەنگی سارد نییە، بەڵكو بە دوژمن بینینی چین لەلایەن ئەمریكاوە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە ئەمریكا مەترسی هەیە چین دەست بەسەر ئابوری تەواوی جیهاندا بگرێت.
پشكۆكانی ناكۆكی ئەمریكا و چین لەگەڵ زیادبوونی هەر دۆلارێك بۆ قەبارەی ئابوری هەریەكێكیان زیاتر دەگەشێنەوە بەتایبەت كە بەپێی دواین روپێوی لە ساڵی 2019دا قەبارەی ئابوری ئەمریكی گەیشتووەتە 21 تریلیۆن و 500 ملیار دۆلار و قەبارەی ئابوری چینیش گەیشتووەتە 14 تریلیۆن و 200 ملیار دۆلار.
چین بە هەستیاری ماڵە لەگەڵ بڕیارەكانی ئەمریكا دەكات و دەزانێت كە مامەڵەی ئەمریكا لەگەڵیدا وەك مامەڵەیەكی دوژمنانە وایە، بەڵام وەك سەرۆكی چین جارێك بە تەنزەوە وتی خۆرئاوا كار لەسەر بیردۆزێك دەكەن كە ئەگەر یەكێك زلەیەكی لە لای چەپت دا ئەوا لای راستیشی رووتێبكە با زلەیەكی لێبدات، بەڵام ئێمەی چینی وەڵامی زلەیەك بە دوان دەدەینەوە.
شەڕی ئاڵتون
دوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی تەعریفەی گومرگی نوێ بەسەر چیندا كە بووە سەرەتای جەنگی بازرگانی نێوان هەردوو جەمسەرەكە، ئێستا هەندێك بەو جەنگە بازرگانییە دەڵێن جەنگی ئاڵتون، بەوپێەی بەهۆی گرژییە سیاسییەكان و لێكەوتی گرژبوونی پەویەندییەكانی چین و ئەمریكا، خواست لەسەر ئاڵتون زیاتر بووە و دەوڵەتان دەیانەوێت بە دانانی ئاڵتون بەهای ئابوری و دراوی خۆیان بپارێزن و لەو دەستاڕەدا نەهاڕدرێن بە ئەندازەیەك كە تەنها لە ساڵی رابردوودا بە رێژەی لەسەدا 18 نرخی ئاڵتون بەرزبووەتەوە لە جیهاندا.
سونیل كومار كاتكی، سەرۆكی دەستەی پێداویستی و دراو پێیوایە كە ئەم ئاڵۆزییەی نێوان ئەمریكا و چین نرخی ئاڵتون زیاتر بەرزدەكاتەوە بەتایبەت دوای تێپەڕینی كۆرۆنا و دەستپێكردنەوەی بازرگانی چڕ لە جیهاندا.
چین ناو قاسەكەی ئاشكرا ناكات
ولیام میدلكۆب، نوسەری كتێبی بەناوبانگی جیهانی "داڕمانی گەورە" كە ساڵی 2016 نوسیویەتی و باس لە كۆتایی سەردەمی بازرگانی ئەم چەشنەی ئێستای جیهان دەكات دەڵێت، قەیران و كێبەركێكان وادەكەن دراوە كاغەزییەكان تووشی داكشانی زۆر ببن، بەوەش جارێكی دیكە ئەستێرەی بەختی ئاڵتون زیاتر دەبریسكێتەوە و بەهاكەی لە جیهاندا بەرزدەبێتەوە و كێبەركێ دەبێت لەسەر ئەوەی كێ زۆرترین ئاڵتونی دانراوی هەبێت.
ئێستا ئەگەرچی ناتوانرێت بە وردی باس لە دانراوی زێڕی جیهان بكرێت بەوپێیەی متمانەكردن بەو ژمارانەی حكومەتەكان بڵاویدەكەنەوە هەروا ئاسان نییە، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئەمریكا 20 ساڵ لەمەوبەر خاوەنی 8 هەزار تۆن زێڕ بوبێت و لەگەڵ تێپەڕینی هەر ساڵێكیشدا دانراوەكانی زیادكردبێت، بەڵام هێشتا قاسەكەی چین بە داخراوی ماوەتەوە و جیهان لەخۆی دەپرسێت ئاخۆ چین چەند هەزار تۆن ئاڵتونی دانراوی هەبێت و هیچ كەس ناتوانێت زانیاری تەواو متمانەپێكراوی دەستبكەوێت.
كۆكردنەوەی زێڕ
چین ئێستا چ بە ئاشكرا و چ بە نهێنی سەرقاڵی كڕین و كۆكردنەوەی ئاڵتونە، بەڵام تەنها چین كڕیاری گەورەی بازاڕەكان نییە، بەڵكو روسیاش هاتووەتە ناو یارییە بازرگانییەكەوە و هەندێك سەرچاوە دەڵێن رێژەی ئاڵتونی دانراوی مۆسكۆ گەیشتووەتە 2219 تۆن، بەدوای روسیادا هیندستانیش هاتووەتە ناو بازاڕەكە و دانراوی زێڕی خۆی 612 تۆن بەرزكردووەتەوە، توركیاش هەروا بە بێدەنگی بینەری رووداوەكان نییە و بەپێی راپۆرتەكانی بانكی ناوەندی توركیا، ئەنكەرە قەبارەی زێڕی دانراوی خۆی بۆ 385 تۆن بەرزكردووەتەوە.
هاتنەدەرەوە لەژێر عەبای دۆلار
دوای ئەوەی دۆلار بووە چەكێك بۆ سەپاندنی گەمارۆ و سزای ئابوری بەسەر هەندێك لە وڵاتان لەلایەن ئەمریكاوە، زلهێزە ئابورییەكان لە هەوڵی ئەوەدان ئابوری خۆیان لەژێر عەبا و رەحمەتی دۆلار رزگاربكەن، هەر ئەوەش وایكردووە كە چین بیەوێت بە ئاڵتون خۆی قوتاربكات و قەڵغانی زێڕین بۆ ئابوری و دراوەكەی خۆی دروستبكات.
لە ساڵانی نەوەدەكانی رابردوودا چین سەركەوتوو بوو لە پلانێكی ئابوری ورد بۆ كۆنترۆڵكردن و وەبەرهێنان لە سلكی كانزاكاندا و هەندێك بە سەركەوتنی ئابوری سەدەی چین ناوی دەبەن لە سەدەی پێشوودا، دوور نییە بەم پلانەی ئێستای بۆ بەرزكردنەوەی نرخی زێر و گلۆركردنەوەی بەهای دۆلار، پلانی ئابوری ئەم سەدەیەی جێبەجێ بكات.