03:37 - 23/07/2020
لێكۆڵینەوەیەك: نزیكەی سێ ملیۆن منداڵ لە ئەڵمانیا بەدەست ههژارییەوە دەناڵێنن
لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا لەم چەند ساڵەی دوایدا گەشانەوەی ئابوری بەخۆیەوە بینی، بەڵام پرسی هەژاریی
منداڵانی ئهو وڵاته تائێستاش بەردەوامە، و ئێستاش لەگەڵ پەتای كۆرۆنادا دیاردەكە مەترسیدارتر
بووە.
كەناڵی دوچەڤێلەی ئەڵمانی بلاویكردەوە بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی
نوێ، پرسی هەژاری منداڵان لە ئەڵمانیا تائێستا چارەسەر نەكراوە و لێكەوتەی مەترسیداری
هەیە، بەپێی لێكۆڵینەوەیەك كە دامەزراوەی " بیرتلسمان" ی ئەڵمانی ئەنجامیداوە
و ئەنجامەكەی دوێنێ چوارشەممە بڵاوكراوەتەوە دەردەكەوێت نزیكەی 2،8 ملیۆن منداڵ و
هەرزەكاری خوار تەمەن 18 ساڵ لە ئەڵمانیا لەهەژاریدا دەژیەن.
لێكۆڵینەوەكە دەڵێت هەژاری منداڵان یەكێكە لە
ئاڵنگاریە گەورەكانی بواری كۆمەڵایەتی چەند ساڵی رابردووی ئەڵمانیا، و لەگەڵ ئەوەشدا
هیچ بەرەوپێش چوونێك لەو بوارە نەهاتۆتە دی لەساڵی 2014 وە، لێكۆڵینەوەكە ئاماژەی
بەوەكردووە كە پەتای كۆرۆنا ئاستی ئاڵنگاریەكەی زیادكردووە و كێشەكەشی ئاڵۆزتر.
ئەو لێكۆڵینەوەیە ئەو منداڵانە دەگرێتەوە كە لەخێزانەكانیان
هاتونەتە دەرەوە و داهاتەكانیان بەرێژەی 60% كەمترە لە ناوەندی داهاتی خێزانێك لە
ئەڵمانیا، هەروەها ئەو هەرزەكارانەی كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەهاوكاری حكومەت دەبەستن
كە لەرێگەی خێزانەكانیانەوە پێیان دەدرێت ئەوەی پێی دەگوترێت هارتس 4.
ئەو دامەزراوەیەی كە ئەو لێكۆڵینەوەی كردووە جەخت
لەوە دەكاتەوە كە تائێستا كێشەی هەژاری منداڵان چارەسەر نەكراوە و كاریگەری زۆریشی
لەسەر گەشە و خۆشگوزەرانی و فێركردن و دەرفەتی داهاتوو و دادپەروەری كۆمەڵایەتی هەیە.
لێكۆڵینەوەكە ژمارەیەك ئاماری گرنگی
ئاشكراكردووە، لەوانەش لەهەر حەوت منداڵێك كە بە هاوكاریەكانی دەوڵەت دەژیەت، یەكێكیان
تەنها پێداویستیە سەرەكیەكانی ژیانی بۆ دابین كراوە.
لای خۆیەوە هولگر هوفمان ئەمینداری گشتی دامەزراوەی
چاودێری منداڵانی ئەڵمانیا بەتوندی رەخنەی لە جیاكردنەوەی رێكارەكانی دەوڵەت گرت لەبەرامبەر
ئەو منداڵانەی كە لەخێزانە هەژارەكانن و كاریگەری گەورەی داخستنی بازاریان لەسەرە
بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆرۆناوە.
هوفمان داوایكردووە سندوقێكی تایبەت دابمەزرێت
بۆ كاروباری ئەو منداڵانە و دابینكردنی پێداویستیەتایبەتیەكانیان، لەبواری خوێندن،
بۆ ئەوەی ئەو منداڵانە پێداویستی درێژەدان بەخوێندنیان بۆ دابین بكرێت بەمەبەستی بەردەوام
بوونیان لەسەر خوێندن لەسەردەمی كۆرۆنادا، كە لەتۆڕی ئینتەرنێتی هەمیشەییەوە تا دەگاتە
ژینگەیەكی گونجاو لەماڵەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لەسەر خوێندنەكەیان لەرێگەی ئۆنلاین،
ئەوەش لەكاتێكدایە ئامێری پێویستی ئەو بوارەیان نیە.