06:40 - 18/07/2020
هاككردنی تویتەر لەنێوان هەڕەشە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەكاندا
ئەگەرچی هاككردن و كردنەوەی سەدان ئەكاونتی كەسانی دیاری جیهانی لە تویتەر بووە هەواڵی جیهان و دەنگدانەوەیەكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام كاتی شكاندنی تویتەر لە سەروبەندی هەنگاونانی ئەمریكا بۆ هەڵبژاردن، چەندین خوێندنەوە و لێكدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
چی روویدا؟
نانداجوبال راجان، كە رۆژنامەنوسێكی تایبەتمەندی بواری تەكنەلۆژیایە لە راپۆرتێكدا كە پێگەی ئیندیان ئێكسپرێس بڵاویكردووەتەوە نوسیویەتی، هاككردنی تویتەر رۆژێكی رەش و لەبیرنەكراوی هەم خودی تۆڕەكە و هەمیش دونیای تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانە.
بە وتەی راجان، ئەو هێرشە ئەلیكترۆنییەی كراوەتەسەر تویتەر دەتوانرێت ناوبنرێت ئابڕوبەرانەترین هێرش كە كرابێتە سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەوپێیەی كردنەوەی هەژماری كەسایەتییە بەهێز و ناسراوەكانی جیهان كراونەتە ئامانج و زۆرترین زیانی ئابورییان لێدراوە.
دەشێ هاككردنی تویتەر جیاوازتر بێت لە هەر هەوڵ یان هاككردنێكی هەر تۆڕێكی دیكەی كۆمەڵاًیەتی، بەوپێیەی تویتەر شوێنی كەسایەتییە سیاسی و ئابوری و سەربازی و هونەرمەندە گەورەكانی ئەمریكا و جیهانە، بە ئەندازەیەك تەنانەت سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تویتەر وەك پێگەیەك بۆ ناردنی پەیامی سیاسی نەك هەر بۆ ناوخۆی ئەمریكا تەنانەت بۆ وڵاتانی دیكە دەنێرێت.
رۆژی رەشی تویتەر
ئەگەرچی سەرلەبەری هێرشەكە ماوەی 30 خولەكی خایاندووە وەك ئەوەی تویتەر خۆی ئاماژەی پێكردووە، بەڵام تەنها لەماوەی ئەو 30 خولەكەدا بە بەهای 100 هەزار دراوی ئەلیكترۆنی بتكۆین رەوانەی هەژمارێكی دیاریكراو كرا.
لەوبارەیەوە تویتەر خۆی لە راگەیەندراوێكدا دانی بەوەدا نا كە هێرشێكی ئەلیكترۆنی كراوەتەسەر و داوای لە بەكارهێنەرانی كرد بە خێرایی وشەی نهێنی كردنەوەی هەژمارەكانیان بگۆڕن.
جاك دورسی، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پێگەی تویتەر رایگەیاند، رۆژێكی سەختمان تێپەڕاند.
لە پەیامێكیشدا بۆ بەكارهێنەرانی تۆڕەكە بەڵێنی دانێ كە بەدواداچوونی تەواو بۆ شكاندنی بەربەستەكانی پاراستنی تۆڕەكە و جارێكی دیكە بەهێزكردنەوەیان بكەن.
تویتەر چۆن هاك كرا؟
بەپێی ئەوەی بەرپرسانی بەڕێوەبردنی تۆڕەكە دانیان پێداناوە، هاككەرەكان چەند كارمەندێكی تۆڕەكەیان كردووەتە ئامانج و لەرێگەی كردنەوەی هەژمارەكانیان دزەیان كردووەتە ناو بەشێك لە سێرڤەری تۆڕەكە.
بەڵام شارەزایانی بواری تەكنەلۆژیا پێیانوایە كە ئەو بەهانەیەی تویتەر بەهانەیەكی بڕوپێهێنەر نییە و بە بڕوای ئەوان كێشەكە لە خودی سێرڤەری تویتەردا هەیە و رێكارەكانی پاراستنی تۆڕەكە گونجاو نین و هاككەرەكانیش سێرڤەری سەرەكییان كردووەتە ئامانج نەك هەژماری چەند بەكارهێنەرێكی دیاریكراو.
لێكەوتە ئەمنییەكانی هاككردنی تویتەر چین؟
هاككردنی تویتەر تەنها رووداوێكی تەكنەلۆژی یاخود جۆرێك لە چەتەیی ئابوری ئەلیكترۆنی نییە، بەڵكو هەڕەشەیەكی ئەمنی جدییە لەسەر تۆڕ و پێگە ئەلیكترۆنییەكان.
جوش هاولی، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا رایگەیاند، ئەمەی بەسەر تویتەر هاتووە هێرشێكی ئاشكرایە كە بواری ئاسایشی كردووەتە ئامانج و پێویستە بەرپرسانی تویتەر روونكردنەوەی بڕواپێهێنەر بدەن بە هاوڵاتیانی ئەمریكا و جیهان.
لەلایەكی دیكەوە هاككردنی تویتەر لە سەروبەندی هەنگاونانی ئەمریكا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وای لە دەزگا تایبەتمەندەكانی بواری ئاسایش كردووە گومانی زیاتر بكەن و لێكۆڵینەوەی ورد ئەنجام بدەن لەبارەی ئەوەی كە ئەم هێرشە ئەلیكترۆنییە چ ئامانجێكی سیاسی لە پشتەوە و لێكەوتەكانی تا چەند رەنگدانەوەیان دەبێت لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئەمریكا.