ڕاپۆرتی جیهانی

03:29 - 17/07/2020

چی ڕوو ده‌دات ئه‌گه‌ر ژماره‌ی دانیشتوانی زه‌وی كه‌مبوویه‌وه‌‌؟‌

پەیسەر

كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانی گۆی زه‌وی به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی له‌دایك بوون و زۆری ژماره‌ی به‌ته‌مه‌نه‌كان، وا ده‌كات  ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌بێت له‌كۆتایی ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا ژماره‌ی دانیشتوانی گۆی زه‌وی كه‌م ببێته‌وه‌، پێویسته‌ جیهان خۆی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ وه‌ها ئه‌گه‌رێك ئاماده‌ بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ڕوویدا چ كاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر ژیانی داهاتووی ئێمه‌ دروست ده‌كات؟ لێره‌دا شه‌ش كاریگه‌ری كه‌م بوونه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانی گۆی زه‌وی ده‌خه‌ینه‌ ڕوو:

1- له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ هه‌واڵێكی باش بێت بۆ وڵاته‌ هه‌ژاره‌كان

ئێمه‌ سه‌یری هه‌ڵوێسته‌ جیاوازه‌كان ده‌كه‌ین له‌ به‌شه‌ جیاجیاكانی جیهان، كه‌م بوونه‌وه‌ی توانای منداڵ بوون یان ژماره‌ی ئه‌و منداڵه‌ زیندووانه‌ی كه‌ هه‌ر ئافره‌تێك ده‌یبێت، هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی ئابوریی، چونكه‌ خوێندنی باشتر و ده‌رفه‌تی كار بۆ ئافره‌ت به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، هه‌روه‌ها ده‌ستگه‌یشتنی ئافره‌تان به‌ ده‌رمانی رێگری له‌منداڵ بوون و له‌باربردن و دابه‌زینی تێكرای منداڵ بوون و مردنی منداڵان به‌واتای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ ئافره‌تان تێكرای منداڵ بوونیان كه‌م ببێته‌وه‌. 

سه‌باره‌ت به‌و وڵاتانه‌ی كه‌ داهاتی تاكه‌كه‌سیان كه‌مه‌، كه‌م بوونه‌وه‌ی ژماره‌ی له‌دایك بوون ده‌كرێت ببێته‌ هۆی ئاستی بژێوی باشتر، و ژماره‌ی كه‌متر منداڵ واده‌كات باشتر ده‌ستیان به‌ خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و خوێندن بگات.

به‌ڵام له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ژماره‌ی دانیشتوانیان به‌ره‌و كه‌م بوونه‌وه‌ ده‌ڕوات ده‌كرێت ئه‌وه‌ كێشه‌ی زیاتر دروست بكات، به‌وپێیه‌ی ژماره‌ی به‌ته‌مه‌نه‌كان زیاتر ده‌بێت و پێویستیی به‌چاودێریكردنیان زیاد ده‌كات، هه‌روه‌ها ژماره‌ی گه‌نجه‌كان كه‌ ده‌ستی كارن كه‌م ده‌كات، به‌وه‌ش داهاتی باجیش كه‌م ده‌بێته‌وه‌.

2- خه‌ڵك زیاتر هه‌وڵده‌دات بۆ پێداویستییه‌كانی كاتی خانه‌نشینی

خه‌ڵك ناچار ده‌بن زیاتر كار بكه‌ن، له‌وانه‌یه‌ قورسایی له‌سه‌ر سیستمی ته‌ندروستی دروست نه‌كه‌ن به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی  ترسیان لێی ده‌بێت، زۆرینه‌ی گریمانه‌كان ده‌رباره‌ی ئه‌و ترسه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو به‌ته‌مه‌نه‌كان دووچاری نه‌خۆشی ده‌بن.

لای خۆیه‌وه‌ پرۆفیسۆر ساره‌ هاربر، له‌ په‌یمانگای ئۆكسفۆرد بۆ به‌ساڵاچوان ده‌ڵێت:" ده‌بێت ترس سه‌باره‌ت به‌پیربوونی دانیشتوان له‌ دیدگای راسته‌قینه‌ی خۆیه‌وه‌ بێت. ته‌ندروستی به‌ته‌مه‌نه‌كان به‌كرده‌وه‌ زۆر له‌ ده‌یه‌كانی پێشووتر باشتره‌، ئه‌وه‌ش به‌واتای ئه‌وه‌ی به‌ته‌مه‌نه‌كان چالاكترن و ته‌ندروستییان باشتره‌ و له‌ژیانیان به‌شێكی گه‌وره‌ی باج ئه‌وان ده‌یده‌ن".

3- ره‌نگه‌ حكومه‌ته‌كان ناچاربن سنوره‌كانیان بكه‌نه‌وه‌

تێكرایی منداڵ خستنه‌وه‌ و ته‌مه‌ن به‌شێكن له‌هاوكێشه‌كه‌، به‌ڵام كاتێك پرسه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌زیادبوون یان كه‌م بوونه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه‌ هه‌یه‌، هۆكاری سێیه‌میش رۆڵی هه‌یه‌ ئه‌ویش كۆچه‌، ئه‌و وڵاتانه‌ی ژماره‌ی گه‌نجه‌كانیان كه‌م ده‌بێته‌وه،‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن گه‌نج له‌ وڵاتانی تره‌وه‌ رابكێشن، دكتۆره‌ ریچی پێیوایه‌ به‌هۆی ئه‌و كۆچه‌ی دروست ده‌بێت تێكه‌ڵابوونی زیاتر دروست دێته‌ كایه‌وه‌، له‌بواری رۆشنبیری و پێكهاته‌یی.

4- پاڵپشتی زیاتر بۆ منداڵ خستنه‌وه‌

له‌رابردوودا هه‌ر وڵاتێك ویستبێتی ژماره‌ی دانیشتوانی زیاد بكات، یان كه‌می بكاته‌وه،‌ به‌زۆری په‌نای بۆ رێگه‌ی زۆره‌ملێ بردووه‌، به‌ڵام ئێستا نمونه‌ی تر هه‌یه‌ له‌وانه‌ش وڵاتانی ئه‌سكه‌نده‌نافی كه‌ رێژه‌ی له‌دایك بوونی منداڵیان زیاتره‌ له‌وه‌ی پێشبینیان ده‌كرد ،ئه‌ویش له‌رێگه‌ی ژماره‌یه‌ك هاندان، وه‌ك مۆڵه‌تی دایكایه‌تی به‌ موچه‌یه‌كی باشه‌وه‌ هه‌روه‌ها چاودێریكردنی منداڵ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندن و هاندانی دارایی باشیان هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ پاڵپشتی منداڵخستنه‌وه‌، له‌ داهاتوودا به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتوان به‌خۆیانه‌وه‌ ببینن.

له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ داهاتی تاكه‌كه‌سیان كه‌مه‌ و ژیان قورسه‌، دایك و باوك ده‌یانه‌وێت ژماره‌یه‌كی كه‌می منداڵیان هه‌بێت چونكه‌ ناتوانن خه‌رجیه‌كانیان له‌ئه‌ستۆ بگرن.

5- ئه‌وانه‌ی له‌ چاودێریی كار ده‌كه‌ن هه‌مان گرنگی پزیشكیان ده‌بێت

دكتۆره‌ تیزیانا لیون له‌ كۆلێژی ئابوری له‌نده‌ن پێی وایه،‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌ خه‌ڵكانی به‌ته‌مه‌ن له‌كۆتایی ژیانیاندا به‌به‌رده‌وامی پێویستیان به‌چاودێری هه‌بێت.

دكتۆره‌ لیون هۆشداری ده‌داته‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌ده‌ست پیری دانیشتوانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، كه‌ پێده‌چێت دووچاری كێشه‌ی رێكخستنی چاودێری ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تی بن.
ده‌شڵێت":ئێمه‌ پێویستمان به‌ ده‌ستكردنه‌ به‌ پرۆسه‌ی مه‌شق و راهێنان به‌مه‌به‌ستی په‌یداكردنی ده‌ستی كاری گونجاو، ئێمه‌ پێویستمان به ‌ژماره‌یه‌كی كه‌متر پزیشكی منداڵان و نه‌خۆشیه‌كانی ئافره‌تان ده‌بێت".

6- ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ سودی بۆ ژینگه‌ هه‌بێت

پرۆفیسۆر هاربر پێی وایه‌ كه‌م بوونه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانی گۆی زه‌وی بۆ ژینگه‌ سودی ده‌بێت، له ‌به‌رامبه‌ردا دكتۆره‌ ریچی پێی وایه‌، گه‌شه‌ی ئابوری كاریگه‌ری زیاتر له‌سه‌ر ژینگه‌ ده‌بێت وه‌ك له‌ گه‌شه‌ی دانیشتوان، زۆر قورسه‌ ئه‌وه‌ دیاری بكرێت كه‌ دۆخی ئابوری له‌ داهاتوویه‌كی دووروودرێژدا چی به‌سه‌ر دێت.

ئه‌گه‌ر جیهان ده‌وڵه‌مه‌ندتر بێت و زیاتر به‌كاربهێنێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانی گۆی زه‌وی كه‌م بكات به‌ڵام ئه‌وه‌ گره‌نتی ژینگه‌ ناكات.

ئه‌وه‌ش هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ رابردوودا ڕوویدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سامانداری وابه‌سته‌ی پیس بوونی ژینگه‌كرا له‌ سه‌ده‌ی رابردوودا، به‌ڵام له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا ئه‌وه‌ گۆڕدرا، به‌جۆرێك وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ سامانداره‌كان توانیان گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن كه‌م بكه‌نه‌وه‌ له‌رێگه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ بواری ته‌كنه‌لۆجیادا.
ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ماڵپه‌ری بی بی سی به‌زمانی عه‌ره‌بی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و په‌یسه‌ر كردویه‌تی به‌كوردی