ڕاپۆرتی جیهانی

04:53 - 10/07/2020

ترس هه‌یه‌ تره‌مپ كۆشكی سپی جێنه‌هێڵێت‌

پەیسەر

پیته‌ر نیكولاس په‌یامنێری گۆڤاری"زه‌ ئه‌تلانتك " له‌ كۆشكی سپی، راپۆرتێكی ده‌رباره‌ی ئه‌و ترسانه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌ن، له‌ سه‌رووبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا كه‌ له‌مانگی تشرینی دووه‌می داهاتوو به‌رێوه‌ده‌چێت، ترسی گشتیی هه‌یه‌ كه‌ تره‌مپ ره‌تی بكاته‌وه‌ ده‌سه‌ڵات راده‌ست بكات، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی دۆڕاند، له‌ سیستمێكدا كه‌ چاره‌سه‌ری بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ دانه‌ناوه‌ و پشت به‌ رێزگرتنی بنه‌ماكانی دیموكراسی ده‌به‌ستێت.

په‌یامنێری گۆڤاره‌كه‌ راپۆرته‌كه‌ی به‌وه‌ ده‌ستپێكردووه‌ كه‌ خه‌یاڵێك ده‌كرێت ڕووبدات، با بڵێین له‌هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیدا جۆبایدن سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، له‌ سه‌رله‌به‌یانی رۆژی ٢٠ی كانونی دووه‌م تره‌مپ ده‌چێته‌ كۆشكی سپی و وتارێكی نوسراو بۆ جۆبایدن جێده‌هێڵێت و له‌دواتردا تره‌مپ و میلانیای هاوسه‌ری له‌به‌شی باكوری كۆشكی سپی چاوه‌ڕێی گه‌یشتنی سه‌رۆكی نوێ و هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی گوله‌ نه‌بڕی جۆری لیمۆزین ده‌گاته‌ ڕاره‌وه‌كه‌ هه‌رچوار كه‌سه‌كه‌ هه‌واڵپرسی یه‌كتر ده‌كه‌ن و ره‌نگه‌ دیاری پێشكه‌شی یه‌كتر بكه‌ن پاشان ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌ بۆ خواردنه‌وه‌ی قاوه‌.

به‌دڵنیاییه‌وه‌ وێنه‌ی تره‌مپ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی گه‌وره‌گیراون لاده‌برێن، دیواره‌كان هیچ وێنه‌یه‌كیان له‌سه‌ر نابێت و كرێكاره‌كان ئه‌و په‌ردانه‌ لاده‌به‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ خواستی خێزانی داهاتووی كۆشكی سپی یه‌ك ناگرنه‌وه، پێش نیوه‌رۆ هاوسه‌ره‌كانی كۆشكی سپی به‌جیا دێنه‌ده‌ره‌وه‌ و له‌شوێنی سوێندخواردنی سه‌رۆكی نوێ جارێكی تر یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌.

تره‌مپ له‌ریزی پێشه‌وه‌ی بینه‌ره‌كاندایه،‌ كه‌ ده‌بینێت بایدن ده‌ستی خستۆته‌ سه‌ر ئینجیل و سوێندی یاسایی ده‌خوات بۆ ئه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ وه‌ربگرێت و دوای رێوره‌سمه‌كه‌ سه‌رۆكی ژماره‌ ٤٥ و ٤٦ به‌یه‌كه‌وه‌ دەڕۆن، هێلی كۆپته‌رێك له‌گۆره‌پانی كاپیتۆل چاوه‌رێی تره‌مپ ده‌كات و له‌وێوه‌ تره‌مپ ده‌ست به‌رزده‌كاته‌وه‌ بۆ خواحافیزی و سه‌رده‌كه‌وێت، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ ڕوو نه‌دات.

هه‌موو چوار یان هه‌شت ساڵ جارێك كاتێك كات ده‌گات به‌ كاتژمێر ١٢ی دوای نیوه‌ڕۆی ٢٠ی كانونی دووه‌م، گه‌لی ئه‌مریكا فێر بووه‌ كه‌ ببینێت سه‌رۆكی كۆن شه‌رعیه‌ت راده‌ستی سه‌رۆكی نوێ ده‌كات.

گوشوا گیلتزر مامۆستای یاسا له‌ زانكۆی جورج تاون ده‌ڵێت": ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئێستا له‌نیوه‌رۆی رۆژی ٢٠ی كانونی دووه‌م كۆتایی دێت، ئه‌گه‌ر بایدن سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌و كاته‌وه‌ ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ده‌ست پێبكات، ئه‌وه‌ مه‌ترسیدارترین ساته‌وه‌خته‌ سه‌باره‌ت به‌دیموكراسیه‌ت، ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه‌ كه‌ تێیدا ده‌سه‌ڵات ئاڵوگۆڕ ده‌كرێت".

به‌رده‌وام بوونی ئه‌و كلتوره‌ پشت به‌هاوكاری تره‌مپ و نه‌رمی نواندنی دامه‌زراوه‌ی دیموكراتی ده‌به‌ستێت له‌ وڵاتدا، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ تره‌مپ راده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات ره‌ت بكاته‌وه‌.

هێشتا دڵنیایی نیه‌ كه‌ تره‌مپ ئه‌نجامی دروستی هه‌ڵبژاردنه‌كان قبوڵ ده‌كات، به‌وپێیه‌ی پێشتر ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنی به‌ پیلانگێری بۆ دزینی ده‌نگه‌كان وه‌سف كرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ئه‌گه‌ر خه‌ڵك داوای لێبكات ئه‌وه‌ دوای ئه‌و هه‌شت ساڵه‌ی له‌ده‌ستوریش دیاری كراوه‌ له‌ده‌سه‌ڵات ده‌مێنێته‌وه‌.

تره‌مپ له‌ تویتێكدا كه‌ رۆژی 16 حوزه‌یرانی 2019 بڵاویكرده‌وه‌، نوسیویه‌تی:"دوای ئه‌وه‌ی له‌كۆتایی هه‌شت ساڵه‌كه‌دا ئه‌مریكا ده‌كه‌مه‌وه‌ به‌ وڵاتێكی گه‌وره‌، من كۆشكی سپی جوان جێده‌هێڵم( ئایا پێتان وایه‌ گه‌ل داوام لێده‌كه‌ن بۆماوه‌یه‌كی زۆرتر له‌ده‌سه‌ڵات بمێنمه‌وه‌؟ پارێزگاری له‌گه‌لی مه‌زنی ئه‌مریكا بكه‌ن".

ئه‌گه‌ر بایدن سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وه‌ له‌ نیوەڕۆی رۆژی ٢٠ی كانونی دووه‌مه‌وه‌ تره‌مپ سه‌رۆك نییه‌ و ئه‌گه‌ریش ره‌تی بكاته‌وه‌ به‌شداری مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی نوێ بكات یان له‌كۆشكی سپی بمێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ شوێنێكی به‌ نایاسایی داگیركردبێت.

په‌یامنێره‌كه‌ له‌ جوناسان واكرو كارمه‌ندی پێشووی خزمه‌تی نهێنی و ئه‌ندامی تیمی پاراستنی راده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاتی بۆ ئۆباما  گواستۆته‌وه‌ كه‌:" ده‌كرێت تره‌مپ له‌كۆشكی سپی دابنیشێت و بڵێت ناڕۆم، به‌ڵام ئه‌و له‌وێ بێت یان نا ده‌سه‌ڵات ده‌گوازرێته‌وه‌".

دۆناڵد تره‌مپ له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ فۆكس نیوز رۆژی هه‌ینی رایگه‌یاندووه،‌ كه‌ شكستی خۆی له‌هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی قبوڵ ده‌كات و ئه‌گه‌ر سه‌رنه‌كه‌وێت ئه‌وه‌ كۆشكی سپی جێده‌هێڵێت و كارێكی تر ده‌كات.
لای خۆیه‌وه‌ سیناتۆری كۆمارییه‌كان لینزی گراهام، كه‌ به‌كه‌سێكی نزیك له‌ تره‌مپ داده‌نرێت رایگه‌یاندووه‌:"هه‌ست به‌هیچ دوودڵییه‌ك ناكات سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌گوترێت تره‌مپ ده‌سه‌ڵات راده‌ست ناكات".

بایدن سوپا له‌دژی تره‌مپ ده‌جوڵێنێت

به‌ڵام نه‌یاره‌كه‌ی تره‌مپ زۆر دڵنیانییه‌ له‌وه‌ی تره‌مپ ده‌سه‌ڵات راده‌ست بكات، جۆ بایدن رۆژی چوارشه‌ممه‌ ئه‌وه‌ی ڕوونكرده‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ داوا له‌ سوپا بكات یاوه‌ری تره‌مپ بكه‌ن بۆ چوونه ‌ده‌ره‌وه‌ی له‌كۆشكی سپی ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و راده‌یه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانی و ترسه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌نجامی هه‌ردوو كاندید له‌یه‌كه‌وه‌ نزیك بێت و جێگه‌ی گومان بێت، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ تره‌مپ گومانی له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌لیكترۆنی هه‌یه‌.

ره‌نگه‌ تره‌مپ ئامرازه‌كانی هێز بخاته‌ دۆخێكی ناخۆشه‌وه‌

ئه‌گه‌ر بایدن سه‌ركه‌وتنێكی كه‌م به‌ده‌ست بهێنێت به‌راورد به‌ تره‌مپ، ئه‌وه‌ تره‌مپ ده‌توانێت ئاڵۆزی و ناكۆكی له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دروست بكات، و باسی ئه‌وه‌ش بكات كه‌ به‌كرده‌وه‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه‌، به‌مه‌ش ده‌توانێت سوپا و ئامرازه‌كانی تری هێز له‌ ئه‌مریكا بخاته‌ دۆخێكی ناخۆشه‌وه‌، ئه‌گه‌ر فشاری له‌سه‌ر دروست بكه‌ن و پشتیوانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر بكه‌ن.

تره‌مپ، ئه‌ل گۆر نیه‌

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گومان له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی ساڵی ٢٠٠٠ ی ئه‌مریكا هه‌بوو به‌تایبه‌تی له‌ ویلایه‌تی فلۆریدا، به‌ڵام ئه‌ل گۆر كاندیدی پارتی دیموكرات بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی، له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و رێگری له‌دروست بوونی ئاڵۆزی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی قبوڵ كرد و جۆرج بۆش كاندیدی پارتی كۆماری بووه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوونه‌ تره‌مپ هه‌نگاوه‌كه‌ی ئه‌ل گۆر دووباره‌ ناكاته‌وه‌.

هه‌ڵوێستی تره‌مپ كاریگه‌ری له‌سه‌ر جیهان ده‌بێت

له‌ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ چاودێری وردی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزاندرێت كه‌ ئه‌زموونی ئه‌مریكی كه‌ دوو سه‌ده‌ به‌سه‌ریدا تێده‌په‌ڕێت شلۆق ده‌بێت یان ده‌مێنێته‌وه‌، پیته‌ر ویستماكوت باڵیۆزی پێشووتری به‌ریتانیا له‌ ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ڵێت:"من گرنگی به‌وه‌ ده‌ده‌م چونكه‌ بۆ چه‌ندین ساڵ ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی سودیان له‌ده‌سه‌ڵاتی خۆیان وه‌رگرتووه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی سته‌مكاران و ئه‌وانه‌ی ده‌نگی خه‌ڵكیان له‌هه‌ڵبژاردن ده‌دزی و پێیان ده‌گوتن ئه‌وه‌ قبوڵ ناكرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر نه‌توانین ئه‌وه‌ بكه‌ین ئه‌وه‌ لێره‌ به‌دواوه‌ به‌هاكانمان و سه‌ركردایه‌تیمان له‌مه‌ترسیدا ده‌بێت".

هاوكات ئه‌رتورو ساروكهان، باڵیۆزی پێشووتری مه‌كسیك له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ڵێت:"ده‌كرێت ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو جیهان هه‌بێت و له‌لایه‌ن وڵاته‌ دیكتاتۆر و نه‌یاره‌كانی ئه‌مریكاوه،‌ سودی لێوه‌ربگیردرێت و به‌كاربهێندرێت".