ڕاپۆرتی جیهانی

03:49 - 10/07/2020

وا خۆت رابهێنیه‌ كە لەئێستادا بژیت و لە داهاتوو مه‌ترسه‌‌

پەیسەر

ژیان ئەو ساتەیە كە تێیدا دەژیەیت بەڵام زۆر جار ئێمە واز لە ئێستا دەهێنین و كاتەكەمان دەروات و بە باسكردنی رابردوو و گەرانەوە بۆ یادەوەریەكانی یان قوڵ بوونەوە لە ڕووداوە قورسەكان كە بەدەستیانەوە ناڵاندومانە، چركەساتی بەنرخ لەدەست دەدەین لەژیانماندا كه‌ ئێستایه‌، رەنگە هەندێك جاریش كاتژمێرەكانی ژیانمان بەبیركردنەوە لەترسی داهاتوو و بیركردنەوە لە رابردوو لەدەست بدەین. كه‌واته‌ ئێمه‌ له‌ نێوان دوێنێی له‌ده‌ستچوو، داهاتووی نادیاردا ئێستا له‌ ده‌ست ده‌ده‌ین.

 بە دەگمەن هەیە لە ئێستادا بژیەین و زۆرجار تەنها بەجەستە لەئێستاداین و مێشكمان لە كاتێكی تر یان شوێنێكی ترە، كاتێك لەكارداین وەها خەیاڵ دەكەین كە لە مۆڵەتداین و كاتێكیش لە مۆڵەتداین لە ترسداین سەبارەت بەو كارانەی لە نوسینگەكەمان بەسەرماندا كەڵەكە دەبن، ئەوە مێشكمان سەرقاڵ دەكات و ئەوەی بۆچوونمان داگیر دەكات یادگاریەكانی رابردوو و ترسی داهاتوویە، لەوەی ئەوە ڕوو دەدات یان ڕوو نادات، رێزی ئێستامان ناگرین چونكە مێشكمان مەیمونە وەك بوزیەكان دەڵێن هاوشێوەی مەیمون لە بۆچوونێكەوە باز دەدات بۆ بۆچونێكی تر وەك چۆن مەیمون لە دارێكەوە باز دەدات بۆ دارێكی تر لەم راپۆرتەدا دەمانەوێت باسی ئەوە بكەین چۆن دەتوانین لەم ساتەوەختەی ئێستادا بژیەین.

گرنگی ژیان لەم ساتەوەختەدا چیە؟ دوور لەترسی داهاتوو؟
1-تەندروستیەكی باش
لە ئێستادا ژیان، وادەكات كە نیگەرانی و دوودڵی كەم بێتەوە و لە زۆر كێشەی تەندروستی دووركەوینەوە وەك فشاری خوێن و نەخۆشیەكانی دڵ و قەڵەوی، ئەم نەخۆشیانە پەیوەندیان بەبیركردنەوە لەداهاتوو و خەفەت خواردن لە رابردووەوە هەیە، لێكۆڵینەوەیەك ئەوەی ئاشكرا كردووە كە لەئێستادا ژیان یارمەتی باش بوونی دۆخی دەرونی مرۆڤ دەدات، و رێگری دەكات لە زۆر كێشەی تەندروستی و كۆئەندامی بەرگری بەهێز دەكات و دەبێتە هۆی كەم بوونەوەی ئازاری درێژخایان و فشاری خوێن دادەبەزێنێت و یارمەتی نەخۆش دەدات بۆ ڕووبەڕووبونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە ئەویش لەرێگەی كەمكردنەوەی نیگەرانی و دوودڵی.

رۆژانە چەند خولەكێك بە بیركردنەوە لەچالاكی ژیانی ئێستات بەسەربەرە و سیناریۆكانی ترسی داهاتوو لەخۆت دووربخەوە، ئەوە یارمەتیت دەدات لەنەخۆشیەكانی دڵ دووربكەویتەوە و گەشەكردنی ڤایرۆسی كەمی بەرگری لە جەستەت هێواش دەكات.

2-زۆرتر بەرگەی رەخنە دەگریت ... پەیوەندیەكانت باش بكە
ئایە قەت ئەوەت بەسەرنەهاتووە كە لەگەڵ كەسێك دانیشتووی بەڵام لەڕووی عەقڵیەوە چەندین میل لێیەوە دووربووییت؟ كاتێك لەگەڵ كەسێكی بەجەستە باشتر وایە پەیوەندی لەگەڵ دروست بكەیت و پەیوەندیەكی قوڵی لەگەڵ بونیاد بنێیت لەرێگەی ژیان لەم ساتەوەختەدا، رەنگە خەڵكانی تر چێژ لەهاورێیەتی ئەو كەسە وەربگرن و دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵی بۆتۆ كار ئاسانی دروست بكات.

ئەو كەسانەی لەم ساتەوەختەی ئێستادا دەژیەن زیاتر دڵخۆشن و چالاكیان زیاترە و لەبواری سۆزداری و ئارامی زیاتردان، توانای ئەوەیان هەیە رێز لەخۆیان بگرن و زیاتر ئامادەی قبوڵكردنی خاڵە لاوازەكانی خۆیانن، ژیان لەم ساتەی ئێستادا دەبێتە هۆی كەم بوونەوەی پاڵنان و كاردانەوەی زیاد لەپێویست ناهێڵێت كە دەكرێت خەمۆكی لەپشتیانەوە بێت، هەروەها كێشەی كەم خەوی و خەوزران چارەسەر بكات، ئەوەكەسەی لەئێستادا دەژیەت زۆرتر توانای قبوڵكردنیان هەیە و كەمتر بەرگری دەكەن و وەڵامی هەر كاردانەوەیەكی نەرێنی دەدەنەوە بەبێ ئەوەی پەنا بۆ هەرەشە بەرن.

3-زۆرتر توانای دان بەخۆداگرتنیان هەیە
كاتێك لەم ساتەوەختەدا دەژیەیت توانای زیاتری خۆ كۆنترۆڵكردنی عەقڵ و جەستە و هەستەكانی خۆتت هەیە و ئەوە بێنە بەرچاوی خۆت ژیانت چەند باشتر دەبێت ئەگەر لەژێر رەحمەتی عەقڵتدا نەبیت كە لە بۆچوونێكەوە باز دەدات بۆ بۆچونێكی تر و ئەو هەست و سۆزانەوی كە ناتوانیت پێشبینیان بكەیت ئەگەر توانیت لەژیانێكی سەقامگیر و بەختەوەرتردا بژیەیت.

بۆچی ئێمە نیگەرانین؟
پێش وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە گرنگە جیاوازی بكەین لەنێوان نیگەرانی كاتی و نیگەرانی و دوودڵی وەك نەخۆشی، كاتێك هەست بە نیگەرانی و دوودڵی دەكەین بەرامبەر شتێك ئەوە زۆرجار مامەڵە لەگەڵ كێشەیەكی راستەقینە دەكەین كە چارەسەری واقعی هەیە و دەتوانین دۆخەكە بەتەواوەتی تێپەڕێنین ئەویش لەرێگەی بەكارهێنانی هەموو توانامان بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە.

لەلایەكی ترەوە نیگەرانی و دوودڵی نەخۆشی لە بیركردنەوەی نا واقعی پێكدێت، نیگەرانین سەبارەت بەكێشەیەك كە بوونی نیە، پاشان بیر لەهەموو ئەو شتە خراپانە دەكەینەوە كە دەكرێت بەهۆی ئەو كێشەیەی كە هەر لەبنەرەتدا نین ڕوو بدەن، پاشان هەست بەبێ توانای دەكەین بەرامبەر ئەو كێشەیە یان گەیشتن بەچارەسەر، بەم شێوەیە هەموو ئەوەی ئێمە دەیكەین تەنها دوودڵی و نیگەرانیە، بە دڵنیاییەوە هەندێك كێشە هەن كە لەدەرەوەی توانای ئێمەدان، وەك كێشەی تەندروستی مەترسیدار یان خۆپیشاندان و نارەزایەتی یان دۆخی خراپی ئابوری، لەم دۆخانەدا قورسە خۆمان لە نیگەرانی و دوودڵی دووربخەینەوە بەڵام موستەحیلیش نیە.

كێ باڵا دەستە خۆت یان بۆچوونەكانت؟
زۆرینەی ئێمە توانای ئەوەمان نیە بۆچوونەكانمان كۆنترۆڵ بكەین بەڵكو بەپێچەوانەوە بۆچوونەكانمان بەسەرماندا زاڵە.

ژیان لە ساتی ئێستادا دۆخێكی گرنگی پێدان بە چالاكی و كرانەوەیە كە لەئێستادا پشتی پێ دەبەسترێت كاتێك دەبێتە هۆشمەندی تێدەگەیت كە تۆ بۆچونەكانت نیت، تەنانەت ئەوەندەش لەگەڵی یەكناگریت كە لەئێستا دوورت بخاتەوە، و ببیتە چاودێر بەسەر بۆچوونەكانتدا لەساتێكەوە بۆ ساتێكی تر بەبێ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدەیت.

ئیلین لانجر زانای بواری دەرونناسی لە زانكۆی هارڤارد دەڵێت " هەمووان لەسەر ئەوە كۆكن كە گرنگە مرۆڤ لە ئێستادا بژیەت بەڵام كێشەكە ئەوەیە چۆن دەتوانیت؟ 

چۆن دەتوانین لەم ساتەوەختەی ئێستادا بژیەین؟
لەرێگەی ژیان لەم ساتەدا دەتوانیت مێشكت ئارام بكەیتەوە و دەتوانیت وابكەیت تێڕوانینت زیاتر ڕوون بكەیت، هۆكاری بەشێك لەكێشەكان ئەوەیە كە مێشكمان دەربارەی داهاتوو بەخێرایی پێشبڕكێ دەكات و بەپەلە ژمارەیەك سیناریۆ دروست دەكات، ئەوەش لەكاتێكدایە زۆرینەی ئەو سیناریۆیانە ڕوو نادەن، بۆیە لێرەدا چەند تێبینی و ئامۆژگاریەك هەن بۆ ئەوەی لەئێستادا بژیەین بەبێ ترسان لە داهاتوو لەوانەش:

1-بیر لەو شتانە مەكەوە كە دەیان كەیت زیاتر لەوەی كە پێویستە
ئەوە جیاوازی سەرەتایە بۆ ئەوەی بتوانیت لەم ساتەوەختەدا بژیەیت زیاد لەپێویست بیر لەوشتانە مەكەوە كە وات لێدەكەن رەش بین بیت، ئەگەر تۆ لەدۆخێكی وادایت بەنمونە وتارێك پێشكەش دەكەیت یان خۆت بەكەسێكی نامۆ دەناسێنیت، ئەمە وادەكات زیاتر بیر بكەیتەوە ئەوەش وات لێدەكات زیاتر نیگەران و دوودڵ بیت، بۆیە پێویستە كەمتر گوێ بەو شتانە بدەیت كە مێشكتدا دێن و دەچن یان ئەو شتانەی لەدەوروبەرت ڕوودەدەن، پێویستە گرنگی بەوشتانە بدەیت كە لەدەرەوەی خۆت ڕوو دەدەن وەك مۆسیقا یان ئەو كەسانەی لەدەوروبەرتن.

مایكل كیرنیس زانای بواری دەرونناسی لە زانكۆی جورجیا ڕوونی دەكاتەوە و دەڵێت " كاتێك مرۆڤ خۆی بۆ ژیان لەم ساتەوەختەدا تاقی دەكاتەوە باشتر وایە خۆی وەك بەشێك لەمرۆڤایەتی تاقی بكاتەوە، وەك بەشێك لە جیهانێكی گەورە، نەك وەك هەست بەبێ ئومێدیكردن و كاریگەری خراپ كە زۆر جار ئەمە ڕوو دەدات"

2-پێویست ناكات بیر لە ئایندە بكەیتەوە كە گەمارۆت دەدات
ئەلیزابێس گیلبرات لە بیرەوەریەكانی خۆیدا باسی ئەوە دەكات كە لەگەڵ هاورێیەكی شوێنێكی خۆشیان بینیوە و هاورێیەكەی زۆر سەرسام بووە و گوتویەتی " ئێرە زۆر خۆشە دەمەوێت رۆژێك لە رۆژان بێمەوە بۆ ئێرە" ئەلیزابێس دەڵێت بەهەموو توانامەوە هەوڵم دا قەناعەت بە هاورێیەكەم بكەم كە بەكردەوە ئێستا لێرەیە.
زۆرجار ئێمە بۆچونەكانمان بەهۆی بیركردنەوە لەداهاتوو یان بیرخستنەوەی رابردوو گەمارۆمان دەدەن، بەجۆرێك رێگریمان لێدەكات لەوەی چێژ لەئێستا وەربگرین، بۆیە هەوڵ بدە چێژ لەو شتە وەربگریت كە ئێستا دەیكەیت، تەنانەت ئەگەر زۆریش سادە بێت، چێژ لەخۆشۆردن وەربگرە، یان لە خۆخستنە بەر تیشكی خۆر، سۆنیا لیوبومیرسكی زانای بواری دەرونناسی لە زانكۆی كالیفۆرنیا دەڵێت " خۆشبەختی بەزۆری لەوەدایە هەستەكانت چێژ وەربگرن"

3-فێربە لەبری كێشەكان بیر لەچارەسەرەكان بكەیتەوە
هەندێك كەس زیاتر بەرەو چارەسەری كێشەكان هەنگاو دەنێن، بەڵام هەندێك كەسی تر بەئاراستەی كێشەكان دەرۆن، چەند شتێك كە لەمەدا رۆڵ دەبینن و ئەوە دیاری دەكەن پەیوەندیان بە رەگەز و پەروەردە و فێركردنەوە هەیە، بەپێی ئامارەكان ئەو كەسانەی كە ئاستی خوێندنیان بەرزە زیاتر بەرەو چارەسەری كێشەكان هەنگاو دەنێن و لەماوەی خوێندنیاندا لەسەر ئەوە راهێندراون، بۆیە باشترە بیر لەچارەسەری كێشەكان بكەیتەوە زیاتر لەخودی كێشەكان و دەستبەرداری سیناریۆ مەترسیدارەكان ببە سەبارەت بەداهاتووت، ئەگەر هەستت كرد كە لەناو كێشەدا نقوم بویت ئەوە واز لەبیركردنەوە بهێننە و هەوڵ بدە شتێكی تر سەرنجت رابكێشێت.

4-زیاتر لەكارێك مەكە لەیەك كاتدا
ئەركەكانت بەسەر چەند شتێكدا دابەش مەكە ئەگەر پێویستت بە ئاو بوو تەنها ئاو بەدەست بهێنە، ئەگەر ویستت خواردن بخۆیت هەموو بیر و هۆشت لەخواردندا بەكاربهێننە، هەوڵ مەدە لەكاتی خواردن یان خۆشۆردن یان هەر كارێكی تر سەرقاڵی كارێكی تریش بیت.

5-بەهێواشی و هۆشمەندیەوە مامەڵە بكە
لەكاتی ئەنجامدانی كارەكانت پەلە مەكە لەكۆتایی پێهێنانی، بەهێواشی مامەڵە بكە، رەفتار و هەڵسوكەوتەكانت بە هۆشمەندی و ئاگاداریەوە بێت نەك بەخێرایی و هەرەمەكی، چونكە دەكرێت ئەمە وابكات بزانین چی دەكەین ئەوەش ئاستی نیگەرانی و دوودڵیمان كەم دەكاتەوە.

6-چەند خولەكێك هیچ مەكە 
رۆژانە لایەنی كەم چەند خولەكێك هیچ كارێك مەكە و واز لە هەموو كاركردنێك بهێنە، و چەنند خولەكە لەسەر كورسیەك دابنیشە، بیرلەخۆت و تێبینیەكانی دەوروبەرت بكەوە ئەوە وات لێدەكات چێژ لەبێدەنگی وەربگریت بەڵام ئەمە لەچەند خولەكێك زیاتر نەبێت، دەكرێت ئەوە زیاتر لە بەیانیاندا بێت چونكە زیاتر بەتەنهاین.