10:34 - 10/07/2020
ڤیتۆی روسی- چینی لە ئەنجومەنی ئاسایش ژیانی ملیۆنان كەس دەخاتە مەترسیەوە
روسیا و چین ئێوارەی رۆژی سێشەممە بەكاتی نیویۆرك لەرێگەی بەكارهێنانی مافی ڤیتۆ پرۆژەیەكیان لە ئەنجومەنی ئاسایش لەباربرد كە تێیدا داوا كرابوو بەردەوامی بدرێت بەناردنی هاوكاری مرۆیی لەرێگەی هەردوو دەروازە سنوری " باب السلام و باب الهوای" وە بۆماوەی ساڵێكی تر، 13 ئەندام بە بەڵی دەنگیان بەپرۆژەكەدا، كە لەلایەن ئەڵمانیا و بەلجیكاوە ئامادەكرابوو و رێگەی دەدا هاوكاری مرۆیی لەرێگەی دوو دەروازەی سنوری توركیاوە بگەیەندرێت سوریا، لەبەرامبەردا روسیا پرۆژەیەكی پێشكەش كرد كە تەنها لەرێگەی یەك دەروازەی سنوری توركیاوە هاوكاری بنێردرێت بۆ سوریا كە دەروازەی " باب الهوی " یە و ماوەكەشی لەبری ساڵێك تەنها شەش مانگ بێت.
مانگی كانونی دووەمی رابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رێگەیدا بە گواستنەوەی هاوكاری مرۆیی لەرێگەی دوو دەروازەی توركیەوە بۆ ماوەی شەش مانگ و ئەو كاتەش بەهۆی دژایەتی روسیا و چینەوە دوو دەروازەی سنوری لەگەڵ عێراق و ئوردن داخران .
لەكۆبونەوەكەی رۆژی سێشەممەدا رودنی هانتر نوێنەری ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڵوێستی روسیا و چینی بە شەرمەزاركەر وەسف كرد و ستایشی پرۆژەكەی ئەڵمانیا و بەلجیكاشی كرد گوتی سەرباری ئەوەی هەموو خواستە سەرەكیەكانیش بەدی ناهێنێت، روسیا و چینی بەوە تۆمەتباركردن كە بەرژەوەندی سیاسی خۆیان خستۆتە سەرووی ژیانی هاوڵاتیانی سوریا و ئەوەشی بەعەیبە دایە قەڵەم، نوێنەری ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا گوتیشی ئەوەی زیانی بەگەلی سوریا گەیاندووە رژێم و هاوپەیمانەكانیەتی نەك سزاكانی ئەمریكا و ئەو سزایانەی واشنتۆن تاك لایەنە بەسەر سوریایدا سەپاندووە بواری مرۆیی لێ بەدەركراوە، و بەهیچ شێوەیەك زیان بە دۆخی گەلی سوریا ناگەیەنێت.
لەبەرامبەردا نوێنەری چین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند ئەو پرۆگرامەی ئەمریكا پەیرەوی لێدەكات دوو ڕووییە و داواشی كرد ئەو وڵاتانەی تاك لایەنە سزایان بەسەر سوریادا سەپاندووە سزاكانیان هەڵبگرن.
پێشتریش ستیڤان دوجاریك وتەبێژی ئەنتۆنیۆگۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاندبوو گەیاندنی هاوكاری مرۆیی لەرێگەی دەروازە سنوریەكانەوە كارێكی پێویستە و لەبەرژوەندی هاوڵاتیانی مەدەنی باكوری رۆژئاوای سوریایە و ژیان و گیانی ئاوارەكان بەندە بەو هاوكاریە مرۆییانەوە.
مانگی رابردوو ئەڵمانیا و بەلجیكا پرۆژەیەكیان پێشكەش كرد بۆ كردنەوەی دەروازەیەكی نێوان سوریا و عێراق بۆماوەی شەش مانگ بۆ گەیاندنی هاوكاری بۆ سوریا بەمەبەستی ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام ئەمە لەپرۆژەكەی دوێنێ سرایەوە.
كەناڵی جەزیرە لەزاری دیبلۆماتكارە رۆژئاوایەكانەوە بڵاویكردەوە داخستنی ئەو دەروازەیەی نێوان عێراق و سوریا بەرێژەی 40% هاوكاری پزیشكی بۆ ناوچەكانی باكوری رۆژئاوای سوریا كەم دەكاتەوە.
مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردووش روسیا و چین ڤیتۆیان لەدژی پرۆژەیەك بەكارهێنا كە رێگەی دەدا دەروازەی یەعربیە- ربیعە سوریا لەگەڵ عێراق و رەمسا لەگەڵ ئوردن بۆ ماوەی یەك ساڵ بۆ گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بەكاربهێندرێن.
ماوەی شەش ساڵە پرۆسەی ناردنی هاوكاری مرۆیی لەرێگەی دەروازەكانی " باب السلام و باب الهوی " كە دەكەونە نێوان توركیا و سوریا وە بەردەوامە و رۆژی هەینی ماوەی رێگە پێدانی ئەو دوو دەروازەیە كۆتایی دێت.
دوای ڤیتۆكەی روسیا و چین ، نوێنەری روسیا پرۆژەیەكی پێشكەش كرد بۆ ئەوەی ماوەی هاوكاری مرۆیی بۆ شەش مانگ لەرێگەی یەك دەروازەی نێوان سوریا و توركیاوە درێژ بكرێتەوە و بریارە ئەمشەو بەدەنگدان پرۆژەكەی روسیا یەكلایی بكرێتەوە.
زیاتر لە سێ ملیۆن كەس چاوەرێی هاوكارین
زیاتر لە 3 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی سوریا كە لەدەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتدان لەناوچەی ئیدلب لەرێگەی ئەو دەروازە سنوریانەوە پێشتر هاوكاری مرۆییان بۆ رەوانەكراوە ،نیوەی زیاتری ناوچەی ئیدلیب لەژێر كۆنترۆڵی دەستەی تەرحریری شام " بەرەی نوسرەی پێشوو" و گروپە توندرەوەكانی تردایە، و لەرۆژی هەینی 10ی ئەم مانگەوە دەرگای ئەو دەروازانە بەرامبەر كامیۆنی هاوكاریە نێودەوڵەتیەكان دادەخرێن، بەوپێیەی بەبریاری ژمارە 2504ی ئەنجومەنی ئاسایش كە لە 11ی كانونی دووەمی رابردوو دەرچووە تا رۆژی هەینی بەكارهێنانی ئەو دەروازانە بۆ گەیاندنی هاوكاری مرۆیی رێگەی پێدراوە و لەدوای ئەو بەروارەوە پێویستی بە بریاری نوێی ئەنجومەنی ئاسایش هەیە و ئەگەر تا ئەو كاتە رێككەوتن نەكرێت ئەوە قەیرانێكی گەورەی مرۆیی دروست دەبێت.
روسیا و چین بۆچی ڤیتۆیان بەكارهێنا؟
روسیا و چین داوایان كرد پرۆژەكە لابردنی تەواوی گەمارۆكانی سەر سوریا لەخۆبگرێت، لەناویشیاندا ئەو گەمارۆیانەی لەلایەن ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیەوە خراونەتە سەر رژێمی سوریای هاوپەیمانیان بۆیە دەنگیان بە پرۆژەكەی ئەڵمانیا و بەلجیكا نەدا، ئەخجانگ جون نوێنەری چین لە ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاند " بەشداریمان كرد لە دارشتنەوەی رەشنوسی پرۆژەكە و تێروانینی خۆمان خستە ڕوو سەبارەت بە هەمواركردنەوەی كە پێویست بوو لە پرۆژەكەدا جێگەی بكرێتەوە بەڵام ئەڵمانیا و بەلجیكا دەرگای گفتوگۆیان داخست و پرۆژەكەی خۆیان خستە دەنگدانەوە بەبێ ئەوەی رەچاوی تێبینیەكانی ئێمە بكەن"
نوێنەری چین راشیگەیاند " داواكاری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و یاریدەدەرەكەی بۆ كاروباری مرۆیی بۆ لابردنی سزاقورسەكانی ئەمریكا دژی سوریا بەگرنگیەوە وەرنەگیران، بۆیە بەبێ لابردنی سزاكان هەرچی بكرێت بۆ هاوكاری سوریەكان بە بادا دەروات"
لای خۆیەوە بەشارجەعفەری نوێنەری سوریا لە نەتەوەیەكگرتووەكان ناردنی هاوكاری لەرێگەی توركیاوە رەتكردەوە و ئەنكەرەی بەوە تۆمەتباركرد كە پاڵپشتی تیرۆرستان دەكات و خاكی سوریای داگیركردووە گوتیشی " پێویستە هاوكاریە مرۆیەكان تەنها لەرێگەی فرۆكەخانەكان و ئەو دەروازانەوە بێت كە لەژێر دەستی حكومەتی سوریادان"
روسیا 15 جار ڤیتۆی لە پرسی سوریا بەكارهێناوە
لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سوریاوە لەساڵی 2011 وە روسیا 15 جار ڤیتۆی لە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ پارێزگاریكردن لە دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد و هاوكاریكردنی بەكارهێناوە.