ڕاپۆرتی جیهانی

03:50 - 09/07/2020

پێكوتەی بەریتانی، تەندروستی عێراق ئەو كەسانە ئاشكرا دەكات كە لەسەرەتادا پێیان دەدرێت‌

پەیسەر

ماوه‌یه‌كه‌ قسه‌وباس له‌سه‌ر ئه‌و پێكوته‌یه‌ ده‌كرێت كه‌ كۆمپانیای به‌ناوبانگی به‌ریتانی ئیسترازینیكا ده‌یه‌وێت بیخاته‌ به‌رده‌ست و له‌وبواره‌دا ده‌ستپێشخه‌ری بكات بۆ كۆرتاییهێنان به‌ په‌تای كۆرۆنا، عێراقیش یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی داوای كردووه‌ ئه‌و پێكوته‌یه‌ هاورده‌ بكات و لایه‌نی په‌یوه‌ندیداریش ڕه‌زامه‌ندی نواندووه‌، وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستنیشانكردووه‌ كه‌ سوود مه‌ند ده‌بن له‌و پێكووته‌یه‌..

 

دكتۆر ریاز عەبدولئەمیر بەرێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەو كەسانەی ئاشكرا كرد كە یەكەم جار پێكوتەی دژە كۆرۆنایان پێدەدرێت كە لەلایەن كۆمپانیای ئسترازینیكای بەریتانیا بەهاوكاری زانكۆی ئۆكسفۆرد بەرهەم دەهێندرێت، لەكاتێكدا ئەگەر ڤاكسینەكە لە قۆناغی سێیەمی تاقیكردنەوەكەدا سەركەوتن بەدەست بهێنیت كە بڕیارە لەماوەی دوو یان سێ مانگی داهاتوو كۆتایی بێت.

عەبدولئەمیر ڕوونیكردۆتەوە كە تاقیكردنەوەی  پێكوتە بەریتانیەكە لەمانگی ئەیلول یان تشرینی یەكەمی داهاتوو كۆتایی دێت وئەگەر سەركەوتن بەدەست بهێنێت ئەوە لەكۆتایی ساڵی 2020 دا بەردەست دەبێت راشیگەیاندووە " ئێمە لە وەزارەتی تەندروستی بڕی پێداویستیەكانی خۆمانمان نوسیوە و چاوەڕوانی هاتنی دەكەین"

بەرێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی گشتی ئەوەشی خستۆتە ڕوو كە ئەو راپۆرتانەی سەبارەت بە پێكوتەی ئۆكسفۆرد دێن جێگەی ئومێدن كە عێراق و جیهان رزگار بكەن، و خۆ ئەگەر ئەو پێكوتەیە سەركەوتن بەدەست نەهێنێت و لێكۆڵینەوە بكرێت بۆ دۆزینەوەی پێكوتەی تر ئەوە جیهان ڕووبەڕووی شەپۆلی تری كۆرۆنا دەبێتەوە كە رەنگە چەند ساڵێك بخایەنێت.

عەبدولئەمیر دەڵێت ئەگەر پێَكوتەكە سەركەوتن بەدەست بهێنێت ئەوە لەعێراق لەسەرەتادا بۆ ئەو كەسانە بەكاردەهێندرێت كە نیشانەی زیاتریان لەسەر دەردەكەوێت لەوانەش " ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و بەرگری جەستەیان لاوازە"  دەشڵێت " چونكە ئێمە ناتوانین بەیەك جار 40 ملیۆن دانەمان دەست بكەوێت بۆ ئەوەی بۆ هەموو هاوڵاتیانی عێراقی بەكاربهێنین "، جەختیش لەوە دەكاتەوە بەهیچ شێوەیەك رێگە نادرێت ئەو پێكوتەیە لەبازاردا بفرۆشرێتەوە چونكە موڵكی وەزارەتی تەندروستیە و كەرتی تایبەت هاوردەی ناكات.

لەلایەكی ترەوە رۆژی چوارشەممەی رابردوو سارە گیلبرت زانای سەرپەرشتیاری پێكوتەی دژە كۆرۆنا لە زانكۆی ئۆكسفۆرد رایگەیاند تیمی زانستی تێبینی ئەوەیان كردووە كە وەڵامدانەوەی بەرگری پێكوتەكە بەخواستی ئەوان بووە لەكاتی قۆناغی سێیەمی تاقیكردنەوەكەدا.

گیلبرت لەبەردەم پەرلەمانی بەریتانی رایگەیاند 8 هەزار خۆبەخش پێكوتەی AZD1222 یان بەكارهێناوە.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندووە ئەو پێكوتەیەی كە كۆمپانیای ئەسترازینیكای بەریتانی بەرهەمی دەهێنێت دژی كۆرۆنا ئەگەری زۆری هەیە باشترین و پێشكەوتووترین پێكوتە بێت لەسەرتاسەری جیهان لە ئێستادا.