02:01 - 06/07/2020
كام دەوڵەت باشترین سیستمی تەندروستی هەیە لە جیهاندا؟
ماڵپەری " فوكس" ی ئەمریكی
گفتوگۆیەكی - عەزرا كلاین - ی لەگەڵ - ئزیكیل ئیمانویل- پسپۆری تایبەتمەندی بواری رەفتاری
زیندەوەران و تایبەتمەند لە بواری وەرەم ئەنجامداوە، دەربارەی باشترین سیستمی تەندروستی
لە جیهاندا و كوالێتی چاودێری تەندروستی كە وڵاتە جیاجیاكان لەسەرتاسەری جیهان پێشكەشی
دەكەن، لەچوارچێوەی ڕووبەڕووبونەوەی پەتای كۆرۆنای نوێ.
عەزرا لەسەرەتای گفتوگۆكەیدا دەڵێت
" سەرەتای نوسینەكانت لە بواری سیاسەتی تەندروستی بوو، لەبیرمە یەكەم زنجیرە
كتێب كە خەڵك گرنگی پێدەدا كتێبێكی تۆ بوو لەژێر ناوی " تەندروستی گەلاندا
" تێیدا بەشێك لەو شتانەت باس كردبوو كە لە كتێبخانەكانی زانكۆ دەستت كەوتبو،
هەروەها بەشێك لەو راپۆرتە نێودەوڵەتیانەت لە ئینتەرنێت بڵاوكردەوە و بەخێرایی باسی
سیستمی تەندروستی پێشەنگ و باشت كردبو لەجیهاندا، ئەوە كەرەستەیەكی خاو بو، زۆر كەس
لێیەوە فێربوون، ئەوەت فێركردین كە ئەو رێگایانەی دەیانگرینە بەر لەچاودێری تەندروستیدا
باشترین رێگا نین و تەنانەت لەپلەی دووەم و سێیەمیش نایەن.
عەزرا میوانەكەی ئزیكیل ئیمانویل بەو
شێوەیە دەناسێنێت " زانای رەوشتی زیندەوەرزانی و پزیشكی وەرەمەكان و بەرێوەبەری
هاوبەش لە پەیمانگای تەندروستی لە زانكۆی پنسلڤانیا و یەكێك لە گەورە راوێژكارەكانی
بواری تەندروستی لە ئیدارەی ئۆباما و نوسەری كتێبی " ئەو دەوڵەتە كامەیە كە
باشترین سیستمی تەندروستی هەیە لە جیهاندا؟" كە زۆرشتی دەربارەی سیستمی تەندروستی
و بەراوردكاری بە سیستمی تەندروستی ئێمە تێدایە."
لەم گفتوگۆیەدا باسی باشترین سیستمی
تەندروستی لە جیهاندا و چۆنیەتی سود وەرگرتن لە داهێنانەكانی بواری چاودێری تەندروستی
دەكرێت هەروەها باس لەوەش دەكرێت كە ئایە بیمەی تەندروستی بەهایەكی راستەقینەی هەیە؟
وە چۆن دەتواندرێت سیستمی تەندروستی باش بكرێت، لەكاتێكدا نیوەی سیستمی سیاسی دژی
ئەو باشكردنەیە؟
هەر لەو گفتوگۆیەدا باسی ڤایرۆسی كۆرۆنا
دەكرێت، كە ئایا زۆر بەسادەی ئێمە خۆمان رادەستی ڤایرۆسەكە بكەین؟ وە تەنانەت لەبنەرەتدا
بژاردەی خۆ رادەستكردن هەیە بەرەچاوكردنی ئەو كاتەی كە حكومەتەكان بەفیرۆیاندا و
ئاستی ئەو زیانانەی بەر گەلان كەوت؟
باشترین سیستمی تەندروستی لە جیهاندا
عەزرا گفتوگۆكەی بەو پرسیارە دەست پێكرد
كە ئەو وڵاتە كامەیە كە باشترین سیستمی تەندروستی هەیە؟ ئیزیكیل گوتی: دەزانم وەڵامی
ئەو پرسیارە مراوەغەیە، بەڵام بەكردەوە ئەوە پشت بە كۆمەڵێك پێوەر دەبەستێت كە بەلای
تۆوە گرنگە لەوانەش ئایە بیمەی گشتگیر بەدەست دەهێنیت و تێچوەكەی چەند دەبێت؟ وە
ئایە ئامرازێكت هەیە بۆ رێكخستنی تەواوەتی خەرجیەكان لە دەوڵەتدا؟ بەپێی ئەم پێوەرانە،
میوانەكە دان بەوەدا دەنێت كە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕووبەڕووی بەڵایەكی
باش نەبۆتەوە، بەڵكو وڵاتانی تر ئەو كارە دەكەن.
ئەوەی بەلای خەڵكێكی زۆرەوە جێگەی
گرنگی پێدانە ئەوەیە كە بژاردەی زۆریان سەبارەت بە پزیشك و نەخۆشخانەكان لەبەردەست
بێت، لەسەر ئەو پێوەرانە وڵاتانی وەك ئەڵمانیا و سویسرا و فەرەنسا لە ریزی پێشەوەی
لیستی ئەو وڵاتانەدان، خەڵكانێكی تر هەن كە نایانەوێت بەشداری بكەن لە خەرجیەكانی
چارەسەر ( بەشێوەی هاوبەش) یان زیاتر لەوەی
وەك بیمە داویانە، لەو ریزبەندەدا بەریتانیا
و كەنەدا و ئوسترالیا هەن، خەڵكانێكی تر دەیانەوێت دەرمانیان بەنرخێكی كەمتر دەستكەوێت
و لەوریزبەندیەشدا نەرویج و تایوان و ئوسترالیا هەن.
عەزرا چاوەڕێی وەڵامێكی مراوەغەی
هاوشێوەی دەكرد دوای خوێندنەوەی كتێبەكەی، بۆیە ئاستی پرسیارەكەی خۆی بەرتەسك كردەوە
و پرسیاری ئەوەی لە ئیزیكیل كرد دەربارەی باشترین سیستمی تەندروستی بەپێی پێوەرەتایبەتیەكانی
خۆی، وەڵامی ئیزیكیل هۆڵندا بو، بەهۆی ئەوەی سیتمێكی زۆر گونجاویان هەیە و هاوڵاتیان
دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان كۆمپانیای دڵنیایی و پزیشكی چاودێری سەرەتای تایبەت بەخۆیان
دیاری بكەن، هەروەها ئەو پزیشكانە هەڵبژێرن كە دەتوانن لەقۆناغی چاودێری سەرەتای پێش
گەیشتن بە نەخۆشخانە و لە ئاستی بەرزتر
چاودێریان بكەن، ئەوان زۆر داهێنەرن.
بەریتانیا و نەرویج باشترین سیستمن لەپێشكەشكردنی چاودێری تەندروستی بە هەژاران
عەزرا بەردەوامی دەدات بە گفتوگۆكانی
و دەپرسێت ئەگەر ئیزیكیل كەسێكی هەژار بێت، كام سیستمی تەندروستی باشترە بەشداری تێدا
بكات؟ ئیزیكیل دەڵێت بەریتانیا و نەرویج، ئەو سیستمە پاڵپشتی زۆر باشی هەیە و لە
ئوسترالیاش هەژارەكان دەتوانن چاودێری تەندروستی باشیان دەست بكەوێت، لێرەدا دەمەوێت
ئاماژە بەوە بكەم كە سویسرا نمونەیەكی جوان نیە، راستە بیمەی تایبەتی هەیە و چاودێری
و كۆمەكی باشی هەیە بەڵام گەورە نیە.
عزرا پرسیاری ئەوەی لێدەكات كە دوای
تێپەربوونی 15 ساڵ لەئێستا بەدواوە، دەتەوێت كام لە سیستمدا بیت؟ ئزیكیل وەڵام دەداتەوە
كە گرنگترین خاڵی ئەو بوارە چاودێری ماوە درێژە، دوای 15 ساڵی تر من تەمەنم دەبێت
بە 77ساڵ و نیگەران دەبم سەبارەت بە چاودێری
ماوە درێژ، ئەڵمانی و هۆڵندیەكان تاكە دووگەلەن كە پارەیەكی تایبەتیان بۆ چاودێری
ماوە درێژ تەرخان كردووە، هەردوو دەوڵەتەكانیان جەخت لەسەر پرسی بەسەربردنی ماوەی
پیری لەماڵی خۆت یان ماڵی كەسێكی نزیكت دەكەنەوە، بەپێچەوانەی وڵاتانی ترەوە، ئەو
دوو وڵاتە تێچووی چاودێری دووروودرێژیان بۆ هاوڵاتیەكانیان لەئەستۆ گرتووە.
ئزیكیل ئاماژەی بەوەشكرد: پێم وایە زۆرینەی
وڵاتانی تر جا ویلایەتەیەكگرتووەكان یان بەریتانیا
یان ئوسترالیا و بەتایبەت چین كەوتوونەتە ناو كێشە لەم بوارەدا، ئەمەش قورسایی لەسەر
شانی ئەو هاوڵاتیانە دروست دەكات كە كەسێكی نزیكیان لە تەمەنی پیری دایە، ئەگەر بەراست
دەتەوێت منداڵەكانت ناچار نەبن چاودێریت بكەن كە تەمەنت هەڵكشا، ئەوە رێكاری پارەدانی
تایبەت هەیە بۆئەمە و گرنگیەكی زۆری هەیە.
رەش بین و گەشبینەكان دەربارەی سیستمی
تەندروستی ئەمریكی
عەزرا دەست دەكاتەوە بە پرسیارەكانی
و دەپرسێت، ئیزیكیل تۆ لە كتێبەكەتدا باسی ئەوەت كردووە كە " لەم یەك دەیە یان
دوو دەیەی داهاتوودا ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا جارێكی تر دەبێتەوە بە یەكێك لە
باشترین سیستمەكان لەجیهاندا" بۆچی دەبێت پێمان وایە لەدوای تێپەڕبوونی 15 ساڵی
تر ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا دووەم خراپترین سیستمی تەندروستی نابێت لەدوای چینەوە؟
ئیزیكیل وەڵام دەداتەوە و دەڵێت :
چونكە من پێم وایە داهێنانی زۆرمان هەیە لە سیستمی تەندروستی، زۆر داهێنان كە گرنگی
بە دەرمان و ئامێری پزیشكی و رێكارەكانی نەشتەرگەری و تاقیكردنەوە و ئامێرەكانی
پشكنینی نوێ دەدەن، هەروەها پێم وایە داهێنان و تاقیكردنەوەمان هەیە لەچۆنیەتی پارەدانی
چاودێری تەندروستی بەشێوەی جیاواز، هەروەها پێم وایە چەند نمونەیەكی سەركەوتوومان
هەیە سەبارەت بە چاودێری ئەو نەخۆشانەی نەخۆشی درێژخایانیان هەیە، هەروەها دەستمان كردووە بە
پێشكەوتنی گرنگ لەبواری تەندروستی دەرونی.
ئاڵنگاری راستەقینە لە ئەمرۆدا بۆ ویلایەتەیەكگرتووەكانی
ئەمریكا لەدیدی ئیزیكیلدا بریتیە لە دەستكاریكردن و گشتاندنی ئەو شتانە، راستە زۆر
شت هەن كە دەتوانن زیان بەم پێشكەوتنانە بگەیەنن، زۆر بەرژەوەندیمان هەیە كە كێشەیان
بۆ دروست دەبێت لەوانەش نەخۆشخانەكان، ئیزیكیل ئاماژە بەوەش دەكات كە زۆر نەخۆشخانە
كارەكانیان كەم دەبێتەوە و تەنانەت رەنگە دابخرێن یان لەوانەیە بكرێنە شوێنی چاودێریكردنی
دەرەكی، من پێم وایە زۆرشت لەمانەمان بەهۆی كۆڤید 19 وە بینی و گومانی ئەوەشم هەیە
بەردەوام بێت.
وەبەرهێنان گرەنتی گۆڕینی سیستمی تەندروستی
ئەمریكایە
عزرا پرسیاری ئەوە دەكات كە ئەگەر
بمانەوێت ناوەندی تەمەنی پێشبینیكراو زیاد بكەین یان هەر ئاماژەیەكی تر بۆ گەشەكردنی
بواری تەندروستی لەماوەی دە ساڵی داهاتوودا، ئەوە پێویستمان بەوە هەیە ئەمرۆ باسی
بیمەی تەندروستی و سیستمی چاودێری بكەین یان دەبێت باسی شتی تر بكەین؟
ئیزیكیل وەڵام دەداتەوە سەبارەت بە
چاودێری تەندروستی لە 10 وە بۆ 20 بۆ 30 بۆی زیاد دەكرێت و ئەوەش ئەنجامی تەندروستی
و درێژی زیاتری تەمەن بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەدڵنیاییەوە شتی تریش هەیە وەك پەروەردە
و كاركردن و نیشتەجێ بوون و خواردن و راهێنان و وەرزش و جگەرەنەكێشان، هەروەها بەرزترین
سودی وەبەرهێنان ئەوەیە كە ویلایەتەیەكگرتووەكان دەستوەردان بكات لە قۆناغی سەرەتای
و منداڵی، بەتایبەتیش ئەو منداڵانەی لە ژینگە هەژار نشینەكان لەدایك دەبن كە 40 بۆ
50%ی كۆی لەدایك بووانی ویلایەتەیەكگرتووەكان پێكدەهێنن.
ئەو منداڵانە لەدوای لەدایك بوونیان
پێویستیان بە هاوكاری پزیشكی هەیە و پێویستە بۆماوەی دووساڵ چاودێری و هاوكاری بكرێن،
لەو بارەیەوە جیم هیكمان لە زانكۆی شیكاگۆ دەڵێت " خەرجی چاودێریكردنی هەر
منداڵێكی ساوا لەنێوان 7 بۆ 15 دۆلاردا یە" هاوكات ئیزكیل دەڵێت ئەوە ئەو دەستوەردانەیە
كە پێویستە بكرێت.
ئیزیكیل بەوە كۆتایی بە گفتوگۆكە دەهێنێت
و دەڵێت : دەمەوێت چاودێری تەندروستی بۆ منداڵ بەبێ بەرامبەر بێت، لە راستیدا ئەو
ئەزمونەم لە مونتریال تاقیكردۆتەوە و بەخێرایی خۆی پارە بۆ خۆی دابین دەكات، و دووەم
گەورەترین وەبەرهێنانیشە كە دەیكەم، وەبەرهێنانی سێیەم كە دەمەوێت بیكەم ئەوەیە كە
قۆناغی دوای باخچەی ساوایان گشتی و ناچاری و بەبێ بەرامبەر بێت، وەك دەبینی هەموو
وەبەرهێنانەكانم لەبواری منداڵاندایە.