06:00 - 05/07/2020
پەتای دوای کۆرۆنا؛ رۆژانە ٣٠٠ هەزار کەس لە برسێتیدا دەمرن
پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لوتکەی خۆیدایە، رۆژانە هەزاران کەس لە جیهاندا
تووشی ڤایرۆسەکە دەبن و سەدان کەسیش گیان لەدەستدەدەن، ترسی گەورەش دوای پەتاکەیە
وەک سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری و هەژاری، بەرنامەی خۆراکی جیهانییش هۆشداری لە
گیانلەدەستدانی سەدان هەزار کەس بەهۆی برسێتییەوە دەدات.
هۆشداری پێشوەخت
هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی پێنەهاتووە، رێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بە
خۆراک و هەژاریی، لەبارەی کاریگەرییە مەترسیدارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هۆشداریی
دەدەن، تاکو جیهان بۆ قۆناغە سەختەکە ئامادە بکەن.
لە سەرووی هەموویانەوە بەرنامەی خۆراکی جیهانی ئاستی هۆشدارییەکانی بەرزکردووەتەوە
و لە راپۆرتەکانیدا باس لەو نەهامەتییانە دەکات کە رووبەڕووی هەژارانی جیهان
دەبێتەوە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە بەدەست هەژاریی و جەنگەوە دەناڵێنن.
لە نیسانی ئەمساڵیش ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی
سەرهەڵدانی "پەتای خۆراکی"یەوە هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە. ئەم مەترسیە بۆ
هەموو وڵاتەکان وەک یەەک نییە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر پێشکەوتووترین
وڵاتەکانی جیهانیش داناوە.
پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی کردووەتە سەر ئەو هەوڵانەی چەندین ساڵە
لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەدرێن بۆ کەمکردنەویە هەژاری و برسێتیی،
کۆرۆنا خەریکە ریسی هەموویان دەکاتەوە بە خوری.
چارەکە ملیۆنێک مردن
دیڤید بیسلی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی (فاو)
رایگەیاندووە، پەتای خۆراکی لە پەتای کۆرۆنا کەمتر وێرانکار و مەترسیدارتر نییە و
لەو وڵاتانەش کە جەنگیان تێدایە، وێرانکارییەکەی قورس و مەترسیدارتر دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشبینی دەکرێت ئەم برسێتییە رۆژانە ببێتە هۆی
گیانلەدەستدانی ٣٠٠ هەزار کەس لە چەند مانگی داهاتوودا، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە
پشت بە خۆراکی هاوردە لە دەرەوە دەبەستن و شەڕیشیان تێدایە.
نۆ ملیۆن بەبێ خۆراک
کۆتایی مانگی رابردووش بەرنامەی خۆراكی جیهانی باسی لە
برسێتیی و کەمیی خۆراک کرد لە سوریا و رایگەیاند، وڵاتی سوریا بە دەست برسێتییەوە
دەناڵێنێت، نۆ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار كەس کێشەی بوونی خۆراکیان هەیە و لە ماوەی شەش
مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ملیۆنێک و نیو کەسی دیکە هەژار بوون.
فاو باس لەوە
دەکات، لە سووریا بەراورد بە ساڵی رابردوو، نرخی شتومەک و خۆراک ٢٠٠٪ بەرز بوونەتەوە،
ئەوەش بەهۆی زیادبوونی ملاملانێ چەکدارییەکان، دابەزینی بەهای لیرەی سوریی و
خراپبوونی دۆخی ئابووری و دارایی لوبنان کە سەرچاوەی هێنانی کاڵا و شتومەکە بۆ
سوریا.
هەژاریی بەرەو کوێ؟
لە چەند ساڵی رابردوودا توانرا ئاستی هەژاری تا ئاستێکی دیاریکراو
کەمبکرێتەوە، لە سی ساڵی رابرووشدا ئەم رێژەیە بە باشی کەم کرایەوە، لە دوو ملیار
هەژارەوە لە ساڵی ١٩٩٠ کەمکرایەوە بۆ ٧٠٠ ملیۆن هەژار لە ساڵی ٢٠١٥، ئاستی برسێتیش
لەم ماوەیەدا ٢٥٪ کەمیکرد.
سەرەڕای ئەم کەمبوونەوەیە، لە ئێستادا ترس هەیە کە کاریگەرییە قورسەکانی
پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا جارێکی دیکە رێژەی هەژاریی و برسێتی بۆ ئاستی پێشووی
بەرزبکاتەوە.
ژمارە مەترسیدارەکان
لە چوار ساڵی رابردوودا رێژەی ئەو کەسانەی شەوان بە برسێتی سەر دەنێنەوە لە
٧٩٦ ملیۆنەوە بۆ ٨٢١ ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە.
ئەو کەسانەشی کە بەدەست برسێتیی سەخت و تاقەتپڕوکێنەوە دەناڵێنن لە چوار
ساڵی رابردوودا بە رێژەی ٧٠٪ بەرزبووەتەوە، واتە لە ٨٠ ملیۆن کەسەوە بۆ ١٣٥ ملیۆن
کەس. بەم پێیەش یەک ملیار کەس لە جیهاندا لەنێو بازنەی هەژاریدان.
جەنگ و هەژاری
بەرنامەی خۆراکی جیهانی و رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی دیکە باس لەو
کاریگەرییە مەترسیدارە دەکەن کە جەنگەکان لەسەر زیادبوونی رێژەی هەژاریی و برسێتیی
هەیانە و بەردەوام ژمارەی برسییەکان زیاد دەکەن.
بەپێی ئامارەکان جەنگ هۆکاری سەرەکی هەژاریی و برسێتییە، لە ٦٠٪ی ئەو
کەسانەی بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن لەو وڵاتانەدا دەژین کە جەنگ و پێکدادانە
سەربازییەکانیان تێدایە، دیارترین ئەو وڵاتانەش سوریا و یەمەنن.
گۆڕانی ژینگەش کاریگەریی هەبووە الەسەر زیادبوونی هەژاری و برسێتیی،
بەتایبەت لە وڵاتانی ئەفغانستان و کۆنگۆی دیموکرات، کە ئاسایشی خۆراکی هەزاران کەس
کەوتووەتە بەردەم مەترسیی گەورەوە.
برسێتیی دوای کۆرۆنا
بەپێی دەرئەنجامی راپۆرتەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، چاوەڕوان دەکرێت
پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا رێژەی برسێتیی لە جیهاندا بۆ دوو هێندەی ژمارەی ئێستا بەرز
بکاتەوە.
لە راپۆرتەکاندا هاتووە، پێشبینی دەکرێت، تاکو کۆتایی ساڵ ئاستی برسێتیی لە
١٣٥ ملیۆن کەسەوە بۆ ٢٦٥ ملیۆن کەس بەرزببێتەوە، ئەمەش مەترسیدارە، چونکە لەم
کاتەدا ٣٠٠ ملیۆن کەسی دیکە کیشەی کەمیی خۆراکیان هەیە.
ئەو زیانەشی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستی کرد و بووە هۆی داخستنی شوێنەکانی
بەرهەمهێنان، راستەوخۆ کاریگەریی هەیە لەسەر بەرزکردنەوەی رێژەی هەژاریی و برسێتیی
بەتایبەت لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان.
سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش پێشبینی کردووە کە گەشەی جیهان بە رێژەی ٢.٨٪
دابەزێت کە ئەگەر بەراورد بکرێت بە قەیرانی ئابوری جیهان لە ٢٠٠٨ زۆرە، چونکە ئەو
کاتە رێژەکە ٠،٠١٪ بوو، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی رێژەی هەژار و
برسییەکان هەیە.
ڤایرۆسی کۆرۆنا، جەنگ و پێکدادانە سەربازییەکان و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس
پێکەوە، مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر زیادبوونی رێژەی هەژاریی و برسێتی لە جیهاندا،
بەشێک لەم کەسانەش بەهۆی چەنگەکانەوە هاوکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیان پێناگات
و بە برسێتیی دەمێننەوە، ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام بێت و جەنگەکان کۆتاییان
نەیەت، جیهانی هەژار و برسیەکانیش قەرەباڵغتر و ژمارەیان زیاتر دەبێت.