03:45 - 03/07/2020
کۆرۆنا جەنگ هەڵدەگیرسێنێت؟
ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە، ملیۆنان کەس تووشبوون و زیاتر لە نیو ملیۆنیش گیانیان لەدەستداوە، ئەم رەوشەش زیانێکی زۆر و چاوەرواننەکراوی لە ئابووری و دارایی جیهان داوە، هەموان باس لەوە دەکەن جیهانی دوای کۆرۆنا جیاواز دەبێت، بەشێکیش ترسیان هەیە جەنگی گەورە یەکێک لە دەرئەنجامە ترسناکەکان بێت.
مەترسییەکان
ستیڤن واڵت مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی هارڤارد لە وتارێکیدا باس لە جیهانی دوای کۆرۆنا و کاریگەرییە ترسناکەکانی دەکات کە ئابووری جیهان لە حاڵەتی کەوتندایە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاریی، کەمبوونەوەی بازرگانی و بەرهەمهێنان و بێهیوایی بەرامبەر داهاتوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەرفروانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
بڵاوبونوەوەی کولە لە ئەفریقا بۆ جاری دووەم، هێرشی زەردەواڵە بۆ سەر هەنگەکانی ئەمریکا و بێهیواییەکان بەرامبەر بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا، هێندەی دیکە جیهانی رووبەڕووی مەترسی کردووەتەوە.
جەنگی دوای کۆرۆنا
نووسەر لە بابەتەکەیدا باس لەوە دەکات ئەگەر دۆخەکە بەرەو ئاستێکی مەترسیدارتر بڕوات، ئەوە دوور نییە یەکێک لە دەرئەنجامەکان جەنگ و شەڕی گەورە بێت، دەبێت بە دوای ئەو پرسیارەدا بگەڕێین داتەپینی ئابووری جیهان دەبێتە هۆی جەنگ یان جەنگەکانی ئێستاش رادەگرێت؟
ئەم پرسیارە لە کاتێکدایە دەزانین کە ئەنفلۆنزای ئیسپانی کاتێک دەستیێکرد کە جەنگی جیهانیی یەکەم کۆتایی پێهاتبوو، بەڵام ئەنفلۆنزاکە نەبووە هۆی وەستانی ئەو جەنگانەی لەنێوان بەشێک لە وڵاتەکانی ئەو کاتەدا هەبوون و بەردەوام بوون.
ئەو داتەپینە ئابوورییەی لە ساڵی ١٩٢٩ دروستبوو، ژاپۆنی لە داگیرکردنی هەرێمی مەنچوریای چین رانەگرت، بەڵکو بووە هۆی سەرهەڵدانی فاشییەت و زەمینەرەخساندن بۆ دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی دووەم.
نووسەر دەڵێت، لەبەرئەوە ئەگەر کەسێک پێی وابێت لە کاتی کۆرۆنا و وەستانی ئابووری جیهان جەنگ روونادات، ئەوە پێویستە بە بیرکردنەوەکانیدا بچێتەوە و دووبارە بیربکاتەوە.
جەنگ روونادات
بەپێچەوانەی واڵت، باری بوسین کە لە بواری کاریگەری پەتا لەسەر جەنگ کاردەکات لە پەیمانگای ماساچوستس بۆ تەکنۆلۆژیا پێی وایە، روودانی جەنگ ئەگەرێکی لاوازە.
بوسین دەڵێت، پەتای کۆرۆنا هەلی بەرقەراربوونی ئاشتی زیاد دەکات، ئەم پەتایە کاریگەری کردووەتە سەر وڵاتە زلهێزەکان و کەم وڵات ماوە نەکەوتبێتە ژێر کاریگەری ئەم پەتایە، روونەدانی جەنگ لەم دۆخەدا دوورە، بەتایبەت کە زۆربەی دەوڵەتەکان زیانێکی گەورەتریان بەرکەوت لەوەی چاوەڕوانیان دەکرد، بۆیە دەکرێت ئەم پەتایە دەرگای ئاشتی بکاتەوە.
نووسەر باسی ئەوە دەکات جەنگ پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر سەرباز، کەشتی جەنگی لە دەریا، بنکەی سەربازیی پڕ لە سەرباز و راهێنانی دەوێت، ئەمانەش لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا زەحمەت و سەختن، لەم کاتەشدا دەوڵەتەکان هەموو هەوڵێکیان پاراستنی خەڵک و قایلکردنیانە بە پەیڕەوکردنی رێکارە تەندروستییەکان نەک جەنگ.
جەنگ بۆ رزگاربوون
بەشێک لە پسپۆرانی ئەم بوارە پێیان وایە ئەگەری روودانی جەنگ لەم کاتانەدا نابێت بە دوور تەماشا بکرێت، بەتایبەت کاتێک بەشێک لە سەرۆکی دەوڵەتەکان بۆ رزگارکردنی خۆیان دەتوانن وەک هەلێک بەکاریبهێنن.
ئەو سەرۆک و حکومەتانەی کە لە ناوخۆدا رووبەڕووی فشار و شکست بوونەتەوە، ئامادەن هەر هەلێک بۆ رزگارکردنیان بەکاربهێنن، ئەم کەسانە بۆ رزگارکردنیان پەنا بۆ جەنگ دەبەن لە دەرەوەی وڵاتەکانیان تاکو سەرنجی خەڵک لەسەر خۆیان هەڵبگرن، لە ئێستاشدا ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەلایەن ترەمپەوە بە زۆر دوور نازانرێت، بەتایبەت کە لە ناوخۆدا لەژێر فشاریکی زۆردایە.
روودانی ئەم پێشهاتە و جەنگ لەلایەن هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەوە پێشوازی لێناکرێت، چونکە ئەوەی لەم کاتەدا بۆ ئەوان گرنگە، پاراستنیان لە کۆرۆنا و گەڕانەوەیانە بۆ سەر کارەکانیان.
جەنگ بۆ پارە
ئەوانەی کە پێیان وایە داتەپین و لاوازبوونی ئابووری جیهان دەبێتە هۆی جەنگ، چەند هۆکارێک دەخەنە روو کە لە مێژوودا نموونەی هەبووە و لە راستییەوە دوور نییە.
ئەم کەسانە پێیان وایە بەشێک لە دەوڵەتان بۆ رزگاکردنی ئابوورییەکەیان لە لاوازبوون و رووخانی زیاتر، پەنا دەبەنە بەر هەڵگیرسانندنی جەنگ و داگیرکردنی خاکی ئەوانی دیکە، سود بینینی ئەمریکا لە جەنگی دووەمی جیهانی بۆ بوژاندنەوەی ئابوورییەکەی نموونەیەکی دیار و روونە.
داگیرکردنی کوەیتیش لەلایەن عێراقەوە ئامانجە سەرەکییەکەی بریتی بوو لە بەدەستهێنانی دەستکەوت و رزگارکردنی ئابووری لەو داتەپینەی بەهۆی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێران تووشی بووبوو، کە بووە هۆی لاوازبوونی پێگەی سەدام حسێن لای عێراقییەکان، واتە سەدام دەیویست هەم خۆی رزگار بکات هەم ئابووری وڵاتەکەی، تاکو بتوانێت ماوەیەکی زۆرتر لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.