ڕاپۆرتی جیهانی

03:43 - 03/07/2020

ئه‌ردۆغان بۆچی سوره‌ له‌سه‌ر گۆڕینی ئایاسۆفیا له‌ كه‌نیسه‌وه‌ بۆ مزگه‌وت؟‌

پەیسەر

رۆژی پێنج شه‌ممه‌ باڵاترین دادگای توركیا، ده‌ستیكرد به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌داواكارییه‌ك بۆ گۆڕینی مۆزه‌خانه‌ی ئایاسۆفیا كه‌ پێشتر كه‌نیسه‌ بووه‌ بۆ مزگه‌وت، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش كاردانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك وڵاتی لێكه‌وته‌وه،‌ له‌ناویاندا ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌ڵام ئه‌ردۆغان پشتیوانی ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌كات.

ئایا سۆفیا

باڵه‌خانه‌ی ئایاسۆفیا به‌ یه‌كێك له‌ دیارترین نمونه‌كانی بیناسازی بیزه‌نتییه‌كان داده‌نرێت،  ‌ئێستا له‌ شوێنێكی گرنگی مێژووه‌وه‌ بۆته‌ ناوه‌ڕاستی ململانێ سیاسییه‌كان، بۆماوه‌ی نزیكه‌ی 916ساڵ كه‌نیسه‌ بووه‌، تا ئه‌و كاته‌ی شاری قوسته‌نته‌نیه‌ له‌سه‌رده‌ستی محه‌مه‌د فاتح یه‌كێك له‌ سوڵتانه‌كانی عوسمانی له‌ساڵی 1453 فه‌تح كرا و ناوه‌كه‌ی گۆردرا به‌ مزگه‌وتی گه‌وره‌، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ له‌ساڵی 1934 دا به‌بریاری مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك له‌ مزگه‌وته‌وه‌ كرا به‌ مۆزه‌خانه‌، له‌دوای هاتنه‌سه‌ركاری پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، هه‌وڵه‌كان جارێكی تر ده‌ستیان پێكرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر بكرێته‌وه‌ به‌ مزگه‌وت.

ئه‌و گروپه‌ی ‌ئێستا كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئایاسۆفیا بكرێته‌وه‌ مزگه‌وت، پێیان وایه‌ مه‌رسومه‌كه‌ی ئه‌تاتورك ساخته‌یه‌ و ئه‌گه‌ر بتوانن ئه‌مه‌ له‌به‌رده‌م دادگای ده‌ستوری بسه‌لمێنن، ئه‌وه‌ ئایا سۆفیا ده‌كرێته‌وه‌ به ‌مزگه‌وت.

مۆزه‌خانه‌ی ئایاسۆفیا ده‌كه‌وێته‌ به‌شی ئه‌وروپای شاری ئیسته‌نبوڵ، به‌ بڕیاری ئیمپراتۆر جوستنیان له‌ساڵی 532 ده‌ست به‌دروستكردنی كراوه‌، به‌پێنج ساڵ دروستكراوه‌ و به‌فه‌رمی له‌ساڵی 537 كراوه‌ته‌وه‌، و به‌رزییه‌كه‌ی 55 مه‌تره‌ و بۆماوه‌ی 916 ساڵ كه‌نیسه‌ بووه‌ و 481 ساڵیش مزگه‌وت بووه، ماوه‌ی 85 ساڵیشه‌ مۆزه‌خانه‌یه‌، و له ‌لیستی یونسكۆ وه‌ك ناوچه‌یه‌كی شوێنه‌واریی تۆماركراوه‌، به‌یه‌كێك له‌ ناوچه‌ گه‌شتیاریه‌كانی شاری ئیسته‌نبوڵ داده‌نرێت.

به‌رای چاودێرانیش ئه‌گه‌ر پرسی گۆرینی ئایاسۆفیا له‌ مۆزه‌خانه‌وه‌ بۆ مزگه‌وت سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وه‌ پرسیاری زیاتر ده‌رباره‌ی بریاره‌كانی تری مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك دروست ده‌بێت، كه‌ له‌دوای كۆتایی هاتنی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م دراون.
ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ی وروژاندنی پرسی  ئایاسۆفیاوه‌ به‌شێك له‌لایه‌نگره‌ تۆراوه‌كانی بگه‌رێنێته‌وه‌ و حزبه‌ نه‌یاره‌ نوێكانی لاواز بكات كه‌ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانه‌كانی پێشوویه‌وه‌ دروستكراون.

هه‌نگاوه‌كه‌ی توركیا كاردانه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

ئه‌گه‌رچی ئه‌ردۆغان به‌جددی ده‌یه‌وێت ئایا سۆفیا بكاته‌وه‌ به‌مزگه‌وت، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ نیگه‌رانی ژماره‌یه‌ك وڵاتی لێكه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ داوایان له‌ئه‌نكه‌ره‌ كرد ده‌ستكاری ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه‌ نه‌كات، رۆژی 2ی ته‌موز هه‌نگاوه‌ یاساییه‌كان بۆ گۆرینی ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه‌ ده‌ستیان پێكرد، ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌نادۆڵ ده‌ڵێت هه‌مان رۆژ یان له‌ ماوه‌ی 15 رۆژدا بریاره‌كه‌ ده‌درێت و له‌وه‌ زیاتر دواناكه‌وێت.

رۆژی چوارشه‌ممه،‌ مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ تویتێكدا نوسی:"هانی توركیا ده‌ده‌ین ده‌ستكاری دۆخی ئایاسۆفیا نه‌كات و پارێزگاری لێ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك مۆزه‌خانه‌یه‌ك بمێنێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی به‌رجه‌سته‌كه‌ری پابه‌ندبوون و رێزگرتنه‌ له‌ داب و نه‌ریته‌ ئاینییه‌كان و مێژووی ده‌وڵه‌مه‌ند، ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پێی وایه،‌ هه‌ر ده‌ستكاریكردنێكی ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه‌ به‌ واتای پشتگوێخستنی ئه‌و شارستانییه‌ جوانه‌ دێت".

له‌به‌رامبه‌ردا حامی ئه‌قسه‌وی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند:"هیچ كه‌سێك مافی ئه‌وه‌ی نیه‌ له‌سه‌ر سه‌روه‌ری توركیا، به‌ زمانی هۆشداری په‌یاممان ئاراسته‌ بكات".
لای خۆیه‌وه‌ به‌تریك مسكونی بارسولومیو رابه‌ری روحی مه‌سیحییه‌ ئه‌رسۆدۆكسه‌كان رۆژی سێشه‌ممه‌ رایگه‌یاند:"جارێكی تر گۆرینه‌وه‌ كه‌نیسه‌ی ئایا سۆفیا بۆ مزگه‌وت دابه‌ش بوون به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت و ده‌بێته‌ هۆی توڕه‌بوونی ملیۆنان مه‌سیحی له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان". ئه‌م رابه‌ره‌ روحیه‌ رابه‌رایه‌تی 300 ملیۆن مه‌سیحی جیهانی ده‌كات و ناوه‌نده‌كه‌ی له‌شاری ئیسته‌نبوڵی توركیایه‌.
كه‌ناڵی دووچه‌ڤێله‌ی ئه‌ڵمانیی بڵاویكرده‌وه‌، چاره‌نوسی ئایاسۆفیا بۆته‌ جێگه‌ی نیگه‌رانی یۆنانی دراوسێی توركیا كه‌ به‌چڕی چاودێری شارستانیه‌تی بێزه‌نتی ده‌كات له‌ توركیا.

ئه‌ردۆغان چی له‌ ئایاسۆفیا ده‌ست ده‌كه‌وێت؟

به‌رای چاودێرانی دۆخی توركیا ‌ئێستا پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، به‌ده‌ست چه‌ند گرفتێكی ناوخۆیی و كێشه‌ی دارایی و ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ ده‌ناڵێنێت و ده‌یه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ هاوسۆزی به‌شێك له‌ ئیسلامیه‌كانی وڵاته‌كه‌ی به‌ده‌ست بهێنێته‌وه‌، ساڵی رابردوو ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا رایگه‌یاند، پشتیوانی ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه‌ بكرێته‌وه‌ به‌ مزگه‌وت، راشیگه‌یاند گۆڕینی ئه‌و مزگه‌وته‌ بۆ مۆزه‌خانه،‌"هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ بووه"‌.

توركیا له‌به‌رده‌م قۆناغێكی نوێدا

له‌دوای ئه‌وه‌ی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا، كه‌ به‌ پارتێكی ئیسلامی سیاسی داده‌نرێت له‌ساڵی 2002 دا ده‌سه‌ڵاتی توركیای گرته‌ ده‌ست، چه‌ند چالاكییه‌كی ئاینی له‌ناو ئایاسۆفیا ده‌كران له‌وانه‌ش قورئان خوێندن و سه‌ڵاوات لێدانی به‌كۆمه‌ڵ، هه‌روه‌ها پرسی له‌چك له‌كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا گۆڕانی به‌سه‌رداهات.

رۆژی 31ی ئایاری ساڵی 2014 گروپێك كه‌ ناویان له‌خۆیان ناوه‌ گه‌نجانی ئیسته‌نبوڵ، له‌ناو گۆره‌پانی ئایاسۆفیا نوێژی به‌كۆمه‌ڵیان كرد و ده‌ستیان كرد به‌هه‌نگاوه‌كانی گۆڕینی له‌ مۆزه‌خانه‌وه‌ بۆ مزگه‌وت، ئه‌و گروپه‌ ده‌ڵێن 15 ملیۆن واژۆیان كۆكردووه‌ته‌وه‌.