ڕاپۆرتی جیهانی

03:33 - 03/07/2020

جیهان له‌ ڤایرۆسه‌ تازه‌كه‌ى چین دوودڵه‌‌

پەیسەر

له‌كاتێكدا هێشتا جیهان ململانێی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ ده‌كات و ترسی له‌شه‌پۆلی دووه‌می په‌تایه‌ك هه‌یه‌ كه‌ بۆته‌ هۆی مردنی نیوملیۆن كه‌س، شۆكێكی تر له‌چینه‌وه‌ هات كه‌ ده‌نگۆی ده‌ركه‌وتنی نه‌خۆشیه‌كی نوێیه‌.

دوای ئه‌وه‌ی زاناكانی چین ده‌ركه‌وتنی ڤایرۆسێكی نوێیان راگه‌یاند، كه‌ ناوی( G4 EA H1N1)ـه‌ رایانگه‌یاند، جۆرێكی نوێی ئه‌نفلۆنزای گواستراوه‌یه‌ له‌ به‌رازه‌وه‌ بۆ مرۆڤ و جه‌خیتان له‌وه‌ كرده‌وه،‌ كه‌ مرۆڤ به‌رگری له‌دژی ئه‌و ڤایرۆسه‌ نییه‌، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی زه‌نگی لێدا و رایگه‌یاند، به‌چڕی ئه‌و راپۆرتانه‌ ده‌خوێننه‌وه‌ كه‌ له‌ وڵاتی چینه‌وه‌ دێن.

رۆژنامه‌ی ئیندپندنت ی به‌ریتانی له‌ زاری وته‌بێژی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی گواسته‌وه،‌ كه‌ ڤایرۆسه‌ نوێیه‌كه‌ له‌ به‌رازه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ و ئه‌وه‌ش ئاشكرا بوو كه‌ پێویسته‌ جیهان چاوكراوه‌ بێت به‌رامبه‌ر نه‌خۆشییه‌ نوێیه‌كان، ته‌نانه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌هه‌وڵه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی كۆڤید 19.

هه‌روه‌ها به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌ گۆڤاری ئه‌كادیمی نیشتمانی ئه‌مریكی بۆ زانست بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، تیشكی خستۆته‌ سه‌ر ئه‌نفلۆنزای به‌راز له‌ گروپی G4 كه‌ هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیه‌كی ئه‌وتۆی تێدایه‌ ببێته‌ ڤایرۆسێكی په‌تایی چاوه‌ڕوانكراو.

مه‌ترسیه‌كی دڵنیاكراوه‌ نیه‌ به‌ڵام ئاگادار بن

له‌كاتێكدا لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان ده‌ڵێن مه‌ترسیه‌كی دڵنیاكراوه‌ نییه‌، به‌ڵام زاناكانی چین كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان كردووه‌ هۆشداری ده‌ده‌ن، كه‌ پێویسته‌ چاودێری به‌په‌له‌ و ورد له‌سه‌ر مرۆڤ هه‌بێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی له‌ بواری گۆشتی به‌راز كارده‌كه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ كریستیان لیندمییر به‌رپرسی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رۆژی سێ شه‌ممه‌ له‌شاری جینیف رایگه‌یاند:" به‌چڕی راپۆرته‌كان ده‌خوێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن چی نوێ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌مه‌هه‌نگی هه‌بێت له‌ بواری به‌رهه‌م و چاودێری سه‌باره‌ت به‌ ئاژه‌ڵه‌كان".

گوتیشی، ئه‌و ڤایرۆسه‌ تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ جیهان ناتوانێت ترسی ئه‌نفلۆنزا له‌بیرخۆی به‌رێته‌وه‌ و پێویسته‌ به‌ئاگا بێت و چاودێری بكات ته‌نانه‌ت له‌دۆخی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆرۆناشدا.

ڤایرۆسه‌ نوێیه‌كه‌ له‌سێ سه‌رچاوه‌‌ یه‌كی گرتووه‌

لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه،‌ كه‌ له‌ پرۆفیسۆرێكی چینیه‌وه‌ كه‌ ناوی كین چو چانگ گوتویه‌تی:"ئێمه‌ ئێستا سه‌رقاڵی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێین، ئه‌مه‌ش كارێكی راسته‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێت ڤایرۆسه‌ نوێكانی تر پشتگوێ بخه‌ین كه‌ ده‌كرێت مه‌ترسیداربن"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ڤایرۆسی G4 ی به‌راز كه‌ هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی تێدایه‌ ببێته‌ په‌تایه‌كی بڵاو، كه‌ ره‌نگه‌ توشی ئه‌و كه‌سانه‌ بێت كه‌ له‌كوشتارگه‌كان كار ده‌كه‌ن یان ئه‌وانه‌ی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌راز ده‌كه‌ن".

ڤایرۆسه‌ نوێكه‌ له‌سێ سه‌رچاوه‌وه‌ یه‌كی گرتووه‌ یه‌كێكیان له‌ باڵنده‌كانی ئه‌وروپا و ئاسیا هه‌یه‌ واتا H1N1 كه‌ ساڵی 2009 بووه‌ په‌تا و دووه‌م H1N1 كه‌ له‌ئه‌مریكای باكور هه‌بوو، و پێكهاته‌ی جینه‌كانی له‌ جینی ڤایرۆسی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ و مرۆڤ و ئه‌نفلۆنزای به‌رازه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، بۆیه‌ ئه‌و گۆرانكاریه‌ی له‌ ڤایرۆسی G4 ی نوێ ڕوویداوه‌ جێگه‌ی نیگه‌رانیه‌، چونكه‌ ڤایرۆسێكه‌ مرۆڤ هیچ به‌رگریه‌كی به‌رامبه‌ری نیه‌.

به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان ئه‌و ڤاكسینانه‌ی ئێستا هه‌ن مرۆڤ له‌و ڤایرۆسه‌ نوێیه‌ ناپارێزن، به‌ڵام باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ده‌تواندرێت ده‌ستكاریان بكرێت و وایان لێبكرێت كاریگه‌ری بن به‌رامبه‌ر ئه‌و ڤایرۆسه‌ نوێیه‌.

به‌شداربوویه‌كی تری لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ كه‌ ناوی ئیدوارد هۆلمسیسه‌ زانایه‌كی زینده‌وه‌رانه‌ له‌ زانكۆی سیدنی و پسپۆره‌  له‌بواری هۆكاره‌كانی نه‌خۆشی ده‌ڵێت:" وا دیاره‌ ئه‌و ڤایرۆسه‌ نوێیه‌ و رێگه‌ی ده‌ركه‌وتنی له‌مرۆڤ پێویستی به‌چاودێری ورد هه‌یه‌".
له‌گه‌ڵ ئه‌ودا زانایه‌كی چینی به‌ناوی سون هۆنگلی كه‌ پسپۆری به‌رهه‌مه‌ زانستیه‌كانه‌ ده‌ڵێت :"به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێویسته‌ چاودێری به‌رازی چینی بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ ئاشكرا بكرێت چونكه‌ جینه‌كانی G4 و په‌تای H1N1 ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ڤایرۆسه‌كه‌ یه‌ك بگرن ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌مرۆڤێكه‌وه‌ بۆ مرۆڤێكی تر".

500 ملیۆن به‌راز

تیمێكی تری زاناكان به‌سه‌رپه‌رشتی زانایه‌ك به‌ناوی لیو جینهو كه‌ چالاكه‌ له‌زانكۆی كشتوكاڵی چینی شیكردنه‌وه‌ی كردووه‌ له‌سه‌ر 30 هه‌زار به‌راز له‌ كوشتارگه‌كانی 10 ناوچه‌ی چین، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر 1000 به‌رازی تر كه‌ نیشانه‌ی ته‌نگه‌نه‌فه‌سیان پێوه‌دیاربووه‌، له‌م نمونانه‌ ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ له‌نێوان 2011 تا 2018 179 ڤایرۆسی ئه‌نفلۆنزای به‌راز هه‌بووه‌ و زۆرینه‌شی له‌جۆری G4 یان یه‌كێك له‌ پێنج جۆره‌كه‌ی G بووه،‌ كه‌ له‌ باڵنده‌كانی ئۆراسیا واتا ئه‌وروپا و ئاسیاوه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌، ڕوونیشیكرده‌وه‌ G4 له‌ساڵی 2016 دا زیاتر كاریگه‌ریه‌كه‌ی ده‌ركه‌وتووه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مارسا نیلسۆن زانای بواری زینده‌وه‌رزانی له‌ ناوه‌ندی فۆرگاتی جیهانی له‌ ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسێكی نوێ وه‌ك په‌تا كه‌مه،‌"به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت ئاگادار بین، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌نفلۆنزا دووچاری سه‌رسورمانمان بكات، ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگیردرێت كه‌ له‌چین زیاتر له‌ 500 ملیۆن به‌راز هه‌یه‌، و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ڤایرۆسی نوێ دروست بێت كه‌ له‌مرۆڤێكه‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ مرۆڤێكی تر، به‌ڵام ئه‌مه‌ش پێویستی به‌دڵنیابوونه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه‌".

چین به‌فه‌رمی لێدوانیدا

رۆژی سێ شه‌ممه‌ چاو لی جیان گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، حكومه‌ت به‌چری و به‌وردی چاودێری به‌ره‌وپێش چوونه‌كانی ئه‌و بواره‌ ده‌كات، هه‌موو رێكارێكی پێویستیش ده‌گرنه‌ به‌ر بۆ رێگری له‌بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌ر ڤایرۆسێك.

له‌ساڵی 2009 دا له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان 700 ملیۆن كه‌س توشی ڤایرۆسی ئه‌نفلۆنزای به‌راز بوون و 17 هه‌زار حاڵه‌تی مردنیش پشت راستكرانه‌وه‌، باس له‌وه‌ش ده‌كرێت ئه‌و په‌تایه‌ ژماره‌یه‌كی زۆرتری له‌و ژماره‌یه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌ خه‌ڵكی كوشتووه‌.