ڕاپۆرتی جیهانی

02:18 - 30/06/2020

ئەوانەی هیچیان دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نەبیستوە‌

پەیسەر

ڤایرۆسی كۆرۆنا یان كۆڤید 19 بووە بە بەڵایەكی گەورە و بەهۆیەوە كاریگەری لەسەر بازار و نرخی نەوت و ئابوری جیهان و دابەزینی بەهای پشكی كۆمپانیاكان داناوە، جگە لەوەی بەشێكی زۆری وڵاتان سنورەكانیان بەڕووی یەكتردا داخستووە و فرۆكەخانەكان وەك جاران كراوەنین و كەرتی گەشتیاری لەلێواری قەیرانێكی گەورەدایە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا خەڵكانێك هەن لەسەر ئەم زەویە هیچیان دەربارەی كۆرۆنا نەبیستووەو تەنانەت پێیان وایە موسڵمانان توشی ئەو نەخۆشییە نابن !

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشەیتدپرێس راپۆرتێكی بڵاوكردەوە كە لەلایەن كارا ئانا جێگری بەرێوەبەری ئاژانسەكە لە ئەفریقیا ئامادەكراوە و تێیدا تیشك دەخاتە سەر ئاوارە سۆماڵیەكان كەهیچیان دەربارەی كۆرۆنا نەبیستووە، دەشڵێت كەمی هۆشیاری سەبارەت بەو ڤایرۆسە تەنها لە ئاوارەكاندا كورت نابێتەوە بەڵكو دانیشتوانی ناوچە گوندنشینەكانی سۆماڵیش زانیاریان دەربارەی پەتا نوێكە نیە.

كارا راپۆرتەكەی كە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویكردۆتەوە بەوە دەستی پێكردووە : دوای تێپەربوونی نیو ساڵ بەسەر بڵاوبونەوەی پەتایەكی مەترسیدار، قورسە ئەوە وێنا بكەیت كە خەڵكانێك هەبن لەشوێنێك هیچیان دەربارەی كۆرۆنا نەبیستبێت، بەڵام زۆرینەی ئەو ئاوارانەی دەگەنە سۆماڵ بە كارمەندانی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێن، زانیاریان نیە دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

چاودێرانی سەر بە رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی كە ئاژانسی پەنابەرانی سەربەنەتەوەیەكگرتووەكانە، چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئاوارە و كۆچبەران كردووە لەسنورەكانی سۆماڵ، ئەو رێگایە بەیەكێك لەرێگا مەترسیدارەكانی كۆچ دادەنرێت لەرێگەی دەریای سورەوە و لەگەڵ قاچاخچیدا، هەروەها لەیەمەنەوە كە بەهۆی جەنگەوە گیرۆدە بووە بۆ وڵاتانی كەنداو كە دەوڵەمەندن.

ئەو پرسیارانەی لەكۆچبەران دەكرێت سادەن و سەبارەت بەو وڵاتەی تێیدا ژیاون هەروەها هۆكارەكانی كۆچكردنیان، دوای دڵنیابوونەوە لەیەكەم توش بووی كۆرۆنا لەسۆماڵ پرسیارێكی تریش زیاد كرا، ئەویش ئەوەیە چەند كەس لەگروپەكەتان زانیاری دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە؟

نیوەی كۆچبەران زانیاریان دەربارەی كۆڤید 19 نیە
كارا دەڵێت لەهەفتەی رابردوو 20ی حوزەیران ئەوە ڕوون بۆوە كە زیاتر لەنیوەی كۆچبەران كە پرسیاریان لێكراوە و ژمارەیان ( 3471 كەس ) بووە 51% یان هیچیان دەربارەی كۆرۆنا نەبیستووە.

نوسەر سەردانی سیلیست سانشیز بەرێوەبەری بەرنامەی سەربەنەتەوەیەكگرتووەكانی كردووە لەشاری مەقادیشۆی پایتەختی سۆماڵ و لەوێ ئەوەی بۆ دەركەوتووە كە لەراپۆرتەكانی ئاژانسەكە زۆرترین ئاستەنگی گەورە نەتوانینی ئەوەیە كە هەموو كەس لەجیهاندا دەربارەی ئەو ڤایرۆسە هۆشیار بكەیتەوە، و هانی بدەیت دەمامك بەكاربهێنێت.

نوسەر ئاماژەی بەوەكردووە زۆرینەی ئاوارەكان گەنجانی ناوچە گوندنشینەكانی ئەسیوبیای دراوسێن و زۆرینەیان نەچوونە بەرخوێندن و بەشێك لەكۆمەڵگەكانیان بەكارهێنانی ئینتەرنتێت زۆر كەمە تێیاندا، هەروەها بەشێك لە زانیاریەكان ون دەبن و دیار نامێنن بەهۆی جیاوازی زمانەكانەوە.

كۆچبەران دەربارەی جەنگی یەمەن زانیاریان نیە
راپۆرتەكە دەڵێت : ماوەی چەند ساڵێك پێشتر چاوپێكەوتنمان لەگەڵ كۆچبەران دەكرد بەشێكی زۆری كۆچبەرەكان زانیاریان دەربارەی شەڕی یەمەن نەبوو لەگەڵ ئەوەی وێستەگەی داهاتووی كۆچەكەیان یەمەن بوو.

لەگەڵ ئەوەشدا نوسەر دەڵێت هەست بە ئاسودەی دەكات بەوپێیەی ئاستی ئەو كەسانەی هیچیان دەربارەی كۆرۆنا نەدەزانی دابەزیوە بەجۆرێك لەسەرەتادا 88% بووە، ئاماژەی بەوەشكردووە هەر كەسێك زانیاری دەربارەی كۆرۆنا نەبێت بەكورتی هەندێك زانیاری دەربارەی چۆنیەتی توش بوون و نیشانەكانی نەخۆشیەكە و رێكارەكانی خۆپارێزی پێ دەڵێن، ئەوەی جێگەی نیگەرانی نوسەرە ئەوەیە كە ئەو رێگایەیە كە كۆچبەرەكان دەگیرنەبەر لەرێگەی سۆماڵەوە كە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزیەكانەوە ناسەقامگیرە، هەروەها بەپێی ئامارەكان دەردەكەوێت توش بوان بەكۆرۆنا تۆماركراون دەشڵێت " ڕوونە كە كۆچبەرەكان بەو ناوچانەدا دەرۆن كە حاڵەتی توش بوونیان تێدا پشت راستكراوەتەوە لەگەڵ ئەوەی كۆچبەرەكان هۆشیارێكی ئەوتۆیان نیە من نامەوێت بڵێم مەترسیە بەڵام ئەوان خۆیان دەخەنە مەترسیەوە"

هەروەها " خەڵكانی تریش دەخەنە مەترسیەوە بەنمونە بەپێی ئاژانسی كۆچی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان لەشاری بوساسو كە بەلەمەكان لەوێوە بەرەو یەمەن دەچن بەرپرسیاریەتی هەڵگرتن و هێنانی ڤایرۆسەكەیان دەخرێتە سەرشان"

هەروەها بەهۆی ئەوەی كۆرۆنا زیانی لەئابوری ناوخۆی داوە بەشێكی زۆری كۆچبەران كاریان دەست ناكەوێت بۆ ئەوەی پارەی بەردەوامیدان بەگەشتەكەیان پەیدا بكەن بۆیە لەهەركاتێك زیاتر بەدەست قەیرانەوە دەناڵێنن.

كەمی هۆشیاری تەنها كۆچبەرەكانی گرتۆتەوە؟
نوسەر دەڵێت نەبوونی هۆشیاری دەربارەی كۆڤید 19 تەنها كۆچبەرانی نەگرتۆتەوە، بەڵكو دانیشتوانی چەند ناوچەیەكی سۆماڵیش زانیاریان دەربارەی نیە، فاتیمە موالین كە ئافرەتێكی دانیشتوی شاری ساكو یە لەباشوری سۆماڵ بەئاژانسی هەواڵی ئەسۆشەیتدپرێس ی راگەیاند " گوێم لەناوێكی وەها بووە بەڵام لێرە بوونی نیە و موسڵمانەكان توشی ئەو نەخۆشیە نابن"

لەچەند ناوچەیەكی تری گوندنشین و دوورەدەستی سۆماڵ خەڵك زانیاری دەربارەی كۆڤید 19 نیە بەتایبەتیش ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی گروپێكی گەنجی توندرەودان كە سەر بە رێكخراوی قاعیدەن، دەسەڵاتدارانی سۆماڵ ئاماژەیان بەوەكردووە كە دەست راگەیشتن بە ئینتەرنێت زۆر سنوردارە، و پرۆسەی هۆشیاركردنەوە زۆر سنوردارە، و توندرەوەكان كۆت و بەندیان سەپاندووە بەسەر پرۆسەی پەیوەندیكردن بەدەرەوەی ناوچەكانیان.

بەپێی هەڵسەنگاندنێكی نوێ كە لەلایەن ئاژانسی كۆچی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان ئەنجامدراوە بۆ ئاوارەكانی ناوچەی سۆماڵیلاند ( خاكی سۆماڵ)ی جودایخواز ئاستی خراپ تێگەیشتن زۆر بەرزە و نەخۆشی كۆرۆنا لەگەڵ نەخۆشیەكی تر تێكەڵ دەكەن كە لەرێگەی مێشەوە دەگوازرێتەوە و هەندێكی تریان پێیان وایە كۆكە گرنگترین نیشانەی نەخۆشی كۆئەندامی هەناسەیە.
بەڵام هەندێكی تریان وەڵامدانەوەیان هەیە بۆ هۆشیاركردنەوە دەربارەی ئەو ڤایرۆسە و ئەوەش بەشێوەیەكی گەورە بۆ بەرنامەی رادیۆی و نامەی مۆبایل و گواستنەوەی قسە لەناوخەڵك دەگەڕێننەوە ئەوە لەزۆر لە وڵاتانی ئەفریقی باوە.
نوسەر راپۆرتەكەی بەوە كۆتایی پێ هێناوە كە " زانیاریەكان هێواش هێواش دەگەن، ئەوەش لەكاتێكدایە سۆماڵ یەكێك لە لاوازترین سیستمە تەندروستیەكانی جیهانی هەیە و 2800 حاڵەتی توش بوون بە كۆرۆناش تۆماركراوە.