ڕاپۆرتی جیهانی

11:28 - 26/06/2020

له‌نمونه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆناوه‌ بۆ شه‌پۆلی دووه‌م‌

پەیسەر

ماڵپه‌ری" فوكس"ی هه‌واڵی ئه‌لیكترۆنی، بابه‌تێكی نوسه‌ر كونور مورای بڵاوكردۆته‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌زمونی كۆریای باشور له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵی، له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكارانه‌ی گیردرانه‌ به‌ر به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی وڵات ڕووبه‌ڕووی شه‌پۆلی دووه‌می كۆرۆنا ببێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی سنورداری ئه‌مجاره‌ له‌ناوچه‌ی سیئۆل به‌ پشووی كۆتایی هه‌فته‌یه‌كی مانگی ئایاره‌وه‌ وابه‌سته‌ ده‌كرێت.

كه‌مكردنه‌وه‌ی رێكاره‌كان و هۆشداری له‌ شه‌پۆلێكی نوێ

له‌دوای پرۆسه‌یه‌كی به‌هێز و سه‌ركه‌وتوو بۆ سنورداركردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، به‌رپرسانی ته‌ندروستی له‌ كۆریای باشور رایانگه‌یاند، ناوچه‌ی سیئۆلی گه‌وره‌، شه‌پۆلی دووه‌می به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی توش بووان به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت.

ژماره‌ی نوێی توش بووان له‌ كۆتایی مانگی نیساندا له‌ نزمترین ئاستیدا بوو به‌هۆی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی گیردرانه‌به‌ر بۆ كه‌ره‌نتینه‌كردن و پشكنین، به‌ڵام به‌هۆی چه‌ند بریارێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێكاره‌كان به‌تایبه‌تیش دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌یه‌كتر، بووه‌ هۆی توش بوونی چه‌ند حاڵه‌تێكی نوێ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌مانگی ئایاردا تۆماركرا كاتێك پیاوێكی ته‌مه‌ن ٢٩ ساڵ له‌ تاقیگه‌دا توش بوونی به‌نه‌خۆشی كۆرۆنا پشت راستكرایه‌وه‌ و ده‌ركه‌وت چه‌ندین رۆژ و شه‌وی له‌ یانه‌كانی شاری سیئۆل به‌سه‌ر بردووه‌. له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ حه‌وت هه‌زار كه‌س.

لای خۆیه‌وه‌ جونگ ئیون كیونگ به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی كۆریا بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی و خۆپارێزیی رۆژی دووشه‌ممه‌ ٢٢ی حوزه‌یران رایگه‌یاند زیادبوونی چاوه‌ڕوانكراوی ژماره‌ی توش بووان په‌یوه‌ندی به‌تێكه‌ڵاوی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌كۆتایی هه‌فته‌ی مانگی ئایار، و ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ شه‌پۆلی بڵاوبوونه‌وه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌گه‌ر هاوڵاتیانی كۆریای باشوور سورنه‌بن له‌سه‌ر دووركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی.

گوتیشی:"هه‌تاوه‌كو په‌یوه‌ندی به‌هێزی نێوان خه‌ڵك به‌رده‌وام بێت، ئه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له‌ سیئۆل و ده‌ورووبه‌ری شه‌پۆلێكی گه‌وره‌تر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت".

هه‌مان رۆژ به‌رپرسانی كۆریای باشور توشبوونی ١٧كه‌سی تریان راگه‌یاند، به‌ڵام ئه‌م ژماره‌یه‌ كه‌متر بوو له‌ دوو رۆژی پیشووتر به‌وپێیه‌ی شه‌ممه‌ ٤٨ حاڵه‌ت و یه‌ك شه‌ممه‌ش ٦٧ حاڵه‌ت تۆماركرابوون، ئه‌گه‌رچی ئه‌و ژمارانه‌ بچوكن به‌راورد به‌و وڵاتانه‌ی كه‌ به‌ده‌ست ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ ده‌ناڵێنن، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزاندرێت كه‌ كۆریای باشور له‌كۆتایی مانگی نیسان و سه‌ره‌تای مانگی ئایار، ژماره‌ی یه‌ك ژماره‌یی توش بووانی كۆرۆنای راده‌گه‌یاند.

سه‌باره‌ت به‌زیادبوونی ژماره‌ی توشبووان، پارك وون سوون پارێزگاری شاری سیئۆل رایگه‌یاند، ده‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی رێكاری توند بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌یه‌كتر ئه‌گه‌ر له‌ شاره‌كه‌ له‌ماوه‌ی سێ رۆژی داهاتوودا به‌رێژه‌ی ٣٠ حاڵه‌تی نوێ تۆمار بكرێت، یان رێژه‌ی سه‌رقاڵكردن و پڕبوونی نه‌خۆشخانه‌كان بگاته‌ سەدا ٧٠  تواناكانیان.

رۆژی دووشه‌ممه‌ شاری دایجوون كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشووری پایته‌خت بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌موو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌شوێنه‌ گشتییه‌كان ده‌ركرد، له‌وانه‌ش مۆزه‌خانه‌ و كتێبخانه‌كان.

كۆریای باشور پارێزگاری له ‌ئاستێك ده‌كات

كۆریای باشوور له‌ پێشه‌نگی ئه‌و وڵاتانه‌دا بوو كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا به‌ده‌ست ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ ده‌یناڵاند و یه‌كه‌م حاڵه‌تیش له‌ ٢٠ی كانونی دووه‌می ئه‌مساڵ تۆماركرا و له‌ ٢٩ی شوبات گه‌یشته‌ به‌رزترین ئاست به‌ تۆماركردنی ٩٠٠ حاڵه‌تی نوێ له‌ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێردا، به‌ڵام زۆر به‌خێرایی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ رێكاره‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ كرد له‌رێگه‌ی پشكنینی فراوان، هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كرا، هه‌روه‌ها پشكنین بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ ده‌كرا كه‌ ئۆتۆمبێلیان لێده‌خوری یان به‌پێ ده‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌، و به‌رپرسانی كۆریای باشور كورته‌نامه‌ی به‌په‌له‌یان بۆ هاوڵاتیان ده‌نارد و تێیدا زانیاریان ده‌رباره‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كانی توش بوون و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌یه‌كتر تێدا بوو، هه‌روه‌ك مۆبایلی زیره‌كی هاوڵاتیانی كۆریای باشور یارمه‌تیده‌ر بوو بۆ پشكنینی یه‌كه‌می له‌رێگه‌ی پزیشك له‌ دووره‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حاڵه‌ته‌كانی توش بوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له ‌كۆریای باشوور رۆژانه‌ تا مانگی ئایار پاشه‌كشه‌ی نه‌كرد.

له‌ كۆریای باشور ژیان نه‌وه‌ستا

حكومه‌ت چاودێری خه‌ڵكی له‌رێگه‌ی مۆبایل و كارتی دڵنیایی و كامێراوه‌ گرته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌یه‌كتر دووربن،  به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاره‌كان به‌ئاسایی و سروشتی ده‌رۆیشتن و خه‌ڵك نه‌ترسێندرا ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رده‌می بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌دا و له‌ ١٥ ی نیسان كۆرییه‌كان چوونه‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان بۆ به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردن به‌ڵام ده‌ستكێش و ده‌مامكیان به‌كارهێناو له‌سه‌ره‌تای مانگی ئایاریش رێكاره‌كانی دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌یه‌كتر كه‌مكرانه‌وه‌.

تا رۆژی ٢٤ی ئه‌م مانگه‌ ژماره‌ی توش بووان به‌كۆرۆنا له‌كۆریای باشور ١٢٤٠٠كه‌س بووه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ش ٢٨٠ كه‌سیان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌وه‌ش زۆر كه‌متر له‌و ژماره‌یه‌ی له‌ وڵاتانی وه‌ك ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و به‌رازیل تۆماركراوه‌، به‌وپێیه‌ی ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌ریزی پێشه‌وه‌ی ژماره‌ی توش بووانی كۆڤید ١٩وه‌ن.