ڕاپۆرتی جیهانی

06:08 - 15/06/2020

زیندانی لاندسبێرگ: ئەو تاقیگەیەی هیتلەری بەرهەمهێنا‌

پەیسەر

دەیڤد ئەلێکس نووسەری چیرۆکە جەنگییەکان بۆ گۆڤاری ناشیۆناڵ ئینترێستی ئەمریکی دەنووسێت " پێدەچێت زیندانەکان بەرهەمهێنەری سەرکردەو ڕابەرانی داهاتوو بن" هەروەها تێیدا ئاماژە بەوەشدەکات ڕابەری نازییەکان -ئەدۆلف هیتلەر- کە بووە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگی دووەمی جیهانی، ڕێکخستنی پلانەکانی لە ماوەی زیندانی بوونیدا ئامادەکردووە و کتێبێکی نووسی کە ڕێخۆشکەرەیەک بوو بۆ بەپیرۆزکردنی کەسایەتی خۆی بەناوی خەباتی من.

دەیڤد ئەلێکس نووسەری چیرۆکە جەنگییەکان بۆ گۆڤاری ناشیۆناڵ ئینترێستی ئەمریکی دەنووسێت " پێدەچێت زیندانەکان بەرهەمهێنەری سەرکردەو ڕابەرانی داهاتوو بن" هەروەها تێیدا ئاماژە بەوەشدەکات ڕابەری نازییەکان -ئەدۆلف هیتلەر- کە بووە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگی دووەمی جیهانی، ڕێکخستنی پلانەکانی لە ماوەی زیندانی بوونیدا ئامادەکردووە و کتێبێکی نووسی کە ڕێخۆشکەرەیەک بوو بۆ بەپیرۆزکردنی کەسایەتی خۆی بەناوی خەباتی من.
هیتلەر وێنەکێش بووە و سەربازی کۆن بووە لە نەمسا، لە ١ی نیسانی ساڵی ١٩٢٤ دەخرێتە زیندانی لاندسبیرگ لە ئەڵمانیا، ئەوکاتە تەمەنی ٣٤ ساڵیدابووە و بە تۆمەتی ڕێکخستنی كودەتایەكی شکستخواردوو کە بووە هۆی کوشتنی ١٨ کەس و چواریان ئەفسەری پۆلیس بوون، بۆ ماوەی پێنج ساڵ زیندانیکرا. 
هیتلەر لەسەرەتادا وەک سەرکردەیەک کە هیچ متمانەی بەخۆی نییە و ڕابەرایەتی بزووتنەوەیەکی سیاسی بچوک و هەژار دەکات، چووە زیندانی لاندسبێرگەوە. 
هیتلەر لەدوای نووسینی کتێبێک بەناوی "ململانێکانم" زیندانی جێهێشت، کە لە دوو بەرگدا وتار و تێبینییە سیاسییەکانی تۆمارکردووە. بەبڕوای نووسەر و توێژەر فۆلکەر ئۆلریچ ئەو کتێبەی هیتلەر " ژیانی تایبەتی هیتلەری بەستوەتەوە بە پرۆگرامە سیاسییەکانی."بەڵام بەپێی نووسینەکانی خۆی بێت ئەو کتێبە خەریکی بە پیرۆزکردنی هیتلەربووە بەجۆرێک خودی هیتلەر پارتی نازی بوو و  لاندسبێرگ تاقیگەی هیتلەر و نازیزم بوو. 
بەشێکی زۆری لێکۆڵەرەوان لە گەڕاندن بەدوای ئەوەی ئایا هێزێکی سیاسی و ڕۆشنبیری گەورە هیتلەری کردووە بە سەرکردەیەکی لەوجۆرە یاخود هیتلەر خۆی خۆی دروستکردووە، بەڵام ئۆلریچ لە گەڕانەکەیدا گەیشتووە بەوەی " زیندان تەنها هۆکاری ئەوە بووە هیتلەر بروای بە خۆی و ئەرکەکەی بەهێزبێت."

ژیانی زیندان و پێگەیاندنی سەرکردە

هێزە  بافارییەکان بەجۆرێک هیتلەر و هاوەڵە یاخییەکانی ئەویان زیندانیکردووە کە لەبەرژەوەندیاندا بووە. دیارترینیان رودۆڵف هیس بوو کە جێگری دواتری هیتلەر  بووە. ڕۆژانە کاتی نانخواردن یەکتریان بینیوە.
هاوەڵانی هیتلەر بەبێدەنگی لە پشت کورسییەکانیانەوە چاوەڕوانی وشەی "ئامادەبن"یان دەکرد،  پاشان هیتلەر دەچووە سەر مێزەکەو گوتارێکی کورتی دەداو هاوڵانی بەیەکدەنگ دەیانگوت "بژی سەرکەوتن".
زیندان بۆ هیتلەر شوێنێکی ئارام بووە، بەڕادەیەک کە هێندەی لەوێ ئاسوودە بووە لەو شوقەو ماڵانەدا ئاسوودە نەبووە کە تێیاندا ژیاوە. لە زینداندا ژورێکی گەورەی هەبووە کە بەسەر دیمەنێکی جوان و ئارامبەخشدا دەیڕوانی. بەشێک لە پاسەوانەکان هاوسۆزیان لەگەڵیدا هەبووە و خواردنی باش و خۆشی پێگەیشتووە. 
شۆڕشە شکستخواردووەکەی سەرەتای هیتلەر و سزاکانی زیندانی بۆ هاوڵاتیانی ئەڵمانی سەلماندووە کە هیتلەر تەنها قسە ناکات بەڵکو لە دۆخە ناهەموارەکاندا کرداریش دەنوێنێت. زیندان بەشێکی زۆری ئەرکە ڕۆتینییەکانی ژیانی هیتلەری پڕکردبووەوە و کاتی بەردەستی هەبوو تاکو سەرکەوتنەکانی نمایش بکات و کتێبێک بنووسێت. 

کردەوەگەلێک بۆ دەستگرتن بەسەر دەوڵەتدا
بەمجۆرە هیتلەر بەردەوامبوو لە پشوو وەرگرتن و پەرەپێدانی توانای گوتاردانی خۆی، لەچاو ئەو تۆمەتەی پێی زیندانی کرابوو، بە ڕێز و پێزەوە مامەڵەی دەکرد خۆی لە هەموو جۆرە ململانێیەک لەگەڵ دەسەڵاتدارانی زیندانییەکە بەدوور دەگرت. 

بە ڕێزەوە مامەڵەکردنی هیتلەر تەنها ڕێگایەک نەبوو بۆ بەدەستهێنانی شوێن و خۆراکی باش لە زینداندا بەڵکو هەڵگری ئاراستەیەکی فەلسەفیش بوو، چونکە دەیویست پێش ئەوەی بە هێز و دەسەڵاتەوە ببێتە سەرۆک ئەویش لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتەوە و بە بەکارهێنانی میکانیزمەکانی دەسەڵات خۆی. 

هیتلەر خۆی لە زیندان ئاماژەی بەوە داوە کە توندوتیژی سەرناگرێت لەکاتێکدا دەوڵەت بەهێزەو هەموو جۆرەکانی چەکی لەبەردەستدایە. هیتلەر ماوەی زیندانی بەو قەناعەتەوە بەڕێکرد و پێش وادەی خۆی لە زیندان هاتە دەرەوە. دووبارە پارتی سۆسیالیستی ڕێکخستەوە، فرۆشی کتێبەکەی زیادکرد و هەوادارێکی زۆری بەلای خۆیدا ڕاکێشا و لەنێو فشارە ئابووری و سیاسییەکاندا و هاوسۆزی زیاتری بەرامبەر دژە جولەکەکاندا دەردەبڕی. 

تا ساڵی ١٩٣٢ هیتلەر خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندیدکرد و سەرنەکەوت. بەڵام لەماوەی سەرکردایەتی ئەودا نازییەکان کورسی زیاتریان لە بەرلەماندا بەدەستهێنا هەروەها بول فون سەرۆکی ئەڵمانیا هیتلەری وەک ڕاوێژکاری خۆی دیاریکرد پاش ساڵێک یاسادانەرە نازییەکان یاسایەکیان دەرکرد کە ڕێگا خۆشکەربوو بۆ هیتلەر تاکو دەسەڵاتی دیکتاتۆری خۆی جێبەجێبکات. 

هیتلەر هیچ کاتێکی بەفیڕۆ نەدا و وڵاتەکەی خۆی بەرەو جەنگێکی ڕوخێنەر ئاراستەکرد، زیندانیش ئەو شوێنە گونجاوەبوو کە تێید خۆی بۆ ئەو جەنگە ئامادەکرد. 

ئادۆڵف ھیتلەر(١٨٨٩-١٩٤٥ز) پێشەوای پارتی نەتەوەیی سۆسیالیستی و ڕابەری ئەڵمانیا لە سەردەمی دەسەڵاتداری پارتی نازی لە ساڵانی ١٩٣٣ ھەتا ١٩٤٥ بووە.

ھیتلەر لە شەڕی جیھانی یەکەمدا سەرباز بوو و لە ساڵی ١٩٢٠ بوو بە ئەندامی پارتی نازی لە ١٩٢١ دا بووە سەرۆکی پارتەکە.

بەبۆنەی بەشداری لە کوودەتای سەرنەکەوتووی ساڵی ١٩٢٣ ماوەیەک لە بەندیخانە بووە. بە پەرەپێدانی بیرۆکەی نیشتمانپەرەستی و دژایەتی بەرامبەر بە کۆمۆنیزم و جووەکان و ھەروەھا لێدوانە پڕھەستەکانی بۆ جەماوەر و کاربەدەستان، لە سەرانسەری ئەڵمانیا پشتیوانی بۆ خۆی ساز کرد. 

لە ١٩٣٣ دا بووە سەرۆک وەزیران و زۆر بە خێرایی دیکتاتۆری بنیات ناوە. ھێندەی نەخایاندووە  ئەڵمانیا لە بواری سوپا و پێشکەوتنەکانی بواری پیشەسازیی بووە یەکێک لە زلھێزەکانی ئەورووپا
ئەڵمانیا ساڵی ١٩٣٩ بە مەبەستی داگیر کردن ئوتریش ھێرشی کردە سەر چیکوسڵەڤاکیا و پۆلەندا ھەر بۆیە بەڕیتانیا و فەڕەنسا شەڕیان لەگەڵ ئەڵمانیا دەست پێکرد. ئەوە بوو جەنگی جیھانی دووەم دەستی پێکرد

ئەڵمانیا و پشتیوانەکانیان، ھێزەکانی میحوەر و فەڕەنسا و بەڕیتانیا ھێزی ھاوپەیمانان بوون. لە سێ ساڵدا ھێزەکانی میحوەر زۆرینەی بەشەکانی ئەورووپا و ڕۆژھەڵاتی ئاسیا و باکووری ئەفریقایان داگیر کرد بەڵام لە ساڵی ١٩٤٢ بەدواوە ھاوپەیمانەکان دەستیان کرد بە وەرگرتنەوەی وڵاتە داگیرکراوەکان و لە ١٩٤٥ دا ئەڵمانیا لە ھەموو لاوە دەوری گیرابوو و لە کاتی گرتنی شاری بەرلین ھیتلەر بە فیشەکێک خۆی کوشت. بەرپرسایەتی جەنگی جیھانی دووەم بە تەواوی لە ئەستۆی ھیتلەر دەزانن. ئەو شەڕە کووژراو و بریندارێکی زۆری لێکەوتەوە. زۆرترین ژمارەی کووژراوەکان کۆشتنی بە کۆمەڵی جووەکان دەزانن کە تێیدا نزیکی ٦ میلیۆن کەس کووژران و سووتێنران. ئەو ڕووداوە بە جینۆسایدی ھۆڵۆکۆست ناو دەبەن.