ڕاپۆرتی جیهانی

02:10 - 15/06/2020

رۆژی جیهانی هۆشیاركردنەوەی خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ بەتەمەنەكان‌

پەیسەر

رەنگە هیچ قۆناغێك بە ئەندازەی پیریی بۆ ئەزموون كردنی ژیان و كۆكردنەوەی زانیاریی بەهێز و گونجاو نەبێت، بەڵام لە هەمان كاتدا تەمەنی پیریی داڕمانی جەستەو پەیدا بوونی نەخۆشی لەگەڵدایە، پیریش حاڵەتێكی سروشتییەو بەرۆكی هەموو ئەو كەسانە دەگرێت كە لە تەمەنی گەنجی دەپەڕنەوە، پۆناغێكەو پێیدەگەن، پیریی وەك دەگوترێت نە دەرمانی هەیەو نە چارەسەر، بەڵام چی بكرێت بۆ ئەوەی لەم دۆخە ناهەموارەدا زیاتر ئاگامان لە پیرەكانمان بێت؟ 

خراپی مامەڵەكردن لەگەڵ بەتەمەنەكان بۆتە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی جیهانی و كاریگەری لەسەر تەندروستی ملیۆنان كەس دروست كردووە كە مافەكانیان پێشێل دەكرێت و ئەو دیاردەیەش تایبەت نیە بە وڵاتێك و لەزۆرینەی وڵاتانی جیهان بەدی دەكرێت، بۆ هۆشیاركردنەوەی دانیشتوانی گۆی زەوی نەتەوەیەكگرتووەكان رۆژی 15ی حوزەیرانی وەك رۆژی جیهانی هۆشیاركردنەوە سەبارەت بەخراپی مامەڵەكردن لەگەڵ بەتەمەنەكان دیاریكردووە.

خراپی مامەڵە:
لەهەرشەش بەتەمەنێك یەكێكیان بەدەست خراپی مامەڵەكردنەوە دەناڵێنێت. نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێت لەهەش شەش بەتەمەنێك یەكێكیان بەدەست خراپی مامەڵەوە دەناڵێنێت، هەروەها رەنگە هێرشكردنە سەر ئەو بەتەمەنانەی لە دامەزراوەكان دەژیەن زیاتر بێت لەوانەی لە هەر شوێنێكی دیكەی كۆمەڵگەدا دەژیەن، لەبەر ئەوەی لەو شوێنانەدا داهات و كاریان دەوێت و ئەوانیش بە هۆی هەڵكشانی تەمەنیانەوە ئەو توانایەیان نەبێت.

دەكرێت مامەڵەی خراپ لەگەڵ بەتەمەنەكان ببێتە هۆی توش بوونیان بەنەخۆشی جەستەیی مەترسیدار و كاریگەری دەرونی خراپ بۆ ماوەیەكی دووروودرێژ جێبهێڵێت.
پێشبینی دەكرێت خراپی مامەڵە لەگەڵ بەتەمەنەكان زیاتر بێت بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆری وڵاتان پیربوونی خێرای كۆمەڵگە بەخۆیانەوە ببینن.

ژمارەی بەتەمەنەكان زۆر زیاد دەكات
ژمارەی ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەرووی 60 ساڵەوە بووە لەساڵی 2015 دا 900 ملیۆن كەس بووە و پێشبینی دەكرێت ژمارەكە بۆ 2 ملیار كەس لەساڵی 2050 دا بەرزبێتەوە.

بەهۆی كۆرۆناوە نارەحەتی بەتەمەنەكان زیادیكردووە
ڤایرۆسی كۆرۆناوە بۆتەهۆی ترس و دڵەراوكێی بەتەمەنەكان بەجۆرێك زمان ناتوانێت نارەحەتی و ئازارەكانیان دەرببرێت، جگە لەوەی كە ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری راستەوخۆ لەسەر بەتەمەنەكان جێدەهێڵێت، هەروەها ڕووبەڕووی جیاكاری و جیاكردنەوە و كەرەنتینەیەكی گەورە دەكرێنەوە كە پێشبینی دەكرێت كاریگەری لەسەر بەتەمەنەكان جێبهێڵێت.

هەڵویستی نەتەوە یەكگرتووەكان:
ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەو بارەیەوە پەیامی تایبەتی خۆی هەیەو دەڵێت :  پێویستە بەتەمەنەكان لەسەردەمی كۆرۆنا و دواتریش بپارێزرێن.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرس سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەرۆژی جیهانی هۆشیاركردنەوە سەبارەت بە خراپی مامەڵەكردن لەگەڵ بەتەمەنەكان پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە و تێیدا باسی ئەوەی كردووە كە " لەگەڵ ئەوەی هەموو تەمەنەكان مەترسی توش بوون بەكۆڤید 19 یان لەسەرە، بەڵام بەتەمەنەكان زیاتر مەترسی ئەوەیان لەسەرە كە بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیان لەدەست بدەن یان دووچاری نەخۆشی قورس ببن لەدوای توش بوونیان بەو ڤایرۆسە، بەجۆرێك تێكرای مردن بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە لەو كەسانەی تەمەنیان لە 80 ساڵ زیاترە، پێنج ئەوەندە زیاترە لە تەمەنەكانی تر، هەروەها 66%ی ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەرووی 70 ساڵیەوەیە لایەنی كەم بەدەست نەخۆشیەكەوە دەناڵێنن، ئەوەش وادەكات مەترسی زیاتریان بەهۆی توش بوون بەكۆڤید 19 لەسەر بێت"

سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان راشیگەیاندووە " بەتەمەنەكان ڕووبەڕووی جیاكاریەكی تریش دەبنەوە ئەویش لەسەر بنەمای مامەڵەكردن و چاودێری پزیشكی و دابینكردنی ئەو دەرمانانەی رزگاركەری ژیانن، بەشێوەكی گشتی و لەسەر ئاستی جیهانی یەكسانی لەو بوارەدا نیە، تەنانەت پێش بڵاوبونەوەی كۆڤید 19 نیوەی بەتەمەنەكان لە وڵاتە گەشەكردووەكان خزمەتگوزاریە تەندروستیە پێویستەكانیان نەبووە، و بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسەش دەبێتە هۆی كەم بوونەوەی دەرفەتی خزمەتگوزاری پزیشكی بەپەلە كە پەیوەندی بەكۆڤید 19 وە نیە ئەمەش مەترسی سەر ژیانی بەتەمەنەكان زیاتر دەكات"

ئەنتۆنیۆ گۆتێرس دەڵێت " بەتەمەنەكان لەناو چینە لاوازەكاندا لەئێستادا زۆرتر ڕووبەڕووی خزان دەبنەوە، و ڤایرۆسی كۆڤید 19 تەنها هەرەشە نیە بۆ سەر لەشساغیان بەڵكو هەرەشەیە بۆ سەر تەندروستی كۆمەڵایەتی و دەرفەتی خزمەتگوزاری پزیشكی و سەرچاوەی داهات و كارەكانیان"

كەرەنتینەش زیانی لێداون
لەساڵی 2017 دا لە هەر 6 بەساڵاچویەك یەكێكیان ڕووبەڕووی خراپی مامەڵە بۆتەوە و لەگەڵ هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆناوناچاربوونی خەڵك بە دانیشتن لە ماڵەكان و بەردەوامی خۆ كەرەنتینەكردن و كەم بوونەوەی خزمەتگوزاریە تەندروستیەكان توند و تیژی بەرامبەر بەتەمەنەكان زیاتر دەبێت.

ڤایرۆسی كۆڤید 19 دەبێتە هۆی كەم بوونەوەی داهاتی بەتەمەنەكان و دابەزینی ئاستی بژێویان، بەوپێیەی 20%ی بەتەمەنەكان لەتەمەنی خانەنشینی بەشێوەیەكی رێك و پێك موچە و شایستەكانیان وەردەگرن.
هەروەها پێویستە وەها سەیری بەتەمەنەكان نەكرێت كە قوربانین بەڵكو بەشێكیان هەوڵ دەدەن ژیانی خەڵكانی تر رزگار بكەن و لەبواری تەندروستی و چاودێری و خزمەتگوزاریە تەندروستیەكان كاردەكەن.

كۆرۆنا و بە تەمەنەكان
هەر لەسەرەتادا دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە ڤایرۆسی كۆڤید 19 مەبەستێكی لەپشت بێت ئەویش  مردنی بەتەمەنەكان بێت، بەڵام ئەوە جگە لەدەنگۆیەك لەلای ئەوانەی بروایان بە بیردۆزی پلانگێری هەیە شتێكی تر نەبوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەساڵاچوان قوربانی یەكەمی ڤایرۆسە تاجیە نوێیەكە بوون.

تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات
رێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دا لەوەی مەترسی ڤایرۆسی كۆڤید 19 بەشێوەی پلەبەندی مەترسیەكەی زیاد دەبێت بەپێی هەڵكشانی تەمەن و ئەو هۆشداریەش لەتەمەنی 40 ساڵیەوە دەست پێدەكات و ئەوەی زۆر مەترسی لەسەرە ئەو كەسانەن كە تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاترە ( جگە لەو كەسانەی بەدەست نەخۆشی درێژخایەنەوە دەناڵێنن)
بەڵام بەریتانیا 70 ساڵی دیاریكرد بۆ سەپاندنی مەرجی قورسی كەرەنتینەكردن.

بەساڵاچوان قوربانی یەكەمن
هانز كلوج بەرێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی -لقی ئەوروپا رۆژی  23/4/2020  لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند نیوەی قوربانیانی كۆرۆنا لە ئەوروپا لەخانەكانی باساڵاچواندا بوون بووە بەزۆریش بەهۆی پشتگوێ خستنەوە بووە.