ڕاپۆرتی جیهانی

05:24 - 13/06/2020

فۆڕمەکانی ناڕەزایەتی: لە قەرەباڵغی شەقامەکانەوە بۆ پشت شاشەکانی سۆشیاڵ مێدیا‌

پەیسەر

بەدرێژایی مێژوو و شارستانییەتەکاندا ناڕەزایەتی جەماوەری یەکێک بووە لە فۆڕمە هەرە گرنگەکانی گۆڕینی دەسەڵات و بەدەستهێنانی گۆڕانکاری. دەسەڵات لەڕێی داخوازی و فشارەکانی جەماوەرەوە ناچارکراوە بە گۆڕینی سیاسەتی کاری خۆی یاخود لەسەر کورسی بەڕێوەبردن هێنراوەتە خوارەوە. ئێستا و پاش تێپەڕبوونی دەیەیەک لە شارستانییەت و دوای هاتنی چەندین نەوەی نوێ ناڕەزایەتییەکانی جیهان فۆڕمی جیاواز وەردەگرێت و داخوازی جەماوەریش بۆ ئاستێکی بەرزتر دەڕوات. لێرەدا پرسیار ئەوە: ئایا کاریگەرترین فۆڕمی ناڕەزایەتی دەبێت چی بێت؟ بۆ ئەمەش ناڕەزایەتی وڵاتانی جیهان بە نمونە دەهێنینەوە و پاشان دەپرسین بۆچی لە هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتییەکان فۆڕمی جیاواز و کاریگەر لەخۆی ناگرێت؟

شۆڕشەکانی ڕابردوو
سەد ساڵ بەر لەئێستا و لە ساڵی ١٩١٧دا شۆڕشی ئۆکتۆبەر کە بە شۆڕشی بەلشەڤیکی یان ئۆکتۆبەری سوور ناسراوە لە ڕووسیا لەلایەن حیزبی بۆلشەڤیکەوە بە ڕابەرایەتی ڤلادیمێر لینین بەرپابوو، ئەم شۆڕشە جەماوەرییە، سیستێمی سۆسیالیستی و دەستەڵاتی سۆڤیێتی، کە دەکاتە دەستەڵاتی ئەنجومەنی کرێکاران و جوتیارانی لە ناو خاکی یەکێتی سۆڤیێت چەسپاند. میکانیزمی سەرکەوتنی شۆڕشەکە میکانیزمێکی چەکداری و جەماوەری بوو دژ بە سیستێمی حوکمڕانی و حکومەتی بورژوا.

پاشان شۆڕشی خوێندکارانی فەڕەنسا لە ساڵی ١٩٦٩ سەریهەڵدا کە بە ڕاپەڕینی خوێندکاری ناسراو تیشکخستنە سەر کلتووری کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی بوو کە لە خوێندکارانەوە دەستیپێکرد و پاڵپشتی چەندین بیرمەندی ئەو سەردەمەی وەک ئادۆرنۆ، هابرماز، مارکۆزە، سارتەر و کامۆی بەدەستهێنا. خوێندکاران ڕژانە سەر شەقامەکان و چەندین فۆڕمی جیاوازیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و گۆڕینی سیستمی کۆنەپارێز بەکار هێنا، لەوانە وتاردان، موزیک،خوێندنەوەی شیعر و بڵاوکردنەوەی وتەی ڕادیکاڵانە. تا بووە هۆی ئەوەی ڕاپەڕینەکە فۆڕمێکی فراوانتر وەربگرێت و چینی کرێکارانیش هاتنە پاڵ خوێندکاران.

بەهاری عەرەبی لە دواییەکانی ساڵی ٢٠١٠ سەریهەڵدا، ئەویش لەدوای ئەوەی پۆلیسی شارەوانی ناهێڵن کوڕێکی میوەفرۆش بەناوی محەمەد بو عەزیزی عەرەبانەکەی بباتە بازاڕی میوەفرۆشان و کارەکەی بکات، ڕووداوی خۆ سوتاندنی محەمەد بو عەزیزی بەدوادا دێت. ئەمە کاردانەوەیەکی گەورەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێدەکەوێتەوە و خەڵکی لەڕێی هاشتاگێکی هاوبەشەوە خۆیان ڕێکدەخەن و دەڕژێنە سەرشەقامەکان و دەستیان بەسەر زۆرینەی شوێنە گرنگەکانی حکومەتدا گرت. تا بوە هۆی ئەوەی زین عابدین بن عەلی سەرۆکی جمهوری تونس لە شار هەڵهات و دادگای تونسیش بڕیاری ٢٠٧ ساڵ زیندانی و ٢١٨ ملیۆن دیناری تونسی بەسەردا سەپاند.

میکانیزمەکانی بەرەنگاری لەسەردەمە جیاوازەکاندا
فۆڕمی ناڕەزایەتییەکان بەپێی شوێن و سەردەم گۆڕانی بەسەردا دێ و هەمان فۆڕمی سەردەمێک ناتوانێت لە سەردەمێکی دیکەدا هێندەی سەردەمەکەی خۆی کاریگەری دابنێت.

کاتێک مەزڵوم دۆغان ١٤ی تەمموز لە زیندانەکانی ئامەد وەک ئاکتێکی بەرەنگاری خۆی سووتاند توانی ببێتە مۆرکێکی بەرفراوانی هێز و خۆڕاگری بۆ هاوەڵانی. خۆسوتاندنەکەی فۆڕمێکی پڕ ماناو هونەرییانەی هەبوو، بەڵام ئێستا کاتێک گەنجێک یان کەسێک بە هەر هۆکارێک خۆی دەسووتێنێت نەک هەر ناتوانێت هەمان مۆرکی سیاسی و بەرەنگار وەربگرێت، بەڵکو وەک ڕووداوێکی زۆر سادە و ڕووکەشی تێدەپەڕێت.

لە سەردەمی نازییەکاندا، سۆفی شۆڵ، خانمە خوێندکار بەیاننامەی ئاگایی و بەرەنگاری بە خوێندنگەکەیدا بڵاودەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی سزای کوشتنی بەسەردا بسەپێنرێ بەڵام بۆ هەمیشە ناو و ئاکتی ئەو خوێندکارە وەک سیمبولێکی ناڕەزایی و هاندەر بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێنێتەوە، بەلام لە ئێستادا ئازادی ڕادەربڕین هەرچەندە ڕووکەشیش بێت، هێشتا ئەو زەمینەیەی فەراهەمکردووە کە کردەیەکی هاوشێوە ناتوانێت هەمان کاریگەری سەردەمەکەی خۆی هەبێت.

هۆکاری لەدەستدانی کاریگەری میکانیزمەکانیش بۆ بەرەوپێشچوونی سەردەم و هاتنە کایەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دەگەڕێتەوە، کە بووەتە هۆی ئەوەی تا ڕادەیەک خەڵکی بتوانێت بەڕێگایەکی ئاسانتر ئەوەی دەیەوێت بیڵێت و هەر زووش ببێتە بیروڕایەکی پاسیڤ.

بەم دواییانە و دوای کوژرانی جۆرج فلۆیدی ڕەشپێست لە لایەن پۆلیسێکەوە لە شاری مینیاپولیسی سەر بە ویلایەتی مینیسوتای ئەمەریکا، چەندین ڕێپێوان و ناڕەزایەتی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و جگە لەوەیش، لە وڵاتانی ترەوە بە شێوازی جیاواز پشتگیری بۆ ئەو دۆزە دەردەبڕدرێت. هاوڵاتیان چەندی فۆڕمی جیاوازی ناڕەزایەتی وەک شکاندنی پەیکەر، سوتاندنی بنکەکانی پۆلیس و هونەری سەشەقامیان بەکارهێنا و هەر هاوڵاتییەک لەجێی خۆیەوە بەهرە و توانای خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکاردەهێنا، بەڵام لە هەمان کاتدا هەواڵی کوژرانی گەنجێکی ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی گوێگرتن لە گۆرانی کوردییەوە ڕوویدا و هیچ ناڕەزایەتییەکی جەماوەری لێنەکەوتەوە. لەکاتێکدا هەردوو ڕووداوەکە لەسەر بنەمای ڕەگەزپەرستین و شایەنی ڕووخاندنی ئەو سیستمە فاشیستەن کە ئەو جۆرە ئایدۆلۆژیایە بەرهەمدەهێنێت.

لێرەدا دەپرسین، بۆچی لە هەرێمی کوردستان چەوساندنەوە و کارەساتە گەورەکان ناتوانن ناڕەزایەتی جەماوەری بەرمەبنای بیرکردنەوە و داخوازی ڕیشەیی سەرپێبخەن؟ دەکرێت وەڵامدانەوەی ئەوە لەوەدا کورتبکەینەوە کە میکانیزمی ناڕەزایەتی جیاواز بوونی نییە و خەڵکی بێزاربوون لە هاتنە سەرشەقامەکان، هەروەها تەکنەلۆژیا وایکردووە هاوڵاتییەکی تەمبەڵ پێبگەیەنێت کە جگە لە دەربڕینی ڕایەک و خۆ بەتاڵ کردنەوەیەک هیچ حەوسەڵەی کردەی جیاوازی نەمێنێت لەپێناو مافەکانیدا. نمونەی ئەوەیش هەڵمەتی هاشتاگی بڕی ٤٠٠ ملیارە  لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە نازانرێت حکومەت چۆن و لە چیدا خەرجی کردووە و بووەتە هۆی تووڕەکردنی هاوڵاتیان. بەڵام پێناچێت ئەمجۆرە هەڵمەتە هیچ بنەمایەکی سیاسی و ڕێکخستنێکی جەماوەری بخولقێنێت کە داخوازییەکانی هاوڵاتیان بباتە ئاستێکی بەرزتر.