ڕاپۆرتی جیهانی

11:50 - 12/06/2020

ئه‌فریقا چۆن له‌ شه‌ڕى كۆرۆنادا سه‌ركه‌وتوو بوو؟‌

پەیسەر


تا ئێستاش وڵاتانی ئه‌فریقا له‌چاوی جیهانه‌وه‌، وه‌ك شوێنی نه‌خۆشی و په‌تا لێی ده‌ڕواندرێت، به‌تایبه‌تیش كه‌ نه‌ په‌نای بۆ ده‌بردرێت و نه‌هیچیشی لێ داواده‌كرێت بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی په‌تا و نه‌خۆشی، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌وه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كه‌ له‌سه‌ره‌تا له‌شاری ووهانی چین سه‌ری هه‌ڵدا شتێكی تری ده‌رخست، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كیشوه‌ره‌‌ ره‌شه‌كه‌ توانای گرتنه‌به‌ری رێكاری خۆپارێزی خۆی هه‌یه‌، به‌ده‌ستهێنانی شتێك كه‌ ئه‌وروپا و هه‌ردوو ئه‌مریكاكه‌ نه‌یانتوانی به‌ده‌ستی بهێنن، به‌جۆرێك رێگه‌ی نه‌دا ڤایرۆسه‌كه‌ له‌سه‌ر خاكی ئه‌فریقا بته‌قێته‌وه‌.

ئه‌فریقیا پێشبینیه‌ نه‌رێنییه‌كانی بێئومێد كرد

له‌راستیدا تائێستا ئه‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌فریقی  ڤایرۆسه‌كه‌ گه‌مارۆ بده‌ن، كارێكی چاوه‌ڕوان كراو نییه‌، له ‌كۆتایی مانگی ئازاری رابردوودا، میدیاكان به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسایان بڵاوكرده‌وه،‌ كه‌ دزه‌ی پێكرابوو تێیدا هۆشداری دابوو له‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌فریقا له‌ لێواری ته‌قینه‌وه‌دان، و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ خۆپیشاندانی گه‌وره‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاتانه‌ بكرێت، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ شكست ده‌هێنن له‌ گرتنه‌به‌ری رێكاری پێویستی ته‌ندروستی و ئابوری و ئه‌منی كه‌ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌وه‌ دروست ده‌بن.

زۆرینه‌ی میدیاكان به‌هه‌مان رێگادا رۆیشتن، له‌چه‌ند هه‌فته‌ی یه‌كه‌می بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌دا وایان پیشان ده‌دا، كه‌ قیامه‌ت و مردن و وێرانكاری له‌ ئه‌فریقیا ڕووده‌دات، راپۆرته‌كان وا بڵاوده‌كرانه‌وه‌ كه‌ نیگه‌رانی و ره‌شبینی گه‌وره‌یان بڵاوده‌كرده‌وه‌، وه‌ها وێنایان ده‌كرد كه‌ دۆخی چاوه‌ڕوانكراو بۆ مردنی به‌كۆمه‌ڵه‌، له‌ وڵاتانی ئه‌فریقی به‌هۆی كه‌می ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد و جلوبه‌رگی خۆپارێزی.

ته‌نانه‌ت رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان پێشبینیكرد، نزیكه‌ی ٢٩ تا ٤٤ ملیۆن كه‌س له‌ کیشوەرە ره‌شه‌كه‌ توشی كۆڤید ١٩ بن، ئه‌گه‌ر وڵاتانی ئه‌فریقا له‌ باشوری بیابانی گه‌وره‌ شكست بهێنن له‌ گرتنه‌به‌ری رێكاری پێویست بۆ خۆپارێزی له‌و په‌تایه‌، ته‌ندروستی جیهانی پێشبینیكرد له‌و ژماره‌ توش بووه‌ی ئه‌فریقیا ١٠٧ هه‌زار كه‌سیان پێویستیان به‌ ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد هه‌بێت، و ١٩٠ هه‌زار كه‌سیش له‌ ٤٧  وڵاتی ئه‌فریقی به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشیه‌وه‌ گیان له‌ده‌ست بده‌ن.

به‌ڵام ئێستا راستیه‌كان ده‌ركه‌وتن و له‌دوای تێپه‌ڕبوونی شەش مانگ به‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌، ئه‌فریقا سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندترین ڤایرۆس و په‌تا له‌ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوودا، لایه‌نی كه‌م له‌ قۆناغی سه‌ره‌تادا، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی تیدروس ئه‌دهانوم به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی به‌ئاشكرا ئاماژه‌ به‌ ئەفریقا بكات و بڵێت كه‌ ته‌نها ١.٥%ی توشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنای له‌خۆگرتووه‌ له‌جیهاندا، و ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی كۆرۆنای نوێوه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ ٠.١% له‌ئه‌فریقان.

تا نوسینی ئه‌م راپۆرته‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ته‌واوی ئه‌فریقا توشی كۆرۆنا بوون ١٩٠ هه‌زار كه‌سه‌ و نزیكه‌ی ٨٣ هه‌زار كه‌سیان چاره‌سه‌ركراون و ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ نزیكه‌ی ٥٢٠٠ توش بووه‌، له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر له‌چه‌ند شارێكی ئه‌وروپا تۆماركراوه‌.

سه‌ركه‌وتنی ئه‌فریقا

له‌كاتێكدا ده‌بینین میدیاكانی جیهان باسی سه‌ركه‌وتنی ئه‌زمونی وڵاتانی وه‌ك چین و نیوزله‌ندا و تایوان و یۆنان و كۆرۆیای باشور ده‌كه‌ن له‌ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆرۆنا، به‌ڵام ده‌ستكه‌وتی وڵاتانی ئه‌فریقیا پشتگوێ ده‌خه‌ن كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانیان ١.٤ ملیار كه‌سه‌، و زۆر وڵاتی ئه‌فریقی له‌باشوری بیاباندا شایسته‌ی ئه‌وه‌ن، ناویان بخرێته‌ ناو وڵاتانی تری جیهان له‌ گه‌مارۆدانی په‌تاكه‌دا له‌وانه‌ش:

سه‌نیگال: ته‌نها 49 مردن

سه‌نیگال یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ و پلانی سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌دا داڕشت، هه‌ر له‌سه‌ره‌تادا كه‌ هۆشداری له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ درا له‌ مانگی كانونی دووه‌می ٢٠٢٠ سنوره‌كانی داخست، پلانێكی گشتگیری دانا و خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستیه‌كانی له‌ نه‌خۆشخانه‌كان كرده‌ بێبه‌رامبه‌ر بۆ ئه‌وانه‌ی توشی كۆرۆنا ده‌بن، و دواتریش په‌ره‌ی به‌ ئامێری پشكنینی خێرای نه‌خۆشییه‌كه‌دا به‌جۆرێك نرخه‌كه‌ی له‌دۆلارێك تێپهڕناكات بۆ هه‌ر نه‌خۆشێك و له‌ماوه‌ی ١٠ خوله‌كدا ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌رده‌خات.

له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا سه‌نیگال كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ١٦ ملیۆن كه‌سه‌، ژماره‌ی توش بووه‌كانی ١٦٧٩ كه‌سه‌، و به‌پێی ئاماری زانكۆی هوبكنز تائێستا ته‌نها ٤٩ توش بوویان مردوون و به‌رپرسانی حكومه‌ت و پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆیان به‌جیا ئاڕاسته‌ی یه‌ك به‌یه‌كی كه‌سوكاری كۆچكردووه‌كان كردووه‌.

غانا.. و ته‌كنه‌لۆژیای پشكنینی به‌كۆمه‌ڵ

غانا یه‌كێكی تره‌ له‌و وڵاتانه‌ و ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ٣٠ملیۆن كه‌سه‌ و ٤٨حاڵه‌تی مردن به‌هۆی كۆرۆناوه‌ تۆماركراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌و سیستمه‌ فراوانه‌ی پشكنین و لێكۆڵینه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ پشتی پێبه‌ست، هه‌روه‌ها زۆر هۆكاری تری ته‌ندروستی به‌یه‌كه‌وه‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر رێگری له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ هه‌بوو، جیاواز له‌ وڵاتانی تری جیهان غانا توانی ته‌كنه‌لۆژیایه‌ك دروست بكات بۆ پشكنین كه‌ پشتی به‌ "پشكنینی به‌كۆمه‌ڵ" ده‌به‌ست، به‌جۆرێك خوێنی خه‌ڵكانی جیاجیا به‌یه‌كه‌وه‌ پشكنینیان بۆ ده‌كرا و دواتر ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌دۆزرانه‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌یان ئه‌رێنی بووه‌، له‌ئێستادا رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و پرۆگرامه‌ ده‌كات.

باشوری ئه‌فریقیا و هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌رێگه‌ی واتس ئه‌په‌وه‌

باشوری ئه‌فریقیا كه‌ جوڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی گواستنه‌وه‌ی جیهانی تێدایه‌، به‌خێرایی هه‌وڵه‌كانی بۆ رێگری له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ گرته‌به‌ر و حكومه‌ت "دۆخی كاره‌ساتی نیشتمانی " راگه‌یاند و به‌هۆیه‌وه‌ كه‌ره‌نتینه‌ی ته‌واوه‌تی له‌وڵات راگه‌یاند، پێش یه‌كه‌م حاڵه‌تی مردن به‌ كۆڤید ١٩حكومه‌ت هه‌وڵێكی بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌رێگه‌ی واتس ئه‌په‌وه‌ ده‌ست پێكرد، ئه‌وه‌ش له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ پاراستی، له‌ئێستادا هه‌وڵ ده‌دات ١٠هه‌زار ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد دروست بكات پێش كۆتایی ئه‌م مانگه‌.

ئه‌سیوبیا بێ كه‌ره‌نتینه‌ سه‌ركه‌وتوو بوو 

ئه‌سیوبیا كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ١١٤ملیۆن كه‌سه‌ ته‌نها ٣٢ كه‌س به‌هۆی كۆرۆنای نوێوه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، جیاواز له‌زۆرینه‌ی وڵاتانی تری جیهان كه‌ره‌نتینه‌ی ته‌واوه‌تی رانه‌گه‌یاند، به‌ڵكو هانی كه‌رته‌كانی وه‌به‌رهێنان و چالاكی ئابورییه‌كانی ده‌دا، به‌رده‌وام بن له‌كاركردن له‌وكاتانه‌ی كه‌ كۆرۆنا بووبووه‌ قه‌یران، به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ رێكاری فراوانی گرته‌ به‌ر بۆ پشكنینی كه‌سه‌كان ئه‌وه‌ش یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ بوو له‌ سنورداركردنی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌.

ئۆگه‌ندا... دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌یه‌كتر

له‌ ئۆگه‌ندا و هه‌ر له‌سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ تائێستا ٦٥٧ توشبوو تۆماركراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت كه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی هاوڵاتیانی له‌ بازار و شوێنه‌گشتییه‌كان سه‌پاند، له ‌ئێستادا كۆمپانیای ئۆتۆمبێلی "كیرا موتورز" كارده‌كات له‌سه‌ر دروستكردنی ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد به‌نرخێكی كه‌م.

رواندا په‌نا بۆ فرۆكه‌ ده‌بات

رواندا یه‌كێكی تره‌ له‌وڵاته‌ ئه‌فریقیه‌كان كه‌ ته‌نها دوو حاڵه‌تی مردن به‌هۆی كۆرۆنای نوێوه‌ تۆماركراوه‌، له‌دوای ده‌ركه‌وتنی یه‌كه‌م حاڵه‌تی توش بوون به‌كۆڤید ١٩، حكومه‌ت قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوه‌تی هاتوچۆی راگه‌یاند و بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆرۆنا و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری پزیشكی به‌ناوچه‌ گوندنشینه‌كان، په‌نای بۆ به‌كارهێنانی فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان به‌ست.

رێكاری توند و په‌تای پێشووتر... هۆكاری سه‌ركه‌وتنی ئه‌فریقا

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌فریقیا سیستمێكی ته‌ندروستی به‌هێزیان نیه،‌ به‌ڵام تائێستا به‌باشی به‌رامبه‌ر ئه‌و ڤایرۆسه‌ خۆیان راگرتووه‌، تێكرای توش بوون و مردن به‌و ڤایرۆسه‌ كه‌مه‌ ئه‌وه‌ش زۆر له‌چاودێرانی توشی سه‌رسوڕمان كردووه‌، له‌بنەڕه‌تدا هۆكاری سه‌ره‌كی كه‌می ژماره‌ی توشبووان و مردووان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرایی وڵاتانی ئه‌فریقی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كۆڤید ١٩ به‌جۆرێك دكتۆر ماچیدیسی مویتی به‌رێوه‌به‌ری رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌ ئه‌فریقیا ده‌ڵێت"حكومه‌ته‌كان له‌ وڵاتانی ئه‌فریقیا رێكاری پێشوه‌خته‌ی قورسیان گرته‌ به‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باجی زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر ئابوری و كۆمه‌ڵگه‌كانیان، هه‌روه‌ها هاوڵاتی وڵاتانی ئه‌فریقی ئاماده‌بوون چه‌ند رێكارێكی قورس بگرنه‌به‌ر، ئه‌وه‌ش یارمه‌تیده‌ر بوو له‌هێواشی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌".

هه‌روه‌ها وڵاتانی رۆژئاوا و ناوه‌راستی ئه‌فریقا ئه‌زمونێكی فراوانیان هه‌بوو له‌چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ڤایرۆسی ئیبۆلا له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایید، هه‌روه‌ها ئه‌زمونیان له‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ چه‌ند نه‌خۆشیه‌كی تری وه‌ك مه‌لاریا هه‌بوو، هه‌موو ئه‌و ئه‌زمونانه‌ یارمه‌تیدان له‌چۆنێتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌ نوێیەكه‌، هه‌روه‌ها چه‌ند تایبه‌تمه‌ندیه‌كی تر هه‌بوون كه‌ كاریگه‌رییان هه‌بوو له‌وانه‌ش زۆری رێژه‌ی گه‌نجان و كه‌می رێژه‌ی به‌ساڵاچووان به‌جۆرێك سەدا ٣ی دانیشتوان ته‌مه‌نیان ٦٥ ساڵ یان زیاتره‌، به‌پێچه‌وانه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌ كه‌ سەدا ٢٠ی دانیشتوانه‌كه‌ی ته‌مه‌نیان ٦٥ ساڵ یان زیاتره‌، ئه‌وه‌ش ده‌كرێت وه‌ك به‌شێك له‌ نهێنییه‌كه‌ لێیبڕواندرێت به‌جۆرێك به‌ته‌مه‌نه‌كان ئه‌گه‌ر توشی كۆرۆنا بن ئه‌وه‌ رووبه‌ڕووی مه‌ترسییان ده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ك له‌ ئاماره‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت.

جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌فریقیا له‌ ڕووی جوڵه‌ی ئاسمانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، تاڕاده‌یه‌ك په‌راوێزخراوه‌ به‌راورد به‌ شوێنه‌كانی تری جیهان، له‌و کیشوەرە‌ هانی به‌كارهێنانی جگه‌ره‌ و قه‌ڵه‌وی نادرێت كه‌ دووهۆكاری مه‌ترسیدارن.

ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی كاریگه‌ری په‌تای كۆرۆنایه‌ كه‌ له‌سه‌ر کیشوەری ره‌شه‌كه‌ خراپتر ده‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ئاڕسته‌ی داهێنان و شه‌فافیه‌تی زیاتر و هه‌ستانه‌وه‌ی ئابوری هه‌نگاوبنێن.

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ماڵپه‌ری ساسه‌ پۆست به‌زمانی عه‌ره‌بی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و په‌یسه‌رپرێس كردویه‌تی به‌كوردی