ڕاپۆرتی جیهانی

04:03 - 11/06/2020

دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، چى له‌ هه‌گبه‌دایه‌ بۆ عێراق؟‌

پەیسەر

ئه‌مڕۆ شاندى به‌رپرسانى ئه‌مریكى و عێراق به‌ ئۆنلاین و له‌رێگه‌ى ڤیدیۆ كۆنفرانسه‌وه‌، زنجیره‌ گفتوگۆیه‌كى چاره‌نوسساز ده‌ستپێده‌كه‌ن، گفتوگۆكان تایبه‌ت به‌ كۆمه‌ڵێك مه‌له‌فى هه‌ڵپه‌سێردراو‌ كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ چاره‌نووسى عێراقه‌وه‌، گه‌رمترین فایل، بابه‌تى بوونى هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كانه‌. 

پێده‌چێت هه‌ردوو لایه‌نى ئه‌مریكى و عێراق، ئێستا له‌هه‌ر كات زیاتر مه‌یلى گفتوگۆیان هه‌بێت، به‌ تایبه‌ت ئێستا مسته‌فا كازمى دۆستى واشنتن له‌سه‌ر ته‌خته‌، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تى كه‌شوهه‌وایه‌كى گونجاوی بۆ گفتوگۆ ره‌خساندووه‌. به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌م گفتوگۆیه‌ ماوه‌یه‌كى زۆر بخایه‌نێت. 

گفتوگۆكان دواى قۆناغێكى ئاڵۆز دێن له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوو وڵات، كه‌ له‌ساڵى رابردووه‌وه‌ ڕووه‌و ساردى و سڕى ده‌چوو، له‌گه‌ڵ هاتنى كازمى به‌ره‌ به‌ره‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ گه‌رم ده‌بێته‌وه‌، به‌پێى راپۆرتێكى فرانس پرێس هاتنى كازمى هه‌لێكى نوێى به‌خشیوه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى عێراقى-ئه‌مریكى بۆ سه‌رده‌مى زێڕین. هاوكات پاشه‌كشه‌ى رۆڵى گروپه‌ چه‌كداره‌كان چانسى چاككردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كه‌ى زیاتر كردووه‌.

كه‌سانى شیاو له‌كاتى شیاودا 

رۆبه‌رت فورد له‌ په‌یمانگاى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست پێى وایه‌، سه‌رله‌نوێ پێناسه‌كردنه‌وه‌ى ته‌واوى په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و ئه‌مریكا به‌ شه‌وو رۆژێك نایه‌ته‌دى، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات بۆ یه‌كه‌م جار كه‌سانى شیاو له‌ شوێن و كاتى شیاون بۆ گفتوگۆ.

له‌ دانوستانه‌كانى ساڵى ٢٠٠٨ی عێراق و ئه‌مریكا، لایه‌نى ئه‌مه‌ریكى مه‌رجه‌كانى رۆشتنه‌وه‌ى دیاریكردبوو دواى شه‌ڕى عێراق. له‌دواى سه‌رهه‌ڵدانى داعش جارێكى دیكه‌ هێزه‌كانى ئه‌مریكا گه‌ڕانه‌وه‌ عێراق، به‌ڵام به‌ ژماره‌یه‌كى كه‌م، له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ واشنتن سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرد دژى داعش.

دواى دووساڵ و نیو له‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش-دا، جگه‌ له‌ دۆخى ئابوورى عێراق، هه‌زاران سه‌ربازى ئه‌مریكى له‌ عێراق بابه‌تى سه‌ره‌كى گفتوگۆ ده‌بێت. 

دواى نزیكه‌ى ٣٠هێرشى مووشه‌كى دژى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا، وه‌ كوشتنى قاسم سوله‌یمانى و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، جارێكى دیكه‌ نه‌یاره‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق دروشمى تۆڵه‌و دوژمنایه‌تییان نوێكرده‌وه‌. 

بۆیه‌ش ئه‌ندامه‌ شیعه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، بڕیارێكى په‌رله‌مانییان په‌سه‌ندكرد بۆ كۆتاییهێنان به‌ بوونى هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ عێراق، ئه‌مریكاش هه‌ڕه‌شه‌ى كرد به‌ لێدان له‌ ده‌یان پێگه‌ى گروپه‌ چه‌كداره‌كانى شیعه‌. 

به‌پێى راپۆرته‌كه‌ى فرانس ٢٤، كازمى بێ هاوكێشه‌یه‌كى یه‌كلاكه‌ره‌وه،‌ رانه‌ده‌سپێردرا‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنیدا وڵات هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌و كه‌وته‌ ژێر قه‌یرانى سه‌خت، خۆپیشاندانێكى چه‌ند مانگه،‌ ٥٥٠ كوژراویان داوه‌و داواى دادپه‌روه‌رى ده‌كه‌ن.

عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ماوه‌ى ساڵێكى ته‌مه‌نى حكومڕانییدا، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌ به‌ ده‌ستهێنانى بانگهێشت بۆ كۆشكى سپى، به‌ڵام كازمى كه‌ مانگێكه‌ بووه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیران، بانگهێشت ده‌كرێت بۆ سه‌ردانیكردنى كۆشكى سپى له‌مساڵدا، به‌پێى دوو به‌پرسى حكومى بۆ پێگه‌كه‌، یه‌كێك له‌ به‌رپرسه‌كان گوتویه‌تى:"كێشه‌ى متمانه‌ هه‌بوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تى پێشوو ئێستا دۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌".

هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى بارمته‌ى بڕیارى ئه‌مریكایه‌

له‌نێو گفتوگۆكاندا زۆر بابه‌ت گفتوگۆده‌كرێت، به‌ڵام پێش هه‌ر شتێك بابه‌تى سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان دێت، به‌رپرسه‌ گه‌وره‌كان له‌ هاوپه‌یمانى نێوده‌ڵه‌تى ده‌پرسن، ئایا ده‌مێننه‌وه‌و رێگه‌پێدراو ده‌بن بۆ فڕۆكه‌وانى و چاودێرى به‌ فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان؟ ئایا تا ئێستاش عێراقییه‌كان زانیارییان ده‌وێت؟ به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ سێ بنكه‌ى سه‌ربازیى له‌ عێراق له‌ دۆخى ئێستادا، به‌رامبه‌ر ١٢ بنكه‌ى سه‌ربازى عێراق.

به‌رپرسێكى عێراقى رایگه‌یاندووه‌:"تا ئێستا ورده‌كاریمان لانییه‌ ده‌رباره‌ى ژماره‌ى سه‌ربازه‌كان، به‌ڵام پێشنیارى ئه‌مریكا باس له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌یان ده‌كات"هه‌رچه‌نده‌ كه‌مكردنه‌وه‌یه‌كى به‌رچاو و كاریگه‌ر كارێكى زۆر پشتیوانیكراو نییه‌، له‌ كاتێكدا تا ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌ى گروپه‌ چه‌كداره‌كان وه‌ك خۆى ماوه‌، هه‌روه‌ك وڵاتانى دیكه‌ى هاوپه‌یمان ئه‌مه‌ ده‌بینن كه‌ لایه‌ن نین له‌ دانوستانه‌كان.

دیپلۆماتكارێك به‌ فرانس ٢٤ى راگه‌یاندووه‌، وڵاتانى دیكه‌ى جگه‌ له‌ ئه‌مریكا له‌ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق ده‌مێننه‌وه‌، به‌ڵام ته‌نها له‌ دۆخێكدا كه‌ ئه‌مریكییه‌كان بمێننه‌وه‌. 

دۆسته‌كانى ئێران له‌ عێراق، به‌وردى چاودێرى دانوستانه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دى گوته‌بێژ به‌ناوى كوتله‌ى فه‌تحه‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران رایگه‌یاند، ئه‌وان شه‌ش مانگ مۆڵه‌تیان داوه‌ به‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ عێراق، بۆ ئه‌وه‌ى وڵات جێبهێڵن. 

كێشه‌ى ژماره‌ یه‌ك 

رۆژى دووشه‌ممه‌ و چوارشه‌ممه‌ دوو مووشه‌كى دیكه‌ كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌، یه‌كێكیان له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ى به‌غداى نێوده‌وڵه‌تى كه‌وته‌ خواره‌وه‌، له‌ نزیك سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان، دووه‌میش له‌ ناوچه‌ى سه‌وز له‌ نزیك باڵیۆزى ئه‌مریكا، ئه‌وه‌ش وه‌ك نامه‌یه‌كى ئاگادار كردنه‌وه‌ بوو.‌

به‌ڵام هه‌ڵوێستى دواتر كه‌متر دوژمنكارانه‌بوو، كه‌تیبه‌كانى حزبوڵا‌ رایگه‌یاند، ئه‌وان هه‌ڵوێستى خۆیان راناگه‌یه‌نن، مه‌گه‌ر دواى گفتوگۆكانى رۆژى پێنجشه‌ممه‌ نه‌بێت، رۆبه‌رت فۆرد پێى وایه‌، وازهێنانى گروپه‌ چه‌كداره‌كان، رووبه‌رێكى فراوان ده‌به‌خشێت به‌ كازمى و ئه‌مریكییه‌كان بۆ گفتوگۆ. به‌ڵام بابه‌تى ئابوورى وه‌ك دۆسیه‌ى ژماره‌ یه‌ك ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ عێراقییه‌كان، كه‌ به‌هۆى داڕوخانى نرخى نه‌وت رووبه‌ڕووى دۆخى عێراق بووه‌ته‌وه‌، به‌جۆرێك دابینكردنى مووچه‌ بووه‌ته‌ كێشه‌یه‌كى ئاڵۆز.

ده‌كرێت گفتوگۆكان چه‌ند گرێبه‌ستێكى ئه‌مریكى له‌ بوارى خانووبه‌ره‌و وزه‌ له‌ خۆبگرن، هاوكات به‌ده‌ستهێنانى هاوكارى له‌ كه‌نداو یاخود بانكى نێوده‌وڵه‌تى یه‌كێك له‌ ئه‌نجامه‌كانى گفتوگۆكان بێت، به‌ڵام فورد جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌:"واشنتن پاره‌ نابه‌خشێت، به‌ڵام ده‌كرێت ته‌نها به‌ جێبه‌جێنه‌كردنى سزاكان له‌سه‌ر عێراق هاوكارى ئه‌و وڵاته‌ بكات، ئه‌و سزایانه‌ رێگه‌ى هاورده‌كردنى وزه‌ بۆ عێراق له‌ ئێرانه‌وه‌ ده‌گرن.