ڕاپۆرتی جیهانی

04:09 - 09/06/2020

نیوزله‌ندا چۆن سه‌ركه‌وتنى راگه‌یاند؟‌

پەیسەر

نیوزله‌نداى بچوك پێش وڵاتانى دیكه‌ كه‌وت بۆ گێڕانه‌وه‌ى ژیان بۆ به‌ر له‌ سه‌رده‌مى ڤایرۆسى كۆرۆنا. خانمه‌ سه‌رۆك وه‌زیران جاسیندا ئاردین به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌و گه‌شبینییه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنى وڵاته‌كه‌ى راگه‌یاند، بڕیاره‌ له‌ ئه‌مشه‌وه‌وه‌ هه‌موو ده‌رگا داخراوه‌كان بكرێنه‌وه‌، جاسیندا پاكبوونه‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ كۆرۆنا راگه‌یاند. 

له‌ ئه‌مڕۆوه‌ بارودۆخ له‌ نیوزله‌ندا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ قۆناغى یه‌ك، كه‌ به‌پێى سیسته‌مێكى خۆپارێزى له‌ وڵاته‌كه‌ له‌ قۆناغى چواره‌وه‌ رێكاره‌كان ده‌ستیان پێكرد. حكومه‌ت ده‌ڵێت، ئیتر دووركه‌وتنه‌وه‌و دابڕانى كۆمه‌ڵایه‌تى پێویست نییه‌ و كۆتوبه‌نده‌كان له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى گشتى هه‌ڵگیران و كارى به‌ كۆمه‌ڵیش كه‌ سنوردار و مه‌رجدار كرابوو ئاسایى كرایه‌وه‌. جگه‌ له‌ رێوشوێنى توندى سنوره‌كان، ناوخۆى وڵات ئاساییه‌. 

 وڵات خاڵى بووه‌ته‌ له‌ كۆرۆناو ئه‌گه‌ر سنووره‌كان داخراوبن كۆرۆنا ناگه‌ڕێته‌وه‌

زیاتر له‌ دوو هه‌فته‌یه‌ هیچ تووشبوویه‌كى كۆرۆنا له‌ نیوزله‌ندا تۆمارنه‌كراوه‌، حكومه‌ت ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى داخستنى ته‌واوه‌تى سنووره‌كانه‌وه‌ ئه‌م ئاسته‌ى به‌ ده‌ستیهێناوه‌ بیپارێزێت، ده‌ڵێت، وڵات خاڵى بووه‌ته‌وە له‌ كۆرۆناو ئه‌گه‌ر سنووره‌كان داخراوبن چى دیكه‌ كۆرۆنا ناگه‌ڕێته‌وه‌. 

زه‌رده‌خەنه‌كانى خانمه‌ سه‌رۆك وه‌زیران جاسیندا ئاردیرن، ته‌سلیمى مه‌ترسییه‌كانى كۆرۆنا نه‌بوون، ئه‌و هه‌میشه‌ به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌و شیكپۆشییه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وت و دڵنیایى به‌ هاوڵاتیانى وڵاته‌كه‌ى ده‌دا. شاره‌زایان ده‌ڵێن، ئه‌و خانمه‌ رۆڵى گه‌وره‌ى هه‌بووه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنى وڵاته‌كه‌ى به‌سه‌ر كۆرۆنادا.

رێگه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ژیان بۆ پێشت ڤایرۆسى كۆرۆنا ئاسا نییه

پسپۆرانى ته‌ندروستى جیهانیى پێیان وایه‌، شه‌فافى حكومه‌تى نیوزلاند بۆ مامه‌ڵه‌كردنى له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ رۆڵى هه‌بووه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنیدا، حكومه‌ت به‌ شه‌فافى هه‌موو قۆناغه‌كانى روونكردووه‌ته‌وه‌ بۆ ته‌ندروستى جیهانى و بۆ هاوڵاتیانیش.  

نیوزله‌ندییه‌كان پابه‌ندییه‌كى ته‌واویان هه‌بوو به‌و قۆناغانه‌ى هۆشدایى حكومه‌ت رایگه‌یاند، تانه‌ت جارێك چێشتخانه‌یه‌ك رێگه‌ى نه‌دا به‌ سه‌رۆك وه‌زیران بچێته‌ ژووره‌وه‌، چونكه‌ رێنماییه‌كانى وه‌ك پێویست جێبه‌جێنكردبوو، ئه‌وه‌ش بووه‌ وانه‌یه‌كى باش و ده‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بوو.

١٧ رۆژە حاڵەتی نوێ تۆمار نەکراوە

جاسیندا رایگه‌یاند، كاتێك ئاگاداركرایه‌وه‌ به‌وه‌ى هیچ حاڵه‌تێكى كۆرۆنا له‌ وڵات بوونى نه‌ماوه‌ له‌ خۆشیدا سه‌ماى كردووه‌. 

جاسیندا گوتى:"هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ ئێستا له‌ پێگه‌یه‌كى به‌هێزداین و زیاتر له‌ سه‌قامگیریداین، به‌ڵام رێگه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ژیان بۆ پێشت ڤایرۆسى كۆرۆنا ئاسا نییه‌، پێداگرى و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان وایكرد ئێستا بگه‌ینه‌ دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ى ئابووریمان". له‌ كۆتاییى قسه‌كانیدا گوتى :"سوپاس نیوزله‌ندا".

نیوزله‌ندا له‌ ٢٥ی ئازارى رابردووه‌وه‌، سیسته‌مى داخستنى ته‌واوى په‌یڕه‌وكرد، دۆخه‌كه‌ى بۆ چوار قۆناغى دابه‌شكرد، تا به‌ شێنه‌یى قۆناغ به‌ قۆناغى سیسته‌مه‌كه‌ ئه‌مڕۆ گه‌یاندنیه‌وه‌ قۆناغى یه‌كه‌م. 

گەیشتن بە قۆناغی یەک زووتر بەدیهات لەو پلانەی حکومەت داینابوو

توندترین قۆناغى رێكاره‌كان له‌ نیوزله‌ندا قۆناغى چواره‌م بووه‌، كه‌ وڵات به‌ خێرایى جێبه‌جێیكرد و هه‌موو شوێنه‌ گشتییه‌كانى داخست و كه‌ره‌نتنیه‌ى گشتى راگه‌یاند، فه‌رمانى كرد كه‌ ده‌بێت هاوڵاتیان له‌ ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌و پابه‌ندبن به‌ رێنماییه‌كان.

دواى پێنج هه‌فته‌ له‌ مانگى نیسان، وڵات له‌ قۆناغى چواره‌وه‌ هاته‌ قۆناغى هۆشدارى سێ، رێگه‌درا له‌ هه‌ندێک له‌ چێشتخانه‌ و كۆمپانیا كه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان نازیندوون ده‌رگاكانیان بكه‌نه‌وه‌. 

له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامى كه‌مبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى توشبووه‌كانى كۆرۆنا، حكومه‌ت له‌ ناوه‌ڕاستى مانگى رابردوو(ئایار) گه‌یشتنى به‌ قۆناغى دووه‌م راگه‌یاند. دواى سێ هه‌فته‌ حكومه‌ت له‌ ئه‌مڕۆوه‌ قۆناغى یه‌كه‌مى راگه‌یاند، ئه‌م قۆناغه‌ ئاساییبوونه‌وه‌ى ته‌واوى ژیانه‌ و گێڕانه‌وه‌ى ژیانه‌ بۆ قۆناغى پێش كۆرۆنا. ئه‌مه‌ پێش ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ پلانى بۆ دانرابوو حكومه‌ت بیرى له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ ٢٢ى٦  بگاته‌ ئه‌م قۆناغه‌. به‌ڵام ئه‌م قۆناغه‌یان پێش خست دواى ئه‌وه‌ى ١٧ رۆژ له‌سه‌ر یه‌ك هیچ توشبوویه‌ك تۆمارنه‌كرا.

سەرۆک وەزیران رۆڵی گەورەی هەبووە لەو سەرکەوتنە

به‌پێى رێنماییه‌ تازه‌كان، دووباره‌ گشت قوتابخانه‌ و شوێنه‌كانى كار و شوێنه‌ گشتییه‌كانى دیكه‌ ده‌كرێنه‌وه‌، رێگه‌ ده‌درێت به‌ ئه‌نجامدانى هاوسه‌رگیرى، دانانى پرسه‌ و كاركردنى ئامرازى گواستنه‌وه‌ى گشتى بێ هیچ كۆتو به‌ندێك.

هاوكات به‌پێى رێنماییه‌كان، سیسته‌مى كار به‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى راده‌وه‌ستێت. 
ئه‌م ئاسایبوونه‌وه‌ى ژیان رێنماییه‌كانى كه‌ره‌نتینه‌كردن و خۆپارێزى له‌سه‌ر سنووره‌كان توندكردووه‌، ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى وڵاته‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ پابه‌ندن به‌وه‌ى بۆ ماوه‌ى ١٤ رۆژ خۆیان كه‌ره‌نتینه‌ بكه‌ن، به‌وپێیه‌ى تا ئێستا ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ جیهاندا بڵاوه‌.  

نیوزله‌ندا سنوورى وشكانى له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتیك نییه‌

جاسینداى سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ره‌ڕاى دڵخۆشى به‌م دۆخه‌ نوێیه‌، هاوكات هۆشداریدا له‌وه‌ى كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌، حاڵه‌تى نوێى كۆرۆنا ده‌بینین،"سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر په‌تاكه‌دا ته‌نها خاڵێك نییه‌ له‌م كاته‌دا، به‌ڵكو ئه‌وه‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامى ده‌وێت".

له‌ نیوزله‌ندا هه‌زار و ١٥٤ حاڵه‌تى كۆرۆنا تا ئێستا تۆماركراوه‌، ٢٢ كه‌سیش مردوون، له‌ مانگى شوباتى رابردووه‌وه‌ كاتێك ڤایرۆسه‌كه‌ سنوورى وڵاتانى بڕى و ده‌ستى به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ كرد. 

نیوزله‌ندا سنوورى وشكانى له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتیك نییه‌ و هه‌موو سنووره‌كانى ئاویین، ژماره‌ى دانیشتووانى چوارملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار كه‌سه‌ وسه‌دا ٧١ ى  خه‌ڵكه‌كه‌ى ئه‌و ئه‌وروپییانه‌ن كه‌ بۆ ژیان ئه‌م وڵاته‌یان هه‌ڵبژاردووه‌، رووبه‌رى وڵاته‌كه‌ ٢٧٠ هه‌زار و ٥٣٤ كیلۆمه‌تر چوار گۆشه‌یه و سەدا ٨٠ى رووبەری وڵاتەکە شاخاوییە‌.