01:39 - 06/06/2020
ساڵیادی دامەزراندنی بچوكترین دەوڵەتی جیهان
لەناوەراستی شاری
رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، دەوڵەتێكی بچوكی ئاینی هەیە، بەناوی ڤاتیكان، ئەو دەوڵەتە
لەڕووی ڕووبەرەوە بە بچوكترین وڵاتی سەرزەوی دادەنرێت، و ڕووبەرەكەی 0،44 كیلۆمەتر
چوارگۆشەیە، و ژمارەی دانیشتوانەكەی 801 كەسە، لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە بەسێیەم
بچوكترین دەوڵەتی جیهان دادەنرێت لەدوای دوورگەكانی كوكوس و دوورگەكانی بیتكیرن.
ڤاتیكان و رابەرایەتی
مەسیحیەت
ئەگەرچی لەڕووی ڕووبەرەوە
بە بچوكترین دەوڵەتی جیهان دادەنرێت بەڵام رۆڵێكی گرنگی هەیە بەوپێیەی رابەرایەتی
روحی كەنیسەی كاسۆلیكی دەكات لەسەر زەوی، وژمارەی پەیرەوانی 1ملیار و 147 ملیۆن كەسە،
ئەم دەوڵەتە بچوكە زۆر گرنگی بەشارستانیەت دەدات و پارێزگاری لە مۆزەخانە و بەرهەمە
مێژووی و كلتوریەكان دەكات، هەروەها بەبەردەوامی كەسایەتیە ئاینیەكانی دەوڵەت رێنوێنی
خەڵك دەكەن بۆ رەوشتی باش و ئاشتی و لێبوردەیی.
ڤاتیكان و زمانی فەرمی
لە ڤاتیكان زمانی
لاتینی و زمانی ئیتاڵی و ئەڵمانی و ئیسپانی و فەرەنسی و پۆلندی و پرتوگالی و ئینگلیزی
بەكاردەهێندرێت، ئەو زمانانە رێژەیەكی گەورەی ئەو كەسانە پێكدەهێنن كە كاسۆلیكین لەجیهاندا.
ڤاتیكان و سەربەخۆیی
ئەگەرچی مێژوویەكی
دێرین و كۆنی هەیە بەڵام لە 7/ حوزەیرانی ساڵی 1929 لەلایەن حكومەتی ئەو كاتەی ئیتاڵیاوە
دانی پێدانرا وەك وڵاتێكی فەرمی، لەو كاتەدا ئیتاڵیا لەلایەن موسیلینی وە بەرێوەدەبرا
و پاپا بیوسی یانزەش پاپای ڤاتیكان بوو، سەرئەنجام لەكۆشكی لاتران هەردوولا رێككەوتنێكیان
واژۆكرد بەپێی رێككەوتنەكە ئیتاڵیا دانینا بەسەربەخۆی ڤاتیكاندا بەو مەرجەی سنوری
ئەو كاتەی وەك خۆی بمێنێتەوە و لەلایەن پاپاوە بەرێوەببرێت، و ئیتاڵیا قەرەبووی زیانەكانی
پێشووتری ڤاتیكان بكاتەوە، هەروەها 23 شوێنی رۆما كە شوێنی پیرۆزی مەسیحیەكانن لەدەرەوەی
ڤاتیكان لەژێر دەسەڵاتی پاپا دابن، ئەو رێككەوتنە بەهۆی گرنگیەكەیەوە لەدەستوری ساڵی
1947ی ئیتاڵیا جێگیركرا.
دەسەڵاتەكانی پاپا
ڤاتیكان بەپێی سیستمێكی
ئاینی بەناوی ئیكلیروس بەرێوەدەبرێت و پاپا سەرۆكایەتی دەكات، بەڵام پاپا هیچ دەسەڵاتێكی
خۆی لەبوارەكانی بەرێوەبردن و سیاسی و یاسای بەكارناهێنێت و ئەو بوارانەی بۆ سەرۆك
وەزیرانی ڤاتیكان و دامەزراوە جیاجیاكانی تری دەوڵەت جێهێشتووە، سەرۆك وەزیران لەلایەن
پاپاوە دەستنیشان دەكرێت، ڤاتیكان لەلایەن رێكخراوی یونسكۆ وە وەك یەكێك لەشوێنەوارەكانی
جیهان دەستنیشان كراوە، تاكە وڵاتی سەرزەویە كە بەتەواوەتی لەلیستی یونسكۆ دا تۆمار
كرابێت.
ڤاتیكان و پەیوەندیەكانی
دەرەوە
ڤاتیكان نوێنەرایەتی
لە نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوی خۆراكی جیهانی و رێكخراوی تەندروستی جیهان و رێكخراوی
كاری نێودەوڵەتی هەیە، هەروەها لە رێكخراوەكانی تری وەك كۆمەڵەی جیهانی بۆ زانستە
مێژوویەكان و كۆمەڵەی جیهانی بۆ پزیشكی بێلایەنی و چەند رێكخراوێكی تر ئەندامە.
جگە لەوەش ڤاتیكان
لەرێگەی وەزیری دەرەوەوە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەیە، هەروەها باڵیۆزخانە و
نێردەی دیبلۆماسی لەگەڵ چەند وڵاتێك ئاڵوگۆڕكردووە بەشێوەیەكی گشتی نوێنەرانی دیبلۆماسی
لەگەڵ 183 وڵاتی جیهان ئاڵوگۆڕكردووە، و دەسەڵاتدارانی ئەو دەوڵەتە بچوكە پێیان وایە
ئاڵوگۆڕی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیاجیای جیهانی و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان یارمەتی
بڵاوكردۆنەوەی ئامانجی سەرەكی دەوڵەتەكەیان دەدات كە خۆی لەسەقامگیری و ئاشتیدا دەبینێتەوە،
بەشێوەیەكی گشتی لەسەرئاستی جیهانی تەنها 14 دەوڵەتی دانپێدانراو هەن كە ئاڵوگۆڕی
دیبلۆماسیان لەگەڵ ڤاتیكان نیە، لەو ژمارەیەش 8 دەوڵەتیان ئیسلامی و 4 دەوڵەتیان شیوعی
و یەك دەوڵەتی بوزی و دەوڵەتی توڤالو هەیە، بەهۆی بچوكی ڕووبەرەكەیەوە بەشێكی زۆری
باڵیۆزی وڵاتان كە بۆ ڤاتیكان نێردراون لەشاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیان، بەوەش رۆما
بۆتە شوێنی باڵیۆزی ئەو وڵاتانەی كە باڵیۆزخانەیان لە ئیتاڵیا و ڤاتیكانیش هەیە.
ڤاتیكان رۆڵێكی
گرنگی لە نەخشەی سیاسی جیهانی بینیوە بەدرێژایی مێژوو لەسەدەكانی نوێدا و لەجەنگی
جیهانی یەكەم و دووەم رۆڵی دیبلۆماسی هەبووە بۆ كۆتایی پێهێنانیان، هەروەك لە ناكۆكی
نێوان وڵاتاندا رۆڵی نێوەندگیر و چارەسەری بینیوە وەك ئەو كێشەیەی لەنێوان ئەڵمانیا
و ئیسپانیادا هەبوو لەسەر دورگەكانی كارولین، هەروەها لەپرسی ڕووبەڕووبونەوەی شیوعیەت
و یەكێتی سۆڤیەتدا ڤاتیكان لەپێشی پێشەوەی نەیارەكانیان بوو بەهۆیەوە یوحنا پولس ی
دووەم پاپای ئەو كاتەی ڤاتیكان لەساڵی 1981 ڕووبەڕووی هەوڵێكی تیرۆركردن بۆوە
سرودی نیشتمانی ڤاتیكان
سرودی نیشتمانی ڤاتیكان
" سەلامی پاپوی" یە كە لەلایەن كەسێكی فەرەنسی بەناوی شارل گونو لە سەدەی
19 دا دانراوە.
كەش و هەوای ڤاتیكان
ڤاتیكان كەش و هەوایەكی
مام ناوەندی هەیە و ساڵ لە چوار وەزری پێكدێت و بەڕوونیش وەرزەكان لەیەكتر جیادەكرێنەوە،
وەرزەكانی پایز و بەهار ئاوهەوایەكی مام ناوەندیان هەیە و هاوینی گەرم و ووشك و
زستانی سارد و باراناویە، بەشێوەیەكی گشتی كەش و هەوای ڤاتیكان هاوشێوەی كەش و هەوای
شاری رۆمای ئیتاڵیە.
ڤاتیكان حەفتا شەقام
و گۆڕەپانی هەیە
بەهۆی بچوكی ڕووبەرەكەیەوە
ڤاتیكان دابەشی سێ بەش دەبێت كە یەكێكیان ناوچەی كاتدرائی قەدیس بترسە كە لەئێستادا
گەورەترین كەنیسەی جیهانی تێدایە و گۆڕەپانێكی لەبەردەمە، هەروەها كۆشكی پێغەمبەری
كە چەند باڵەخانەیەكی جیاجیای لەخۆگرتووە و شوێنی نیشتەجێ بوونی پاپا و هۆڵی بۆنە
كۆمەڵایەتیەكان و بارەگای چەند گروپێكە، هەروەها كتێبخانەی ڤاتیكان و مۆزەخانە و ئەرشیفی
لێیە، ناوچەی سێیەمی ڤاتیكان باخچەكانیەتی، كۆی گشتی شەقام و گۆرەپانەكانی ئەم دەوڵەتە
بچوكە 70 شەقام و گۆڕەپانە كە زۆرینەیان زۆر بچوكن و ڕووبەرێكی كەمیان هەیە.
ڤاتیكان و هێزی سەربازی
ڤاتیكان هێزی دەریایی
و ئاسمانی و وشكانی نیە بەواتایەكی تر خاوەنی سوپا و هێزی چەكدارنیە و ئاسایشی ڤاتیكان
لەلایەن سوپای ئیتاڵیاوە پارێزگاری لێدەكرێت، هیچ یاسایەكیش نیە لەو وڵاتە بچوكەدا
ژیانی سەربازی رێكبخات، بەڵام هێزێكی ئاسایشی ناوخۆ و پۆلیسی ڤاتیكان هەن.
ڤاتیكان و ژێرخانی
ئابوری
لە ڤاتیكان فرۆكەخانە
و رێگای خێرا نین و فرۆكەخانەی رۆما بەكاردەهێنن، یەك هێڵی ئاسنین لەو وڵاتە هەیە
كە بەكورتترین هێڵی ئاسنینی سەرزەوی دادەنرێت و لەیەك وێستگە پێكهاتووە، هەروەها هێڵی ئاسنینی ڤاتیكان بە هێڵی ئاسنینی ئیتاڵیاوە
بەستراوەتەوە و بەزۆریش هێڵی ئاسنین بۆ گواستنەوەی كەل و پەل و پێداویستی رۆژانە بەكاردەهێندرێت.
هەروەها لەو وڵاتە
سیستمی تەلەفۆنی و تۆڕی ئینتەرنێت و دەرمانخانە
و چاپخانە هەیە، سیستمی بەریدی بەیەكێك لە باشترین سیستمەكانی جیهان دادەنرێت.
بەپێی رێككەوتنی نێوان
ساڵی 1920ی ئیتاڵیا و ڤاتیكان پاپا لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی لە خاكی ئیتاڵیا بڕی
یەك ملیار لیرەی ئیتاڵیا و سەنەد و 750 ملیۆن لیرەی نەقدی وەرگرت، هەموو ئەو پارەیەی
رەوانەی سێ بانك لە بەریتانیا و سویسرا و ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا كرد، و بەهیچ
شێوەیەك لەو پارەیە خەرج ناكرێت و تەنها سودەكەی بۆ بەرێوەبردنی دەوڵەتی ڤاتیكان بەكاردەهێندرێت.
ڤاتیكان و ئەرشیفی
نهێنی
ئەرشیفی نهێنی ڤاتیكان
شوێنی هەڵگرتنی بەڵگەنامە و نامەی نێردراوەی كەسایەتیە ئاینیەكانە لە قۆناغە جیاجیاكاندا،
لەگەڵ ئەوەی هێشتا بەشێكی بەنهێنی هێڵدراوتەوە بەڵام لێكۆڵەرەوان دەتوانن سود لە
35 هەزاربەڵگەنامە وەربگرن.
ڤاتیكان و جل و بەرگ
بەوپێیەی ئەو وڵاتە
بە رابەری روحی كاسۆلیەكەكانی جیهان دادەنرێت بۆیە سنورێكیان بۆ جل و بەرگی ئەو كەسانە
دیاری كردووە كە سەردانی دەكەن بەمەبەستی بەشداریكردن لەنوێژ، یان پەیوەندی بە دامەزراوەكانی
دەوڵەتەوە دەكەن، پۆشینی جل و بەرگری نیمچە رووت رێگە پێدراو نیە و زیادەرەویكردن
لە هەڵواسینی خشڵ و زێر قەدەغەیە، بەكارهێنانی مۆبایل و جگەرەكێشان بەهەمان شێوە قەدەغەن.
ڤاتیكان و وەرزش و
رۆشنبیری و خوێندن
لەڤاتیكان هیچ خولێكی
وەرزشی نیە، بەڵام هەندێك جار یاری دۆستانە لەنێوان تیمی ئاسایشی ناوخۆ و تیمی
باخچەكان و پاسەوانی مۆزەخانەكان دەكرێن، هەڵبژاردەی تۆپی پێی ڤاتیكان هەیە بەڵام
زۆر بەكەمی بەشداری لەیاریە نێودەوڵەتیەكان دەكات، وەرزش لە ڤاتیكان خواستی كەسیە
نەك پیشە.
لە ڤاتیكان چاپخانە
و دوو رۆژنامە و رادیۆیەك هەن، بەڵام هیچ خوێندنگایەكی سەرەتای و ئامادەی نیە و هیچ
زانكۆ و پەیمانگایەكیش نیە كە گرنگی بەهەموو زانستەكان بدات، هەروەها روانگەی فەلەكناسی
ڤاتیكان هەیە كە دەكەوێتە باشوری رۆماوە.