ڕاپۆرتی جیهانی

10:58 - 02/06/2020

كوشتاری ڕەش پێستەكانی ئەمەریكا لەنێوان شۆڕش و تاواندا‌

پەیسەر

لەناوەڕاستی ساڵی 1921 دا یەكەم بریسكەی توندوتیژیی لە ویلایەتی ئۆكڵاهۆمای ئەمەریكا لە دژی ڕەشپێستەكان پرشنگیدا، 99 ساڵ پێش لە ئێستا، سەیرەكە لەوەدایە گیان لەدەستدانی –جۆرج فلوید-ی ڕەش پێستیش لە شاری مینیاپۆلیس- لە ویلایەتی مینەسوتا لەسەردەستی پۆلیسێك گیانی لەدەستدا، بەڵام جیاوازییەكی گەورە ئەوەیە سەد ساڵ پێش لە ئێستا ڕەش پێستەكان بە كۆمەڵ دەكوژران و دونیا بێدەنگی هەڵدەبژارد، بەڵام ئەمڕۆ ئیدی خەڵك بێدەنگی هەڵنابژێرێت و تەنانەت سپی پێست و نەژادەكانی دیكەش پشتیوانی لە ڕەشپێستەكان دەكەن.

لەم رۆژانەی ساڵی 1921 دا هێرشی بەشێك لە دەوڵەمەندەكانی سپی پۆست هێرشی پێكەوەییان كردە سەر گەڕەكی ڕەشپێستەكان لە شاری تولسا و لە ئەنجامدا سەدان كەس كوژراو بە ناوی –كوشتاری نەژادی- ناوبانگی دەركرد، هەرچەندە ڕووداوەكە بە ڕۆژی رۆشنا و بەدیار چاوی هەمووانەوە ئەنجام درا، بەڵام تا ئێستاش چەندین لایەنی نادیاری هەیە، دەیان چیرۆكی نەبیستراو لە ئارادایە. تەنانەت لە ناوی ئەو ڕوداوەی كۆتایی مانگی ئایارو سەرەتای مانگی حوزەیران جیاوازیی هەیە. هەندێك بە كوشتاری نەژادیی و هەندێكی دیكەش بە شۆڕشی نەژادیی ناوی دێنن.


گەڕەكی گریین وود لە شاری تۆلسا 99 ساڵ بەر لە ئێستا لەناو خەڵكدا پێی دەگوترا – بازاڕیی دیواری ڕەش- لەو گەڕەكەدا لەئەنجامی هێرشی ژمارەیەك سپی پێست بۆ سەریان زیاتر لە 1200 ماڵ ئاگری تێبەردراو نزیكەی 300كەسی ڕەش پێست گیانی لەدەستداو كوژران. رووداوەكە بە خراپترین جەنگی ناوخۆیی ئەمەریكا لە قەڵەم دراوە، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە تا ئێستاش شوێنی ناشتنی تەرمی ئەو قوربانییانە دیار نییەو سەرەڕای تێپەڕبوونی 99 ساڵ هێشتا دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە بە نهێنی بمێنێتەوە.

دیك رۆڵند ڕش پێستێكی گەڕیكی تولسا بوو تاوانباركرابوو بە هێرشكردنە سەر ژنێكی سپی پێست و دەستگیركرابوو، ژمارەیەك لە سپی پێستەكان لەبەردەم ئەو شوێنەدا كۆببوونەوە كە دیك تیایدا دەستبەسەر كرابوو، لەلایەكی دیكەشەوە ڕەشپێستەكانیش كۆبوونەوە، هێندەی نەبرد سپی پێستەكان بە لێشاوو چوونە بەردەم دوكانی چەكفرۆشەكان بۆ ئەوەی چەك بەدەست بهێنن، ئەوەندەی نەبرد تەقە دروست بوو، تەقەكردن گەرم بوو، هێرش كرایە سەر گەڕەكی ڕەش پێستەكان، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی ئەو گەڕەكە ڕابكەن و چۆڵی بكەن.
ژمارەیەكی زۆر لە خانووەكان ئاگریان تێبەردرا، هێرشكرایە سەر دوكانەكان وئاگریشیان لەوانیش بەردا، فەرمانداریی ویلایەتی ئۆكلاهۆما بڕیایدا بە دەستگیركردنی ڕەش پێستەكان.

 بەپێی هەندێك لە سەرچاوەكان دەسەڵاتدارانی ئەو كاتی ئەمەریكا ویستیان ئەو ڕووداوە بشارنەوە، بۆیە لە هەموو سەرچاوەكاندا سڕییانەوە، ڕێگە نەدرا بە هیچ شێوەیەك ئاما     ژە بەو ڕووداوەبكرێت و تا ئێستاش شوێنی قەبرەكانیان نەزانراوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا هیچ كەسێك تاوانبار نەكراو كەسیش نەبووە خاوەنی كوشتنی  300 كەس و سوتاندنی زیاتر لە 1200 ماڵ و دووكان و ماركێت.

ساڵی 2001 ئەنجومەنێكی تایبەتی پێكهاتووە بەناوی شۆڕشی نەژادی و لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەدا گەشتنە هەندێك خاڵی سەرەتایی و هەرچەندە لیژنەكە گوتیان بە هۆی تێپەڕبوونی ماوەیەكی زۆر بەسەر ڕووداوەكەدا نەیانتوانیوە تەواوی رووداوەكە تۆمار بكەن. بەڵام ئەوەی كە ناتوانرێت ئینكاریی بكرێت هەبوونی ئەو ڕووداوەیە كەلە ویلایەتی ئۆكلاهۆما روویداوە.
رەش پێستەكان كاتێك لە بەردەم دادگاكەدا كۆببونەوە بۆ ئەوە بوو كە بیسەلمێنن ئەو تاوانەی دراوەتە پاڵ گەنجەكە ناڕاستەو بۆی هەڵبەستراوە، هەربۆیە دوای رووداوەكە دادگا گەنجەكەی بە بێ تاوان ناساند و ئازادی كرد.


ئەوەی كە جێگەی سەرنجە تا ئێستاش روون نیە ئەوەیە بۆچی حكومەت كەمتەرخەمی كردووە لە هێرشی سپی پێستەكان و لەكاتی پەلاماردانی دووكانی چەكەكاندا بێخەم بوون، كاتێكیش هەڵیان كوتایە سەر گەڕەكی ڕەش پێستەكان نەیتوانی هێز ئامادە بكات و ڕێگریی لەو كارەسات بكەن؟

وەك شارەزایان باسی دەكەن بێدەنگی حكومەتی ئەمەریكی و ویلایەتی ئۆكلاهۆما هۆكاری سەرەكی بوو بۆ ئەوەی سپی پێستەكان ئەو كارە ئەنجام بدەن و ئەو تاوانە گەورەیە لە سەر تاوانێكی هەڵبەستراو ڕوو بدات.

ئەوەی كە هەیە هەوڵێكی سەرەتایی خاچی سووری نێو دەوڵەتییە كە هەندێك وێنەو و زانیاری لەو بارەیەوە تۆمار كردووەو ساڵانە لەسەرەتای مانگی حوزەیراندا دەیهێننەوە بەرباس، ئەمساڵیش بەشێك لە میدیاكان تیشكیان خستە سەر ئەو ڕووداوەو بەستیانەوە بە روداوی هێرشكردنە سەر - جۆرج فلوید- و گوتیان ئەگەر ساڵان بێدەنگی كراوە بەرامبەر قەتڵ و عامی ڕەش پێستەكان ئەوا ئێستا ڕێگەنادرێت ئەو تاوانە دووبارە ببێـتەوە.