ڕاپۆرتی جیهانی

10:34 - 01/06/2020

كوژرانی جورج فلوید... ئایە ئەمریكا لەبەردەم شۆرشێكی دژە رەگەزپەرستی دایە؟‌

پەیسەر

لەچەندین شاری ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا خۆپیشاندان كرا دژی كوژرانی هاوڵاتیەكی رەش پێست بەناوی جورج فلوید لەلایەن پۆلیسێكەوە لەشاری مینیاپولیس ی سەر بەویلایەتی مینیسوتا.
ڤیدیۆی دانیشتنی پۆلیسێك لەسەر ملی فلویدی تەمەن 46 ساڵ بەخێرایی بڵاوبۆوە لەكاتێكدا چەند جارێك ئەوەی دووبارە دەكردەوە كە " ناتوانم هەناسە بدەم تكایە مەم كوژە"
ئەم ڕووداوە كاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا، هەندێك كەس پێیان وایە هێشتا لێرەو لەوێ رەگەزپەرستی دژی رەش پێستەكان لە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا هەیە.

میدیای عەرەبی و ڕووداوەكەی ئەمریكا
ئەگەرچی وڵاتانی عەرەبی لەئاستی گەشەی دیموكراتیەتدا لەریزی وڵاتە گەشەكردووەكاندا نین، بەڵام گرنگیەكی زۆریان بە ڕووداوی كوشتنی ئەو هاوڵاتیە ئەمریكیەدا و ڕووی رەخنەكانیشیان ئاراستەی پۆلیس بوو، رۆژنامەی ئەهرامی میسری دەڵێت " دوای شەوی ئاژاوە... ئەمریكا 500 پۆلیس لە پاسەوانی نیشتمانی لەمینیاپولیس بڵاوكردۆتەوە" رۆژنامەی دەستوری ئوردنی نوسیویەتی " خۆپیشاندان و نارەزایەتی چەندین شاری ئەمریكای گرتۆتەوە بەهۆی ڕووداوەكەی مینیاپولیسەوە" رۆژنامەی نەهاری لوبنانی دەڵێت" لە ڕووداوی مردنی پیاوێكی رەش پێست لە مینیاپولیس بۆ ڕووداوی رەگەزپەرستی لە سەنتراڵ پارك،زیادبوونی بەكارهێنانی كامێرای مۆبایل وەك چەكی دژە رەگەزپەرستی، تەنانەت ئەگەر بەبەردەوامیش سیستمی دادوەری بەدواداچوونی بۆ نەكات"

 لەماڵپەری بوابە العین ی هەواڵی ئیماراتی نوسەرێك بەناوی ئەحمەد هاشم بابەتێكی نوسیوە لەژێر ناوی" ناتوانم هەناسە بدەم.... هاواری رەشپێستێك پۆلیسی ئەمریكی كردۆتە ئامانجی توڕەیی" لای خۆیەوە عەبدولباری عەتوان بابەتێكی لە رۆژنامەی الیوم ی لەندەنی نوسیوە و پێی وایە ئەمریكا لەبەردەم دەرگای شۆرشێكی دژە رەگەزپەرستیدایە نوسەر لەنوسینەكەیدا دەڵێت " ئەو تاوانە ناشیرینە كە كەسێك بە كامێرەی مۆبایلەكەی وێنەی گرتووە، جارێكی تر پرسی رەگەزپەرستی دژی رەش پێستەكانی لەئەمریكا هێنایەوە بەرباس، كە لەلایەن پۆلیس و بەشێك لەدامەزراوەكانی دەوڵەتەوە ڕووبەڕووی رەگەزپەرستی دەبنەوە"

پەنجەی تۆمەت بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ درێژدەكرێت و ئاماژە بەوەدەكرێت ئەو بەدەنگی سپی پێستە رەگەز پەرستەكان گەیشتۆتە كۆشكی سپی و ئەجێندای ئەوان جێبەجێ دەكات، و هێرش دەكاتە سەر باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ویلایەتەیەكگرتووەكان و داوای ئەوە دەكات بنێردرێتەوە بۆ كینیا، شوێنی لەدایك بوونی باوكی، هەروەها گومان دەخاتە سەر بەڵگەنامەی لەدایك بوونی، جگە لەوەی ترەمپ چەندین هێرشی كردۆتە سەر كۆچبەران و موسڵمان، هەموو ئەمانە بوونە هۆی ئاڵۆزبوونی جیاكاری رەگەزی لە وڵاتێكدا كە بانگەشەی ئەوە دەكات كە رابەری یەكسانی و ئازادیە لەجیهاندا.

ئەمریكا و رەش پێستەكان كەی ئاشت دەبنەوە؟
لە ماڵپەری " العمق المغربی" سەڵاحەدین ناسر دەپرسێت " كەی ئەمریكا و رەش پێستەكان ئاشت دەبنەوە؟"
رەش پێستەكان لەبەرهەمی شۆرشەكانی سەدەی بیست هیچیان بەرنەكەوت، لەگەڵ پێشكەوتنی ئایدەلۆژیا و تەكنیكی بەڵام نارەحەتی رەشپێستەكانی ئەمریكا بەردەوام بوو بەتایبەتیش لە ویلایەتەیەكانی باشور، لەجەنگەكانی ئەمریكادا رەش پێستەكان بەهەموو توانایانەوە شەڕیان كرد، و رەنگی پێستیان نەبووە هۆی دروستكردنی كێشە.

نوسەر دەڵێت " لەڕووداوەكەی ئەمجارەدا كاردانەوەی كۆمەڵگەی ئەمریكی قورس و توند و تیژانە بوو، خۆپیشاندەران هێرشیان كردە سەر ئۆتۆمبێلەكانی پۆلیس و شوشەكانیان شكاندن، هێرشیان كردە سەر چەند پۆلیسێك، لەهەردوودونیای راستەقینە و مەجازید ( سەر شەقام و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان) ئاژاوەیەكی گەورە بڵاوبۆوە، چەندین هاشتاگ بڵاوكرانەوە بۆ ئەوەی توند و تیژیەكان بوەستێندرێن"

لەئەمریكادا هەوڵی جدی هەیە بۆ پاراستن و بەرگریكردن لە كۆمەڵگەی ئەفریقی- ئەمریكی لەژێر ناوی " ناتوانم هەناسە بدەم، ئەوە دواقسەی جورج فلوید بوو پێش ئەوەی بخنكێت لەسەر دەستی پۆلیس.

مستەفا قوتبی لە ماڵپەری " مستەقبەل" ی میسری ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمریكای وڵاتی ئازادیەكان لە رەگەزپەرستیدا نغرۆ بووە، نوسەر دەڵێت ئەو نارەزایەتیانە ئەوە پیشان دەدەن كە ئەمریكیە سپی پێستەكان رەفتاری دووژمنكارانە بەرامبەر رەش پێستەكان دەكەن، قوتبی نوسیویەتی ئەو ووشە جوانانەی ئیدارەی ئەمریكی بەكاریان دەهێنێت دەربارەی یەكسانی و دادپەروەری لەكۆمەڵگەی ئەمریكی تەنها بەشێكی راستە، لەپشت ئەوەوە وێنەیەكی ناشیرینی ئەو وڵاتە هەیە كە ناكرێت لەسەدەی بیست و یەكدا قبوڵ بكرێت، ئەو رووداوانە بەڵگەی ئەوەن كە چەوساندنەوە و رەگەزپەرستی لەویلایەتەیەكگرتووەكان رەگ و ریشەیان هەیە، لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا ماوەیەكی زۆرە بانگەشەی ئەوە دەكات كە وڵات و گەلەكەیان لە ژیانێكی باشدا دەژیەن هاوشێوەی ئەو شارەی ئەفلاتون باسی كردووە.

لەماڵپەری میزان ی میسر نیرفانا سامی دەڵێت" پێم وایە ئەگەر كەسێك بڕیاربدات مێژووی كۆمەڵگەی ئەمریكی بنوسێتەوە كە چۆن رەفتاری كۆمەڵایەتی تێیدا گەشەی كردووە، دەردەكەوێت و دان بەوەدا دەنێت كە سپی پێستەكان رەگەزپەرست بوون بەرامبەر رەش پێستەكانی ئەفریقا پێش ئەوەی مرۆڤایەتی بزانن، لەگەڵ ئەوەی نزیكەی 200 ساڵ پێش ئێستا ئەبراهام لنكوڵن سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمریكا كۆیلەكانی ئازادكرد بەڵام تائێستا رەشپێستەكان بەدەست جیاوازی و هەڵاواردنەوە دەناڵێنن، مردنی جورج فلوید هاوارێكی ترە لەڕووی رەگەزپەرستی پیاوانی سپی پێستی ئەمریكی.

نوسەر ئاماژە بەوەش دەكات كوژرانی جورج فلوید ڕووداوێكی نامۆ نیە لەكۆمەڵگەی ئەمریكیدا، كە هونەر دەكەن لە رەگەزپەرستی و رق بەرامبەر هاوڵاتیانی ئەمریكی بە رەگەز ئەفریقی، هەموو ساڵێك دەیان كەس دەبنە قوربانی رەگەزپەرستی و هەموو چینەكانی كۆمەڵگە دەگرێتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی كۆمیدیە ئەوەیە كە لەئەمریكا لە بنەرەتدا وڵاتی كۆچبەرانە و تەنانەت سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا خۆی لە بنەرەتدا خەڵكی ئەمریكا نیە.

خۆپیشاندان لەنزیك كۆشكی سپی
ئەمرۆ شەممە خۆپیشاندان لەچەند شار و شارۆچكەیەكی ئەمریكا دژی كوژرانی ئەو پۆلیسە بەرێوەچوو، كەناڵی بی بی سی بەریتانی بڵاویكردەوە بەهۆی خۆپیشاندان لەنزیك كۆشكی سپی رێگاكان بۆ كۆشكی سەرۆكایەتی داخراون، و هێزێكی زۆری ئەمنیش لەشار و شارۆچكەكان بڵاوەیان پێكراوە بۆ پاراستنی دامەزراوەكان و رێگری لەپێكدادان و ئاڵۆزتربوونی دۆخەكە.