ڕاپۆرتی جیهانی

03:54 - 31/05/2020

چارەنوسی منداڵە ئەوروپیەكانی داعش، لە كەمپەكانی رۆژئاوادا‌

پەیسەر

بەپێی ڕاپۆرتێكی رۆژنامەی نیۆرك تایمزی ئەمەریكی لە نێو كەمپە سەربازییەكانی باشووری رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای كوردستان) نزیكەی هەزار منداڵی چەكدارانی داعشە ئەوروپیەكان هەن و وڵاتانی رۆژئاواش بەنیازنین وەریان بگرنەوە

.
مانگی رابوردوو كچێكی حەوت ساڵان لەو كەمپەدا ئەگەر بەپەلە نەگەیەنرایەتە لای پزیشك گیانی لەدەست دەدا، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە فەرەنسا فڕۆكەیەكی تابیەتی ناردو منداڵە فەرەنسیەكەیان بەمەبەستی چارەسەر هەڵگرت بۆ ئەوەی لە پاریس چارەسەری بۆ بكەن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی میدیاكان بوو ئەو منداڵەیان بەتەنها بردو دایكی و دووبراو خوشكێكی بەجێهێشت.

بە پێی ڕأپۆرتە رۆژنامەوانیەكان گواستنەوەو وەرگرتنەوەی ئەو كچە –تەیمیە- بۆ فەرەنسا ئەگەر حاڵەتێكی دەگمەن بێت، ئەوا دەروازەی ئەوە دەكاتەوە كە دەتوانرێت بگوترێت لەهەموو ڕووەكانەوە ئەو منداڵانە وەربگێرینەوە.

لیتا تایلەر توێژەر لە بواری ڕیشەكێشكردنی تیرۆردابە هیومان رایتس وچی گوتووە: كاتێك دەوڵەتان بابەتی یاسایی دێننە بەرباس و بانگەشەی مافی مرۆڤیش دەكەن دەبێت لە فەرەنسا بپرسین ئەوان چۆن توانییان ئەو منداڵە وەربگرنەوە؟

بەپێی وتەی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ وازهێنان و خۆبەدوور گرتن لە و منداڵانەی كە لە نێو كەمپەكاندان لەبەردەم مەترسی تەندروستی جەستەیی و ژیریی و دەروونیدان، ئەوان هێشتا مەترسی ئەوەیان لەسەرە كە بیروبۆچوونی داعشی وەربگرن، بەتایبەتی كە ژمارەیەكی زۆر لە داعشەكان لەناو كەمپەكاندا بوونیان هەیەو پەیوەندی رۆژانەیان هەیە بەیەكەوە. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی نەوەیەكی نوێی داعش پەیدا ببێت.

منداڵانی نێو ئەو كەمپانە بێ بەشن لە خوێندن و خزمەتگوزارییە تەندروستیەكان، زۆرینەی كاتەكان نەبوونی ئاوی خواردنەوەو خۆراك كێشەی سەرەكی ئەو منداڵانەیە، ئەوە جگە لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆس و پەتا وەرزیی و هەمیشەییەكان، لە هەمان كاتدا ئێستا لەبەردەم مەترسی جدیی ڤایرۆسی كۆرۆنادان، بەپێی هەندێك لەسەرچاوەكان كەس دڵنیا نیە لەوەی ئەو نەخۆشییە لەناو كەمپەكاندا نەبێت، لەبەر ئەوەی هیچ بەدوادا چوون و پشكنیێكیان بۆ نەكراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامە ئەمەریكیەكە لەوكاتەوەی ئەو منداڵانە لەنێوكەمپەكاندا دەژین نۆكەس لەوانەیان گیانیان لەدەست داوە كە منداڵە بەجێماوەكانی داعش بوون و دایك و باوكیشیان ئەوروپی بوون.

چۆن باوكایەتی منداڵەكان ساغدەكرێنەوە؟
بەشێك لەوڵاتانی دونیا هەستاون بە بردنەوەی منداڵانی هاوڵاتیانی خۆیان، لەوانەش، روسیا، مۆسۆڤۆ، توركیا، ئۆزبەكستان و كازاخستان كە ژمارەی هەریەكەیان زیاتر بووە لە 100 ژن و منداڵ، ئەمە لە كاتێكدا تا هەنوكەش وڵاتانی رۆژئاوا دوودڵن لە ئەنجامدانی وەها كارێك، ئەو وڵاتانە كە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە كێ دەڵێت ئەو منداڵانە لەو باوكە ئەوروپییەن.

لەلایەكی دیكەشەوە بیانوویان ئەوەیە كە ناتوانن سەردانی ئەو شوێنانە بكەن بەهۆی هەبوونی جەنگ و مەترسییەوە. یان نایانەوێت منداڵەكان لە دایكەكانیان جیابكەنەوە.

ئەوكاتەی داعش دەستی بەسەر ناوچەیەكی زۆری هەردوو وڵاتی عێراق و سوریادا گرت، رووبەرەكەی بەئەندازەی وڵاتی بەریتانیا دەبوو، ساڵی 2014 لە سنووری سوریاوە پەڕییەوەو بەشێكی زۆری لە خاكی عێراق داگیركرد، ئیتر پێگەی دەسەڵاتەكەیان زۆر بەهێزبوو، لەزۆربەی وڵاتانی جیهانەوە خەڵك ڕووی تێكردن ، بەتایبەتی ئەو كەسانەی كە لە رۆژئاواوە بەڕێگەی هێڵی فڕۆكەوانی توركیادا دەهاتن و دواتر لەڕێگەی خۆڵەوە دەچوونە سوریا، بەشێك لەوان هاوسەربوون، هەندێكیشان منداڵیشیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو. بەڵام بەشێك لەوان لە عێراق  و سوریادا هاوسەگیرییان كردو منداڵیان خستەوە.

ژمارەیەك لەو كەسانەی كە لە بۆردومان و هێرشەكانی سەریان نەكوژران، یان بۆشوێنێكی نادیار رۆشتوون، یان كەوتوونەتە دەستی هێزی ئەمەریكی و ناوخۆییەكان و زیندانی كراون، دوای ئەوانە ژن و منداڵەكانیان خراونەتە نێو كەمپەكان و تا ئێستاش لەوێ دەژیین.

هەرچەندە ئەوانەی كە دەربازییان بووە و گەورەبوون بە ڕێگەی جیاواز خۆیان گەیاندووەتەوە وڵاتانی خۆیان، یان حكومەتەكانیان بە زیندانی كراویی بردوونیەتیەوە، بەڵام ژن و منداڵەكانیان تا ئێستا لەسوریا ماونەتەوەو لەناو كەمپەكاندا دەژین، سەرەڕای ئەوەی چالاكانی مەدەنی و پارێزەران و یاساناسان و كەس و كاری ئەو كەسانە بەردەوام فشار لەسەر وڵاتان خۆیان دەكەن كە كارێكیان بۆ بكەن و بیان گەڕێننەوە، لەبەر ئەوەی ئەوانەیان وەك قوربانی ناوبردووەو باوك و دایكیان بردونیان نەك خۆیان رۆشتبن، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە.

سەرەڕای هەموو ناڕەحەتیەكان، بەپێی ئامارەكانی ئەمەریكا ئەو وڵاتە 15 منداڵی خۆیانی گەڕاندووەتەوە هەرچەندە باسیان لەوە نەكردووە چەندەی تریان بەجێ ماون، بەڵام باس لەوە كراوە كە ئەو منداڵانە بەڕەچەڵەك سەر بە 20 وڵاتی رۆژئاوایی جیاوازن.

ە پێی هەندێك لەسەرچاوەكان 26 منداڵی بەڕەچەڵەك كەنەدی لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریان كە تەمەنیان لە 6 ساڵی كەمترە، لەناو ئەوانەشدا ئەمیرە ناوێك هەیە كە تەمەنی تەنها چوار ساڵەو لە دایك و باوكێكی كەنەدی لەدایك بووە و هەردووكیان لە شەڕێكدا كوژراون. مامی ئەمیرە داوای لە دەسەڵاتدارانی كەنەدا كردووە كەڕەزامەندی بدەن بۆ گیڕانەوەی بەڵام ئەوان ڕازیی نەبوون بەو داوایە.

منداڵە نەخۆشەكان لە پێشترن
هەرچەندە لە سیستەم گرنگی پێدانی وڵاتاندا منداڵانی نەخۆش لەپێشترن بۆ گرنگی پێدان و هەر یەكێكیان بەجیاواز مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و وەك كەیسێكی سەربەخۆ سەیر دەكرێن، لە هەمان كاتیشدا ئەو منداڵانەی كە دایك و باوكیان نیە جێگەی بایەخی زیاترن بۆ گەڕانەوەیان بەڵام تا ئێستا هەنگاوی لەو جۆرە هەڵنەگیراوە.

كێشەی گەڕاندنەوەی منداڵانی فەرەنسی بووەتە كێشەیەكی گەورە، لەبەر ئەوەی 250 چەكداری ئەو وڵاتە لە سوریاو عێراق كوژران، لە نێو ئەو 300 منداڵە فەرەنسییەش كە دایك و باوكیشیان فەرەنسین تەنها 18 یان گەڕێنراونەتەوە.

هەرچەندە هێزە كوردیەكان لە سوریا بەردەوام داوای هاوكاریی لە وڵاتە بیانیەكان دەكەن كە بەڕێوەبەریی كەمپەكان بگرنە ئەستۆ لەبەر ئەوەی دۆخی ناوچەكە نائارامەو ئەوانیش ناتوانن بۆ هەمیشەیی بیانهێڵنەوە، بەڵام فەرەنسا پێی وایە ئەو ژنانەی كە فەرەنسین و ئێستا لەگەڵ منداڵەكانیان ماونەتەوە تاوانبارن و دەبێت دادگایی بكرێن، لەبەر ئەوەی تاوانی جەنگییان ئەنجام داوە لە سوریا و عێراق.