11:03 - 30/05/2020
چی دەزانی دەربارەی ئەو پرۆفیسۆرەی كۆرۆنای دۆزیەوە و ناوی لێنا "كۆڤید 19"
لە چەند مانگی رابردوودا هیچ كەسێك نییە لە جیهاندا ناوی "كۆڤید 19"ی نەبیستبێت، بەوپێیەی ناوی "كۆڤید 19" ناوی مەترسیدارترین و كوشندەترین پەتای جیهانییە كە بە "كۆرۆنا" ناسراوە، ئەو ڤایرۆسەی لە چین سەری هەڵدا بەڵام تەواوی گۆی زەوی گرتەوە و وڵاتێك نییە لە جیهاندا چنگی كوشندەی ئەو ڤایرۆسەی پێنەگەیشتبێت كە شەمشەمەكوێرە لە ئاژەڵەوە گواستیەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام كەم كەس دەزانێت كە ئەو خاتونە تەمەن 50 ساڵانە كێیە كە بۆ یەكەمجار جیناتی ڤایرۆسی كۆرۆنای دەستنیشان كرد و ناوینا "كۆڤید 19".
كێ كۆرۆنای دۆزیەوە؟
شی زینگ لی، پرۆفیسۆرێكی تەمەن 50 ساڵان، توێژەرێكی جیهانی بواری پزیشكی و جێگە باوەڕی حكومەتی چین.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتایەكدا لە ناوچەی وهان لە چین، حكومەتی چین بە فەرمی نامەیەكی ئاراستەی زینگ لی كرد، تا خۆیی و تیمەكەی بە زوترین كات لە شەنگەهایەوە بگەنە وهان و جۆری ئەو پەتایە دەستنیشان بكەن كە بڵاوبووەتەوە.
بەوپێەی زینگ لی پێشتر چەندین توێژینەوەی لەبارەی پەتا گوازراوەكان ئەنجامدابوو، هەرزوو لە مەترسی پەتایەكی نوێ تێگەیشت كە لە ناوچەیەكی قەرەباڵغی وەك وهان بڵاوبێتەوە، هەربۆیەش دوای چەند كاتژمێرێك لە نامەكەی حكومەت خۆیی و تیمێكی تایبەتی تاقیگەكەی گەیشتنە وهان و دەستیكرد بە وەرگرتنی سامپڵی كەسانی توشبوو بە پەتاكە و بەدواداچوون بۆ سەرچاوەكەی، سەرەنجام گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە ئەم پەتایە زنجیرەیەكی نوێی خێزانی كۆرۆنایە، هەربۆیە ناوە زانستییەكەی نا"كۆڤید 19 وەك ئاماژە بۆ ساڵی 2019 كە پەتاكەی تێیدا سەریهەڵدا و ناوە گشتییەكەشی بووە كۆرۆنای نوێ و سەرەنجام هەم پەتاكە هەموو جیهانی گرتەوە و هەم ناوەكەی كەوتە سەر زاری هەموو مرۆڤایەتی.
نەفرەتی شەمشەمەكوێرە بەدوای "زینگ لی"یەوە
ساڵی 2004، پرۆفیسۆر زینگ لی و تیمێك لە توێژەرانی تاقیگەكەی بەدوای مەترسیدارترین سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی گوازراوەدا گەڕان، سەرەنجام لە ناوچەی "ونان" لە چین ئەشكەوتێكی شەمشەمەكوێرەی دۆزییەوە كە بە وتەی خۆی ئەو ئەشكەوتە نەك شوێنی شەمشەمەكوێرە، بەڵكو شوێنی كۆبوونەوەی مەترسیدارترین جۆرەكانی ڤایرۆس بوو لەناو ئاژەڵاندا و ئەگەری هەبوو هەریەكێك لەو توخنە ڤایرۆسانە گۆڕانكارییان بەسەردا بێت و لە ئاژەڵەوە بگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ و لەوێوە كارەسات رووبدات وەك ئەوەی كە ئێستا روویداوە.
دوای دۆزینەوەی ئەو ئەشكەوتە چیتر "زینگ لی" دەستیكرد بە توێژینەوە و بەدواداچوون لەسەر شەمشەمەكوێرەكان و گەیشتە ئەو دەرەنجامەی كە شەمشەمەكوێرە سەرچاوەی گواستنەوەی ڤایرۆسە مەترسیدارەكانە بۆ مرۆڤ، هەروەك كێشەیەكی لە خودی ڤایرۆسەكان گەورەتر ئاشكرا كرد لەبارەی شەمشەمەكوێرە ئەویش ئەوەبوو كە پێكهاتەی لەش و جیناتی شەمشەمەكوێرە وایە بەردەوام گۆڕانكاری بەسەر سروشتی ڤایرۆسەكاندا دەهێنێت و لە جۆرێكەوە دەیانگۆڕێت بۆ جۆرێكی دیكە هەربۆیە ناتوانرێت لەرێگەی یەك جۆر ڤاكسین یان دەرمانەوە كۆتایی بەو هەموو جۆرە ڤایرۆسە بهێنرێت كە لە ئەشكەوتی شەمشەمەكوێرەكاندان.
دواتریش هەر خودی "زینگ لی" ڤایرۆسی "سارس"ی دەستنیشانكرد كە یەكێك بوو لە مەترسیدارترین نەخۆشییەكانی سەدە و سەلماندی "سارس" یەكێكە لەو ڤایرۆسانەی لە ئەشكەوتی شەمشەمەكوێرەكاندا دەستنیشانی كردووە بەڵام دواتر جینەكانی گۆڕاوە و چالاك بووە، سەرەنجام زینگ لی نازناوی "خانمی وات وات"ی لێنرا لەلایەن خەڵك و وەك كەسێك ناسێنرا كە بەردەوام بەدوای شەمشەمەكوێرەكانەوەیە، تا ئەو ئاستەی لە ساڵی 2014دا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕیاریدا هەموو هاوكارییەكی دارایی و لۆجستی بكات بۆ برەودان بە توێژینەوەكانی و حكومەتی چینیش تاقیگەیەكی تایبەتی لە شەنگەهای بۆ دروستكرد و رێكخراوە جیهانییە حكومی و نا حكومییەكان ئامادەبوون هەموو هاوكارییەكی "خانمی وات وات" بكەن بۆ برەودان بە توێژینەوەكانی و گەڕان بەدوای ڤایرۆسەكان و دۆزینەوەی پێكوتە و چارەسەرەكانیان.
"سوێند بە ژیانی خۆم من كۆرۆنام دروستنەكردووە، سزای سروشتە بۆ مرۆڤایەتی ناشارستانی"
ئەم دێڕە وەڵامی "پرۆفیسۆر زینگ لی" بوو بۆ هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەكران، چونكە لە پاڵ ئەوەی كە حكومەت و زلهێزەكان پشتیوانی و هاوكاری ئەم خانەمە پرۆفیسۆرەیان دەكرد، بەڵام شەپۆلێك رەخنە و تۆمەتیشی ئاراستە كرابوو وەك:-
بەهۆی توێژینەوەكانی و وەرگرتنی نمونەی خوێنی شەمشەمەكوێرە لە تاقیگەی وهان ڤایرۆسی كۆرۆنای چالاك كردووە و بەوهۆیەوە ڤایرۆسەكە بەو رادە مەترسیدارە تەشەنەی كردووە.
هەندێكی دیكە لە دانیشتوانی چین كە بڕوایان وایە شەمشەمەكوێر جۆرێك لە پیرۆزی هەیە و بەخت دەهێنێت بۆ ئەو كەسانەی خزمەتیان دەكەن، "زینگ لی"یان تۆمەتبار كرد بە شێواندنی نەریت و تەقالیدەكانی باوانیان و پێیانوابوو كە بە مەبەست كار بۆ ناشرینكردن و قەلاچۆكردنی شەمشەمەكوێرە دەكات.
هاوكات بەوپێیەی خواردنی باڵندە و مێرووەكان لە چین ریشەیەكی مێژویی هەیە و لەنێویشیاندا خواردنی شەمشەمەكوێرە، فرۆشیارانی گۆشتی شەمشەمەكوێرە "زینگ لی" بە درۆزن و نەفام ناوزەد دەكەن، وە چەندین تۆمەتی دیكەی خراوەتەپاڵ كە خۆی پەرە بە ڤایرۆسەكان دەدات و لە تاقیگەدا دروستیان دەكات تا حكومەت و كۆمپانیا گەورەكان پارەی بدەنێ.
بەڵام لە وەڵامی هەموو تۆمەتەكاندا كە ئاراستەی دەكرێت "زینگ لی" تەنها یەك دێڕ وەڵامی هەبوو ئەویش ئەوەبوو "سوێند بە ژیانی خۆم من كۆرۆنام دروستنەكردووە و لە تاقیگەی وهانەوە بڵاونەبووەتەوە، بەڵكو كۆرۆنا و ڤایرۆسەكانی پێشتر و ئەوانەی دیكەش كە دێن سزای سروشتن بۆ ژیانی مرۆڤایەتییەكی ناشارستانی كە نە لە جۆری خواردن و نە لە جۆری ژیانكردندا خۆی و سروشتیش ناپارێزێت".
هەرچۆنێك بێت لەكاتێكدا ئێستا بەشێك لە دەستەكان بە ئاسمانەوەن و دوعا دەكەن بۆ تێپەڕاندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەشێكیشیان بەردەوام تەڕن و پاكدەكرێنەوە و بەشێكیشیان ئامادەن بۆئەوەی كەمامەكان لێبكەنەوە و مژدەی كۆتایی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئاسایبوونەوەی ژیان رابگەیەنن، دەستەكانی "زینگ لی" رۆژانە زیاتر لە 10 كاتژمێر لەناو دەستكێش و سندوقەكانی تاقیگەدان و لە هەوڵدایە ژمارەی تەواوی ئەو زنجیرە ڤایرۆسانە بدۆزێتەوە كە شەمشەمەكوێرە دەیانگوازێتەوە بۆ مرۆڤ و لە ئێستادا بە 5 هەزار جۆر ڤایرۆس مەزەندەی دەكات، بەبێ ئەوەی گوێ بدات بەو تۆمەتانەی بەدوایەوەن و بەبێ ئەوەی ئەو دەستخۆشی و هاوكاری و رێزە زۆرەشی لێیدەگیرێت لە جیهاندا خاوی بكاتەوە.