10:43 - 22/05/2020
خزمەتی سەربازیی وڵاتان لە نێوان خۆبەخشی و زۆرەملێدا
هەركاتێك ناوی سەرباز دەهێنرێـت، بەدوایدا وێنای جەنگ و شەڕو شۆڕ دێتە زەینی مرۆڤ، بە درێژایی مێژووش دەسەڵاتداران و حكومەتەكان ڕێگەی جۆراوجۆریان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی بە زۆر سەرباز لە چواردەوری خۆیان خڕبكەن و بیانپێچنە ئەو شەڕانەی كە ژمارەیەكی زۆر لەو سەربازانە باوەڕیشیان پێی نەبووە، لە هەمان كاتیشدا ژمارەیەك وڵات هەن خەڵك خۆی داوا دەكات حكومەتەكانیان سەربازییان پێبكات، سیستمی وڵاتان بۆ سەربازیی كردن چۆنە؟
هەموووڵاتێك هەرچەندە چەك و تەكنەلۆژیاكەی بەهێزیی هەبێت،هێشتا لەهەر شتێك زیاتر پشت بە سەربازەكانی دەبەستێت،
چونكە ئەوانن چەك هەڵدەگرن و رووبەرووی دوژمن دەبنەوە، لەكۆتاییدا ئەوانن فیشەكەكان
دەتەقێنن و لە هەمان كاتیشدا ڕووبەڕووی دوژمنان دەبنەوە. هەروەك جەنەرال جورج سمیس
باتون یەكێك لەبەناوبانگترین سەركردەسەربازییەكانی سوپای ئەمریكا لەجەنگی جیهانی
دووەمدا دەڵێت " سەرباز سوپا دروست دەكات و بۆ سوپاش هیچ شتێك لەسەربازەكانی
باشتر نیە"
وڵاتان بۆ هێنانی
سەرباز پشت بەچەندین رێگە دەبەستن لەناویشیاندا جۆرێك هەیە كەپێی دەگوترێت سەربازیی
زۆرەملێ یان –خزمەتی سەربازیی بە ناچاریی- و هەر وڵاتێك بە پێی یاسای خۆی بەرنامەی
بۆ دیاریكردووە، ئەمەش بۆتە جێگەی مشتومڕی زۆر لەسەر جێبەجێكردنی ئەو یاسایە و تەنانەت
زۆرێك داوای هەڵوەشاندنەوەی دەكەن. بەڵام لە ڕاستیشدا ئەوانەش كە پشتیوانی مانەوەی
ئەو یاسایانە دەكەن بەڵگەی خۆیان پێیەو دەواتنن بەرگریی لە بۆچوونەكەی خۆیان بكەن.
وڵاتانی جیهان چۆن
سەرباز دەهێننە ریزەكانیان؟
سوپای وڵاتان لەرووی
چۆنیەتی وەرگرتنی سەرباز و خزمەتی سەربازیی پشت بەرێگەی جۆراوجۆر دەبەستن بەپێی یاسای
تایبەتی هەر وڵاتێك بۆ نمونە:
1- هاتنە
ریزی سوپا بەشێوەی ئارەزوومەندانە، لەژمارەیەك وڵاتان هاوڵاتی بە خواستی خۆی پەیوەندی
بەخزمەتی سەربازییەوە دەكات بۆ ئەوەی خزمەت بكات و بیكاتە پیشەیی ژیانی بەبێ ئەوەی
ناچار بكرێت، یان لە ڕووی هەستی نیشتیمانییەوە بەئەركی خۆی دەزانێت.
2- تۆماری
ناچاری بەبێ سەربازیی راستەقینە: لەبەشێك لەوڵاتان كوڕان ئەگەر تەمەنیان گەیشتە
ئاستێكی دیاریكراو( بەنمونە 18 ساڵ) ناوەكانیان دەنوسرێت بەڵام ناخرێنە خزمەتی سەربازیی
ئەگەر پێویست نەبێت.
3- خزمەتی
سەربازیی زۆرە ملێ: لە هەندێك وڵات سیستمی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ پەیرەو دەكرێت،
و پێویستە هەموو هاوڵاتیەك یان گروپێكی دیاریكراو خزمەتی سەربازیی بكەن.
4- تێكەڵاوی
لەنێوان خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ و ئارەزوومەندانە: هەندێك وڵات پەیرەوی ئەو جۆرە
لەسیستم دەكەن بەجۆرێك لەیەك كاتدا سیستمی سەربازیی زۆرەملێ و ئارەزوومەندانەش پەیرەو
دەكەن، وەك هەرێمی بەرمودا و سوڵتان نشینی برونای و كۆماری راس الاخضر و كۆلۆمبیا
و فەرەنسا و كوەیت و مالی و مۆریتانیا و سەنگافورا و سوید و تایلەند و فەنزوێلا.
شێوازەكانی سەربازیی
زۆرە ملێ لە سوپا جیاوازەكاندا
ماوەی خزمەتی زۆرە
ملێ و شێوازەكەی لەوڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر دەگۆڕدرێت، هەروەها تەمەنی پەیوەندیكردن
بە خزمەتی سەربازیی لەوڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر دەگۆردرێت، لە چەند مانگێكەوە بۆ چەند
ساڵێك و لەهەندێك وڵاتیش كە خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ هەیە دەگاتە یەك ساڵ وەك بەرازیل
و ئیستوانیا و فەرەنسا و یۆنان و قەتەر و سوید و توركیا و لە هەندێك وڵاتی تر دەگاتە
چەند ساڵێك وەك لەكۆریای باشور و لەهەندێك وڵاتی تریش ماوەی كۆتایی هاتنی خزمەتی سەربازیی
زۆرە ملێ دیار نیە بەشێوەیەكی گشتی خزمەتی سەربازیی زۆرە ملێ دوو شێوەی سەرەكی هەیە:
خزمەتی گشتگیر:
بەپێی ئەم سیستمە دەبێت هەموو هاوڵاتیان بەهەردوو رەگەز(نێر و مێ) دیارترین نمونەی
ئەم سیستمەش سوپای ئیسرائیلە.
خزمەتی گونجاو:
هەندێك وڵات سیستمی خزمەتی گونجاو پەیرەو دەكەن بەجۆرێك لەناو ئەو كەسانەی ناویان
تۆماركراوە، بەپێی پێویستی هەندێكیان وەردەگیردرێن و ئەوانی تریش خۆتۆماركردنیان وەك
جێبەجێكردنی ئەركی یاسای سەرشانیان ئەژمار دەكرێت.
سەربازیی لەسەر
كاغەز: هەندێك وڵات خزمەتی سەربازیی گشتگیریان هەیە لەسەر كاغەز بەڵام هەموو ئەوانەی
گونجاون بۆ خزمەتی سەربازیی نابرێنە ریزەكانی سوپا ئەوەش بەهۆكاری ئابوری یان سیاسی،
بەنمونە لە نەرویج بەپێی یاسا دەبێت هەموو ژن و پیاوێك خۆی بۆ خزمەتی سەربازیی
بنوسێت و ناوەكەی تۆمار بكات، بەڵام لەكۆتایدا هیچ كەس ناچار ناكرێت و تەنها لەشەش
كەس كە ناویان تۆماركراوە یەكێكیان دەبرێتە خزمەتی سەربازیی.
هاندانی زۆر بۆ
خزمەتی سەربازیی
لەلایەكی ترەوە
و لەهەندێك وڵاتدا سیستمی خزمەتی سەربازیی ناچاری پەیرەو ناكرێ بەڵام هاندان و بەخشینی
زۆر هەیە بۆ ئەو كەسانەی پەیوەندی بەریزەكانی سوپاوە دەكەن بەوەش یەكسان دەبێتەوە
لەگەڵ سیستمی سەربازیی زۆرە ملێ.
بەنمونە لە فەنزوێلا
بەپێی دەستور " سەربازیی زۆرەملێ قەدەغەیە" بەڵام لەدەستوردا هاتووە دەبێت
هەموو كەسێك خزمەتی شارستانی و سەربازیی بكات لەكاتی پێویستدا بۆ پارێزگاریكردن لەوڵات
و پەرەپێدانی، پێویست كراوە هەموو نێر و مێیەك ناوی خۆیان تۆمار بكەن لەبەرامبەردا
چەند هاوكاریەكی حكومەتیان پێدەگات وەك چاودێری ددان و گرەنتیكردنی ژیانیان و پێدانی
مۆڵەتی لێخورینی ئۆتۆمبێل و كاركردن لەكەرتی حكومەت و هەروەها وەرگرتنی بەخشیشێك كە
لەلایەن حكومەتەوە پێیان دەدرێت.
سەربازیی زۆرە
ملێ بۆ ئافرەتان
لەهەندێك لە وڵاتان
یەكسانی ژن و پیاو گەیشتۆتە ئاستی سەربازیی زۆرە ملێ لەكۆی 60 وڵات كە خزمەتی سەربازیی
زۆرە ملێ پەیرەو دەكەن 11 وڵاتیان ژن و پیاو وەك یەك خزمەتی سەربازییان لەسەرە، بەڵام
لەهەندێك وڵاتی وەك سودان و ڤێتنام بەیاسا پێویستكراوە كە ژن و پیاو خزمەتی سەربازیی
بكەن بەڵام لە پراكتیكدا تەنها پیاوان تۆمار دەكرێن.
لەنەرویج تا ساڵی
2013 خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ ئافرەتانی نەدەگرتەوە بەڵام لەو كاتەوە پەرلەمانی ئەو
وڵاتە یاسایەكی دەركرد و تێیدا وەك هەوڵێك بۆ یەكسانی ژن و پیاو بریاریدا خزمەتی سەربازیی
وەك یەك (نێر و مێ) بگرێتەوە، لەهاوینی ساڵی 2016 ژمارەی ئەو ئافرەتانەی ناوی خۆیان
تۆماركرد گەیشتە سێیەكی كۆی ئەو كەسانەی ناوی خۆیان تۆماركرد بۆ خزمەتی سەربازیی.
لەئیسرائیل خزمەتی
سەربازیی ئافرەتان تا ساڵی 1994 چەند بوارێكی دەگرتەوە بەڵام لەو ساڵەوە ئافرەتانیش
بەشداری هەموو چالاكیەكانی شەر دەكەن، بەڵام ئافرەتان دووگیان و ئەو ئافرەتانەی
منداڵی ساوایان هەیە لەخزمەتی سەربازیی دەبەخشرێن.
جگە لە نەرویج و
ئیسرائیل چەندین وڵاتی تریش كە بریتین لە ئەریتریا و مالی و مەغریب و كۆریای باكور
و تونس و بنین و راس الاخضر و مۆزەمبیق و سوید پەیرەوی خزمەتی سەربازیی زۆرە ملێ دەكەن.
ئەو وڵاتانە
كامانەن كە پەیرەوی خزمەتی سەربازیی زۆرە ملێ دەكەن لەجیهاندا؟
نزیكەی 60 وڵات
لەجیهاندا پەیرەوی سیستمی سەربازیی زۆرەملێ دەكەن لەوانەش : روسیا و چین وئێران و
توركیا و میسر و ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو و ئیسرائیل و سەنگافورا و ئەرمینیا و نەمسا
و روسیای سپی و ئەزەربیجان و هەرێمی بەرمودا و بەرازیل و بۆرما و قوبرس و دانیمارك
و فنلەندا و یۆنان و كۆریای باكور و كۆریای باشور و مەكسیك و نەرویج و سویسرا و تایلەند
و ئۆكرانیا.
بەشێوەیەكی گشتی
نزیكەی سێیەكی وڵاتانی جیهان خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ پەیرەو دەكەن بەڵام زۆرینەی
ئەو وڵاتانە ئافرەتان بەدەركراون و خزمەتی سەربازیی نایانگرێتەوە، بەپێی ئامارێك كە
ناوەندی بیو بۆ لێكۆڵینەوە لە 23ی نیسانی 2019 بڵاویكردۆتەوە 23 وڵات سیستمی تۆماری
سەربازییان هەیە بەڵام پەیرەوی سیستمی سەربازیی زۆرەملێ ناكەن و ویلایەتەیەكگرتووەكانی
ئەمریكاش لەناو ئەو وڵاتانەدایە، هەروەها 108 وڵات هیچ دەقێكی یاساییان نیە سەبارەت
بەخزمەتی سەربازیی زۆرەملێ و 23 وڵاتیش هێزی سەربازیی كلاسیكیان نیە.
چین .... 20% لەخزمەتی
سەربازییدان
چین یەكێكە لە وڵاتانەی
پەیرەوی سیستمی سەربازیی ئازادانە و ناچاری دەكات، هەروەها میلیشیاكانی تێكەڵ بەهێزی
سەربازیی یەدەگ كردووە، بەپێی مادەی 55 لەدەستوری چین خزمەتی سەربازیی زۆرە ملێیە
بەوپێیەی مادەكە دەڵێت" پارێزگاری لەنیشتمان
و نەتەوە و بەرگریكردن دژی داگیركەر ئەركێكی پیرۆزی سەرشانی هەموو هاوڵاتییەكە"
بەپێی یاسای خزمەتی
سەربازیی هەر كوڕێك تەمەنی گەیشتە 18 ساڵ داوای خزمەتی سەربازیی لێدەكرێت، ئەگەر كەسێك
ئەو ساڵە ناوی خۆی تۆمار نەكات ئەوە دەتوانێت تا تەمەنی دەگاتە 22 ساڵی ناوی خۆی تۆمار
بكات، هەروەها یاسا رێگەی بە سەربازیی ئافرەتان داوە، چین ساڵانە 450 هەزار كەس بۆ
سەربازیی وەردەگرێت كە دەكاتە 20%ی ژمارەی سەربازەكانی.
ئیسرائیل وەك بەناوبانگترین
سیستمی سەربازیی زۆرەملێی گشتگیر لەجیهاندا
خزمەتی سەربازیی
لەئیسرائیل زۆر ملێیە بۆ نێر و مێ بۆ پیاوان سێ ساڵە و بۆ ئافرەتان دووساڵە، ئەم سیستمە
لەسەر هەموو هاوڵاتیانی ئیسرائیلی جێبەجێ دەكرێت لەناوخۆی وڵات بن یان لەدەرەوە، بەڵام
هەندێك كەس بەهۆكاری پزیشكی دەبەخشرێن یان ئەو یەهودیانەی تازە گەراونەتەوە بۆ ئیسرائیل
هەروەها چەند گروپێی ئاینی دەبەخشرێن، ماوەی خزمەتی سەربازیی بۆ یاریزانان كەمترە.
سوریا
لەسوریا خزمەتی سەربازیی
ناچاریە و لەمانگی ئازاری ساڵی 2011 بەشار ئەسەد سەرۆكی ئەو وڵاتە بڕیارێكی دەركرد
و تێیدا ماوەی خزمەتی سەربازیی لە 21 مانگەوە بۆ 18 مانگ كەم كردەوە، ئەو فەرمانبەرانەی
حكومەت كە لەخزمەتی سەربازیی هەڵدێن كارەكانیشیان لەدەستدەدەن، رێكخراوی لێبوردنی
نێودەوڵەتی دەڵێت سزای ئەوانەی لەخزمەتی سەربازیی هەڵدێن هەندێك جار دەگاتە 15 ساڵ
زیندانیكردن.
كۆریای باكور ..
زۆرترین ماوەی خزمەتی سەربازیی لەجیهاندا
خزمەتی سەربازیی
لەكۆریای درێژترین ماوەیە بۆ پیاوان دەكاتە 11 ساڵ و بۆ ئافرەتانیش حەوت ساڵە،
ژمارەی سەربازانی كۆریای باكور 6 ملیۆن و 440 هەزار كەسە بەوەش بووە بەیەكێك لەگەورەترین
سوپاكانی جیهان لەو ژمارەیەش 945 هەزار كەسیان سەربازیی راستەقینەن و 5ملیۆن و 500
هەزار كەسیش یەدەگن.
كۆریای باشور
لەرووی هونەریەوە
تائێستاش كۆریای باشور لەدۆخی شەردایە لەگەڵ كۆریای باكور، بۆیە جێگەی سەرسورمان نیە
ئەگەر بڵێین سیستمێكی قورسی خزمەتی سەربازیی ناچاری پەیرەو دەكرێت، هەموو كورێك كە توانای كاری هەبێت دەبێت
21 مانگ لەخزمەتی نیشتمانی سەربازییدا بێت یان 23 مانگ لەهێزی دەریای یان 24 مانگ
لەهێزی ئاسمانی.
ئەریتریا...
سیستمێكی سەربازیی
قورس پەیڕەو دەكات بەهۆیەوە گەنجان پەنا بۆ وڵاتانی تر دەبەن، لە ئەریتریا پێویستە ئەو پیاو و ئافرەتانەی
هاوسەرگیریان نەكردووە بۆماوەی 18 مانگ خزمەتی سەربازیی بكەن زۆر جاریش ماوەی سەربازیی
بۆ كاتێكی نادیار درێژدەكرێتەوە، بەپێی راپۆرتی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی خزمەتی
سەربازیی ناچاری پاڵنەری هەڵهاتنی ئەریتریەكانە لەوڵاتەكەیان.
سویسرا و نەمسا
سورن لەسەر هێشتنەوەی سەربازیی ناچاری
لەسویسرا خزمەتی
سەربازیی ناچاری لەسەر ئەو پیاوانەیە كە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 34 ساڵیدایە و ماوەكەی
دەگاتە 21 هەفتە و لەدوای ئەوە مەشق و راهێنانی ساڵانەی بەدوادا دێت، كاتێك لەساڵی
2013 بۆ جاری سێیەم ئەم پرسە خرایە دەنگدانەوە هاوڵاتیان دژی هەڵوەشاندنەوەی سەربازیی
زۆرەملێ دەنگیاندا، لەنەمساش هەمان شت و هەمان ساڵ ڕوویدا و هەمان ئەنجامی هەبوو.
گەنجانی ئەوێ دەتوانن
لەبری خزمەتی سەربازیی لەبواری مەدەنی خزمەت بكەن، هەروەها خزمەتی سەربازیی ناچاری
ئافرەتان ناگرێتەوە بەڵام ئەگەرخۆیان بیانەوێت دەتوانن بچنە ریزی سوپاوە.
بەرازیل... چونە
ریزی سوپا وەك دەروویەك بۆ رزگاربوون لەهەژاریی
خزمەتی سەربازیی
لە بەرازیل ناچاریە بۆ پیاوان دوای ئەوەی تەمەنیان دەگاتە 18 ساڵ و بۆماوەی 10 بۆ
12 مانگ بەردەوام دەبێت، ئەوانەی لەریزەكانی سوپا وەردەگیردرێن چەند تاقیكردنەوەیەكی
جەستەییان پێ دەكرێت، سەرباز لەوێ موچەیەكی كەم وەردەگرێت بەڵام خوارن و شوێنی مانەوەشیان
پێ دەدرێت ئەوەش وەك هاندانێكی باش دادەنرێت بۆ بەرازیلیەكان كە بەدەست هەژاریەوە
دەناڵێنن، زۆر جار ژمارەی ئەوانەی پەیوەندی بە سوپاوە دەكەن زۆرجار لەژمارەی پێویستی
زیاترە بۆیە بەشێكیان دووردەخرێنەوە.
توركیا
لەتوركیا سیستمی
سەربازیی ناچاری لەسەر پیاوان جێبەجێ دەكرێت ئەوانەی تەمەنیان لە 20 ساڵ زیاترە.
یۆنان
لەیۆنان خزمەتی سەربازیی
ناچاری بۆماوەی نۆ مانگ لەسەر ئەو پیاوانەی تەمەنیان دەگاتە 19 ساڵ.
قوبرس
لە قوبرس خزمەتی
سەربازیی تەنها پیاوان دەگرێتەوە ئەگەر تەمەنیان گەیشتە 18 ساڵ.
ئێران
لەئێران خزمەتی سەربازیی
بۆ ئەو پیاوانەی تەمەنیان لەسەرووی 18 ساڵە پەیرەو دەكرێت بۆماوەی 24 مانگ.
كوبا
لەكوبا ئەو پیاوانەی
تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 28 ساڵیدایە پێویستە بۆماوەی دووساڵ خزمەتی سەربازیی بكەن.
میسر
لەمیسر خزمەتی سەربازیی
تەنها پیاوان دەگرێتەوە ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 30 ساڵیدایە و خزمەتی سەربازیی
بۆماوەی سێ ساڵە و لەتەمەنی 15 ساڵیەوە گەنجان ئازادن لەپەیوەندیكردن بەسوپاوە.
ئەو وڵاتانەی گەراونەتەوە
سەر خزمەتی سەربازیی
هەندێك وڵات دوای
هەڵوەشاندنەوەی خزمەتی سەربازیی ناچاری جارێكی تر گەراونەتەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو
سیستمە، لەوانەش ئەلبانیا و ئیكوادۆر و ئوردن و پۆڵندا.
ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت
بگەرێنەوە بۆ خزمەتی سەربازیی
فەرەنسا
ئیمانوێل ماكرۆن
سەرۆكی فەرەنسا لەكەمپینی هەڵبژاردنەكەیدا رایگەیاند دەیەوێت خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ
بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو هەموو ئەو كەسانەی تەمەنیان دەگاتە 16 ساڵ .
جورجیا
جورجیا لەساڵی
2017 جارێكی تر گەرایەوە بۆ جێبەجێكردنی سیستمی سەربازیی زۆرەملێ دوای ئەوەی بۆ
ماوەی 18 مانگ هەڵیوەشاندەوە.
لیتوانیا
دوای هەشت ساڵ لەهەڵوەشاندنەوەی
حكومەتی لیتوانیا جارێكی تر گەرایەوە بۆ پەیرەوكردنی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ، بەجۆرێك
لەساڵی 2008 هەڵیوەشاندەوە و لەساڵی 2016 جارێكی تر كاركردن بەو سیستمەی گەراندەوە.
سوید
لەسوید لەساڵی
2017 دەنگدرا بۆ گەراندنەوەی سەربازیی زۆرملێ ئەوەش لەدوای ئەوەی ساڵی 2010 هەڵوەشێندرایەوە.
مەغریب
لەمەغریب ساڵی
2006 خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ هەڵوەشێندرایەوە و لەساڵی 2018 جارێكی تر یاسای خزمەتی
سەربازیی چووە بواری جێبەجێكردنەوە.
عێراق
لە عێراقیش تا
پێش 2003خزمەتی سەربازیی زۆر ملێ بوو بۆ ئەو كەسانەی تەمەنیان گەشتبووە 18 ساڵ
تەنها بۆ پیاوان، بەڵام بەهۆی خوێندن و بیانووی تەندروستی و هەندێك ڕێگای دیكە
كەسەكان دەبەخشران یان دوا دەخرا بۆیان تا كاتی گونجاو، بەڵام لە دوای 2003 وە ئەو
سیستەمە وەستاوە و كاری پێناكرێت. ئەگەر سەرباز خۆی لە ئەركەكەی بشاردایەتەوە یان
لە خزمەتی سەربازیی هەڵبهاتایە، وەك تاوانباریی جەنگی مامەڵەی لەگەڵ دەكرا، جگە
لەوەی ڕەوانەی دادگای شۆڕش دەكرا زۆربەی كەسەكان بە فیشەك دەكوژران و دواتریش
لەسەر تابووتەكەی دەنوسرا –خائن- یان ترسنۆك(جبان).
خزمەتی سەربازیی
مێژوویەكی دێرینی هەیەو هەر لەو كاتانەوەی كە هێرش و بەرگریی بۆ سەر وڵات و
ناوچەكان هەبووە دەسەڵاتداران بیریان لەوە كردووەتەوە بە زۆرەملێ خەڵك بكەن بە
سەرباز و ناچاریان بكەن بە بەرگریی كردن، هەرچەندە ژمارەیەكی ئێجگار زۆریشیان
باوەڕیان بەو جەنگانەش نەبووبێـت، بەڵام بەناچاریی و لەبەر هەر هۆكارێكی دیكە
چەكیان هەڵگرتووەو چوونەتە بەرەكانی شەڕ، ئیتریان خەڵكیان كوشتووەو دواتر وەك
پاڵەوان مامەڵەی لەگەڵ كراوە، یان بووەتە سووتەمەنی جەنگ و خۆیان كوژراون و
بوونەتە قوربانی جەنگ و بەشێكیشیان نازناوی شەهیدیان پێبەخشراوە.