ڕاپۆرتی جیهانی

04:33 - 18/05/2020

باراك ئۆباما : ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ریخست به‌رپرسه‌كانی ئێمە نازانن چیده‌كه‌ن‌

پەیسەر

باراك ئۆبامای سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا لە میانەی قسەكردنی بۆ دەرچووانی بەشێك لە ئامادەییەكان و زانكۆیەك ده‌ڵێت: وتاره‌كانی به‌رپرسانی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بێ ڕابه‌رایی پێوه‌دیاره‌ و ده‌ڵێت: ڤایرۆسی كۆرۆنا ئه‌وه‌ی ده‌رخست كه‌ به‌رپرسه‌كان خۆشیان نازانن چیده‌كه‌ن، و زۆربه‌شیان ناتوانن ته‌نانه‌ت نواندنیش بكه‌ن و پێمان بڵێن دەیانەوێت چیمان پێشكەش بكەن بە بێ ئەوەی ناوی دۆناڵد ترامپیش بهێنێت، بەڵام ئەو لە توێتەرەكەی خۆی وەڵامی داوەتەوە.

له‌ 16/5/2020 و دوور له‌  ئاهه‌نگێكدا به ‌مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی خوێندنی زانكۆ و دواناوه‌ندی بەرێوەچوو، باراك ئۆباما  دوو وتاری ڤیدیۆی به‌ ده‌رچووان پێشكه‌شكرد كه‌ له‌ لایه‌ن چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كه‌وه‌ ڕێكخرابوو له‌ كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فیزیۆنییه‌كان په‌خشكرا. له‌ وتاره‌كانیداملیۆنه‌ها ده‌رچووی دواناوه‌ندی و زانكۆی هانده‌دا بوێرانه ‌كۆشش بكه‌ن و وببنە پێشەنگ له‌ ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، له‌كاتێكدا ده‌سه‌ڵاتدار و ڕابه‌رانی وڵاته‌كه‌ی نه‌یانتوانی دروستانه له‌م دۆخه‌دا‌ ڕه‌فتاربكه‌ن. 

یه‌كه‌م وتاری ئۆباما بۆ ده‌رچوانی (HBCUs) - ئه‌و زانكۆ و كۆلێژانه‌ی له‌ سه‌ره‌تادا خوێندكاره‌ ئه‌مریكیه‌ ئه‌فریقیه‌كان و هه‌موو ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگێك ده‌یتوانی تیایاندا بخوێنێت-  چه‌ندین وته‌ و ئامۆژگاری له‌خۆده‌گرت بۆ بنیادنانی كۆمه‌ڵگاكه‌یان و هه‌ڵبژاردنی ڕێچكه‌ی دروست و ڕابه‌رایه‌تیكردن. سه‌رباری باسكردنی مامه‌ڵه‌ی نادروسته‌كانی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ پرسی جیهانی ڤایرۆسی كۆرۆنادا كه‌ بووه‌ هۆی مردنی 87 هه‌زارهاوڵاتی ئه‌مریكی، و داڕمانی باری ئابووری هێنایە بەرباس. و له‌وێشه‌وه‌ وتی” ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا زۆرسه‌ركه‌وتوو بوو له‌ ته‌واو به‌رۆخستنه‌وه‌ی ئه‌و دیده‌ باوه‌ی كه‌ ده‌ڵێت‌‌ زۆرینه‌ی به‌رپرسان به‌توانان و ده‌زانن چۆن وڵات و جیهان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، به‌ڵام له‌ڕاستیدا هه‌ندێكیان ته‌نانه‌ت  ناتوانن به‌درۆش ڕۆڵی به‌رپرس ببینن“. هه‌رچه‌نده‌ ئۆباما له‌ وتاره‌كانیدا به‌ هیچ جۆرێك ناوی دۆناڵد تره‌مپی نه‌هێنا، به‌ڵام هه‌ندێك له‌و باوه‌ڕه‌دان ڕه‌خنه‌كانی ئاراسته‌ی ئه‌و كردووه‌.

كایلی ماكنانیی وته‌بێژی كۆشكی سپی  له‌ وته‌یه‌كیدا ده‌رباره‌ی كۆتوبه‌نده‌كانی گه‌شتكردن وسیسته‌می قه‌رزی پڕۆژه‌ بازرگانییه‌ گچكه‌كان و به‌كارهێنانی كه‌رتی تایبه‌ت بۆپڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كۆگایانه‌ی له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكی پێشوودا به‌تاڵ جێمابوون ده‌ڵێت: شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی دۆناڵد تره‌مپ له‌ پرسی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، شێوازێكی بێ وێنه‌یه‌ به‌جۆرێك ژیانی چه‌نده‌های ڕزگاركردووه‌.

ئۆباما لەباره‌ی پرسی نادادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ده‌ڵێت: ڤایرۆسی كۆرۆنا زه‌نگی به‌خه‌به‌ر هێنانه‌وه‌ بوو بۆ گه‌نجه‌كان، كه‌ توانی گرنگی ڕابه‌رایه‌تی دروست ده‌ربخات، له‌ به‌رئه‌وه‌ی ڕێگاكانی دیكه‌ی به‌ڕێوه‌بردن به‌ هیچ جۆرێك به‌كه‌ڵك نایه‌ن.  


ئۆباما له‌ وتاری دووه‌میدا به‌ ده‌رچوانی قۆناغی دواناوه‌ندی گوت:‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و كارانه‌ی كه‌ پێمانخۆشه‌ و گونجاو و ئاسانن، پیشه‌و و شێوازی بیركردنه‌وه‌ی منداڵانه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زۆرێك له خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌وانه‌ی خاوه‌ن نازناوو پله‌و پایه‌ی بریقوباقن، به‌ هه‌مان شێوه‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش هۆكاری شێوانی كۆی شته‌كانه‌. له‌وێشه‌وه‌ هیوادارم ئێوه‌ وه‌ك نه‌وه‌ی نوێ خۆتان به‌ به‌ها به‌نرخ و دوورمه‌وداكانی وه‌ك ڕاستگۆیی و كاركردن به‌رپرسیارێتی و دادپه‌روه‌ری و به‌خشنده‌یی و ڕێزی به‌رامبه‌ر‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ن.


ئه‌و وته‌یه‌ی باراك ئۆباما یه‌كێكه‌ له‌ وتاره‌ ده‌گمه‌نه‌كانی له‌ ماوه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، كه‌ تیایدا ده‌ڵێت ئه‌و كه‌لێنه‌ ڕابه‌رییه‌ی له‌ ئێستادا به‌دی ده‌كرێ، به‌رپرسیارێتی ده‌خاته‌ سه‌ر شانی ده‌رچووانی زانكۆ و وتیشی گه‌رده‌تانه‌وێت جیهانێكی باشتر بهێننه‌ كایه‌وه‌ پێویسته‌ كاری بۆ بكه‌ن.   ‌
وته‌و تێبینیه‌كانی ئۆباما  وتاری ده‌ستپێكی مه‌راسیمی ده‌رچوون بوون، به‌ڵام له‌ ڕوویه‌كی تره‌وه وه‌ك هێوركه‌ره‌وه‌ی هاوڵاتی ئه‌مریكی ده‌رده‌كه‌وت.هه‌روه‌ها هه‌وڵیده‌دا ئه‌مریكیه‌كان یه‌كبخات له‌پێناو ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێك كه‌ تیایدا ئه‌و به‌هایانه‌ی كه‌ به‌ درێژایی مێژوو دیموكراسیه‌كان به‌رگریان لێكردووه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگیرێن، وه‌ك پاراستنی ته‌ندروستی جیهانی و دادپه‌روه‌ری ژینگه‌یی و ئابووری. ‌

باراك ئۆباما وه‌ك ئه‌وه‌ی سێ ساڵ له‌وه‌‌وبه‌ر كۆشكی سپی جێهێشتووه، خۆی به‌دوورگرت له‌ ئاراسته‌كردنی هیچ جۆره‌ ڕه‌خنه‌یه‌ك بۆ‌ دۆناڵد تره‌مپ، به‌ڵام كاردانه‌وه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ ته‌نگژه‌ی كۆرۆنا ناكۆكی نێوان  دوو كۆتا سه‌رۆكی ئه‌مریكا زیاترده‌كات‌.

ئۆباما له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فونیدا له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ته‌كه‌ی پێشوویدا، مامه‌ڵه‌ی ئێستای كۆشكی سپی له‌گه‌ڵ ئه‌م ته‌نگژه‌یه‌دا  به‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی لاواز و ناگشگیر ‌پێناسه‌ كرد. له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ تره‌مپ له‌تویته‌ریه‌وه‌ كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت و هێرشده‌كاته‌ سه‌رئۆباما له‌ڕێگه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی بێ بنه‌ما، گوایه‌ ئۆباما له‌هه‌وڵی په‌كخستنی تڕه‌مپدا بووه‌ له‌ڕێگه‌ی هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ڕوسیه‌كان.

ئۆباما ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ فشاری تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌كارهاتنی ته‌قه‌مه‌نییه‌كان له‌ قوتابخانه‌كاندا هه‌روه‌ها كه‌شگۆڕكێ و ئه‌م ته‌نگژه‌یه‌ی كۆرۆناش، وایكرد گه‌نجانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ زووتر له‌ واده‌ی خۆیان گه‌وره‌ ببن. هه‌روه‌ها ئامۆژگاریی كردن كه‌ سه‌رباری ترسه‌كانیان له‌ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ كۆڵ نه‌ده‌ن، گوتی گه‌ر ده‌مانه‌وێت جیهانێك بنیاد بنێین كه‌ تیایدا هه‌مووان بتوانن پیشه‌یه‌ك به‌ده‌ستبهێنن و خوێندن ته‌واو بكه‌ن، جیهانێك كه‌ ژینگه‌كه‌ی پارێزراو بێت و به‌دووربێت له‌ كاولكاریی ته‌نگژه‌كانی داهاتوو، ئه‌وا ده‌بێت پێكه‌وه‌ییانه‌ كاربكه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ش پێویسته‌ له‌ كاتی بارلێژی یه‌كتردا هاوكار و یارمه‌تیده‌ربین.

وتاری یه‌كه‌می باراك ئۆباما  كه‌ ئاراسته‌ی27 هه‌زار خوێندكاری كۆلێژ و زانكۆكانی HBCUsكردبوو كه‌ زۆرینه‌یان ڕه‌شپێست بوون، دووكاژێری خایاند و له‌ پێگه‌ی تۆڕه‌ كۆڵایه‌تیه‌كه‌ی ڕێكخه‌ره‌كه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ و چه‌ندین كه‌سانی ناوداری ده‌رچووی ئه‌و كۆلێژانه‌ش میوانداری كرابوون، تیایدا ئۆباما ووتی: ڤایرۆسی كۆرۆنا ئه‌ونایه‌كسانیه‌ ناوه‌كی نادادپه‌روه‌رییانه‌ی ده‌رخست كه‌ به‌ درێژایی مێژوو ڕه‌شپێسته‌كان ده‌بوایه‌ خۆیان له‌گه‌ڵیاندا بگونجاندایه‌، ئه‌و جیاوازیانه‌ش ته‌نیا له‌ڕووی ته‌ندروستیه‌وه‌ نیه‌ به‌ڵكو ته‌نانه‌ت كاتێك ڕه‌شپێستێك سه‌رقاڵی وه‌رزشكردنه‌، كه‌سانێك  هه‌ستده‌كه‌ن كه‌ ده‌توانن ڕایگرن و پرسبارانی بكه‌ن ته‌نانه‌ت بشیكوژن گه‌ر ملكه‌چی نه‌نوێنێت، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ك بوو بۆ ڕوداوێك كه‌ تیایدا باوك و كوڕێكی سپیپێست به‌دوای كوڕێكی 25 ساڵانی  ڕه‌شپێستی كه‌وتبوون و كوشتیان.  كاتێكيش كۆمه‌ڵگا له‌ دژی ڕێكاره‌كانی مانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ هاتنه‌ ده‌نگ و مشتومڕیان ده‌كرد ده‌رباره‌ی به‌رفراوانی ئازادی تاكه‌كان، ئۆباما وتی پێویسته‌ ئه‌مریكیه‌كان ڕه‌چاوی بارودۆخی یه‌كتری بكه‌ن.

ئۆباما ئامۆژگاری ده‌رچوانی كرد به‌وه‌ی هه‌وڵبده‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌‌ پشتگوێ خراوانه‌دا كاربكه‌ن كه‌ له‌هه‌وڵی هێنانه‌دی گۆڕانكاریدان له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌یی، هه‌روه‌ها وتی گرنگ نیه‌ چه‌ند پاره‌ به‌ده‌ست ده‌هێنی له‌كاتێكدا ده‌وروبه‌ره‌كه‌ت به‌ده‌ست هه‌ژاری ونه‌خۆشییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، و كۆمه‌ڵگاو دیموكراسی كاتێك  ده‌بوژێنه‌وه‌ ‌ كه‌ ته‌نیا له‌ خه‌می خۆماندا نابین و بیرله‌ ده‌وروبه‌رمان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

ده‌رچوویه‌كی به‌شی كۆمپیوته‌ری ئه‌و زانكۆیانه‌ به‌ناوی ئێڕیه‌ڵ تێڕنڵی ده‌ڵێت: له‌و باوه‌ڕه‌دام سه‌رۆك ئۆباما گوزارشتی له‌ هه‌ست و بۆچوونی زۆرینه‌مان كرد، كه‌ زۆرینه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران به‌ كۆی توانا و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان ئه‌ركی سه‌رشانیان به‌جێ نه‌هێناوه‌ له‌ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌م ته‌نگژه‌یه‌دا، هه‌روه‌ها سوپاسگوزاری خۆی بۆ ئۆباما پیشاندا كه‌ له‌ وتاره‌كه‌یدا جیاوازییه‌ زه‌قه‌كانی نێوان ڕه‌شپێست و سپیپێسته‌كانی به‌سه‌ركرده‌وه‌ كه زۆر به‌ڕوونی له‌ ماوه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنادا ده‌ركه‌وتن. هه‌روه‌ها وتیشی نه‌مده‌ویست مه‌راسیمی ده‌رچوونم له‌ زانكۆ به‌م شێوازه‌ بێت، به‌ڵام هه‌ستده‌كه‌م ئۆباما گوزارشتی له‌ ئه‌زموون و تێگه‌یشتنه‌كانم كرد كه‌ له‌م ته‌نگژه‌یه‌دا فێری بووم و به‌نیازبووم بۆخۆمی هه‌ڵبگرم و هاوبه‌شیان پێنه‌كه‌م.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئۆباما له‌ كاتێكدا بوو كه‌ده‌رچووان به‌بۆنه‌ی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزییه‌وه بێبه‌ش بوون له‌ ئاهەنگ گێڕان به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانیان، وله‌وێشه‌وه‌ چه‌ند كه‌سانێكی ناودار ده‌ستیان دایه‌ كاری هاوشێوه‌ بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی ده‌رچووان كه‌ به‌ كرده‌نی ده‌چنه‌ قۆناغێكی دیكه‌ی ژیانه‌وه‌ كه‌ تیایدا جیهان پڕه‌ له‌ نائارامی وترس و ناسه‌قامگیری ئابووری.  ‌

وا بڕیاره‌ باراك ئۆباما به‌ هاوه‌ڵی هاوسه‌ره‌كه‌ی میشێل ئۆباما له‌ ڕێكه‌وتی 6 حوزه‌یران  وتاری سێیه‌می ‌به‌ ده‌رچوان پێشكه‌ش ده‌كات به‌ سه‌رپه‌رشتی یوتوب.
 ئه‌مه‌ش به‌یه‌كه‌م كاری ئۆباما هه‌ژمارناكرێت، به‌و پێیه‌ی له ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا‌ له‌ سێ زانكۆی ڕه‌شپێستدا وتاری پێشكه‌ش كردووه‌.  په‌یوه‌ندی سه‌رۆك ئۆباما له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی H.B.C.U دا كه‌مێك ئاڵۆز بوو، له‌كاتێكدا له‌ ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا بوودجه‌ و سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی  ئه‌و زانكۆیانه‌ هه‌ڵكشانی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، به‌ڵام هه‌ندێك گله‌ییان ده‌كرد گوایه‌ ئۆباما پێشیینه‌یی نه‌داوه‌ به‌و زانكۆیانه‌، هه‌روه‌ها گۆڕانكاری و داشكاندنی تێچووی خویندن ژیانی هه‌ندێك خوێنكاری سه‌ختتر كرد. ئۆباما ده‌رچوویH.B.C.U.  به‌ یه‌كێك له‌ به‌نرخترین میراتی نه‌ریتیه‌كانی ئه‌مریكا له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات.

ئۆباما له‌ كۆتاییدا گوتی: ده‌بێت بزانن كه‌ سه‌رباری ئه‌وكه‌سایه‌تی و نموونانه‌ی كه‌ به‌رده‌ستن، چه‌ندین ڕێگا و ته‌كنه‌لۆژیای جیاوازتان بۆ دابینكراوه‌‌ كه‌ له‌ ڕێیانه‌وه‌ ده‌توانن ببنه‌ جه‌نگاوه‌ری به‌توانای بواری دادپه‌روه‌ری و بنیادنانه‌وه‌ی جیهان، كه‌ هه‌رگیز له‌ سه‌رده‌می ئێمه‌دا به‌رده‌ست نه‌بوون.