ڕاپۆرتی جیهانی

12:05 - 11/05/2020

فۆرین پۆلیسی: نە ئەمریكا و نەچین... رەنگە ئەڵمانیا سەرۆكایەتی جیهان بكات‌

پەیسەر

گۆڤاری فۆرین پۆلیسی وتارێكی نوسەر -ئیلیزابێس براو- ی بڵاوكردۆتەوە كە ئاماژە بە پرۆژەی قەڵغانی نوێی پەیمانگای مەلیكی بۆ خزمەتگوزاریە یەكگرتووەكان دەكات وتێیدا باسی رۆڵی ئەڵمانیای كردووە لەڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێدا، هەروەها هاوكاریەكانی بۆ وڵاتانی دراوسێ لەئەوروپا، هەنگاوێك كە رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی بەرلین سەرۆكایەتی جیهان بگرێتە دەست لە ڕووبەرووبونەوەی ئەو ڤایرۆسەدا، یان لەو قەیرانانەی كە لەداهاتوودا ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە.

 
نوسەر بەوە دەست پێدەكات كە لەسەرەتای مانگی نیسان نەخۆشخانەی زانكۆ لە-شاری ینا- ی ناوەراستی ئەڵمانیا دوو پزیشك و دوو یاریدەدەری پزیشكی و چەند هاوكاریەكی پزیشكی جۆراوجۆری بۆ شاری ناپۆلی ئیتاڵیا نارد، ئەوەش دوو رۆژ پێش ئەوەی سوپای ئەڵمانیا نەخۆشەكانی فەرەنسا و ئیتاڵیا بەفرۆكە بگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانەكانی ئەڵمانیا، ئەوەش بەشێكی كەمە لە هاوكاریەكانی ئەڵمانیا بۆ هاوپەیمانەكانی لەڕووبەڕووبونەوەی كۆڤید 19.

ئەڵمانەكان شایستەی سوپاسكردنن
نوسەر ئاماژە بەوە دەكات كە كاردانەوەی سەرەتای ئەڵمانیا بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جێگەی سەرنج نەبوو، لەسەرەتای ساڵدا ئیتاڵیا وەك یەكەم زیانمەندترین وڵاتی ئەوروپی بەهۆی كۆرۆناوە داوای هاوكاریی پزیشكی لە ناوەندی فریاگوزاریی سەر بەیەكێتی ئەوروپا كرد، بەڵام حكومەتی ئەڵمانیا وەك هەموو وڵاتانی تری ئەوروپا رەفتاری كرد، واتا هیچی بۆ ئیتاڵیا نەنارد، پاشان لەسەرەتای مانگی ئازاردا حكومەتی ئەڵمانیا قەدەغەی خستە سەر بردنەدەرەوەی كەرەستە پزیشكیەكان لەناویشیاندا دەمامك و جل و بەرگری خۆپارێزی و تا 14ی ئازار حكومەتی ئیتاڵیا هیچ هاوكاریەكی پزیشكی لە هاوپەیمانە ئەوروپیەكانیەوە پێنەگەیشت، دوو رۆژ دوای ئەوە وەزارەتی كاروباری ئابوری و وزەی ئەڵمانیا رەزامەندی پیشاندا لەسەر ناردنی 400 هەزار دەمامك بۆ ئیتاڵیا، ئەو هەنگاوەی ئەڵمانیا بووە هۆی گۆڕینی رەفتاری وڵاتانی تری ئەوروپا و بەخێرایی وڵاتانی تری كیشوەرەكە هاوكاریی پزیشكیان گەیاندە ئیتاڵیا.

نوسەر دەنوسێت " زۆرجار كاتێك كێشەیەك ڕوودەدات سەرزەنشتی ئەڵمانیاكان دەكرا بەوەی كە خۆپەرستیان هەیە بەڵام ئەمجارە ئێمە قەرزداریانین بەسوپاسكردنیان و داوایان لێدەكەین زیاتر رابەرایەتی جیهان بكەن"

لەهەمان كاتی دەستپێشخەریەكەی ئەڵمانیا بۆ هاوكاری ئیتاڵیا، چین هاوكاری و ژمارەیەكی كەمی پزیشكی نارد بۆ ئیتاڵیا، ئەگەرچی زۆرینەی ئەو كەرەستانە ئیتاڵیا كڕی بووی بەڵام لویجی دی مایو یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئتاڵیا پشتیوانیەكەی چینی بە گەورە و گرنگ لەقەڵەمدا، پاشان بەخێرای روسیا 100 پزیشكی سەربازی و هاوكاری پزیشكی رەوانەی ئیتاڵیا كرد.
پێگەی چین و روسیا لەئەوروپا گەورەبوون

نوسەر دەڵێت " بەرپرسیاریەتی یەكەمی هەر حكومەتێك چاودێریكردنی دانیشتوانەكەیەتی، حكومەتی ئەڵمانیا قەدەغەی خستە سەر بردنەدەرەوەی كەرەستەی پزیشكی لەكاتێكدا ئیتاڵیا لەسەرەتای مانگی ئازار بەدەست ڤایرۆسی كۆرۆناوە دەیناڵاند، بەڵام وڵاتانی تری ئەوروپا سنورەكانیان بەڕووی ئیتاڵیادا داخست، بەڵام ئەو زیانەی بەر یەكێتی ئەوروپا كەوت و ئەو پێگەیەی چین و روسیا بەدەستیان هێنا گەورەن.

راپرسیەكی نوێ كە كۆمپانیای «SWG»ی ئتاڵیای ئەنجامیداوە گۆڕانی گەورە لەهەڵوێستی ئیتاڵیەكان پیشان دەدات بەرامبەر وڵاتانی تر بەجۆرێك 52%ی ئەو ئیتاڵیانەی راپرسیەكە گرتونیەتیەوە ئێستا پێیان وایە چین وڵاتێكی دۆستە، ئەوەش بازدانێكی گەورەیە بەرێژەی 42 % بە بەراورد بەساڵی رابردوو.

هەروەها 32%ی بەشداربوانی راپرسیەكە پێیان وایە روسیا دەوڵەتێكی دۆستە، ئەوەش لەكاتێكدایە رێژەكە لەساڵی رابردوودا 15% بووە، هەروەها 17% پێیان وایە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا دەوڵەتێكی دۆستە ئەوەش دابەزینی گەورەی دۆستاتیەتی ئەمریكا پیشان دەدات بەرێژەی 29%، هەروەها 45%ی بەشداربووانی راپرسیەكە پێیان وایە ئەڵمانیا وڵاتێكی دوژمنە و 38% پێیان وایە فەرەنسا وڵاتێكی دوژمنە و 17% پێیان وایە بەریتانیا وڵاتێكی دوژمنە.

نوسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئەگەر ئەڵمانیا بەخێرایی وەڵامی بانگەوازەكەی ئیتاڵیای بدایەتەوە بۆ پێدانی هاوكاری پزیشكی، ئەوە چاوەڕوانكراو بوو كە بەشێك لەنیگەرانی لەدیدی ئیتاڵیاكان بگۆڕیایە، ئەو نیگەرانیەی لەسەرەتای قەیرانی ناوچەی یۆرۆ لەساڵی 2012 وە دروست بووە، كاتێك ئیتاڵیەكان واهەستیان كرد ئەڵمانیەكان بێ بەزەییانە مامەڵەیان كرد( ئەگەرچی لەكۆتاییدا رەزامەندیان پیشاندا لەسەر رزگاركردنی ئیتاڵیا و ئیسپانیا) ئەڵمانیا ناچار نەبوو هاوكاری پزیشكی زۆر بنێرێت بەتایبەتیش كە چین و روسیاش هاوكاری پزیشكی زۆریان نەنارد.

نوسەر ئاماژە بەوە دەكات كە ئەگەرچی گۆڕانی هەڵوێستی ئەڵمانیا درەنگ وەخت بوو بەڵام باشتر بوو لەوەی هەر نەگۆڕدرابایە، ئێستا ئەڵمانیا تەنها هاوكاری نانێرێت، بەڵكو هێزەچەكدارەكانی ئەڵمانیا فرۆكەی سەربازی دەنێرن بۆ فەرەنسا و ئیتاڵیا بۆ هێنانی نەخۆش و هێشتنەوەیان لە چاودێری چڕ لەنەخۆشخانە سەربازیەكان.

هەروەها بنكەیەكی پێشكەش كرد بۆ دەستپێشخەریەكی هاوپەیمانیەتی باكوری ئەتڵەسی سەبارەت بەگواستنەوەی ئاسمانی، ئەو بنكە سەربازیە فرۆكەی بارهەڵگری گەورەی تێدایە بۆ ئەوەی لەرێگەیانەوە هاوكاری بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بنێردرێت بۆ وڵاتان، هەروەها ئەڵمانیا 60 ئامێری هەناسەدانی دەستكردنی بەدیاری دایە بەریتانیا.

ئەڵمانیا 7.5 تۆن هاوكاریی پزیشكی دایە ئیتاڵیا و لەناو ئەو هاوكاریانەدا ئامێری هەناسەدانی دەستكردیش هەبوو، هەروەها 25 ئامێری هەناسەدانی دەستكردنی دایە فەرەنسا.

نوسەر دەڵێت تائێستا و بەپێی ئاماری وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا 229 نەخۆشی بیانی توش بووی كۆرۆنا لەو وڵاتە چارەسەركراون كە پێویستیان بەچاودێری ورد هەبووە و لەو ژمارەیەش 44 یان ئیتاڵی و 55 یان هۆڵندی و 130 نەخۆشیان فەرەنسی بوون، و تێچووی هەموو خەرجیەكانیان دراوە.

هەروەها پەیمانگای روبرت كوخ كە لەلایەن حكومەتەوە بەرێوەدەبرێت و دەستەیەكی ڕووبەڕووبونەوەی نەخۆشیەكان و خۆپارێزیە، ژمارەیەك ئامێری پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای بۆ وڵاتە گەشەكردووەكان نارد، هەروەها ئەو پزیشكانەی كە لەزنجیرە نەخۆشخانەكانی فریزینیوس هیلیوس لەئەڵمانیا كاردەكەن، چونە ئیسپانیا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لەگەڵ خۆشیان 50 ئامێری هەناسەدانی دەستكردیان برد، كاتێك بۆیەكەم جار كۆرۆنا لەچین دەركەوت، ئەڵمانیا 14 تۆن كەرەستەی پزیشكی بۆ ناردن.

جگە  لەوەی وەزارەتی هاوكاری ئابوری بڕی 1،15 ملیار یۆرۆی بۆ هاوكاری وڵاتە تازەگەشەكردووەكان نارد بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەرێگەی بەهێزكردنی سیستمی چاودێری تەندروستیان.

هەروەها حكومەتی ئەڵمانیا لەگەڵ وڵاتانی تر كار دەكات بۆ گرەنتیكردنی بەرهەم هێنانی پێویستی كەرەستە پزیشكیەكان، هەروەها ئێستا بەرلین رێگە بەناردنەدەرەوەی كەرەستەی پزیشكی دەدات بۆ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، بەنمونە كۆمپانیایەكی ئەڵمانی لەچەند هەفتەی رابردوودا 8 ملیۆن دەستكێشی بۆ نەمسا ناردووە.

هاوكاری وڵاتانی تر بووە بە پێویستیەكی جیۆپۆلۆتیكی
نوسەر لە ئەجنیسكا بروجر ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەسەر پارتی سەوزی گواستۆتەوە كە " بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسەكە لەهیچ سنورێك ناوەستێت، بۆیە پێویستە وەڵامدانەوەی ئاماژەیەكی ڕوون بێت بۆ هەمەهەنگی جیهانی" دەشڵێت " پێویستە هەموو ئەو حكومەتانەی توانایان هەیە هاوكاری ئەو وڵاتانە بكەن كە پێویستیان پێی هەیە، كاری هەمەهەنگی ئەڵمانیا لەگەڵ وڵاتە دراوسێكانی جێگەی باسكردنە"

بۆشایی لەسەركردایەتی جیهاندا
لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا هاوكاری وڵاتانی تر دەكات بۆ ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا بەڵام بەزۆری ئەوە لەسەر حسابی ئەو كەسانەیە كە باج دەدەن، هەوڵەكانی ئەڵمانیا بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەیە كە لەسەركردایەتی جیهان دروست بووە، لەكاتی قەیرانەجیهانیەكاندا ئەمریكا دەستپێشخەری دەكرد، وەك ئەوەی لەكاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا كردی و تێیدا سەرباز و پزیشكی رەوانەی وڵاتانی ئەفریقیا كرد و توانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە سنوردار بكات بەڵام ئەمجارە ئەمریكا سەركردایەتی ناكات.

نوسەر لەكۆتایی نوسینەكەیدا باسی دیارنەبوونی رۆڵی سەركردایەتی دەكات لەڕووبەڕووبونەوەی ئەو ڤایرۆسەدا، ئەوەش دۆخێكی داروینی دروستكردووە " ململانێ لەپێناوی مانەوە" وڵاتان كێبركێ دەكەن لەسەر كەرەستەی پزیشكی و بەرهەم هێنانی پێكوتە و لێكۆڵینەوە لەسەر دەرمانەكان بۆ چارەسەر، تەنانەت لێكۆڵەرەوەكان كێبركێ دەكەن لەسەر كڕینی ئەو مشكانەی كە دەستكاری جیناتەكانیان كراوە كە گونجاوترن بۆ پەرەپێدانی پێكوتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

بۆ ئەوەی جیهان قەیرانی داهاتووی بەشێوەیەكی رێكخراوتر لەوەی ئێستا بەرێوەبەرێت پێویستی بەهەمەهەنگی هەیە و ئەوەش وادەكات پێویست بێت وڵاتێك رۆڵی رێبەرایەتی بگێرێت و ئەوانی تر هان بدات، ئەڵمانیا لەقەیرانی كۆرۆنادا نمونەیەكی پیشاندا كە دەتواندرێت وەك نمونەیەك بۆ سەركردایەتی لەداهاتوودا سەیری بكرێت.

ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە كاتێك كارەساتێكی تر ڕووبدات وڵاتان بەدڵنیاییەوە ڕوو لەچین ناكەن بۆ سەركردایەتی جیهان، تەنانەت رەنگە ڕوو لەویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاش نەكەن بەهۆی ئەوەی هەموو هەوڵەكانی واشنتۆن بۆ پارێزگاریكردن بوو لە وڵاتەكەی، دەكرێت یەكێتی ئەوروپا رۆڵێكی گرنگ ببینێت بەڵام ئەوەش پێویستی بەكۆدەنگی نێوان وڵاتانی یەكێتیەكە هەیە ئەوەش بەئاسانی و بەخێرایی بەدی نایەت.

نوسەر لەكۆتایی نوسینەكەیدا دەڵێت " لەوانەیە پێویست بێت ئەمجارە جیهان سوپاسی ئەڵمانیەكان بكات و داوایان لێ بكات زیاتر رابەرایەتی جیهان بكەن"