ڕاپۆرتی جیهانی

10:50 - 07/05/2020

پێنج ساڵی دیكە سیل دەبێتە هەڕەشەی جدی لەسەر مرۆڤایەتی‌

پەیسەر

توێژینەوەیەكی نوێ باس لەو دەكات بەهۆی كەرەنتینەو مانەوەی زۆری لەماڵەوەو خۆ كەنارخستن لە ترسی تووش بوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا وا پێدەچێت لە چەند ساڵی داهاتوودا زیاتر لە 6 ملیۆن كەس تووشی نەخۆشی سیل ببن و ژمارەیەكی زۆریش بكوژێت، توێژەرەكان باس لەوە دەكەن لە سەردەمی كۆرۆنادا نەتوانراوە وەك پێویست بەو نەخۆشانەدا ڕابگەن كە سیلیان هەیە، بۆیە مەترسی بڵاوبوونەوەی زۆری لێدەكرێت.

توێژینەوەیەكی نوێ كە لە زانكۆی هۆبكنز و  ئاژانسی پەرەپێدانی نێو دەوڵەتی لە ئەمەریكا و زانكۆی ئیمبریال كولیدجی لەندەن  و كۆمپانیای ئەفینرهیاس توێژینەوەیەكیان ئەنجامداوە و پێیان وایە لە ساڵی 2025 دا زیاتر لە یەك ملیۆن و چوار سەد هەزار كەس بە نەخۆشی سیل گیان لە دەست دەدەن.

توێژینەوەكان باسیان لەوە كردووە بە هۆی كەرەنتینەو  دابڕانی گشتی نەتوانراوە چارەسەری ئەو نەخۆشانە بكرێت كە نەخۆشی سیلیان هەبووە، یان تازەكی تووش بوون، ئەوەش مەترسی لە سەر داهاتوو دروست دەكات و بەدووری نازانن تا 2025 ژمارەیەكی زۆر تووش ببن و ژمارەیەكی دیكەشیان گیان لە دەست بدەن.

بە پێی زانیارییەكانی ناو توێژینەوەكە كەرەنتینەی ئەو ماوەیەی زۆرینەی خەڵكی سەر زەوی پێویستی بە 10 مانگ هەیە تا ئاسایی ببێـتەوەو ئەو ماوەیەش بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دیكە زۆرەو پێدەچێت یەكێك لەو نەخۆشییانەی بە زۆری بڵاوەبكات سیل بێت، ئاماژە بەوەش كراوە كە ئەو وڵاتانەی زۆرترین ڕێژەی سیلیان تێدا تۆمار كراوە هیندستان و كینیا و ئۆكرانیا بووە و لە سەر ئاستی جیهان لە ڕیزی پێشەوە بوون.

مەترسی نەخۆشی سیل لەوەدایە ڤایرۆسەكە لەڕێگەی هەواوە دەگوازرێتەوە بۆ كەسانی دیكە و كەسی تووش بوو دەتوانێت لە یەك كاتدا چەندین كەسی دیكە تووش بكات.
ڕێكخراوی تەندروستی جیهان (WHO) ڕایگەیاندووە سیل خراپترین نەخۆشییە لە مێژووی مرۆڤایەتیداو درێژەی هەبێت ، چوون ساڵانە زیاتر لە 10 ملیۆن كەس تووشی دەبێت و زیاتر لە ملیۆن و نیوێكیان بەو نەخۆشییە دەمرن.

نەخۆشی سیل چییە
نەخۆشی سیل، دەردەباریکەشی پێدەگوترێت، بەهۆی بەکتریای " Mycobacterium tuberculosis" تووشی مرۆڤ دەبێت.
زۆربەی کات تووشی سییەکان دەبێت، بەڵام دەتوانێت تووشی هەموو بەشەکانی دیکەی جەستە وەک گورچیلەکان، بڕبڕەی پشت، مێشک ببێت و ئەگەر چارەسەر نەکرێت زۆربەی جار کوشندەیە.

چۆن دەگوازرێتەوە
نەخۆشی سیل لەرێگەی هەواوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە، کاتێک کەسێکی تووشبوو بە سیل دەپژمێت، دەکۆکێت، قسەدەکات و گۆرانی دەڵێت، کەسانی دەوربەری لەرێگەی گەردی هەواکانەوە کە لە دەمی دەردەچن  دەگوازرێتەوە و تووشی نەخۆشییەکە دەبن.
لەم ڕێگایانەوە ناگوازرێتەوە
1-نانخواردن پێکەوەیی.
2-تەوقەکردن
3-دەستلێدانی جلوبەرگ و نوێنەکان
4-ماچکردن.
5-سێكس كردن 5-
نەخۆشی سیل دووجۆری هەیە

سیلی شاراوە (ناچالاك):
هەموو ئەوانەی بەکتریاکەیان هەیە تووشی نەخۆشیی سیل نابن، رەنگە تووشی سیلی شاراوە ببن، کاتێک کەسێک تووشی بەکتریاکە دەبێت، سیستمی بەرگری جەستەی شەڕ لەگەڵی دەکات و رێگری لە گەشەکردنی دەکات، لەم حاڵەتەشدا تووشبوو هیچ نیشانەیەکی نابێت و لەمبارەدا نەخۆشییەکە بۆ کەسێکی دیکە ناگوازێتەوە.

سیلی ئاشکرا( چالاك):
ئەگەر کەسێک تووشی سیل بوو، سیستمی بەرگریشی توانای بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکەی نەبوو، ئیدی بەکتریاکە لەنێو جەستەیدا گەشەدەکات و تووشی نەخۆشییەکەی دەکات، بەمەش نیشانەکانی لێدەردەکەون و لەم حاڵەتەدا نەخۆش توانای گواستنەوەی بەکتریاکەی بۆ کەسانەی دیکە دەبێت.

کێن ئەوانی مەترسی تووشبوونیان هەیە:
1-تووشبووانی ڤایرۆسی “HIV” ئایدز.
2-شەکرە.
3-شێرپەنجە.
4-ئەوانەی دەرمانە نایاساییەکان بەکاردەهێنن (مادەی هۆشبەر).
5-لەوانەن کە سیستمی بەرگریان لاوازە .
نیشانەکانی سیل
1-کۆکەیەکی وشک بۆماوەی 3 هەفتە یان زیاتر. خوێنی لەگەڵ بێت
2-سنگ ئێشە.
3-بێهێزی.
4-دابەزینی کێش.
5-نەمانی ئارەزووی خواردن.
6-لەرزوتا .
7-ئارەقکردنەوەی بەردەوام.

دەستنیشانکردنی نەخۆشی سیل
1-سیل لەرێگەی پشکنینێکی تایبەتی پێست.
2-پشکنینی خوێن
3-بە هەردووکیان دەستنیشاندەکرێت.

چارەسەری نەخۆشیی سیل:
سیلی شاراوە چارەسەردەکرێت تەنیا بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە بۆ کەسانی دیکە، یان بۆ ئەوەی کەسەکە نەخۆشییەکەی لێدەرنەکەوێت.
بەڵام ئەو کەسانەی نەخۆشییەکەیان لێدەردەکەوێت و نیشانەکانیان هەیە، کۆرسێکی دەرمانی 6 یان 9 مانگی وەردەگرن و پێویستە کۆرسەکە تەواوبکەن و لەکاتی خۆیدا دەرمانەکان بەگوێرەی دەستنیشانكردن و ڕێنمایی پزیشكی پسپۆڕ بەكار بهێنن. ئەگەر کەسێک کۆرسی دەرمانەکە تەواونەکات، یان بە تەواوی دەرمانەکان بەكار نەهێنێت بەکتریاکە دووبارە سەرهەڵدەداتەوە و رەنگە بەرگری دژی دەرمانەکانیش دروستبکات.

پێشگیریکردن لە نەخۆشی سیل:
پێکوتەی BCG،‌ له‌ ساڵی 1921  ‌وه‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌ و بۆ رێگریکردن لە نەخۆشی سیل له‌ سەرانسەری جیهان بەکاردەهێنرێت.

هەربۆیە توێژینەوەكان باس لەوە دەكەن پێویستە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تەندروستی لە هەموو جیهان ڕەوشی ئاسایی كردنەوەی ژیانی هاوڵاتیان بە هەند وەربگرن و چاودێریكردنی نەخۆشی سیلیش فەرامۆش نەكەن، لەبەر ئەوەی زۆر لە ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسیدارترو كوشندەترە.