ڕاپۆرتی جیهانی

04:19 - 05/05/2020

ووهان به‌ وریاییه‌وه‌ ژیانى دواى كۆرۆناى ده‌ستپێكردووه‌‌

پەیسەر

گاو تینگ هاوڵاتییه‌كی چینه‌و ته‌مه‌نی ٣٤ ساڵه،‌ سێ رۆژ پێش كه‌ره‌نتینه‌كردن شاری ووهان جێده‌هێڵێت، ئه‌و خه‌ڵكی ییچانگه‌ و له‌ووهان كارده‌كات، و بۆ به‌سه‌ربردنی سه‌ری ساڵی چینی ووهان جێده‌هێڵێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای كه‌سوكاره‌كه‌ی، له‌شاره‌كه‌ی خۆیدا له‌گه‌ڵ هه‌شت ئه‌ندامی تری خێزانه‌كه‌ی بۆماوه‌ی ٦٨رۆژ له‌ماڵه‌وه‌ كه‌ره‌نتینه‌ بووه‌.

گاو ده‌ڵێت، ده‌سه‌ڵاتداران رێگه‌یان پێنه‌داوه‌ له‌ماڵ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌شڵێت رۆژانه‌ تیمه‌كان سه‌ردانیان كردوون بۆ پشكنینی پله‌ی گه‌رمی جه‌سته‌یان. دوای زیاتر له ‌دوو مانگ مانه‌وه‌ی له‌شاره‌كه‌ی رۆژی ٢٩ی ئازار گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی و ده‌ستی كردووەته‌وه‌ به‌كاره‌كه‌ی، له‌یه‌كه‌م رۆژی كاره‌كه‌یدا خۆی و هاورێكانی ده‌مامك به‌كارده‌هێنن.

كێشه‌ داراییه‌كان

گاو له‌به‌شی به‌ڕێوه‌بردنی گروپی"واندا"ی چین-ی كار ده‌كات، ئه‌و گروپه‌ له‌یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌ دیاره‌ بازرگانییه‌كانی شاری ووهانه‌، به‌شێكی زۆری ناوه‌ندی كۆمپانیا و شوێنه‌ بازرگانییه‌كانی ناوخۆ و جیهانیه‌كان له‌و شه‌قامه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا جوڵه‌ی كڕین و فرۆشتن هێواشه‌.
گاو به‌پێی پۆسته‌كه‌ی كه‌ به‌رپرسی شیكردنه‌وه‌ی ئاستی ژماره‌ی كڕیاران و سه‌ردانكه‌رانه‌، ده‌ڵێت ژماره‌ی سه‌ردانیكه‌رانیان به‌ رێژه‌ی سەدا٦٠% كه‌میكردووه‌، به‌راورد به‌ساڵی رابردوو و له‌ئێستادا رۆژانه‌ ته‌نها ١٠ هه‌زار كه‌سه‌.

كاره‌كانی گاو قورستربووه‌ به‌جۆرێك رۆژانه‌ تا كاتژمێر ٠٩:٠٠ شه‌و كارده‌كات بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و كارانه‌ی كه‌ له‌سه‌ریان كه‌ڵه‌كه‌بووه‌. گاو ده‌ڵێت گروپی واندا ده‌یه‌وێت هاوكاری ئه‌و ناوه‌نده‌ به‌ناوبانگانه‌ بكات كه‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی مایه‌پوچ بووندان به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاته‌كانیان، ته‌نانه‌ت به‌شێكی زۆری كۆمپانیاكان پاره‌ی پێویستیان نییه‌ بۆ دانی كرێی شوێنه‌كانیان، و هه‌ندێكیان ده‌رگاكانیان داخستووه‌، تائێستاش كۆمپانیاكان به‌هۆشدارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مه‌ترسی دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كه‌ن، كاتژمێر ٠٩:٠٠ چێشتخانه‌كانی شاری ووهان داده‌خرێن.

یاسای نوێی كۆمپانیاكان

ئه‌گه‌رچی تائێستا به‌شێك له‌كارمه‌ندان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ركاره‌كانیان نه‌ك هه‌موویان، هه‌ندێك له‌ كۆمپانیاكان بڕیاریانداوه‌ كاتژمێره‌كانی كاركردن و كرێ كه‌م بكه‌نه‌وه،‌ به‌هۆی پاشه‌كشه‌ی چالاكییه‌ ئابورییه‌كان، لە ‌به‌رامبه‌ردا هه‌ندێك كارمه‌ندی تری وه‌ك گاو تینگ، چه‌ندین كاتژمێر كاری زیاده‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكانیان رزگار بكه‌ن.

ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆجێی پێشنیاریان كردووه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری چین كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ران دوو رۆژ و نیو له‌كۆتایی هه‌فته‌دا پشوویان پێ بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌كاربه‌ره‌كان هان بدرێن پاره‌ خه‌رج بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و پلانه‌نوێیه‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌ و كۆمپانیاكان ئازادی ره‌هایان هه‌یه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چینییه‌كان ڤایرۆسی كۆرۆنایان پشتگوێ نه‌خستووه‌ و به‌رپرسانی كه‌رتی ته‌ندروستی هۆشداری ده‌ده‌ن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی شه‌پۆلی دووه‌می نه‌خۆشیه‌كه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌به‌رده‌م ده‌رگای زۆرینه‌ی باڵه‌خانه‌ بازرگانی و نیشته‌جێیه‌كان ئامێری گه‌رمی پێو به‌كارده‌هێنن، پێش ئه‌وه‌ی رێگه‌بده‌ن به‌ هاوڵاتیان بچنه‌ ئه‌و باڵه‌خانانه‌وه‌.

ئه‌مل لیو كه‌ له‌یه‌كێك له‌ كۆمپانیاكانی دڵنیایی گه‌وره‌ كارده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ خاوه‌نداریه‌تی ده‌كرێت ده‌ڵێت"كۆمپانیاكه‌یان فه‌رمانبه‌رانی ناچار كردووه‌ ده‌مامك به‌كاربهێنن و ره‌چاوی دووری نێوانیان بكه‌ن، له‌چێشتخانه‌ش ره‌چاوی دووری پێویست بكه‌ن بۆ دانیشتن".

لیو ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كۆمپانیاكه‌یان وه‌ك نێوه‌ند له‌ده‌ره‌وه‌ كاریان له‌گه‌ڵ ده‌كات هه‌ست به‌ بێتاقه‌تی ده‌كه‌ن به‌هۆی مانه‌وه‌یان بۆ ماوه‌یه‌كی دووروودرێژ له‌ماڵه‌وه‌، لیو پێی باشتره‌ بێنه‌ ئۆفیس و پابه‌ندی كاتژمێره‌كانی كاركردن بن، چونكه‌ پێی وایه‌ هه‌مان كار به‌هه‌مان لێهاتووی له‌ماڵه‌وه‌ ناكرێت.

ئاریال زونگ به‌رپرسی به‌شی فراوانكردنی له‌بازاڕی گه‌شه‌كردوو له‌یه‌كێك له‌كۆمپانیاكانی بواری په‌خشی راسته‌وخۆی یارییه‌ ڤیدیۆیه‌كانی چین، به‌هۆی كاره‌كه‌یه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌نێوان ئاسیا و ئه‌مریكای لاتینی هاتوچۆ ده‌كات، ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ركاره‌كه‌ی به‌ڵام مووچه‌كه‌ی بەڕێژه‌یه‌كی گەورە كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێت خۆشحاڵه‌ به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كۆمپانیا چونكه‌ پێویستی به‌ئینته‌رنێتی خێرا هه‌یه‌ كه‌ نه‌پچرێت.

زانگ شیاو مینگ مامۆستای یاریده‌ده‌ر له‌بواری ره‌فتاری رێكخراو له‌ كۆلێژی چوینگ كونگ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ باڵاكان له‌ به‌رێوه‌بردنی كار له‌ په‌كین، راپرسییه‌كی ئه‌نجامداوه‌ و تێیدا ٥٨٣٥ كه‌س به‌شدارییان تێداكردووه‌، نیوه‌ی به‌شداربووان پێیان وایه‌ تواناكانیان له‌ماڵه‌وه‌ كه‌متربووه‌ بۆ كاركردن و ته‌نها سەدا ١٠ی پێیان وابووه‌ له‌ماڵه‌وه‌ باشتر كاریان كردووه‌.

كریستا بیدرسون كه‌ له‌كۆمپانیایه‌كی"رێكخستنی هه‌ڵسه‌نگاندنی هوغان" كار ده‌كات ده‌ڵێت چین ته‌كنه‌لۆجیا و ژێرخانی ئابوری ئه‌وتۆی هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت سیستمێكی كاركردنی نه‌رمی هه‌بێت.
بیدرسون دەشڵێت، به‌شێك له‌و دامه‌زراوه‌ حكومییانه‌ی كه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران بگه‌ڕێنه‌وه‌ فه‌رمانگه‌كان، و سیستمی ئاماده‌بوون په‌یره‌و بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌و دامه‌زراوانه‌ پشت به‌ سیستمێكی رێكخستنی دیاریكراوی كاركردن ده‌به‌ستن.

مه‌ترسییه‌كان به‌ته‌واوه‌تی نه‌ڕه‌ویونه‌ته‌وه‌

گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ٢٧٨ ملیۆن خوێندكار بۆ خوێندنگا له‌ناوه‌راستی مانگی ئازاره‌وه‌ پێویستی به‌رێكاری زیاترهه‌یه‌، له‌وێ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خوێندن به‌پێی هه‌رێمه‌كان بووه‌، دوا هه‌رێم كه‌ خوێندن تێیدا ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ هه‌رێمی هوبایه‌ كه‌ له‌ شه‌شی ئایار ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌.
خوێندنگاكان هه‌مان رێكاره‌ خۆپارێزیه‌كانی كۆمپانیاكان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، خوێندكاره‌كان ده‌مامك به‌كارده‌هێنن و ئامێری گه‌رمی پێو له‌خوێندنگاكان هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ی ره‌چاوی دووری نێوان دوو خوێندكار ده‌كرێت له‌دانیشتنیان.

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ماڵپه‌ری بی بی سی به‌زمانی عه‌ره‌بی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و په‌یسه‌ر كردوویه‌تی به‌كوردی