03:12 - 05/05/2020
چارەنووسی خاوەن كارە بچووكەكان لە سایەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا
وا سێ یەكی ساڵی 2020 تێدەپەڕێت و پەتای كۆرۆناش لە بەشێك لە وڵاتانی
جیهان لە پەرەسەندندایە، پەتایەك زۆرینەی سێكتەرەكانی ژیانی مرۆڤایەتی خستۆتە مەترسییەوە،
بەجۆرێك دەكرێت بگوترێت لە سەدەی 21 دا هیچ كارەسات و دیاردەیەك ئەوەندە مرۆڤایەتی
سەرقاڵ و نیگەران نەكردووە.
ریشارد فلۆریدا مامۆستای زانكۆیە لە تۆرینیۆ و وانەبێژیشە لە زانكۆی
نیویۆرك و یەكێكە لەو شارەزایانەی بەردەوام لەبارەی كۆرۆنا و كاریگەریی و داهاتووی
كۆرۆنای نوێ قسە دەكات و بۆچوونەكانی دەخاتە ڕوو، دوای ئەوەی ئەو ڤایرۆسە بەشێكی
زۆر لە جموجووڵە ئابوورییە زەبەلاحەكانی خستۆتە مەترسییەوەو وابڕوات ژمارەیەكی زۆر
لە كۆمپانیاو خاوەن سەرمایەكان ئەگەر مایە پووچ نەبن زیانی گەورەیان بەردەكەوێت.
ئەو مامۆستا زانكۆییە باس لەوە دەكات هێشتا دڵنیانین لەوەی ئایا كەی
ژیان ئاسایی دەبێتەوەو كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و ئەوانی دیكەش دەكەونەوە كار؟
هێشتا نازانین ئایا هەلی كار بۆ خەڵك دەستەبەر دەبێـت یان ژمارەیەكی زۆرتر
كارەكانیان لەدەست دەدەن؟ ئاخۆ كەرتی گەشتیاریی دەست بەكار دەبێتەوە؟ یان بانكە
بازرگانییە حكومی و ناحكومیەكان بەردەوام دەبن لە زیانكردن و دەرگانیان هەروا
بەداخراویی دەمێننەوە؟ نازانرێت ئابووری جیهان لەسایەی كۆرۆنای نوێدا بەرەو كوێ
جیهان ئاڕاستە دەكات؟
جوزيف ستيغليتز مامۆستای ئابووری لە زانكۆی
كۆڵۆمبیاو خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ئابووریدا لە ساڵی 2001 دەڵێت: زۆرینەی
شارەزایانی بواری ئابووریی گاڵتەیان بە هەندێك لە سیاسەتی وڵاتان دێت لە
دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و وزەدا، ئەوان دەیانگووت هیچ كێشەیەك لە ئارادا نیەو
هەموو كارەكان تەواون، بەڵام كاتێك گرفتێك دێتە پێشەوە پەنا بۆ وڵاتانی دیكە دەبەن،
هەموو وڵاتێك دەبێت بتوانێت پارێزگاریی لە پێداویستیەكانی خۆی بكات، ئێستا دەمامك
و دەستكێش دوو لەو پێداویستیانەن كەدەوڵەت دەبێت دەستەبەریان بكات، ئەمڕۆ
سنوورەكان مانای دیكەیان وەرگرتووەو وەكو جاران نەماوە، كۆرۆنا هۆشدارییەكی گەورەی
داوەە بە هەموو لایەك كە دەبێت وڵاتان جەخت لە سەر پێگەی سیاسی و ئابووری خۆیان
بكەنەوە، وەبزانن دوای تەواو بوونی ئەو پەتایە چۆن دایدەڕێژنەوە. دەبێـت هەمووان لەوە
دڵنیاببنەوە كە جیهانگیریی ئابووری زۆر لە جیهانگیریی سیاسی قووڵترو بەهێزترە.
رۆبیرت شلیر مامۆستای زانكۆی –ییل-
و خاوەنی خەڵاتی ئابووری لە 2013 ، دەڵێت كۆڤید 19 دۆخێكی جەنگ ئامێزیی بۆ جیهان
دروستكردووە، ڤایرۆسەكە وەك هێزی دوژمنێكی دەرەكی بە هەموو لایەك دێـتە ئەژمار،
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دووژمنە نە چەكی هەیەو نە هێزی دیار، دوژمنەكە ڕووی لە هەموو
لایەك كردووە، وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی هەژاریش.
ئەو پەتایە دەبێـت هاوسۆزیی و هاوهەڵوێستی
دروستبكات، دەبێت وڵاتانی خاوەن دەسەڵات و بەهێز هاوكاریی لاوازەكان بكەن، بەڵام
دواجار بۆمان دەركەوت كە جیهان زۆر لەوە بچووكترەو كەمترین هاوسۆزیی تێدا بەدی
دەكرێت.
كارمن رینهارت مامۆستای زانكۆی هارفارد دەڵێت : یەكەم
جەنگی جیهانی یەكەم وێستگەی زیانی ئابووری تۆماركردووە، دوای ئەویش ئەو تەنگەژە
ئابوورییەی كە لەسەرەتای سییەكانی سەدەی ڕابووردوو هاتنە كایەوە، لە سیستەمی
جیهانگیرییشدا كێشەی دارایی 2008 و 2009 و
كێشەی قەرزە ئابوورییەكانی ئەوروپاو جەنگی ئابووریی نێوان چین و ئەمەریكا، یەك بە
داوی یەكدا هاتن بەڵام لە سەردەمی جیاوازدا و هەریەكەشیان زیانی گەورەیان بۆ داوی
خۆشیان بەجێهێشت.
ئەو دۆخەی ئێستاش هاتوەتە پێشەوە لەوانەیە بە هۆی ئەو پەتایەوە درێژە
بكێشێت، كێشە بۆ پەیوەندییە ئابووری و سیستەمەكان دروست بكات، گەشتەجیهانیەكان
ڕێكنەخاتەوە، ئەوەش ببێتە هۆی ئەوەی نەتوانرێت پێداویستییە بنەڕەتییە نێو خۆییەكان
دابین بكرێت.
ئیسوار براساد مامۆستای سیاسەتی
بازرگانی لە زانكۆی –كورنیل- پێی وایە، كارەساتی ئابووریی و دارایی بەهۆی پەتای
كۆرۆناوە، برینێكی قووڵ دەكاتە سیستەمی ئابووری نێو دەوڵەتی
بانكە ناوەندییەكان كەوتوونەتە خۆیان بۆ
ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاكە و چەندین ڕێوشوێنی نائاساییان گرتوەتە بەر، بانكەكان
دەتوانن باشتر كاربكەن و جورئەتی داهێنانیان هەبێت بەتایبەتی لە كاتە
ناڕەحەتەكاندا.
لاورا داندريا تايسون، پرۆفیسۆر
لە زانكۆی كالیفۆرنیا پێی وایە كاری ژمارەیی و ئەلیكترۆنی زۆر بە خێرایی دەچێتە
پێشەوەو لەم ماوەیەی كە پەتای كۆرۆنا هاتووەتە پێشەوە زۆر زیاترە لە دوو دەیەی
پێشوو،
بێگومان ئەوەش دەبێـتە هۆی كەمكردنەوەی زیاتری هەلی كار بەتایبەتی بۆ ئەوانەی كە
لە چینی ناوەڕاستی كۆمەڵگەن و خاوەنی پیشە مامناوەندەكانن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە
هۆی دۆزینەوەی هەلی كاری زیاتر بۆ ئەوانەی كەتوانای باشیان هەیە، بێگومان ئەوەش
كاریگەریی ئابووری لە سەر چینی مام ناوەند دادەنێت و دەبێـتە هۆی بەرزبوونەوەی
ئابووری ژمارەیەكی دیكەش.
هەروەها پێی وایە ئەوانەی خاوەنی
پیشەی بچووك یان داهاتی سنووردار و بچووكن و خاوەنەكانیان ناتوانن گەشە بەپیشەكەیان
بدەن (لەبەر هەر هۆكارێك )، یان كۆمپانیای
بچووكیان هەیە زیانی گەورەیان بەردەكەوێت و گومان دەكرێت جارێكی دیكە نەتووانن
بچنەوە سەر ڕێچكەی پێشوویان و بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی پێش كۆرۆنا.
كيشوەر ماهبوباني، ئەندامی
بەرجەستەی پەیمانگای ئاسیا بۆ توێژینەوەكانی زانكۆی سەنگافوورە، باس لەوە دەكات
كۆڤید 19 گۆڕانكارییەكانی زۆرخێراتر كردووە، خەریكەی ناوەندێتی و چەقی
گۆڕانكارییەكان لە دەست ئەمەریكا وەردەگرێتەوەو بیداتە دەست چینییەكان.
بە پێی پێشبینی و بۆچوونی زۆرینەی شارەزایان جیهانی
دوای كۆرۆنای نوێ، هەرگیز وەك جیهانی پێش لە هاتنی ئەو ڤایرۆسە نابێت، ئیدی
گۆڕانكارییەكان ئاسۆیی بن یان ستوونی گرنگ نیە، ئەوەی كە گرنگە گۆڕانكاریی ڕوو
دەدات ، گۆڕانەكەش بە جۆرێك دەبێت هەمووان هەستی پێبكەن و بەرجەستە بێت.