ڕاپۆرتی جیهانی

12:47 - 03/05/2020

بكوژەكەی بن لادن: كە بینیم تووشی شۆك بووم‌

پەیسەر

پیاوێك لە نێو جیهانی خۆش گوزەرانییەوە ئاراستەی ژیانی خۆی گۆڕیی، ئەو لە بنەماڵە هەرە دەوڵەمەندەكانی عەرەبستانی سعودیەیە، لە هەشتانی سەدەی ڕابووردوو بۆ دژایەتی كردنی هێزی سوپای سووری روسیا چووە ئەفغانستان و لەنێو چیا سەختەكانی –تۆرابۆرا- ەوە  ڕێكخراوی ئەلقاعیدەی ڕاگەیاند، لەماوەیەكی كەمدا ناوی بووە تایتڵی میدیاكانی جیهان، لە 11/9/2001 ەوە ئیتر باس هەر باسی ئوسامە بن لادن بوو، تا لە چالاكیەكی بەرنامە بۆ دانراودا بێ ئەوەی یەك وشە بڵێت كۆتایی بە ژیانی هات.

رۆژی 2/5/2011 تیمێك لە هێزە تایبەتەكانی سوپای ئەمەریكا هەڵیان كوتایە سەر ئەو بینایەی كە زانیاریی تەوای لەسەر درابوو ئوسامە بن لادنی تێدایە، ئامانجیش كوشتنی بوو ، بن لادن لە ڕیزبەندی یەكەمی ئەو كەسە ترسناكانەدا بوو كە ئەمەریكیەكان وەك لیستی تیرۆر ئامادەیان كردووە.

لە ئێستادا كە 9 ساڵ بەسەر ئەو ڕوداوە گرنگەدا تێدەپەڕێت ، لەبەر حاڵەتی ئەمنی و ئامانجی دیكەی هەواڵگریی هێشتا وردەكارییەكانی ئەو ڕووداوە بۆ ڕای گشتی بڵاو نەكراوەتەوە جگە لەو چەند زانیارییە كەمەی كە لەلایەن بكوژەكەیەوە دوێنێ –فۆكس نیوز- هەندێكی بڵاوكردوەتەوە، سەربازێك بە كوشتنی بن لادن ناوی چووە مێژووەوەو هەركاتێك ناوی بن لادن بێتە ئاراوە بەدوای ئەویش دا ناوە –رۆب ئۆنێل- ی سەربازی ئەمەریكی دێتە ئاراوە كە بۆ تەنها چەند چركەیەكیش ئەو كەسایەتیە دیارەی جیهانی بینیوەو دواتر بە یەك گوللـەی چەكەكەی كۆتایی بە ژیانی هێناوە.

هەرچەندە لە ڕووی یاسایی و ئاسایشییەوە ئاگاداری ئەو تیمە كراوە كە كارەكەیان ئەنجام داوە، بە هیچ ئامانجێكی سیاسی یان دارایی و ناوبانگ زانیارییەكانی ئەو رۆژانەو ئەنجامدەرانی ئەو چالاكییە بڵاو نەكرێتەوە، بەڵام لەساڵڕۆژی كوشتنەكەی بن لادن دا رۆژنامەی دەیلی مەیل و فۆكس نیوز هەندێك زانیارییان لەبارەی تیمە تایبەتەكەو ئەو كەسەی دەڵێت من ئوسامە بن لادنم كوشتووە بڵاو كردووەتەوە.

بە پێی زانیارییە رۆژنامەوانیەكان ئەو تیمەی كارەكەیان ئەنجام داوە تیمێكی هەڵبژێردراوبووە لە یەكەی – نافی سیلز- navyseals و سەر بە هێزی دەریایی ئەمەریكایە، ئەو یەكەیە مێژوویەكی دیاریان لە شەڕی پارتی زانی و دەستەو یەخەدا هەیە، بەشداریی جەنگ و چالاكی وڵاتانی جیاوازیان كردووە، لەوانەش جەنگی لوبنان، داگیركردنی پەنەما لە لایەن ئەمەریكاوە،  جەنگی كەنداوی دووەم (داگیركردنی كوەیت لە لایەن عێراقەوە، پاشان دەركردنی عێراق لە لایەن سوپای ئەمەریكاوە، جەنگی ناوخۆیی سۆماڵ، جەنگی یۆگۆسلافیا، جەنگی ئەفغانستان، جەنگی عێراق، جەنگی باشووری رۆژئاوای پاكستان، شەڕی دژی داعش و چەندانی دیكەش.

 

ئەم گروپە لەگەڵ دەلتا4 ی سوپای ئەمەریكی بە دوو مەترسیدارترین دەستەی سەربازیی ئەمەریكی دێنە ئەژمار كە یەكەمیان ئوسامە بن لادن و دووەمیشیان ئەبووبەكری بەغدادییان كوشت. بە پێی زانیارییە سەربازییەكان ئەندامانی ئەو دوو گرووپە 100%ی ئامانجەكانیان لە دووری 600 مەتردا دەپێكن و لە دووری یەك كیلۆمەتریشدا 90%. ئەوان ڕاهینانی تایبەتییان پێدەكرێت و لەو چالاكییە سەربازییە مەترسیدارانەدا بەكار دەهێنرێن كە مەترسیدار و چارەنووس سازن و زۆرینەی كارەكانیشیان لە دژی گروپ و دەستە توندڕەوەكانی جیهانن و بەتایبەتی لەدژی ئەو ڕێكخراوە چەكدارانەی كە ئەمەریكا بە تیرۆریست ناویان دەهێنێت و زۆرینەی مێژووی خۆیان لەو بوارەدا تۆمار كردووە.

ڕاهێنانی ئەو دوو گرووپە زۆر تایبەتە و لە ژینگەی جۆراوجۆردا ئەنجام دەدرێت، كار لە سەر شەڕی پارتی زانی، ڕوو بەڕوو، ڕزگاركردنی بارمتە، دەستگیركردنی كەسێك یان چەند كەسێك، یان كۆنترۆڵكردنی پێگەیەكی گرنگی سەربازیی دەكەن، لە بەناوبانگترین چالاكیەكانی دەلتا4 یش دەستگیركردنی سەدام حسین(سەرۆكی لە سێدارەدراوی عێراق) و كوشتنی ئەبومەسعەبی زەرقاوی(سەركردەی ڕێكخراوی ئەلقاعیدە لە عێراق و هاوڵاتی ئەردەنی) بوو.

فۆكس نیوز دوو بەرنامەی تایبەتی لەگەڵ ئۆنیل ئەنجام داوەو تیایدا بۆ یەكەمجار چەند زانیارییەكی گرنگی لەبارەی چالاكیەكەوە خستوەتە ڕوو كە وا بڕیارە لە رۆژانی 11 و 12/ مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ پەخش بكرێـت، ئەو سەربازە باس لە چۆنیەتی خۆئامادەكردن بۆ چالاكیەكەو كۆتا هەناسەی ئوسامە بن لادن دەكات، هەروەها گوتوشیەتی ئەو جل و بەرگەی كە لەو چالاكیەدا لەبەریدا بووە بەخشیویەتی بە مۆزەخانەی 11/ سێبتەمبەری نیشتیمانی لە نیۆرك، چوون ئەو مۆزەخانەیە تایبەتە بە ئەرشیفكردن و هەڵگرتنی بەشێكی زۆری ئەو پاشماوە گرنگانەی هەردوو بینای بازرگانی نیۆرك كە لە 11/9/2001 لە لایەن گروپێكەوە بە دوو فڕۆكە هێرشی كرایە سەرو دواتریش ڕێكخراوی ئەلقاعیدە تاوانباركرا بەسەرۆكایەتی ئوسامە بن لادن.

 

رۆب ئۆنێل تەمەنی 42 ساڵە لە ئێستاداو خانەنشینی سەربازییە، ئەو لەماوەی كاركردنیدا  كە 16 ساڵی خایاندووە 32 مەدالیای ئازایەتی پێبەخشراوە، بەڵام باوكی گوتویەتی لەداوی ئەوەی خانەنشین كراوە جگە لە مووچەی خانەنشینیەكەی هیچ گرنگیەكی ئەوتۆی پێنادرێت لە كاتێكدا گەورەترین كاری ئەنجام داوە، پۆلیسی ویلایەتی مۆنتانا بۆیەكەمجار لە 2014 ئاشكرای كردووە كەئۆنیل یان دەستگیركردوە و دواتر بە بارمتەی یاسایی ئازادكراوە لەبەر ئەوەی بە سەرخۆشی ئۆتۆمبێلی لێخوڕیوە، پۆلیس دەڵێت نەیدەویست خۆی ڕادەست بكات بە بیانووی ئەوەی ئوسامە بن لادنی كوشتووەو كەسێكی دیارە و نابێت دەستگیر بكرێت، بەڵام یاسا بۆ هەمووانەو هیچ كەس لەسەروو یاساوە نیە.

ئۆنێل باسی لەوەش كردووە كاتێك بڕیاری چالاكیەكەیان داوە خۆیان یەكلایی كردووەتەوە كە هیچ ڕێگەیەكی دیكەیان لەبەردەستدا نیە، یان دەكوژرێن یان دەیكوژن.
ئۆنێل لەگەڵ دوو كەسی دیكە لە هاوڕێكانی كاری كوشتنی ئوسامە بن لادنیان پێسپێردرابوو، چەند هەفتەیەك بەر لەوەی دەست بە چالاكیەكە بكەن بەردەوام ڕاهێنانیان كردووە، دوای ئەوەی لە ئەفغانساتەنەوە بە كۆپتەرێكی تایبەتی دەگوزرێنەوە بۆ پاكستان و لەنزیك ئەو ماڵەی كە زانیارییان هەبووە بن لادن و بەشێك لە خانەوادەكەی تێدا نیشتەجێن، ئەوان باس لەوە دەكەن پێش بینی ئەوەیان نەدەكرد كە شوێنی نیشتنەوەی فڕۆكەكە ئەوەندە ڕووناك بێت كە بە گڵۆپی كارەبایی زۆر بەهێز چواردەوری ڕووناك كرابوویەوە، ئەو دەڵێت: لە چەند خولەكێكی زۆر كەمدا توانیمان دەرگای دەرەوە بشكێنن و بچینە ژوورەوەو بەرەو ئەو ژوورەی كە بن لادنی تێدابوو رۆشتین كاتێكمان زانی چەند ئافرەتێك لەبەردەمماندا وەستاون، سەرەتا وامان بەبیرداهات پشتوێنی تەقینەوەیان لە خۆیان بەستبێت و لەناكاو بتەقنەوە، بەڵام كاتێك بە خێرایی یەكێك لە هاوڕێكانمان پشكنینی بۆكردن و بۆمان دەركەوت كە دۆخەكە ئاساییە خستنیە لاوەو ئێمە بەرەو ژوورەكە رۆشتین، تووشی شۆك بووم، چەكم پێ نەبینی.

ئۆنێل دەلێت بە پێوە وەستابوو دەستی لەسەرشانی یەكێك لە خێزانەكانی بوو، پاڵم پێوە نا بەرەو هۆڵەكەی ببەم بۆ ئەوەی دڵنیا ببمەوە كە ئەو دەموو چاوە ئەو كەسەیە هەزاران جار لە وێنەو گرتە ڤیدیۆییەكاندا بینیومە. ئەو دەڵێت دوای چەند چركەیەكە زۆر كەم بڕیارماندا كە تەقە بكەین، بن لادن و 4 كەسی دیكە لەو پرۆسەیەدا كوژران كە یەكێكیان هاوسەرێكی بوو. بن لادن سێ فیشەكی بەردەكەوێت، یەكەم فیشەكە بەرناوچوانی و دوانەكەی تری سەرسنگ و سەردڵی و هەر لە تەنیشت جێگەی نوستنەكەی لە كاتێكدا بە چڕیی خوێنی لێدەڕۆشت بێ ئەوەی یەك وشە بڵێت كۆتا هەناسەكانی دا.

گەرچی هێزیی دەریایی ئەمەریكا كارەكەیان خستبووە ئەستۆی خۆیان بەڵام سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمەریكا –باراك ئۆباما- بەردەوام چاودێریی دۆخەكەی كردووە و فەرمانی كوشتنەكەشی لەلایەن ئەوەوە دەركراوەو دوای ئەنجامدانی چالاكیەك جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە تیمەكان دڵنیاببنەوە لەوەی ئەو كەسەی كوژراوە بن لادنەو كەسێكی دیكە نیە.

ئەدمیراڵی خانەنشین –ویلیام ماكرافین- كە لەو كاتەدا سەركردەی هێزە دەریاییەكانی ئەمەریكا بووە، جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە كوژراوەكە بن لادن بووە، شوێنی چالاكیەكە بینایەكی گەورە بووە لە كەناری شاری ئابووت ئاوای پاكستان كە دەكەوێتە  25 كیلۆمەتری سنووری كشمیر و دەكەوێـتە رۆژهەڵاتی پیشاوەری پاكستان و تەنها 93 كیلۆمەتر لێیەوە دوورە.

پاش یەكلایی بوونەوەی كوشتنەكە فۆكەسی هەواڵەكان دەچێتەوە سەر تەرمی بن لادن  و ئەوانەی كە لەنێو بیناكەدان وەك پێویست ناكەونە بەرباس، تەرمەكە دەنێرێتە فڕۆكەخانەیەكی نهێنی و دواتر لە ڕێگەی كەشتییەكەوە بە ئۆقیانووسی هیندیدا تەرمەكە دەبرێت و لە ڕێ و ڕەسمێكی ئاسایشی نهێنیدا تەرمەكەی دەخرێتە نێو دەریاوە.

بە پێی سەرچاوە هەواڵیەكان پزیشكێكی پسپۆڕی بواری ڤایرۆسەكان هاوكاریی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكای كردووە بۆ دۆزینەوەی، دوای ئەوەی گومان دروست دەبێت لەسەر ئەوەی بن لادن لەو ماڵەدا بێت، شەكیل ئافریدی پسپۆڕی بواری پێكوتەی دژە ڤایرۆسەكان كەسێك بەناوی (كوتانی منداڵ) دەنێرێتە ئەو ماڵە بۆ ئەوەی خوێنی منداڵێك یان كەسێك وەربگرێت تا لەڕێگەی ()یەوە دڵنیاببنەوە كە نەوەی بن لادنەو لەوێوە سەرەداوێكیان دەست بكەوێت، ئەو بە دزیی دەزگای هەواڵگریی پاكستانەوە كارەكەی كردو سەركەوتووش بوو، هەربۆیە دادگای پاكستان بە تۆمەتی هاوكاریی كردنی هێزی بیانی و هاندانی كوشتن دادگایی كردوو تا ئێستاش لە زیندان ماوەتەوە، هەرچەندە لە رۆژانی دەست بەكاربوونی دۆناڵد ترامپ داوای ئازادكردنی (شەكیل)ی كرد، بەڵام بێ سوود بووە.

هەرچۆنێك بێت بە كوشتنی بن لادن گۆڕانكارییەكان لەناوچەكەو هەموو جیهانیش ڕوویاندا، بەو هۆیەوە ئەمەریكا چووە نێو خاكی ئەفغانستان و تا ئێستاش لە وڵاتە شەڕی قاعیدە بەردەوامە، بەدوای ئەودا ڕژێمی سیاسی لە عێراق گۆڕانی بەسەردا هات و پاشان لە 2014 ڕێكخراوی داعش هاتە پێشەوە كە توندڕەویی قاعیدە بە حەوت ئاو شۆرابوویەوە لە چاو ئەواندا.