01:47 - 02/05/2020
یان چەكێكت هەبێت یان گۆڕێك بۆخۆت هەڵكەنە
شەڕو شۆڕ مێژوویەكی دێرینەی هەیە. بەتایبەتی ئەو جەنگانەی كە بەرەیی نین و لە ناوخۆی وڵاتێكدان زۆرترین كارەساتی لێدەكەوێـتەوە، ئەفەریقا بە یەكێك لە كیشوەرە گرنگەگانی جیهان دادەنرێت بەڵام لەبەر هەژاریی خەڵكەكەی و گیرۆدەبوونیان بە شەڕی ناوخۆیی و ناهەموارییەكانی برسێتی لە هەموو كیشوەرەكانی تری دونیا دواكەوتوو ترن، گرنگترین ئەو
ناوچانەی ئەفریقیا كە شەڕیان تێدایە كوێن ؟ ئەو چەك و چۆڵەی دەستیان دەكەوێت كوێێە؟
حەوت ساڵ تێدەپەرێت
بەسەر راگەیاندنی دەستپێشخەری ئەفریقی بۆ " بێدەنگكردنی چەكەكان" كە لەساڵی
2013 خرایە ڕوو، لەگەڵ نزیك بوونەوەی ئەو وادەیەی بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە دیاری
كراوە بەڵام هیچ بەرەوپێش چونێكی ئەوتۆ لەسەر زەوی نابیندرێت بەڵكو ئەو ژمارانەی خوارەوە
هەن كە ئاماژەی مەترسیداریان تێدایە:
35 ملیۆن چەكی بێ مۆڵەت لە ئەفریقیا هەیە
58 تاوانی كوشتنی رۆژانە تەنها لەباشوری ئەفریقیا
تۆمار دەكرێن
5 ملیۆن منداڵی ئەفریقی لەماوەی ئەم بیست ساڵەی
كۆتایدا لەناوچەكانی شەڕ كوژراون
80%ی چەكی بچوك لەدەستی هاوڵاتیانی مەدەنیدایە
و هێزەكانی سەر بەحكومەتەكان تەنها 11 ملیۆن پارچە چەكیان لەلایە.
ساڵی 2018 وڵاتانی
ئەفریقی 40 ملیار و 200 ملیۆن دۆلاریان بۆ بواری سەربازی خەرجكردووە
رێگری لەبڵاوبونەوەی
چەك... ئاڵنگاری گەورەی بەردەم وڵاتانی ئەفریقیا
یەكێك لەگرنگترین
ئەو ئاڵنگاریانەی ڕووبەڕووی وڵاتانی ئەفریقی دەبێتەوە سنورداركردن و رێگریە لەبڵاوبونەوەی
چەك، وەك سەرەتای هەنگاوی دەستكردن بەگەشە، بەمەبەستی گەیشتن بەپلانی گەشەی 2063،
دەبێت سەرەتا لە بێدەنگ كردنی چەكەكانەوە دەست پێبكرێت وەك ئەوەی سەركردەكانی وڵاتانی
ئەفریقی دەستپێشخەریەكیان لەوبارەیەوە خستۆتە ڕوو.
بەپێچەوانەی خەونی
گەشەوە چەكی بەرگری لەخۆكردن گۆڕانی بەسەرداهاتووە" بە بەكارهێنانی خەنجەر و
چەقۆ بەنمونە لەسەر كێشەكانی ئاو و ئاژەڵداری لەنێوان جوتیاراندا بەكاردەهێندرێت،
تا ئەو ئاستەی بووە بەدروشم كە یان چەكێكت هەبێت یان گۆڕێك بۆ خۆت هەڵبكەنە"
چەكی وڵاتانی ئەفریقی
لەكوێوە دێت؟
زۆرینەی چەكی ئەفریقی
لەدەرەوەی كیشوەرەكەوە هاوردە دەكرێت بەجۆرێك خەرجی سەربازیی لە ساڵی 2018 دا 40
ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە، زۆرینەی ئەو چەكەش لە وڵاتانی روسیا و چین و ئۆكرانیا
و ئەڵمانیا و فەرەنساوە هاوردە دەكرێت، بەپێی راپۆرتی پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی
زۆرینەی ئەو چەكانە لەلایەن وڵاتانی میسر و مەغریب و جەزائیرەوە هاوردەكراوە.
چەكی دروستكراوی
ناوخۆیی
ژمارەیەك لە وڵاتانی
كیشوەرەكە خۆیان چەك دروست دەكەن لەوانەش باشوری ئەفریقیا و میسر و ئەسیوبیا و
غانا و كینیا و نیجیریا و سودان، ئەو چەكانەش بەشێك لە توند و تیژیەكانیان پێ دەكرێت
لە چەند وڵاتێكدا، بەنمونە لە غانا 80%ی ئەو تاوانانەی ئەنجام دەدرێن بەپێی راپۆرتی
پۆلیس بەچەكی دروستكراوی ناوخۆی ئەنجام دەدرێن، هەروەها لە وڵاتانی سیرالیۆن و
ساحل العاج بەرهەمهێنانی چەكی خۆجێی بەیەكێك لەسەرچاوەكانی چەكی نایاسایی دادەنرێت.
چەكی قاچاخ بۆ مۆڵگەی
شەڕ
چالاكی بازرگانی
چەكی نایاسایی بەتایبەت لەناوچەكانی شەردا زیادیكردووە، سروشتی جوگرافی كیشوەرەكەش
یارمەتیدەر بووە ، بەنمونە لەمانگی ئازاری رابردوودا ئەسیوبیا دەستی گرت بەسەر دوو
كامیۆنی چەكی نایاسایی كە 18 هەزار دەمانچەیان تێدا بوو بازرگانانی چەك بەشێوەیەكی
نایاسایی لە بەندەری جیبوتیەوە بەشێوەیەكی نایاسایی بردبویان.
چەكی حكومەت بۆ كەسانێك
كە پارە یان ئازایەتییان هەیە
لەلایەكی ترەوە بەهۆی
بوونی گەندەڵیەوە چەكی حكومەت دەكەوێتە دەست ئەوانەی پارەیان هەیە، یان ئازایەتیان
هەیە، هەندێك جار هێرش دەكرێتە سەر كۆگای چەك لەلایەن گروپەكانەوە و تەنانەت لەلایەن پۆلیسشەوە بۆ ئەوەی چەكیان دەست بكەوێت.
ئەو ناوچانەی ئەفریقیا
كە چەك تێیاندا بێدەنگ نابێت
كینجسلی ئیگوربور
بەرپرسی كاروباری راگەیاندن لە نەتەوەیەكگرتووەكان لە وتارێكدا كە لەگۆڤاری ئەفریكا
رینیوال بڵاویكردۆتەوە ئاماژەی بەو ناوچانەی كیشوەری ئەفریقیا كردووە كە زۆرترین شەڕیان
تێدایە و بەهۆیەوە هەزاران كەس كوژراون و ئاوارەبوون، ئەو ناوچانەش بریتین لە:
1- كۆنگۆ
بەهۆی ئەو شەرانەی
لەكۆنگۆ لەدوای ساڵی 1998 وە لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە ڕوویانداوە بەپێی
راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز زیاتر لە 5 ملیۆن كەس كوژراون، لەكۆنگۆدا زیاتر لە
20 گروپی چەكدار شەڕی یەكتر دەكەن، و هەندێكیان خاكی كۆنگۆ بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی
تر بەكاردەهێنن، سەرباری شەڕی چەكداری كە زۆرینەی لەسەر زێر و پلاتینە، تەنها لەنیوەی
یەكەمی ساڵی 2019 دا 700 هەزار ئاوارەبوونی نوێ لەو وڵاتە تۆماركراوە بەهۆی شەڕ و
ئاڵۆزیەكانەوە.
2- باشوری
سودان
دوای چەندین ساڵ
لەشەری ناوخۆ، ساڵی 2011 باشوری سودان سەربەخۆی خۆی وەرگرت، بەڵام شەڕ و پێكدادان
لەو وڵاتە بەردەوامە بەتایبەتیش لەسەر بیرەنەوتەكانی باشوری وڵات، بەهۆی ئەو شەڕە
ناوخۆیەی لەساڵی 2013 سەری هەڵدا 380 هەزار كەس كوژران، و دوو ملیۆن كەسیش ناچار
بوون ماڵەكانیان جێبهێڵن.
3- ئەفریقیای
ناوەراست
زیاتر لە شەش ساڵە
شەڕ و پێكدادان لەو وڵاتە هەیە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی ساڵی 2013 ئۆپۆزسیۆن دەستی
گرت بەسەر شاری بانجی پایتەخت، بەهۆیەوە 600 هەزار كەس ئاوارەبوون و هەزاران كەسیش
كوژران، مانگی شوباتی ساڵی 2019 ئۆپۆزسیۆن و 14 گروپی چەكدار بەهاوكاری نەتەوەیەكگرتووەكان
رێككەوتنێكی ئاشتیان واژۆكرد بۆ كۆتایی هێنان بەشەڕ بەڵام ئایە گرەنتی هەیە ئەو شەرە
دەست پێنەكاتەوە؟ رۆژانی داهاتوو وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە.
4- لیبیا
لەساڵی 2014 وە شەڕ
لەنێوان حكومەتی وفاقی نیشتمانی بەسەرۆكایەتی فایز سەراج لە رۆژئاوای لیبیا و حكومەتی
كاتی لە رۆژهەڵاتی لیبیا بەسەرۆكایەتی عەبدالله سەنی دروست بوو، بەڵام لەمانگی ئایاری
ساڵی 2014 لایەنی سێیەمیش چووە ناوشەڕەكە كە بریتی بوو لە خەلیفە حەفتەر، كە خۆی وەك
فەرماندەی سوپای نیشتمانی ناساند، و رایگەیاند شەڕ دەكات لەپێناوی پاككردنەوەی لیبیا
لە گروپە ئیسلامیە تیرۆرستیەكان، لەمانگی نیسانی ساڵی 2019 حەفتەر هێرشی كردە سەر
شاری تەرابلوسی پایتەخت و بەهۆیەوە هەزار كەس كوژران و 128 هەزاركەسیش ئاوارەبوون.
5- نیجیریا
یاخیبوونی گروپی
بوكۆ حەرام لەساڵی 2009 لەو وڵاتەوە دەستی پێكرد، دواتر درێژبۆوە بۆ وڵاتانی تری
دراوسێی وەك كامیرۆن و چاد و نەیجەر، ئەم گروپە لەساڵی 2015 بەیعەتی دا بەرێكخراوی
تیرۆرستی داعش، دواتر ناوەكەی خۆیان گۆڕی بە دەوڵەتی ئیسلامی لە رۆژئاوای ئەفریقیا
بەیەكێك لە گروپە تیرۆرستیە توندرەوەكان دادەنرێت دژی پرۆگرامی خوێندنی نایجیریان
و وەك خۆیان دەڵێن كار بۆ جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلامی دەكەن، بەهۆی شەڕی ئەم
گروپەوە زیاتر لە 30 هەزار كەس كوژراون و 2 ملیۆن كەسیش ماڵەكانیان جێهێشتووە، 22
هەزار كەسیش بێسەروشوێنن، دەگوترێت لەلایەن ئەو گروپەوە چەكداركراون.
6- مالی
لەساڵی 2012 ژمارەیەك
لە تەوارقەكانی لیبیا بەچەكی پێشكەوتوو هێرشیان كردە سەر باكوری مالی، چەند گروپێكی
تریش چوونە پاڵیان بەهۆی ناكۆكیە سیاسیەكان سەبارەت بە مافی چارەی خۆنوسین، حكومەت
رێككەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئەو گروپانە واژۆكرد لە مانگی ئایاری ساڵی 2015 بەڵام
تائێستاش شەڕ و پێكدادان بەردەوامە.
لەم دۆخەدا 3 ملیۆن
كەس لەمالی خواردنی پێویستیان نیە و بەپێی راپۆرتی رێكخراوی یونسێف نزیكەی 175 هەزار
منداڵیش ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە بەهۆی خراپی و كەمی خۆراكەوە، و پێشبینیش دەكرێت
ژمارەكەش بۆ 220 هەزار منداڵ بەرزبێتەوە.
لێخۆش بوون بەرامبەر
چەك دانان
ئەمە دەستپێشخەریەكە
لەژمارەیەك وڵاتی ئەفریقی راگەیەندراوە، بەنمونە لەباشوری ئەفریقیا بەهۆیەوە زیاتر
لە 100 هەزار چەك و 1 ملیۆن و 800 هەزار فیشەك رادەستی حكومەت كراون، هەروەها لەم
پرۆسەی لێخۆش بوونەی ئەم دوایانە كە لەمانگی كانونی یەكەمی 2019 دەستی پێكرد و لە
31ی ئایاری 2020 كۆتایی دێت تائێستا 2 هەزار پارچە چەك رادەستی حكومەت كراوە.
هەندێك لە وڵاتانی
تری ئەفریقیا سنورەكانی بەڕووی وڵاتانی دراوسێدا داخستووە بۆ سنورداكردنی بازرگانی
چەك وەك ئەوەی نەیجیریا ئەنجامیدا، و سنورەكانی لەگەڵ كامیرۆن و بنین و نەیجەر لەمانگی
تشرینی یەكەمی 2019 دا داخست، لەگەڵ ئەوەشدا بانگەوازێكی كرد بۆ ئەوەی خەڵك چەكەكانیان
رادەستی پۆلیس بكەن، ئەوەش لەكاتێكدایە یەك ملیۆن چەكی بێمۆڵەت لەو وڵاتە هەیە.
ئامارێكی مەترسیدار
لە ئەفریقیا
600 ملیۆن گەنج لە ئەفریقا لە ئەمرۆدا بێكار
و بێ خوێندنن و لەدۆخێكدان كە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، ئەو ژمارە زۆرە، كورتترین
رێگا لەبەردەمیاندا هەڵگرتنی چەكە بۆ گرەنتیكردنی ژیانیان.
ئەم بابەتە لەماڵپەری
ساسە پۆست بەزمانی عەرەبی بڵاوكراوەتەوە و پەیسەركردویەتی بەكوردی